توێژینەوەی بینای گەردوونی: (زانا خۆرئاواییەكان وشە قورئانییەكان دووبارە دەكەنەوە )
توێژینەوەی بینای گەردوونی: (زانا خۆرئاواییەكان وشە قورئانییەكان دووبارە دەكەنەوە )
وەرگێڕانی: ئەلەند ئۆمێد
لەم توێژینەوەیەدا چەند ڕاستییەكی گەردوونی زۆر نوێ لە پەرتووكی پەروەردگاردا دەدرەوشێتەوەو ئەوە دەردەخات، كە هەمیشە زانست لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا هاوڕاویە، ئەمەش سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە، كە قورئانی پیرۆز پەرتووكی پەروەردگارە، زانایان هەرچەندە لێكۆڵینەوە بكەن وپێشبكەون، پێویستە سەرەنجام بەرەو قورئان بگەڕێنەوە.
كورتەی توێژینەوەكە:
زانا گەردوونییەكان لەم دواییانەدا دەستیانكردووە بە بەكارهێنانی چەندین زاراوەی نامۆ، ئەو وێنانەی، كە سوپەر كۆمپیوتەر لە سەدەی بیست ویەكدا كێشاونی، گەردوونیان وا دەردەخست، وەك ئەوەی گەلەئەستێرەكان مرواری بن و ملوانكەكانیان ڕازاندبێتەوە، لەبەر ئەوە ئەمڕۆ باس لە ڕازاندنەوەی ئاسمان بەو گەلەئەستێرانە دەكەن, دەڵێن چنراوێكی گەردوونیی هەیە، كە گەلەئەستێرەكان لەسەر تاڵەكانی دانراون!! هەروەها دەریانخست، كە گەردوون بینایەكی تۆكمەیە و بۆشایی تێدا نییە، لەبەر ئەوە زاراوەی (بینا) یان لە جێی زاراوەی(بۆشایی- فضاء) بۆ بەكار هێنا, ئەوەی جێی سەرسامییە، ئەوەیە كە قورئانی پیرۆز بە وردییەكی لەڕادەبەدەر، باسی لە زۆرێك لەوانە كردووە! ئەو بەڵگانەش كە لەم توێژینەوەیەدا دەیانبینین بەڵگەی زۆر بەهێزن لەسەر ئەو ڕاستییە، بە یارمەتی پەروەردگار گرنگترین وتەكانی توێژەرەوانی دنیا وەك خۆیان ،هەر بەو زمانەی كە لە ماڵپەڕەكانیاندا توێژینەوەكانیان پێ نووسیوە، دەخەینە ڕوو. هەموو كەسێكیش دەتوانێت ڕاستەوخۆ وتەكانیان ببینێت. لەبەرامبەردا لە وتەكانی پەروەردگار ڕادەمێنینو لێیان دەكۆڵینەوە و بەراوردیان دەكەین. تا ئەوە ئاشكرا ببێت كە زاراوە قورئانیەكان، لەشوێنی گونجاوی خۆیاندا و پڕاوپڕی واتاكانیان، بەكار براون و ئەوە بسەلمێت كە دابەزێنەری قورئان و بەدیهێنەری گەردوون هەردوو، یەك خودا، یەك پەروەردگاری زاناو كارزانە.
بێگومان لێكچونێكی تەواو دەبینین لە نێوان دۆزینەوە زانستییەكانی ئەمڕۆو ئەوەی قورئانی پیرۆز پێش چەندین سەدە باسی كردووە. ئەمەش سەلماندنی ڕاستیی وتەی پەروەردگارە، كە دەفەرموێت: (أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآَنَ وَلَوْ كَانَ مِنْ عِنْدِ غَيْرِ اللَّهِ لَوَجَدُوا فِيهِ اخْتِلَافًا كَثِيرًا) النساء:82 . واتە: ((ئەوە بۆ بیر ناكەنەوە لە قورئان؟ خۆ ئەگەر لەلایەن كەسێكی ترەوە بوایە جگە لە خوا, بێگومان جیاوازیی زۆریان تێدا دەبینی)).
