You Are Here: Home » زانستە مرۆییەكان » دەروونناسی و پەروەردەیی » پەیامی ڕەمەزان

پەیامی ڕەمەزان

 

پەیامی ڕەمەزان
 

              نووسینی: بەدیعوززەمان سەعیدی نوورسی

                وەرگێرَانی بۆ كوردی: فارووق ڕەسووڵ یەحیا

 
بسم الله الرحـمن الرحیم


[شَهْرُ رَمَضانَ الَّذی أُنْزِڵ فیهِ القُرْا‌نُ هُدیً لِلنَّاسِ ۆبَیِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَی ۆالفُرْقَانِ] (‏البقرة:185)

 


 

 (‏ئەم باسە بریتی‏یە لە “نۆ” سەرنج و مەسەلەی ورد و ناسك كە “نۆ” دانە لەو حیكمەتە زۆرانەی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەردەخات)
 

سەرنجی یەكەم
ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان یەكێكە لە پێنج پایەكانی ئیسلام و، بە یەكێك لە گـرنـگترین پەرستشەكانی ئایینی ئیسلام دادەنرێت.

زۆربەی ئەو حیكمەتانەی كە بەروبوومی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانن، ڕوو دەكەنە: دەرخستنی پەروەردگارێتیی خوای گەورە و، ژیانی خۆیی و كۆمەڵایەتیی مرۆڤ و، پەروەردەكردن و پاكژكردنەوەی دەروون و، شوكرانەی بەخشایشە خوایی‏یەكان.

لێرەدا، لە نێوان ئەو حیكمەتە زۆرانەی كە لە ڕۆژوودا هەن و، پەروەردگارێتیی خوای گەورەیان تێدا دەردەكەوێت، تەنها یەك حیكمەت باس دەكەین. ئەویش ئەوەیە كە:

خوای گەورەی باڵادەست سەرزەویی كردووە بە سفرە و خوانێكی پڕ لە نیعمەتی لە ژمارەبەدەر، بە جۆرێكی وەهایش ئامادەی كردووە كە مرۆڤ پێی نازانێت و بیری بەلایدا ناچێت. جا خوای گەورەش دەیەوێت بەم شێوەیە كەماڵی پەروەردگارێتی و میهرەبانیی خۆی دەرببڕێت. كەچی ئەو حەقیقەتە جوانەی كە شێوەی سفرە و خوانەكە زمانی حاڵیەتی، مرۆڤ لە ژێر پەردەی بێ‌ئاگایی و هۆكارەكاندا نایبینێت و لەوانەیە لە بیریشی بچێتەوە.

بەڵام لە ڕەمەزانی پیرۆزدا ئیمانداران یەكســەر وەك ســوپایەكی ڕێكوپێكیان لـێ‌‏ دێت و كاڵای بەندایەتی دەپۆشن و، پێش بەربانگ هەموو ئامادەی ئەنجامدانی ئەو فەرمانەی خوای گەورەی خاوەن توانای ئەزەلی دەبن. كە خوڵكیان دەكات بۆ سەر ئەو سفرە و خوانە پڕ لە كەرەمەی خۆی و پێیان دەفەرموێ‌: “فەرموون”!

ئیتر ئیماندارانیش، بەم حاڵەیان، لە بەرامبەر ئەم بەزەیی و میهرەبانی‏یە گەورە و گشتی‏یەی خوای گەورەوە، بەندایەتیی فراوانی گەورە و ڕێكوپێك دەردەبڕن.

جا ئایا ئەو كەسانەی كە لەم پەرستشە بڵند و ڕێزلێنانە بەرزەدا بەشدارییان نەكردووە، شایانی ئەوەن ناوی مرۆڤیان لـێ‌‏‏ بنرێت؟

 سەرنجی دووهەم
چەندین حیكمەتی زۆر لە ڕۆژووی ڕەمەزانی پیرۆزدا هەن، كە مرۆڤ ئاراستەی شوكرانەبژێریی نیعمەتەكانی خواوەند دەكەن.

ئەمەش بەم نموونەیەی خوارەوە ڕوون دەكەینەوە:

بێ‌گومان ئەو خۆراكەی كە خزمەتكارێك لە چێشتخانەی پادشاوە دەیهێنێت‏، نرخی خۆی هەیە (‏وەك لەوتەی یەكەمدا باس‏‏ كراوە). كەواتە بە كەم ڕوانین و بێ‌‏‏نرخ زانینی ئەو خۆراكە بەنرخانە نیشانەی گێلی‏یە و، نەناسینی بەخشندەی ڕاستەقینەشیان لە بێ‌‏ عەقڵی‏یەوەیە‏، لە كاتێكدا كە خزمەتكارەكە پاداشت بدرێتەوە و خەڵات بكرێ‌!

هەر بەم جۆرە، ئەو نیعمەتە لەژمارەبەدەرانەی كە خوای گەورە لەسەر زەویدا بڵاوی كردوونەتەوە، بێ‌‏گومان داوای نرخەكانیمان لـێ‌ دەكات، كە ئەویش بریتی‏یە لە شوكرانەبژێریی ئەو نیعمەتانە. هۆكارە ڕواڵەتی‏یەكان لە ڕاستیدا باركێشی ئەو نیعمەتانەن، هەروەها خاوەنە ڕواڵەتی‏یەكانیشیان وەك خزمەتكار وان بۆ پێشكەش‏ كردنی ئەو نیعمەتانەی خواوەند. جا ئێمە وەك بەهای پێویست بەو خزمەتكارانە دەدەین، منەتبار و چاولەبەریشیان دەبین، بەڵكو زیاتر لە ئەندازەی خۆیان ڕێز و سوپاسگوزاری لە ڕوویاندا دەنوێنین.

