You Are Here: Home » بابەتەكانمان » كه‌ڵه‌شاخ گرتن الحجامة

كه‌ڵه‌شاخ گرتن الحجامة

 

كه‌ڵه‌شاخ گرتن الحجامة 

پێناسه‌::
بریتیه‌ له‌ شێوازێكى چاره‌سه‌ر به‌ ده‌رهێنانى رێژه‌یه‌ك خوێن له‌ له‌شى مرۆڤ له‌ڕێگه‌ى برینداركردنى پێسته‌وه‌، كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ چه‌ندین سوودى هه‌یه‌ له‌رووى پزیشكیه‌وه‌.
دوو جۆرى هه‌یه‌: كه‌ڵه‌شاخى ووشك به‌بێ ده‌رهێنانى خوێن ده‌بێت و ته‌نها به‌ دانانى كاسه‌كانى حیجامه‌ له‌سه‌ر پێست و هه‌ڵمژینى هه‌واى ناویان ده‌بێت, كه‌ ئه‌م جۆره‌یان له‌ سوننه‌تى پێغه‌مبه‌ردا (صلى الله عليه وسلم) نه‌هاتووه‌ و ته‌نها ئیجتیهادێكى پزیشكه‌ موسوڵمانه‌كان و غه‌یرى ئه‌مانه‌, و كارێكى به‌سووده‌ له‌ چاره‌سه‌رى شوێنى ئازار و نه‌خۆشیه‌كانى جومگه‌كان.
جۆرى دووه‌م كه‌ڵه‌شاخى ته‌ڕ یان خوێناویه‌, كه‌ ئه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ بریندار كردنێكى روویی (سطحي) پێست و ده‌رهێنانى خوێن لێیه‌وه‌ ده‌بێت (برینه‌كان نابێت له‌ 3سم درێژتر و له‌ 1ملم زیاتر قووڵبن), ئه‌م جۆره‌یان سوننه‌تێكى گه‌وره‌ى پێغه‌مبه‌ره‌ (صلى الله عليه وسلم) و له‌ زیاتر له‌ 70 فه‌رمووده‌دا هاتووه‌, له‌وانه‌:: (إِنْ كَانَ فِى شَىْءٍ مِنْ أَدْوِيَتِكُمْ خَيْرٌ فَفِى شَرْطَةِ مَحْجَمٍ أَوْ شَرْبَةٍ مِنْ عَسَلٍ أَوْ لَذْعَةٍ بِنَارٍ . قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم : «وَمَا أُحِبُّ أَنْ أَكْتَوِىَ» (رواه مسلم), یان: الشفاء في ثلاثة: شربة عسل أو شرطة محجم، أو كية نار وإني أنهى أمتي عن الكي (رواه البخاری), یان: إن أفضل ما تداويتم به الحجامة، أو هو من أمثل دوائكم (متفق علیه).
واته‌: ئه‌گه‌ر شیفا و سوود هه‌بێت له‌ ده‌رمانه‌كانتاندا ئه‌وه‌ له‌ برینداریی كه‌ڵه‌شاخ گرتن و خواردنه‌وه‌ى هه‌نگوین و داخكردندا هه‌یه‌,به‌لاَم پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) فه‌رمووى: من حه‌ز له‌ داخكردن ناكه‌م.
كه‌ڵه‌شاخ له‌سه‌ر زۆر شوێنى له‌ش ئه‌نجامده‌درێت وه‌ك: ناوشان و به‌شی سه‌ره‌وه‌ى پشت, پشته‌سه‌ر, پشته‌مل, له‌سه‌ر جومگه‌كان, و له‌سه‌ر پێ, ئه‌ویش به‌پێی شوێنى ئازار و نه‌خۆشیه‌كان, به‌لاَم باشترین شوێن بۆ كه‌سی ته‌ندروست كه‌ وه‌ك عاده‌تێكى خۆپارێزیی سالاَنه‌ ئه‌نجامى بدات وةك لة فةرموودةدا هاتووة: نعم العادة الحجامة واته‌: باشترین نه‌ریت و خوو كه‌ڵه‌شاخ گرتنه‌ بریتیه‌ له‌ ناوشان وه‌ك له‌ فه‌رمووده‌دا هاتووه‌: كان رسول الله (صلى الله عليه وسلم) يحتجم في الكاهل رواه أبوداود والترمذي وحسنه والحاكم وصححه , واته‌: پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له‌ ناوشان یان خوار ده‌فه‌ى شان كه‌ڵه‌شاخى ده‌گرت.
سه‌باره‌ت به‌و فه‌رموودانه‌ى كه‌ هانده‌دات بۆ ئه‌نجامدانى له‌ چه‌ند رۆژێك و وه‌رزێكى ساڵ یان ئه‌نجامنه‌دانى له‌ چه‌ند رۆژێكى تردا هه‌موویان فه‌رمووده‌ى لاوازن و نابنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانى ئه‌م كرداره‌ به‌سووده‌ و سوود وه‌رگرتنى نه‌خۆشه‌كان لێی له‌ هه‌موو كاتێكدا, بۆ كه‌سی ته‌ندروستیش پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم ) ده‌فه‌رموێت: إستعينوا على شدة الحر بالحجامة أخرجة الهندي في كنز العمال والحاكم في المستدرك وابن حبان . واته‌: پشت ببه‌ستن به‌ حیجامه‌ بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى گه‌رماى زۆر, كه‌واته‌ پێش هاتنى وه‌رزى گه‌رما له‌ وه‌رزى به‌هاردا (مانگه‌كانى 3 و 4 و 5) وه‌ك عاده‌تێكى سالاَنه‌ ئه‌نجام بدرێت سوودى زۆری ده‌بێت, له‌ فه‌رمووده‌یه‌كى تریشدا هاتووه‌: اذا اشتد الحر فاستعينوا بالحجامة ولايتبيغ الدم باحدكم فيقتله صححه الألباني .
ته‌مه‌نى گونجاو بۆ كه‌ڵه‌شاخ گرتن واباشتره‌ له‌ 20 ساڵ كه‌متر نه‌بێت, ئه‌ویش له‌به‌ر پێویستى له‌ش به‌ ماده‌ى ئاسن له‌ ته‌مه‌نى مناڵى تاوه‌كو ته‌مه‌نى پێگه‌یشتن به‌مه‌به‌ستى گه‌شه‌ كردنى له‌شى مرۆڤ.

