خەوتن لە خواردن گرنگترە
خەوتن لە خواردن گرنگترە
خوای گەورە خەوتن لە ڕیزی بەهرەكاندا دادەنێ و بە ئارام بوونەوە و مت بوون ناوی دەبات، هەروەها بە مەرگی نەفس ئەیناسێنێ، شەویشی بۆ ئەو مەبەستە داناوە، هەستانیش لەخەو وەك ژیانەوەیەكی نوێ پێناس دەكات، ئیعجازی ئەم چەند ئایەتەی خوارەوەش هەموو ئەو باسانەی لەخۆ گرتووە:
(وَهُوَ الَّذِي جَعَلَ لَكُمُ اللَّيْلَ لِبَاسًا وَالنَّوْمَ سُبَاتًا وَجَعَلَ النَّهَارَ نُشُورًا ﴿٤٧))(سورە الفرقان ).
(وَمِن رَّحْمَتِهِ جَعَلَ لَكُمُ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ لِتَسْكُنُوا فِيهِ وَلِتَبْتَغُوا مِن فَضْلِهِ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ ﴿٧٣﴾) ( سورە القصص ).
(اللَّـهُ يَتَوَفَّى الْأَنفُسَ حِينَ مَوْتِهَا وَالَّتِي لَمْ تَمُتْ فِي مَنَامِهَا ۖ فَيُمْسِكُ الَّتِي قَضَىٰ عَلَيْهَا الْمَوْتَ وَيُرْسِلُ الْأُخْرَىٰ إِلَىٰ أَجَلٍ مُّسَمًّى ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ ﴿٤٢﴾)( سورە الزمر ).
(وَخَلَقْنَاكُمْ أَزْوَاجًا ﴿٨﴾ وَجَعَلْنَا نَوْمَكُمْ سُبَاتًا ﴿٩﴾ وَجَعَلْنَا اللَّيْلَ لِبَاسًا ﴿١٠﴾) ( النبأ الایە (9ـ 10)).
لە سورەتی فورقاندا: “ئەوە خوایە شەوی وەك پۆشەرێك كردوە و ڕۆژیشی كردۆتە كاتی بڵاوبوونەوە.”
لە سورەتی (القصص)دا: “لە نیشانەی بەزەیی خوایە بۆ ئێوە شەو و ڕۆژی داناوە تا تیایدا ئارام ببنەوە و بەدوای فەزڵی خوادا بگەڕێن بەڵكو سوپاس گوزاربن.”
لە سورەتی (الزمر)دا: “تەنها خوایە نەفسەكان دەمرێنی لەكاتی مردنیدا و ئەو نەفسەشی لەكاتی خەوتنیدا نەمرێ، گلی ئەداتەوە ئەو نەفسەی كە مردن زاڵ بوو بەسەریدا، ئەوی تریش دەنێرێتەوە بۆ كاتێكی دیاریكراو ئەمانە نیشانەن بۆ ئەوانەی بیریارن.”
لە سورەتی (النبأ)دا: “شەومان وەك پۆشەرێك دانا و خەویش وەك پشوودان.”
كەواتە: لە قورئاندا خەو متبوونە وەك زەجاج دەڵێت: “(سبات) ئەوەیە زیندوو لە جوڵە دەكەوێت و لەشی پشوو دەدات، (وجعلنا نومكم سباتا) بە واتای ئەوەی: خەوی ئێوەمان بە پشوو كردووە.”
هەروەها (سكن)ە واتە : كاتی ئارامبوونەوە.
مردنی نەفسیشە وەك یەكێك لە بیردۆزەكانی خەوتن دەڵێت: خەوتن: بریتییە لە لە كاركەوتنی هەموو هێز و كارەكانی نەفس لەوانەش هەستەكان و هێزی جوڵە.
زانایان و بیریاران و لێكۆڵەرەكان قسەی زۆر و بیردۆزی جۆرا و جۆریان لەسەر خەو داناوە بەڵام لەچەند خاڵێكدا یەك دەگرنەوە وەك (د. حەسان شەمس پاشا) لە كتێبەكەیدا بە ناوی (النوم والارق و الاحلام بین الطب والقران) بە درێژی باسی كردووە و (عەبدولحەفیز حەداد) كە لێكۆڵەری بواری ئیعجازە لەم چەند خاڵەدا كورتی كردووەتەوە:
1/ خەوتن حاڵەتێكی ئاسایی خولییە (دوبارە بوەوە).
2/ خەو بەسەر ئامێرە جۆراو جۆرەكانی لەشدا دێت دەبێتە هۆی پشوو و بەدەست هێنانەوەی چالاكی.
3/ پێویستی مرۆڤ بۆ خەو گونجاوە لەگەڵ ڕێژەی توشبوونی بە ماندوو بوون.
4/ نەخەوتن زۆر زیانی زۆرە و لەكاتی بەردەوامی كەم خەوی مرۆڤ بەرەو تیا چوون دەچێ.
5/ خەوتن باشترین یاریدەدەرە بۆ ڕزگار بوونی دەماغ لە شەكەتی و پشێوی.
6/ چەند جۆرێك لەخەو هەیە خەوی ئارام و تەقلیدی، خەوی بچڕ بچڕی بزڕكاو.
7/ لەكاتی نوستندا ڕێژەی دەردانی هۆرمۆن لە غودەكاندا دەگۆڕێت.