بەڵام خۆ بەخشندەی ڕاستەقینەی ئەو نیعمەتانە، كە بەو جۆرە بەخشیونی و بڵاوی كردوونەتەوە، گەلـێ‌ شایانترە كە ئەوپەڕی سوپاسگوزاری و ستایشی بكەین و لە ڕادەبەدەر ڕەزامەند و منەتباری ببین كە هەر خۆی – بە زیادەوە – شایستەی هەموو ئەمانەیە.

جا پێشكەش‏ كردنی سوپاس بۆ ئەو خواوەندە و، دەربڕینی ڕەزامەندی لە ئاستی ئەو نیعمەتەدا بەوە دەبێ‌ كە بزانین ڕاستەوخۆ لە لایەن خواوەند خۆیەوە هاتوون و، نرخیان بزانین و، ڕاستەوخۆ هەست بەوە بكەین كە پێویستمان پێیانە.

كەواتە ڕۆژووی مـانگی ڕەمـەزانی پیرۆز كلیلی شــوكـرانەبژێریی ڕاســتەقینە و خـاوێنە و، شوكر و سوپاسێكی گەورە و گشتی‏یە بۆ خواوەند، چونكە زۆربەی خەڵك لە كاتەكانی تردا ئاوا بە ناچاری نرخی زۆربەی نیعمەتەكان نازانن، چونكە بە ئازار و سوێی برسێتی گرفتار نابن. بۆ نموونە: ئەوانەی كە زۆر تێرن، بە تایبەتی دەوڵەمەندان، ڕادە و پلەی ئەو نیعمەتە نازانن كە لە خواردنی لەتە نانێكی وشكدا  هەیە، بەڵام باوەڕداری ڕۆژووانەتی لە دەمی بەربانگدا هەست دەكات كە ئەو لەتە نانە وشكە نیعمەتێكی بەنرخی خوایە و، بە هەستی “چەشتن” شایەتی لەسەر ئەمە دەدات.

كەواتە ئەوانەی لە ڕەمەزاندا بە ڕۆژوو دەبن هەر لە پادشاوە تا دەگاتە بێ‌‏نەواترین هەژار، بە بۆنەی هەست كردنیان بە نرخ و بایەخی ئەو نیعمەتە گەورانە، شوكرانەیەكی مەعنەویی گەورەیان دەستگیر دەبێت و پێشكەشی خواوەندی خۆیانی دەكەن.

خۆڕاگرتنی مرۆڤ بە ڕۆژگاری مانگی ڕەمەزان لە خواردنی ئەو خۆراكانە، وا لەو مرۆڤە دەكات كە بە نیعمەتیان بزانێت و لە جێگای شیاوی خۆیاندا دایانبنێت. چونكە ئەو مرۆڤە لەگەڵا خۆیدا دەدوێت‏‏‏ و بە خۆی دەڵێت:‏‏ (ئەم نیعمەتانە موڵكی من نین و من خاوەنیان نیم، چونكە لە خواردنیاندا سەربەست نیم، كەواتە موڵكی یەكێكی ترن، كە هەر لە سەرەتاوە نیعمەتی ئەو بوون و هەر ئەویش پێی بەخشیوم، وا ئێستاش چاوەڕوانی فەرمانی ئەو دەكەم بۆ خواردنیان).

بەم جۆرە‏، شوكرانەبژێری‏یەكی مەعنەویی ئەو نیعمەتانە پێشكەشی خوای خۆی دەكات.

ئیتر بەم چەشنە، ڕۆژوو لە هەموو لایەكەوە دەبێت بە كلیلی دەرگای شوكرانەبژێری، كە ئەركی ڕاستەقینەی سەرشانی مرۆڤە.

 سەرنجی سێ‌هەم
یەكێك لەو حیكمەتە زۆرانەی ڕۆژوو كە ڕوو لە ژیانی كۆمەڵایەتیی مرۆڤ دەكات ئەوەیە كە: ئەم خەڵكە لە باری گوزەرانەوە جیاجیا دروست كراون..

لەبەر ئەوە، خوای گەورە داوا لە دەوڵەمەندان دەكات كە دەستی یارمەتی بۆ برا هەژارەكانیان درێژ بكەن. گومان لەوەشدا نی‏یە كە دەوڵەمەندان بە تەواوی هەست بەو حاڵی هەژاری‏یەی هەژاران ناكەن، كە مایەی بزواندنی بەزەیی مرۆڤە و، ناتوانن پەی بە ڕادەی برسێتیی هەژاران ببەن وەك ئەوەی هەژاران خۆیان هەستی پێ‌‏ دەكەن، مەگەر بەهۆی ئەو برسێتی‏‏یەی كە لە ڕۆژوودا ئەوانیش تامی دەچێژن و بەخۆیانەوە دەیبینن!

جا ئەگەر ڕۆژوو نەبوایە، زۆر كەس لەو دەوڵەمەندانەی كە شوێنی ئارەزووەكانیان دەكەون، نەیاندەتوانی ئەندازەی ئازاری ئەو برسێتی و نەبوونی‏یەی هەژاران و ڕادەی پێویستییان بۆ بەزەیی و میهرەبانی‏، تێبگەن.