میكانیزمى كاركردن و سووده‌كانى حیجامه‌ توێژینه‌وه‌ى زۆرى له‌سه‌ركراوه‌ له‌ ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و چین و یابان و میسر و چه‌ندین شوێنى تر و چه‌ندین بیردۆز ده‌رباره‌ى دانراون له‌وانه‌: بیردۆزى هه‌ژاندنى كۆتاییه‌ ده‌مارییه‌كان و چالاككردنیان, بیردۆزى كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بوارى كارۆموگناتیسی له‌ش (وه‌ك كردارى ده‌رزى ئاژنى صینى), بیردۆزى زیادكردنى رژاندنى مادده‌ى ئۆكسیدى نیتریك (كه‌ ده‌بێته‌ هۆى زیادكردنى رژاندنى مادده‌ هێمنكه‌ره‌وه‌كانى له‌ش وه‌ك: ئه‌ندرۆفین و ئینكیفالین بۆ شكاندنى ئازار).

هه‌ندێك له‌ سووده‌كانى حیجامه‌ له‌رووى پزیشكیه‌وه‌ (به‌پێی دوایین توێژینه‌وه‌كان):
1- دابه‌زاندنى رێژه‌ى خوێن, و دابه‌زاندنى چه‌ورى له‌خوێندا و چالاككردنى خوێنبه‌ره‌كان.
2– دابه‌زاندنى په‌ستانى خوێن {له‌ فه‌رمووده‌یه‌كدا هاتووه‌: إحتَجموا… لايتبيَّغُ بكم الدم فيقتلكم (رواه ابن ماجة والحاكم والطبراني وابن حبان وصححه الألباني) واته‌: كه‌ڵه‌شاخ بكه‌ن نه‌وه‌كو خوێنتان تووشى زیادبوون و له‌سنوورده‌چوون ببێت (واته‌ فشارى به‌رزببێته‌وه‌) و بتانكوژێت}.
3- بۆ ئه‌وانه‌ى نه‌خۆشیه‌كانى دڵیان هه‌یه‌ وه‌ك نۆره‌كانى دڵ و سنگه‌كوژه‌ و دڵ په‌له‌په‌لى.
4– سیستمى به‌رگرى له‌ش به‌هێزده‌كات به‌هۆى زیادبوونى مادده‌ى (ئینته‌رفیرۆن وئینته‌رلیوكین) دواى حیجامه‌.
5- بۆ هه‌وكردنى جومگه‌كان و ئازار و رۆماتیزمى جومگه‌كان (له‌توێژینه‌وه‌یه‌كدا بۆ به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر له‌لایه‌ن د.صهباء محمد له‌ كۆلیجى پزیشكى زانكۆى ئه‌زهه‌ر له‌سه‌ر كاریگه‌ریی حیجامه‌ له‌سه‌ر نه‌خۆشی رۆماتیزمى جومگه‌كان ده‌ركه‌وت كه‌ 80%ى نه‌خۆشه‌كان سوودیان له‌ كه‌ڵه‌شاخ وه‌رگرت بۆ چاره‌سه‌ر و كه‌مبوونه‌وه‌ى ئازارى جومگه‌كانیان).
6- یارمه‌تیدانى لاوازى بیركردنه‌وه‌ و بیرچوونه‌وه‌ و زیادبوونى ته‌ركیز و رێگرتن له‌ تووشبوون به‌ جه‌ڵته‌ى مێشك و دووباره‌ بوونه‌وه‌ى له‌وانه‌دا كه‌ تووشبوون.
7- بۆ سه‌رئێشه‌ى درێژخایه‌ن و سه‌رئێشه‌ى نیوه‌یی (شه‌قیقه‌) زۆر به‌سووده‌ (له‌ فه‌رمووده‌یه‌كدا هاتووه‌: احتجم رسول الله (صلى الله عليه وسلم) وهو محرم فی رأسه من شقیقة كانت به (رواه البخاری), واته‌: پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) كه‌ڵه‌شاخى گرت له‌سه‌ریدا به‌هۆى شه‌قیقه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ تووشی بوو).
هه‌ندێك بارى تایبه‌تى یان نه‌خۆشی هه‌یه‌ كه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ بۆیان كه‌ڵه‌شاخ بگرن, وه‌ك: ئافره‌ت له‌كاتى سووڕى مانگانه‌دا, یان ئافره‌تى دووگیان و شیرده‌ر, منداڵ پێش باڵغبوون له‌گه‌ڵ كه‌سانى به‌ته‌مه‌ن, له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ روونبوونه‌وه‌ى خوێن یان خوێنبه‌ربوون یان كه‌مخوێنیان هه‌یه‌.