8/ لای زانایان ئەوە ڕوون بووەتەوە پشودانی مێشك بە خەوتن واتە دوای كۆشش كردن یارمەتی زۆری فێر بوون دەدات و لە یاسا بنەڕەتییەكانی فێر بوونە.
(عەبدولدائم ئەلكەحیل) دەڵێت: “لە ڕێگەی ئەزموونەوە زانایان بۆیان سەلماوە كە خەوتن زۆر پێویستە بۆ چالاك كردنی یادەوەرییەكان و دەڵێن: خەوتن پێویستییەكە نكولی لێ ناكرێت، زانایانی زانكۆی (ئەریزۆنا) دەڵێن: پەیوەندییەك هەیە كە خەو و دەزگای یادەوەری پێ كەوە دەبەستێتەوە، خەو بەشێوەیەكی تەندروست دەماغ چالاك دەكاتەوە بەتایبەت تر ناوچەی پێشەوەی مێشك بە خەوتن زۆر بەچاكی چالاك دەبێتەوە.”
لە دیراسەیەكی تازەشدا كە گۆڤاری (nature neuroscience) بڵاوی كردۆتەوە ڕوونی كردۆتەوە كە خەوی شەو بەس نییە بەڵكو لە ڕۆژیشدا دوای ماندوو بوونەكان و سەعی زۆر ماوەی (سەعات و نیوێك) خەو پێویستە و یارمەتیدەرە بۆ ڕێكخستنەوەی ئەو زانیاریانەی وەرگیراون.
هەروەها زانایان ئەوەیشیان بۆ ڕوون بووەتەوە كە دەماغ لەكاتی خەوتندا بە شێوەیەك خۆ بە خۆ كاری ڕێكخستنەوەی زانراوە تۆماركراوەكانی ڕۆژ دەكات و فێری لێ هاتوویی زیاتر دەبێت و ئامادە دەبێتەوە بۆ دیسان كاركردنی چالاكانە و، خەو زۆر پێویستە بۆ فێربوون.
لێرەدا پرسیاریك دێتە ئاراوە كە ئایا زانست هیچی بۆ ڕوون بووەتەوە دەربارەی ئەو شوێنەی مێشك كە پەیوەندی بە خەواندنەوە هەیە؟
بەڵێ بەڵام پێغەمبەری خوا پێش زانست كەوتووە و لە فەرموودەیەكی سەحیحدا هاتووە: (يعقد الشيطان على قافية رأس أحدكم إذا هو نام ثلاث عقد يضرب كل عقدة عليك ليل طويل فارقد فإن استيقظ فذكر الله انحلت عقدة فإن توضأ انحلت عقدة فإن صلى انحلت عقدة فأصبح نشيطا طيب النفس وإلا أصبح خبيث النفس كسلان }.
لەم فەرموودەیەدا: لای خوارەوەی پشتە سەر (قافیە الراس) بەرپرسە لە خەو.
پزیشكێكی میسری بەناوی (عەبدولخالق شەریبە) لەسەر داوای نوسەرێك بە ناوی (فەراس نورولحەق) بە دوای تەفسیرێكی زانستیانەی ئەم فەرموودەیەدا گەڕاوە.
بەڵێ پێكهاتەی شەبەكی كە لە خواری مێشكدایە بەرپرسە لە خەوتن، ئەم بەشەی مێشك بە یەكدا چووە و گەیشتوو و ڕێكخراوە لەگەڵ دڕكەپەتكدا، سێ بەشی هەیە: (النخاع المستطیل، الجسر (القنطرە)، مخ التوسط).
پێكهاتەی شەبەكی كۆمەڵێك تۆڕی ئاڵۆزە پێكهاتووە لە خانە و دەمارەكانی ناو خواری مێشك و بەرپرسە لە ڕێكخستنی هەست و خەو و خەبەر بوون.
ئەم بەشەی مێشك ئاماژە دەمارییەكان ڕەوانەی توێكڵە مێشك دەكات تا بە خەبەر بێت یان خەو بیباتەوە ئەگەر ئەم شوێنەی مێشك ناتەواوی تیایدا ڕوویدا ئەوە كەسەكە بە ئاگا بوونی كەم دەكات یان لە خەودا نوقم دەبێت (پەنا بە خوا).
خۆزگە زانست زیاتر لەمە پێش دەكەوت دەمانزانی شێوازی ئەو گرێ یانەی كە شەیتان لە خەودا لە خوارووی مێشك دەیدا چۆنە؟ ئایا ئەو گۆڕانكاریانەی لەم ناوچەدا ڕووئەدات لەكاتی خەوبردنەوە و بێ ئاگاییدا چۆنە؟ هەرچەندە زانینی كردنەوەی گرێ كان و چالاك بوونی مێشك گرنگ ترە، پێغەمبەر فێری كردووین كە باشترین ڕێگا بۆ بە ئاگا هاتنەوەی تەواو بریتییە لە پەیوەندی كردن بە خوا و دەست نوێژگرتن و نوێژكردن.
بە ڕاستی خەو خۆی موعجیزەیە و بەرهەمەكانیشی موعجیزەن و ئەو هەواڵانەی كە قورئان و پێغەمبەر هێناویانە دەربارەی خەو موعجیزەن، ئەوەی لە دەست ئێمە دێ سوپاسكردنی خوایە لەسەر ئەم ئایینە بەهێز و بێ هاوتایە و لۆمەكردنی خۆمانە لەسەر خزمەت نەكردن و نەگەیاندنی وەك خۆی.