لەبەر ئەوە، بەزەیی‏هاتنەوەی مرۆڤ بە هاوڕەگەز‏ی خۆیدا (‏كە خواوەند ئەم بەزەیی‏یەی لە ناخی مرۆڤدا جێگیر كردووە) دەبێت بە یەكێك لەو بنچینانەی كە هاندەری سوپاسگوزاریی ڕاستەقینەن. چونكە هەموو كەسێك (‏هەر كەسێك بێت) هەردەم دەتوانێت  لە خۆی هەژارتر بدۆزێتەوە، كە لە لایەن خوای گەورەوە لێپرسراوە بۆ بەزەیی پێدا هاتنەوە و دەستگرۆیی كردنی..

جا ئەگەر “نەفس” بۆ چەشتنی تاڵاوی برسێتی ناچار نەكرایە، كەس چاكەی لەگەڵا كەسی تردا نەدەكرد، كە ئەمەش بەزەیی بەیەكداهاتنەوەی نێوان مرۆڤ داخوازیەتی. خۆ ئەگەر ئەم كارەشی ئەنجام بدایە، نەیدەتوانی بە جۆرێكی كامڵا و شایستە ئەنجامی بدا‏، چونكە لە دڵا و دەروونی خۆیدا بە هەستێكی ڕاستەقینە هەست بەو بەزەیی‏یە ناكات.

سەرنجی چوارەم
سەبارەت بە پەروەردەكردنی نەفسی مرۆڤیشەوە، چەند حیكمەتێك لە ڕۆژوودا هەیە.

یەكێك لەوانە ئەوەیە كە سروشتی “نەفس”ی مرۆڤ بە جۆرێكی وایە حەز دەكات لە هەموو خۆبەستنەوەیەك دەرباز ببێت و هەمیشە خۆی بە سەربەستی ببینێتەوە، بە ڕادەیەك كە داوای پەروەردگارێتی‏یەكی وەهمی بۆ خۆی دەكات، تا بە ئارەزووی خۆی بجووڵێتەوە..

“نەفس” هەرگیز نایەوێت بیر بكاتەوە لەوەی كە بە نیعمەتە لەژمارەبەدەرەكانی خوای گەورە گەشـە دەكات و پـەروەردە دەكـرێت. بە تایبەت ئەگەر لە دنیادا خـاوەنی سـەروەت‏‏ و دەستەڵات بێت‏‏‏ و غەفڵەتیش پشتی گرتبێت. لەبەر ئەوە، وەك ئاژەڵا – بێ‌ پرس – تەپ‏‏‏‏ دەداتە سەر نیعمەتەكانی خوا و دەكەوێتە هەڵلووشینیان.

بەڵام لە ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا “نەفس”ی هەموو كەسێك‏، هەر لە زەنگینترین دەوڵەمەندەوە تا نەداراترین هەژار، دەكەوێتە ناسینی خۆی و تێدەگات كە خۆی خاوەنی هیچ شتێكی خۆی نی‏یە و،  مۆڵەت نەدراوە بە ئارەزووی خۆی ڕەفتار بكات، بەڵكو مـوڵكێكە و خاوەنێكی هەیە و بـەنـدەیەكی فەرمانبەردارە و بە بێ‌ ڕوخســەت و فەرمانی خاوەنەكەی ناتوانێت دەست لە بچووكترین كار وەربدات، تەنانەت دەست بۆ قومێك ئاویش ڕابكێشێت!

بەم جۆرە، لەخۆبایی‏‏بوون و پەروەردگارێتی‏یە‏ وەهمی‏‏یەكەی “نەفس” دەشكێت و، كاڵای بەندایەتی‏‏ كردنی بۆ خوای گەورە دەپۆشێت و‏، ئەركی سەرەكیی سەرشانی خۆی، كە شوكرانەبژێری‏یە، ڕادەپەڕێنێت.

سەرنجی پێنجەم
سەبارەت بە ڕێككردن و پوختەكردنی ڕەفتارەكانی دەروونی یاخی‏ و هاندەری خراپكاری(‏النفس اڵامارة بالسو‌ء) و نەرمكردن و هاندانی بۆ وازهێنان لە هەڵسوكەوتە چەواشەكانی، ڕۆژووی ڕەمەزان حیكمەتی زۆری تێدایە. لێرەدا تەنها یەك دانەیان باس دەكەین:

“نەفس”ی مرۆڤ – بە هۆی بێ‌‏ئاگایی‏یەوە – خۆی لەبیر دەچێتەوە‏‏‏ و، ئەو كۆڵەواری‏یە بێ‌‏ سنوور و‏‏.. هەژاری‏یە لەڕادەبەدەر‏‏ و‏‏، كەمتەرخەمی‏یە زۆرەی لە مـاهییەتیـدان، نە دەیانبینێت، نە حـەزیش دەكات بیا‏نبینێت! لەبەر ئەوە، لە: لاوازیی خۆی و‏‏، بەرەو نەمان چوونی و‏‏، ئەندازەی ئەو كارەساتانەی لە مەڵاسدان بۆی، بیر ناكاتەوە‏. ئەوەشی لە یاد دەچێت كە جەستەی لە گۆشت و ئێسكێكی ئەوتۆ پێكهاتووە كە بە خێرایی دەپتوركێ‌ و دادەڕزێت.. بۆیە هەڵسوكەوت‏‏ و ڕەفتارەكانی بە جۆرێكە وەك پێی وابێت لە پۆڵا داڕێژراوە و مردن و فەوتانی بەسەردا نایەت! دەبینیت هەڵمـەت بۆ دنیا دەبات و بە كـۆڵێ‌ ڕژدی و تەماعـكاری‏یە‏وە خـۆی دەهاوێتە باوەشیەوە‏‏‏‏‏ و‏‏‏، پەیوەندی‏یەكی بەتینی لەگەڵدا دەبەستێ‌ و بە توندی چنگی لە هەموو شتێكی بەلەزەت‏ و سوودبەخش گیر دەكات‏‏!