دەستپێك
خۆشترین كات ئەو كاتانەیە، كە باوەڕدار موعجیزەیەكی نوێ لە پەرتووكی پەروەردگاردا دەبینێتەوە، كاتێك بۆ یەكەم جار لەگەڵ تێگەیشتنێكی نوێی ئایەتێكی قورئاندا دەژی، ئەمەش كاتێك لەم وتەیەی پەروەرگار ورد دەبێتەوە 🙁وَقُلِ الْحَمْدُ لِلَّهِ سَيُرِيكُمْ آيَاتِهِ فَتَعْرِفُونَهَا وَمَا رَبُّكَ بِغَافِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ) (النمل: 93) واتە: (( هەروەها بڵێ هەموو سوپاس بۆ خوایە, كە لە داهاتودا ئایەت و نیشانەكانی خۆیتان پیشاندەدات، ئەو كاتە دەیناسن(دەزانن ئایەتی خوان)، پەروەردگارت بێئاگا نییە لەوەی، كە ئێوە دەیكەن)).
لەم توێژینەوەیەدا لەگەڵ بەڵگەیەكی نوێ و موعجیزەیەكی پرشنگدار و ڕاستییەكی سەلمێنراودا دەژین، كە قورئانی پیرۆز پێش چواردە سەدە باسی كردووە، پاشان زانا خۆرئاواییەكانی ئەمڕۆ دێن و وەك خۆی دووبارەی دەكەنەوە!!
بەلامانەوە سەیر نەبێت، كاتێك زانیمان زانایان بۆ هەمان گوزارشتەكانی قورئان گەڕاونەتەوە! بێگومان لەمەشدا هیچ هەڵەو زیادەڕۆییەك (مبالغە) نییە، بەڵكو ڕاستییەكی سەلمێنراوە و ئێمەش بە ڕێگایەكی ئاسان دەیسەلمێنین. لەمەشدا وەڵامی هەموو ئەو كەسانە دەدەینەوە، كە دەڵێن قورئان لە رووی زانستی و گەردوونییەوە موعجیزەی تێدا نییە.
زۆر جار هەندێك ئایاتی قورئانیی دەیانوەستاندم و نەمدەتوانی تەفسیرێكی زانستی و شیاویان بۆبكەم، بەڵام لە دوای گەشتێك لە گەڕان بە نێو ماڵپەڕە زانستییەكان و دۆزینەوەكانی بواری فەلەك و گەردوون، بینیم ئەوەی زاناكانی ئەمڕۆ دۆزیویانەتەوە، قورئانی پیرۆز بەوپەڕی ڕوونی و وردییەوە باسیكردووە.
بەڵام ئەمجارە پێچەوانە ڕوویدا، لە لێكۆڵینەوەكاندا شتێكی سەیرم تێبینی كرد، كە سەبارەت بە پێكهاتن، گەشەكردن و بینای گەردوونن، ئەویش ئەوە بوو زایانی فەلەك تازە دەستیان كردووە بە بەكارهێنانی وشەیەكی نوێ، كە وشەی (بناء)ە، لەكاتێكدا لەسەرەتای دەستكردنی زاناكان بە لێكۆڵینەوە گەردوونیەكان، وشەی بۆشایی (فضاء-SPACE )یان بۆ بەكارهێنا، چونكە وا گومانیان دەبرد، كە گەردوون بۆشایی زۆری تێدا بێت، بەڵام كاتێك زانیارییەكانیان گەشەی كردو توانیان بە وردیەكی سەرنجڕاكێش پێكهاتنەكەی و چنراوی توندوتۆڵ و لێكبەستراوی گەردوون ببینن(COSMIC WEB) ، دەستیان كرد بە بەكارهێنانی زاراوەیەكی نوێ، كە زاراوەی بینا (بناو- BUILDING)بوو.
بێگومان ئەوان بینایەكی ئەندازەیی تۆكمەیان بینی،كە گەلەئەستێرەو كۆبونەوەكانیان خشتەكانی ئەم بینایەن. هەروەها دەستیانكرد بەباسكردن لە ئەندازەیی بینای گەردوون و زاراوەی نوێی وەك(ڕایەڵی گەردوونی-الجسور الكونیە) و
( دیواری گەردوونی)یان بۆ بەكاردەهێنا، هەروەها بینیان ماددەیەكی نەبینراو هەیە، ناویان نا(ماددەی تاریك- المادە المظلمە- DARK MATTER )، ئەم ماددەیە گەردوونی پڕ كرووەو دەستی بەسەر دابەشبوونی گەلەئەستێرەكاندا گرتووەو ڕایەڵی وەك پردی (جسر) دروستكردووەو گەلەئەستێرەكان پێكەوەدەبەستێتەوە(1).