چۆنێتى ئه‌نجامدانى حیجامه‌ و رێنماییه‌كانى:
پێویسته‌ له‌كاتى كه‌ڵه‌شاخ گرتندا كوَمه‌ڵێك ڕێنمایى و یاسا ره‌چاوبكرێن بۆ ئه‌وه‌ى زیانى لێنه‌كه‌وێته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌و كاره‌ هه‌ڵده‌ستن خولى ڕاهێنان ببینن بۆ فێربوونى كاره‌كه‌, و باشتروایه‌ ده‌رچووى به‌شێكى پزیشكى بن، ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێت كه‌ كه‌ڵه‌شاخگر كار له‌گه‌ڵ خوێندا ده‌كات و بوونى هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك یان كه‌مته‌رخه‌میه‌ك له‌وانه‌یه‌ زیان به‌خۆى و نه‌خۆشه‌كه‌ بگه‌یه‌نێت, ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ راهێنانى پێویست و زانیاریى ته‌واویان نییه‌ به‌هیچ جۆرێك نابێت به‌و كاره‌ هه‌ستن:
1– به‌كارهێنانى ئامێرى كه‌ڵه‌شاخ گرتنى نوێ (كه‌ ئێستا له‌ بازاڕدا ده‌ست ده‌كه‌وێت) كه‌ پێویستى به‌ئاگر نیه‌ به‌ڵكو ئامێرێكى كاره‌باییه‌ و ئه‌و كاسانه‌ى كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ خوێن له‌ نه‌خۆشه‌كان ده‌گیرێت بۆ یه‌كجار به‌كاردێن كه‌ چانسی هه‌وكردن و گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشی به‌هۆى به‌كارهێنانه‌وه‌ى كاسه‌كانه‌وه‌ ناهێڵێت, ده‌بێت دووركه‌وینه‌وه‌ له‌ رێگه‌ كۆنه‌كه‌ى كه‌ پشت به‌ په‌رداخ و به‌كارهێنانى ئاگر ده‌به‌ستێت, چونكه‌ زۆر جار بووه‌ته‌ هۆى سووتاندنى پێستى ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ڵه‌شاخى بۆ ده‌كرێت.
2– ره‌چاوكردنى دۆخێكى پاكژ له‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانى كاره‌كه‌دا, هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستكێش به‌كاربهێنرێت له‌لایه‌ن كه‌ڵه‌شاخگره‌وه‌.
3– به‌كارهێنانى لۆكه‌ و شاشى پزیشكى ته‌ڕكراو به‌ مادده‌ى پاكژكردنه‌وه‌ى پزیشكى (تعقیم) وه‌ك: یۆد یان هیپتادین یان دیتۆڵ بۆ پاكژكردنه‌وه‌ى پێستى نه‌خۆشه‌كه‌ پێش دانانى كاسه‌ى حیجامه‌ و پاشان به‌ستنى ئامێری كه‌ڵه‌شاخگرتنه‌كه‌ لێی, كه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ هه‌ڵمژینى هه‌واى ناو كاسه‌كه‌, ئه‌مه‌ ده‌بێته‌هۆى راكێشانى پێسته‌كه‌ بۆ ناو كاسه‌كه‌ و خوێنتێزانى, ئه‌مه‌ كه‌ڵه‌شاخى ووشكه‌ و زۆرجار ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ سوودى باشی هه‌یه‌.