“نەفس” لەم ڕێ‌‏یەوە ئەو بەدیهێنەرەی لەبیر دەچێتەوە كە بەوپەڕی میهرەبانی‏ پێی‏‏ دەگەیەنێت و پـەروەردەی دەكات. ئنجا لەمەوە بەرەو هەڵدێری بەدڕەفتاری دەخزێ‌ و، دواڕۆژی ئەم‏دنیا و پاشەڕۆژی ئەودنیاشی لە یاد دەچێت.

بەڵام ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان وا لە بێ‌ ئاگاترین و سەرسەختترین كەسی یاخی دەكات كە هەست بە لاوازی و كۆڵەواری‏ و هەژاریی خۆیان بكەن. چونكە هەركام لەوانە، بەهۆی برسێتی‏یەوە دەكەوێتە بیركردنەوە لە خۆی و گەدەی بەتاڵی و، تێدەگات گـەدەی پێویسـتی بە چی‏یە‏‏‏! ئیتر خۆی بە باشـی دەناسـێت و ئەندازەی لاوازی و ڕادەی پێویستیی بۆ سۆز و میهرەبانیی خوای گەورە، بیر دەكەوێتەوە‏‏ و‏‏.. لە ناخی دڵەوە – بە مەرجێ‌ بێ‌‏‏‏‏ئاگایی چاوی دڵی كوێر نەكردبێت – هەست بە تاسە و ئارەزوومەندی‏یەكی ئەوتۆ دەكات كە بە هەژاری و لارەملی لە دەرگانەی لێبوردن و میهرەبانیی خوای گەورە بدات و، دەست لە فیرعەونایەتیی نەفس هەڵبگرێت.

بەمەش ئامادەی ئەوە دەبێت كە بە دەستی سوپاسگوزاریی مەعنەوی لە دەرگانەی بەزەیی و میهرەبانیی خوا بدات.

سەرنجی شەشەم
لە نێوان ئەو حیكمەتە زۆرانەی كە لە ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا هەن، سەبارەت بەوەی كە قورئانی پیرۆزی تێدا هاتووەتە خوارەوە‏ و، ڕەمەزان گرنگترین كاتی نازڵا‏ بوونیەتی، تەنها یەك حیكمەت باس دەكەین:

لەبەر ئەوەی قورئانی پیرۆز لە مانگی ڕەمەزاندا نازڵا بووە، دەبێ‌ واز‏ لە داخوازی‏یە نزمەكانی “نەفس” بهێنرێت و، كردارە بێ‌‏‏كەڵك و نابەجێ‌‏‏كانی پشتگوێ‌ بخرێن، تاكو خۆمان بۆ پێشوازی لێكردنی ئەو فەرمایشتە ئاسمانی‏یە – كە قورئانی پیرۆزە – ئامادە بكەین. ئەمەش بەوە دەبێ‌ كە نازڵا‏ بوونی قورئان لەم مانگەدا بخەینەوە یادمان‏‏ و‏‏، بە وازهێنان لە خواردن و خواردنەوە چەند حاڵەتێكی ڕۆحانی و مەلائیكەت ئاسا بۆ خۆمان بڕەخسێنین و، قورئانی پیرۆز بە جۆرێ‌ بخوێنین كە وا هەست بكەین هەر ئێستا بە گەرموگوڕی و پاراوی ئایەتەكان نازڵا بووبن. هەر بەم هەست و نەستە و بەوپەڕی ملكەچی‏یەوە گوێی بۆ شل بكەین تاكو پلەیەكی ئیمانیی باڵا و حاڵەتێكی ڕۆحانی و بەرزمان دەستگیر ببێ‌، بە جۆرێك ئەوخوێنەرە وا بزانێت كە ڕاستەوخۆ لە زاری پێغەمبەرەوە r بەڵكو لە حەزرەتی جوبریلەوە – دروودی لەسەر بێت –  بەڵكو لە خوای گەورەی ئەزەلی‏یەوە، دەیبیستێ‌.. پاشان لە پێناوی ڕوونكردنەوەی یەكێك لە حیكمەتەكانی نازڵا‏‏ بوونی ئەم قورئانەدا، ئەركی فێركردن و خوێندنەوە و ڕاگەیاندنی بە كەسانی تر، ئەنجام بدەین.

بەڵێ‌، لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا جیهانی ئیسلام وەكو مزگەوتێكی لـێ‌ دێت، بەڵام چ مزگەوت؟.. مزگەوتێك كە هەموو گۆشە و سووچێكی بە ملیۆنەهای لەبەركەرانی قورئان پڕ بووە‏‏‏ و، ئەو فەرمایشتە ئاسمانی‏یە بە گوێی زەوی نشیناندا دەدەن‏‏ و، بە شێوەیەكی جوان و ڕوونیش ناوەرۆكی ئایەتی:[شَهْرُ رَمَضانَ الَّذی أُنْزِڵ فیهِ القُرْا‌ن]لە پێش‏‏چاودا دەردەخەن. بەمەش دەیچەسپێنن كە لە ڕاستیدا مانگی ڕەمەزان مانگی قورئانە‏.. تاك تاكانی كەسـانی تری ئەو كۆمەڵە مەزنەش هەندێكیان بەوپەڕی سام و شكۆ و ملكەچی‏یەوە گوێ‌ لەمان ڕادەگرن و، هەندێكی تریشیان بۆ خۆیانی دەخوێنن!