ڕەخنە لاوازەكان
هەندێك وتار لەم دواییانەدا دەرچوون خاوەنەكانیان پرسیاری ئەوەدەكەن: باشە ئەگەر ئەم ڕاستییە زانستی و گەردوونییانە لە قورئانی پیرۆز و لە پێش 1400 ساڵەوە هەن، بۆچی كاتێك دەدۆزرێنەوە، ئنجا دەڵێن قورئان باسی لەوانە كردووە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە هەر لەو ئایەتانەدایە، كە لە بارەی لەیەكچوونی قورئان و زانستەوە هاتوون، ئەم ئایەتانە ڕووی لەو بێباوەڕانەیە، كە نكوڵی قورئان دەكەن و باوەڕیان پێی نییە. پێیان دەڵێت، كە ئەوان ڕاستییە گەردوونییەكان دەبینن و دۆزینەوەكان لەسەر دەستی ئەوان دەبێت، لەبەرئەوە قورئانی پیرۆز پێیان دەفەرموێت: (سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنفُسِهِمْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ يَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ) (فصلت: 53) . واتە(( لە داهاتوودا بەڵگەكان لە ئاسۆكان و لە خۆیاندا نیشانی بێباوەڕان دەدەین، هەتا بۆیان دەربكەوێت ئەم قورئانە هەق و ڕاستییە و لەلایەن خودای گەورەوە هاتووە، ئایا پەروەردگارت بەس نییە، كەبەسەر هەموو شتێكدا ئاگادارە)).
ئەم ئایەتە ڕاشكاوانە ڕووی لە گومانكارانی قورئانە, خوای گەورە موعجیزەو بەڵگەكانی خۆی نیشانی ئەوان دەدات، تا دڵنیا و بێگومان بن قورئان هەقە و وتەی خوایە. هەروەها بانگیان دەكات و دەیان دوێنێت بە وتەی: (أفَلاَ يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ وَلَوْ كَانَ مِنْ عِندِ غَيْرِ اللّهِ لَوَجَدُواْ فِيهِ اخْتِلاَفاً كَثِيراً) النساء: 82 واتە: (بێباوەڕان بۆ لە قورئان ورد نابنەوە، خۆ ئەگەر لەلایەن جگە لە خوداوە بووایە،ئەوا بێگومان جیاوازییەكی زۆریان تێدا دەبینی).
كەواتە ئەگەر ئەم قورئانە هی مرۆڤ بووایە، جیاوازی و ناكۆكیمان تێدا دەبینی، بەڵام كاتێك لەیەكچوون و هەماهەنگیمان لەگەڵ زانستی نوێدا تێدا بینی، بەڵگەمان دەداتێ، كە لەلایەن پەروەردگارەوە هاتووەو هەر خۆیەتی بەدیهێنەری گەردوون و دابەزێنەری قورئان. بەپێچەوانەی پەرتووكە شێوێندراوەكانی ترەوە، كە نەك لەگەڵ زانستدا وێك نایەنەوە، بەڵكو لەنێو هەناوی خۆشیاندا چەندین دژ و پێچەوانەو جیاوازیان هەڵگرتووە.
ئامانجی ئیعجازی زانستی ئەوەیە، كە هەماهەنگی و ڕێكخستن لە هەموو شتەكاندا ببینین و هیچ كەمو كورتی و هەڵە و ناكۆكییەك نەدۆزینەوە. ئەمە تایبەتمەندی پەرتووكی پەروەردگارە. كەچی پەرتووكی مرۆڤ هەرچەندە دانەرەكانیان چاككاری تێدا بكەن، هێشتا هەر هەڵە و جیاوازیی و ناكۆكی تێدا دەبێت. گەورەترین بەڵگەش لەسەر ڕاستگۆیی ئەم هەقیقەتە قورئانییە ئەوەیە، كە زاناكان دەستیان كردووە بە گۆڕینی زاراوە گەردوونییەكان: بۆ نموونە گۆڕینی زاراوەی بۆشایی(فضاء) بۆ بینا (بناء). كەواتە ئەوان پاش دۆزینەوەی ماددە تاریكەكە، بۆیاندەركەوت، كە لە ناونانەكەدا هەڵەبوون، بۆیە بەرەو بەكارهێنانی زاراوەیەكی وردتر و ڕاستتر ڕۆیشتن، بەڵام قورئانی دابەزیو لەلایەن ئەو زاتەی ئاگاداری نهێنییەكانی ئاسمانەكان و زەوییە، ڕاستەوخۆ دەربڕینی وردی پێداوین، وەك روون دەبێتەوە.