4- بۆ كه‌ڵه‌شاخى ته‌ڕ ده‌بێت دواى خوێنتێزانى پێسته‌كه‌ كاسه‌كه‌ لاببرێت و دووباره‌ ئه‌و شوێنه‌ ته‌عقیم بكرێته‌وه‌, پاشان به‌ به‌كارهێنانى كه‌ته‌ر (شفره‌)ى پزیشكى پێسته‌كه‌ برینداربكرێت به‌شێوه‌یه‌كى رووكه‌شیی (كه‌ درێژى بڕینه‌كان له‌ 3سم و قووڵیی له‌ 1ملم زیاتر نه‌بێت), چه‌ند جارێك پێسته‌كه‌ ده‌بڕدرێت پاشان كاسه‌ى حیجامه‌كه‌ى بۆ داده‌نرێته‌وه‌ و ده‌به‌سترێته‌وه‌ له‌ ئامێره‌كه‌ بۆ راكێشانى خوێن له‌ پێسته‌كه‌وه‌.
5– له‌ كاتی نیوه‌ بوونی كاسه‌كه‌ ده‌بێت لێى بكرێته‌وه‌ (نزیكه‌ى 150مل خوێن ده‌كات), وه‌رگرتنی چوار كاسه‌ خوێن به‌سه‌ بۆ كه‌سێكى ئاسایی، دوان لاى ڕاست و دوان لاى چه‌پ, كه‌ ده‌كرێت له‌ هه‌ندێك نه‌خۆشی تایبه‌تدا زیاتر بكرێن.
6– دوای ته‌واو بوونى كرداره‌كه‌ و لابردنى كاسه‌كان شوێنی برینه‌كه‌ به‌باشی پاك ده‌كرێته‌وه‌ به‌به‌كار هێنانى ده‌رمانى پاكژكردنه‌وه‌ى پزیشكى و پاشان به‌ شاش داده‌پۆشرێت و پلاسته‌رى لێده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ونه‌كات.
7– ده‌بێت شوێنى تایبه‌ت به‌و كاره‌ به‌ باشی پاكژ بكرێته‌وه‌, له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانى شه‌رشه‌ف كه‌ بۆ یه‌كجار به‌كاردێت و فڕێ ده‌درێت, هه‌روه‌ها كه‌ره‌سته‌كانى ترى وه‌ك كاسه‌كان و كه‌ته‌ر و شاش و پڵیته‌ كه‌ به‌كاردێت بۆ لێدانى ده‌رمان, ئه‌مانه‌ پێویسته‌ بۆ كه‌سى تر به‌كارنه‌یه‌ن و له‌ ناو ببرێن.
8– له‌ناوبردنى خوێنى كه‌ڵه‌شاخ و كه‌ره‌سته‌ به‌كارهاتووه‌كان و سووتاندنیان بۆ دڵنیابوون له‌ بلاَونه‌بوونه‌وه‌ى نه‌خۆشی له‌م رێیه‌وه‌.
9– ئه‌و كه‌سه‌ى حیجامه‌ى بۆ ده‌كرێت ده‌بێت چه‌ند كاتژمێرێك دواى كرداره‌كه‌ پشووبدات و شله‌مه‌نى باش بخوات بۆ ئه‌وه‌ى فشارى خوێنى دانه‌به‌زێت.
10– له‌وانه‌یه‌ هه‌ست به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌ ڕوَژی دووه‌می كه‌ڵه‌شاخ گرتندا بكرێت, یان هه‌ندێك كه‌س هه‌ست به‌ دڵتێكچوون ده‌كه‌ن, یان توشی سكچوون ده‌بن, كه‌ ئه‌مانه‌ سروشتین و دواتر نامێنن.
11– ئه‌نجامدانى ئه‌م كرداره‌ ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك وه‌ك جێبه‌جێكردنى سوننه‌تێكى پێغه‌مبه‌ربێت (صلى الله عليه وسلم), پاش كرداره‌كه‌ش كۆمه‌ڵێك زیكر و نزاى سوننه‌ت بخوێنرێت.

نووسینى: د.كاوه‌ فه‌ره‌ج سه‌عدون – پزیشكى پسپۆڕى هه‌ناوى سنگ.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top