جا ئیتر چی لەوە ناشیرینتر و شوورەیی‏‏‏ترە بۆ كەسێك كە خۆی لەم مزگەوتە پیرۆزە بە سام و شكۆیە دادەبڕێت و بە پێی فەرمانی نەفسی یاخی و بەدڕەفتاری – لەم مانگەدا – بە شوێن خواردن و خواردنەوەدا لە هەڵپە و لسكەدایە؟ دەبێ‌ ئەو كەسە تا چ ڕادەیەك مایەی بێز لێهاتنەوەی مەعنەویی كۆمەڵی ئەو مزگەوتە گەورەیە بێت؟!

حاڵی هەموو ئەو كەسانەی كە لە مانگی ڕەمەزاندا بە پێچەوانەی ڕۆژووگرانەوە ڕەفتار دەنوێنن، بەو چەشنەیە.. ئەوانە – بە هەمان پلە‏‏‏ – مایەی ڕسوایی و بێز لێكردنەوەی مەعنەوین لە لایەن سەرانسەری جیهانی ئیسلامی‏یەوە!

 سەرنجی حەوتەم
مرۆڤ بۆ ئەوە هاتووەتە دنیا تاكو خەریكی كشتو‏كاڵ و بازرگانی‏یەك بێت كە لەودنیادا دروێنەی بەروبوومەكانی بكات و قازانجەكانی وەربگرێت.

مانگی ڕەمەزانی پیرۆزیش سەبارەت بە دەستكەوتەكانی مرۆڤ لەم ڕووەوە، چەندین حیكمەتی زۆری تێدایە، لێرەدا تەنها یەكێكیان باس دەكەین:

“پاداشتی كردەوەكان لە ڕەمەزاندا یەك بۆ هەزار زیاد دەكرێن”.

ئاشكرایە كە هەر پیت(‏حرف)ێكی قورئانی پیرۆز (‏دە) پاداشتی هەیە كە بە (‏دە) چاكە بۆ مرۆڤ دەژمێررێت و (‏دە) بەروبوومی بەهەشت دەست خوێنەرەكەی دەخات، هەروەك لە فەرموودەی پێغەمبەردا r هاتووە.

بەڵام لە ڕەمەزاندا لە بریی ئەو (‏دە) دانە بەروبوومە (‏هەزار) بەروبوومی دواڕۆژ دەگرێ‌ و بە خوێنەرانی قورئانیان دەبەخشێت و، هەر پیتێكی چەند ئایەتێكی تایبەتیی وەك:”ێ‌یە الكرسی” دەرگا لە بەردەم هەزاران پاداشت و چاكەدا دەكاتەوە، بۆ ئەوەی لەودنیا لە شێوەی بەروبوومدا پێشكەش بە خوێنەرەكەی بكرێن‏‏.‏‏‏ ئەم پاداشتە‏ ‏‏لە ڕۆژانی جومعەی ڕەمەزاندا لەزیادبووندا دەبن و‏‏‏،‏ ‏لە شەوی “قەدر”یشدا دەگەنە سی هەزار.

بەڵێ‌، هەر پیتێكی قورئانی پیرۆز مایەی دەستكەوتنی سی هەزار بەروبوومی هەمیشەیی‏یە، بۆ ئەوەی ببێت بە درەختێكی نوورانیی وەك درەختی تووبای بەهەشت، بە جۆرێك كە باوەڕداران ئەم مانگە پیرۆزە بە هەل بزانن و، ئەو بەروبوومە نەبڕاوە و هەمیشەیییانەیان ‏‏‏‏‏‏- كە ژمارەیان بە ملیۆنەهایە – دەستگیر ببێت. فەرموو بۆ خۆت سەرنج لەم بازرگانی‏یە بەسوودە بدە و، بیر لەوانە بكەرەوە كە ڕێزی شایستەی ئەم پیتە پیرۆزانە ناگرن و، بزانە چ زەرەر و زیانێكی گەورەیان لـێ‌‏ كەوتووە؟!

بەم جۆرە دەركەوت كە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز زیاتر وەك: پیشانگایەكی دڵڕفێن وایە بۆ بازرگانیی قیامەت‏‏.. یاخود بازاڕێكە لەوپەڕی جموجووڵا و قازانجدایە بۆ ئەو بازرگانی‏یە‏‏‏.. زەوی‏یەكی بەپیتی بەراوە بۆ بەرهەمهێنانی خەرمانی قیامەت‏‏.. بارانی نیسانە و گەشە بەو كشتوكاڵە دەسێنێت و فەڕی تێدەخات‏‏.. جەژنێكی پڕ لە شادی و پیرۆزە بۆ پیشاندانی بەرنامەكانی بەندایەتیی مرۆڤ لە بەردەم مەزنیی پەروەردگاری و عیززەتی خوایەتیی خوای گەورەدا..

لەبەر هەموو ئەمانە، مرۆڤ ئەركی ڕۆژووگرتنی خراوەتە ئەستۆ، بۆ ئەوەی لەو كاتانەدا توخنی پێداویستی‏یە ئاژەڵی‏یەكانی دەروونی نەكەوێت، ئەو دەروونەی كە لە ئەركەكانی سەرشانی خۆی بێ‌ ئاگایە. وەك بڵێی مرۆڤ بەم ڕۆژووگرتنەی بووبێت بە ئاوێنەیەك بۆ ڕەنگدانەوەی سیفەتی “صەمەدییەت”‏ی خواوەند. ئەوەتا پشتی لە پێداویستی‏یە ئاژەڵی‏یەكان هەڵكردووە و لەناو دۆخێكی مەلائیكەت‏ ئاسادایە‏. یاخود بووە بە كەسێكی قیامەتخواز و ڕۆحێكی بەرجەستەی ئاشكرا‏‏‏، ئەمەش بەهۆی وازهێنانێكی كاتی لە پێویستی‏یە دنیایی‏یەكانی و بەشداری‏‏ كردنی لە بازرگانی‏یەكی قیامەتیدا.