ئەگەر ئەم دۆزینەوانە لەلایەن باوەڕدارانەوە بدۆزرایەتەوە، دواتر بیانگوتایە ئەمە لە قورئاندا هەیە، ئەو كاتە بێباوەڕان گومانیان لە راستییەكەی دەكردو دەیانگوت خۆیان ڕێكیانخستوە. بەڵام موعجیزەكە لەوەدایە كاتێك دەبینیت ئەو كەسەی دوورە لە قورئان، بێ ئەوەی هەست بە خۆی بكات وشەكانی قورئان دووبارە دەكاتەوە!!
كەواتە دۆزینەوەكان لەلایەن بێباوەڕ یا ئەوانەی ئاگاداری قورئان نین، موعجیزەكە لاواز ناكات، بەڵكو بەهێزی دەكات. ئەگەر لە ئایەتە قورئانییە گەردوونییەكان بڕوانین، دەبینین زۆربەیان لەگەڵ بێباوەڕاندا دەدوێن، باوەڕدار باوەڕی بە هەموو ئەوانە هەیە، كە لەلایەن پەروەردگارەوە بۆی دابەزیوە. ئەم راستییە زانستییانەش باوەڕو دڵنیاییان بە پەروەردگاریان پتەوتر دەكات. بەڵام بێباوەڕ پێویستە رامێنێت و بیر بكاتەوە، تا بە قەناعەتی خۆی دەگاتە باوەڕو لە پشت ئەم ڕاستییانەوە لە ڕاستێتی ئەم دینەو پەیامی ئیسلام تێدەگات.
بەرەو پێشچوونی ڕاستییە زانستییەكان
لە سەدەی حەوتەمی زاینیدا “كاتی دابەزینی قورئان ” خەڵكی باوەڕیان وا بوو، زەوی ناوەندی گەردوونەو ئەستێرەو هەسارەكان بە دەوریدا دەخولێنەوە. هیچ كەس نەبوو زانیاری سەبارەت بە بینای گەردوون و پێكهاتن و گەشەكردنی هەبێت، كەسێك نەبوو خەیاڵی بۆ ژمارەی زۆری گەلەئەستێرە زەبەلاحەكان بچێت، بەڵكو هەر هیچیان دەربارەی گەلە ئەستێرەكان نەدەزانی، ئەم بارو دۆخەش هەر وا مایەوە، هەتا ڕاپەڕینی نوێی زانستی دەستی پێكرد، كاتێك زاناكان لە تەلسكۆبە گەورەكانیانەوە دەستیان بە ڕوانینی ئاسمان كرد. دواتریش هۆكارەكانی شیكردنەوەی شەبەنگیان بۆ ڕووناكی گەلەئەستێرە دوورەكان بەكارهێنا، پاشان بە بەكارهێنانی تەكنیكی بە كۆمپیوتەر چارەسەركراو، بۆ دەست كەوتنی زانیارییە گەردوونییەكان سەردەمێكی نوێ هاتەكایەوە.
بەڵام لە سەرەتای هەزارەی سێهەمدا، گەردوونزانیی بەبەكارهێنانی سوپەر كۆمپیوتەر چووە سەردەمێكی نوێوە، كاتێك زاناكان هێڵكاریی سێ دووریی(THREE DIMENSION) گەردوونیان كێشا. ئەو ئەنجامەش، كە زاناكان پێی گەیشتن و سەلماندیان, ئەو ڕاستییە بوو كە هەموو شتەكان لە گەردووندا بینایەكی تۆكمە دروستدەكەن.