بەڵێ‌، ڕەمەزانی پیرۆز لەم دنیا فانی و تەمەنە كورت و ژیانە كەم خایەنەدا، بۆ ڕۆژوانەتی دەبێت بە مایەی دەستخستن و دابین‏ كردنی تەمەنێكی بەردەوام و ژیانێكی هەمیشەیی.

كەواتە، یەك مانگی ڕەمەزان، دەتوانێت بەروبوومی تەمەنێكی هەشتا ساڵی بە مرۆڤی ڕۆژوانەتی ببەخشـــێت. خۆ ئەوەی كە قورئانی پیرۆز لەبارەی “لیلە القدر”ەوە ڕایگەیاندووە و فەرموویەتی: “ئەم شەوە لە هەزار مانگ بە فەڕ و خێرترە” بە هێزترین بەڵگەی ئەم ڕازەیە!

وەك چۆن پادشا لە سەرانسەری ماوەی فەرمانڕەوایەتیی خۆیدا، یان هەموو ساڵێكی ئەو سەردەمە، چ بە ناوی چوونە سەر تەختەوە، یان بە هەر بۆنە و یادێكی تر، چەند ڕۆژێك وەك بۆنە و جەژن بۆ دانیشتووانی وڵاتەكەی دەستنیشان دەكات و، لەو ڕۆژانەدا پادشا بە پێی یاسا عادەتی‏یەكانی لەگەڵا ڕەعیەتە دڵسۆزەكانیدا ڕەفتار ناكات‏، بەڵكو بە خەڵات و بەراتی تایبەتی بەهرەمەندیان دەكات و، ڕاستەوخۆ لە كۆشك‏ و بارەگای خۆیدا میواندارییان بۆ دەسازێنێت و سایەی كەرەم و بەخشایشیان لەسەر ڕادەگرێت و، بە چاوی ڕێزەوە بۆیان دەڕوانێت ..

خواوەندی بەدەستەڵاتی هەمیشەییش بە هەمان جۆر لەگەڵ بەندەكانیدا مامەڵە دەكات، ئەو خوایەی كە خاوەنی بەخشایش و مەزنی‏یە و، پادشای ئەزەل و ئەبەدە و، سوڵتانی شكۆمەندی هەژدە هەزار جیهانە‏‏..

ئەوەتا ئەو خواوەندە گەورەیە فەرمانە پڕ لە دانستە بەرزەكانی‏ و قورئانە پیرۆزەكەی خۆی – كە ڕووی لە هەزاران جیهانە – لەم مانگە پیرۆزەدا نازڵا كردووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە جێی خۆیەتی و خواستێكی “دانست”ی خواوەندە كە مانگی ڕەمەزان وەك جەژن و بۆنەیەكی شــادمـان و تایبەتیی خـوایی و، پیشــانگایەكی دڵڕفێنی پەروەردگار و، كۆڕێكی ڕۆحانیی بەسام‏ و شكۆ دانراوە.

جا لەبەر ئەوەی مانگی ڕەمەزان لە دیمەنی ئەو بۆنە و جەژنە پڕ لە شادی و خۆشی‏یانەدا خۆی دەنوێنێت و، بۆ ئەوەی خەڵكی – تا ڕادەیەك – لە سەرقاڵییە نزم و ئاژەڵی‏یەكان‏ دوور بن و بەسەریاندا بەرز ببنەوە، لەبەر هەموو ئەمانە، پێویستە فەرمانی ڕۆژووگرتنی تێدا دەربكرێت. كامڵا‏ بوونی ئەو ڕۆژووەش بەوە دەبێت كە هەموو هەستەكانی مرۆڤ (‏چەشنی: چاو و گوێ‌ و دڵا و بیر و ئەندێشە) وەكو “گەدە” هەریەكەیان لە ڕۆژووی تایبەتیی خۆیاندا بن. واتە ئەو هەستانە لە شتی حەرام و لاوەكی بپارێزرێن و، هەریەكەیان بەرەو بەندایەتیی تایبەتیی خۆیان ئاراستە بكرێن.

بۆ نموونە:

مرۆڤ “زمان”ی بۆ ڕۆژووگرتن لە درۆ و غەیبەت و قسەی نابەجێ‌ ڕابهێنێت و، بە خوێندنی قورئان و یادی خوا و تەسبیحات‏‏كردن و سڵاواتدان لەسەر پێغەمبەر r و هەموو جۆرەكانی تری زیكر، زمانی پاراو بكات..

“چاو”یشـی لە شـتی حەرام بپارێزێت و بە چاوی پەند وەرگرتن بۆ هەموو شتێك بڕوانێت و‏‏..

“گوێ‌” لە وتەی ناشیرین ڕانەگرێت و قورئانی پیرۆز و “حەق”ی پێ‌ ببیستێ‌..

هەر بەم جۆرە، گشت هەستەكانی تریشی لەسەر جۆرە ڕۆژووگرتنێكی تایبەتی ڕابگرێت.

ئاشكرایە ئەو “گەدە”یەی كە وەك كارگەیەكی مەزن وایە گەر بە ڕۆژووگرتن لەكار بخرێت، ئەوا لەكارخستنی كارگە بچووكەكانی تر زۆر ئاسان دەبێت!

 سەرنجی هەشتەم
یەكێك لەو حیكمەتە زۆرانەی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، كە پەیوەندییان بە ژیانی خۆیی مرۆڤەوە هەیە، بە كورتی بەم جۆرەی خوارەوەیە:

 گرنگترین و كاریگەرترینی جۆرەكانی چارەسەركردن لە “پارێز”دایە‏، چ پارێزی ماددی چ مەعنەوی.

ئەوەتا پارێز لە زانستیی پزیشكیدا چەسپاوە، چونكە هەركات نەفسی مرۆڤ لە خواردن و خواردنەوەدا ئەوپەڕی سەربەستیی پێ‌ بدرێت، ئەوا لە ژیانی كەسییدا دووچاری گەلـێ‌ زیانی ماددی دەبێت..

بەربەرەڵایی بۆ ژیانی مەعنەویش هەر بە هەمان جۆرە، چونكە گەر “نەفس” بێ‌‏ بیركردنەوە لە حەڵاڵا و حەرام هەرچی‏یەكی بێتە ڕێ‌ هەڵیبلووشێت، ئەوا ژیانی مەعنەویی تێكدەچێت و ژاراوی دەبێت، هەتا وای لـێ‌‏ دێت “نەفس”ی ئەو مرۆڤە گوێڕایەڵی “دڵا” و “ڕۆح” نابێت و ملیان بۆ كەچ ناكات، ئیتر ئەو “نەفس”ە بۆ خۆی جڵەوی خۆی بەدەستەوە دەگرێت و بەوپەڕی سەركەشی لە ژیاندا ڕەفتار دەكات و، مرۆڤ بەرەو ئارەزووە بەدەكانی خۆی ڕادەپێچێت، بێ‌ ئەوەی دەستەڵاتی خودی مرۆڤەكەی بەسەرەوە بمێنێت.

بەڵام لـە ڕەمـەزانی پیرۆزدا “نەفس” بـەهـۆی ڕۆژووەوە لەســەر جـۆرە پارێزێك ڕادێـت و، لە پێناوی پاكبوونەوە و گەشەكردنیدا بە لێبڕانەوە تێدەكۆشێت و فێری گـوێڕایەڵیی فـەرمانەكان دەبێت. ئیتر تووشـی ئەو نەخۆشـییانە نابێت كە لە پڕبوونی گەدە و، خۆراك بەسەر خۆراكدا پەیدا دەبن و، توانای فەرمانبەرداری و ملكەچی بۆ فەرمانەكانی شەرع بەدەست دەهێنێت. ئنجا لەبەر ئەوەی كە بە بۆنەی ڕۆژووەوە خۆی لە خواردنی حەڵاڵا پاراستووە، ئەوا لە حەرامیش خۆی دەپارێزێت و لـێ‌ دەبڕێت تاكو ژیانی مەعنەویی خۆی نەشێوێنێت و ڕوونی‏‏یەكەی نەشڵەقێنێت و لێڵی نەكات.

پاشان زۆربەی كەسانی گرۆی مرۆڤ گەلـێ‌ جار گرفتاری برسێتی دەبن، كەواتە پێویستیان بە خۆڕاهێنان هەیە بە برسێتی‏یەك كە مرۆڤ لەسەر ئارامگرتن ڕابهێنێت.

جا ڕۆژووی ڕەمەزان بریتی‏‏‏یە لە ڕاهاتن و خۆڕاگرتن لەسەر برسێتی‏یەك پازدە سەعات دەخایەنێت، یاخود بیست‏ و چوار سەعات بۆ ئەوانەی فریای پارشێو نەكەوتوون.

كەواتە ڕۆژوو چارەسەرێكی كاریگەرە بۆ سەراسیمەیی و بێ‌ ئۆقرەیی مرۆڤ‏‏، كە هۆی پتركردنی بەڵا و گرفتاری‏یەكانی مرۆڤن.

“گەدە”ش وەك كارگەیەك وایە كە چەندین كرێكاری كارگوزاری هەیە و، لە مرۆڤیشدا گەلـێ‌ ئامێر هەن كە لەگەڵا گەدەدا پەیوەندی‏یان هەیە. جا ئەگەر “نەفس” بە شێوەیەكی كاتی و بۆ ماوەی مانگێك پەكی سەرقاڵییەكانی خۆی نەخات و وازیان لـێ‌‏ نەهێنێت، ئەوا هەموو ئەو كارگوزار و كرێكارانە بە ئیشــی خۆیەوە سـەرقاڵا دەكات‏‏ و‏، پەرستشە تایبەتی‏یەكانی خۆیانیان لەبیر دەباتەوە و، دەیانخاتە ژێر فەرمان و دەستەڵاتی خۆیەوە. ئیتر بەم پێ‌‏‏یە سەر لەو ئامێر و هەستانە دەشێوێنێت و بە گرم و هۆڕی جەڕوپێچەكانی ئەو كارگەیە و چەڕە دووكەڵەكەی، حەوانەوە و ئاسوودەیییان لە لا هەڵدەگرێت و سەرنجی هەموویان بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت و فەرمانبەری‏یە بەرزەكانیان – بە جۆرێكی – كاتی  لەبیر دەباتەوە.

هەر لەبەر ئەم ئەنجامەش بووە كە زۆر كەس لە ئەولیا و پیاوچاكان خۆیان لەسەر خواردن و خواردنەوەی كەم ڕادەهێنا، تاكو بە پلەكانی “كامڵی”دا سەربكەون و بەرز ببنەوە.

بەڵام بە هاتنی مانگی ڕەمەزان، ئەو كرێكارانە هەست دەكەن كە تەنها لە پێناوی ئەو كارگەیەدا دروست نەكراون، بەڵكو ئەو ئامێر و هەستانەی مرۆڤ، چەند چێژ و لەزەتێكی بەرزی ڕۆحانی و مەلائیكەت ئاسایان لەم مانگەدا دەست دەكەوێت و، لەبریی ئەو ڕابواردنە بێ‌‏تام و نزمانە، ڕوو لەو چێژ و لەزەتە ڕۆحانی‏‏یە بەرزانە دەكەن.

هەر لەبەر ئەوەشە كە دەبینیت ئیمانداران لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا جۆرەهای جۆری نوور و بەرەكەت و دڵخۆشیی مەعنەوییان ‏‏‏‏‏- هەر كەس بە پێی پلەی خۆی – دەستگیر دەبێت و، هەر لەم مانگە پیرۆزەدا “دڵ” و “عەقڵ” و “ڕاز” و لایەنە ناسك و نیانەكانی تری هاوچەشنیان، چەندین پلە بەرز دەبنەوە و پیت و بەرەكەتیان دەست دەكەوێت، جا هەرچەندە “گەدە” لە شین و گریان‏ و هەنسك‏  هەڵكێشاندا بێت، ئەمان بە بێ‌‏گەردی و میهرەبانی‏یەوە پێی پێدەكەنن!

سەرنجی نۆهەم
چەنـد حیـكـمـەتێك لە ڕۆژووی ڕەمـەزانـدا هەن، ســەبارەت بـەوەی كە پەروەردگارێتی‏یە وەهمی‏یەكەی “نەفس” ڕاستەوخۆ دەشكێنێت و، بەندایەتی‏یەكەی بۆ خوا پێ‌ دەناسێنێت و، وای لـێ‌ دەكات زەبوونیی خۆی لە بەردەم پەروەردگارێتیی خوادا دەرببڕێت، وا ئێمەش یەكێك لەو حیكمەتانە باس دەكەین:

“نەفس” نایەوێت خوای خۆی بناسێت، بەڵكو دەیەوێت لە شێوەی فیرعەونایەتی‏یەكی سەركەشانەدا لافی پەروەردگارێتی‏ لـێ‌‏‏ بدات. ئنجا لەسەر ئەم لاف‏ لێدانەشی تا ئەشكەنجە و ئازار بدرێت، سوودێكی ئەوتۆی نابێت و ڕەگی ئەو پەروەردگارێتی‏یە وەهمی‏‏یەی هەر تێدا دەمێنێت و، هیچ شتێك ئەو ڕەگە نابڕێت و لە لێدانی ناخات و سەری پێ‌ دانانەوێنێت، مەگەر برسێتی!

بەم جۆرە، ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان مشتەكۆڵێكی ڕاستەوخۆی جەرگبڕ دەهاوێتە سەر لایەنە فیرعەونی‏یەكەی نەفس و، بە جارێ‌ هەموو كەشو‏فش و لاف و گەزافێكی دەشكێنێت و، زەبوونی و لاوازی و هەژاری‏یەكەی پێ‌‏ دەردەخات و، بەندایەتی‏یەكەی بۆ پەروەردگار پێ‌ دەناسێنێت.

لە یەكێك لە ڕیوایەتەكانی فەرموودەیەكدا هاتووە كە:

خوای گەورە فەرمووی بە “نەفس”:

(من كێم و تۆ كێیت)؟

نەفس لە وەڵامدا وتی:

(من منم و، تۆش تۆیت)!

خوای گەورەش خستیە دۆزەخەوە و ئازاری دا‏‏. پاشان هەمان پرسیاری لـێ‌ كردەوە‏‏، ئەویش هەر لە وەڵامدا وتی‏‏:‏‏ (من منم و، تۆش تۆیت)! جا هەرچـەندە ئەشكەنجە و ئازاری جۆراوجۆری دەدا، ئەو هەر وازی لە خۆویستی(‏اڵانانیە)ی خۆی نەهێنا. پاشان خواوەند بە برسێتی ئازاری دا (‏واتە بە برسێتی هێشتیەوە) ئنجا لێی پرسی‏یەوە:‏‏

(من كێم و تۆ كێیت)؟

نەفسیش وتی:

(تۆ پەروەردگاری میهرەبانی منی و، منیش بەندەی زەبوونی تۆم)!

اللهم صلِّ علی سیدنا محمد صلاة تكون لك رضا‌ء، ولحقه أدا‌ء، بعدد ثواب حروف القرا‌ن فی شهر رمضان، وعلی ا‌له وصحبه وسلم.

[سُبْحَانَ رَبِّكَ رَبِّ العِزَّة عَمَّا ێصِفُون وسَلامٌ عَلی الْمُرْسَلین  ۆالْحَمْدُ لله رَبِّ العَاڵمین] (‏الصافات:180-182).

ا‌مین.

 

داوای لێبوردن:

ئەم پەیامەم گەلـێ‌ بە پەلە و تەنها لە ماوەی چل دەقیقەدا داناوە! جا لەبەر ئەوەی من و نووسەری ڕەشنووسەكە هەردووكمان نەخۆش و ماندوو بووین، ئەوا دوور نی‏یە هەندێ‌ قسوور و ناتەواوی لە پەیامەكەدا ببێت. لەبەر ئەوە، داوای لێبوردن لە برایانمان دەكەین و، ڕاستكردنەوەی هەر شتێكیشیان بە گونجاو زانی تكایە با ڕاستی بكەنەوە. (دانەر)

 

* * *

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top