خشتەكانی بینا” لبنات بناء “
ئەمە نموونەیەكە لەسەر ئەو وشانەی، كە زانا خۆرئاواییەكان تازە بەكاریدەهێنن و لە پێش سەدان ساڵەوە لە قورئاندا هەیە. لەیەكێك لە توێژینەوەكانی پێگەی فەلەكی باشوری ئەوروپیدا، دەستەیەك لە زانایان ڕاشكاوانە رایانگەیاند، كە بەكار هێنانی وشەی(خشتەكانی بینا)یان پێ باشترە لە بەكارهێنانی وشەی(گەلە ئەستێرەكان_ المجرات )، جەختیان كردەوە، كە گەردوون بەتەواوی بەو بینایانە ڕازێنراونەتەوە، وەك موروی ملوانكە، یان كراو بە دەزووەوە!!
شێوەی(1) كاتێك لە ئاسمان ورد دەبینەوە دەبینین بە ئەستێرە و گەلەئەستێرە و تۆز و گاز و دوكەڵی گەردوونی پڕبووەتەوە. دوكەڵی گەردوونی دەبێتە ئەستێرەی درەوشاوە، زاناكانی ئەمڕۆ بە وردییەكی سەرنجڕاكێش لە پێكهاتنی ئەستێرەو گەلەئەستێرەكان دەكۆڵنەوە، واتە لە ئاسمان ورد دەبنەوە و لە چۆنێتی پێكهاتنەكەی دەكۆڵنەوە، پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەم لێكۆڵینەوەیە جێبەجێكردنی ئەم فەرمانەی پەروەردگار نییە، كە دەفەرموێت:(أَفَلَمْ يَنظُرُوا إِلَى السَّمَاء فَوْقَهُمْ كَيْفَ بَنَيْنَاهَا)؟ واتە: بۆ لە ئاسمانی سەروو خۆیان وردنابنەوە، كە چۆن بینامان كردووە؟
لەم لێكۆڵینەوەیەدا پۆل میلەرو هاوڕێكانی دەڵێن:
“THE FIRST GALAXIES OR RATHER, THE FIRST GALAXY BUILDING BLOCKS, WILL FORM INSIDE THE THREADS OF THE WEB. WHEN THEY START EMITTING LIGHT, THEY WILL BE SEEN TO MARK OUT THE OTHERWISE INVISIBLE THREADS, MUCH LIKE BEADS ON A STRING “.
واتا:” یەكەمین گەلە ئەستێرەكان،یان باشتر بڵێین یەكەمین خشتەكانی بینا، لەنێو دەزوەكانی تۆڕی گەردونیدا درووست دەبن. كاتێك ڕووناكی پەخشدەكەن، هەموو تاڵە نەبینراوەكان بە دیاردەخەن، بەڕادەیەكی زۆر لە موروی سەر ملوانكە دەچن”(2)
كاتێك زیاتر لە وتارو لێكۆڵینەوە زانستییە نوێیەكانی تری گەردوونم كۆڵیەوە، دڵنیابووم ئەمە تەنها زانا نییە، كە هەمان بۆچونی هەبێت، بەڵكو هەموو زاناكانی تریش ڕاستێتی بینای گەردوونی دوپاتدەكەنەوەو، نزیكە وتارێك یان لێكۆڵینەوەیەك نەمابێت زاراوەی بینای گەردوونی(STRUCTURE OF UNIVERSE) ی بەكار نەهێنابێت.
ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە زاناكان هاودەنگن لەسەر ئەم هەقیقەتە زانستییە. دواتر ڕاستەوخۆ گەڕامەوە بۆ كتێبی ڕاستییەكان(قورئان)، بەدوای وشەی بینادا گەڕام، تابزانم واتاكانی چین، ئەنجام بۆمدەركەوت لەم ئایەتەدا لە وەسفی ئاسماندا هاتووە: (اللَّهُ الَّذِي جَعَلَ لَكُمُ الْأَرْضَ قَرَاراً وَالسَّمَاء بِنَاء وَصَوَّرَكُمْ فَأَحْسَنَ صُوَرَكُمْ وَرَزَقَكُم مِّنَ الطَّيِّبَاتِ ذَلِكُمُ اللَّهُ رَبُّكُمْ فَتَبَارَكَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ) غافر: 64. هەروەها لەم ئایەتەدا: (الَّذِی جَعَڵ ڵكُمُ الْأَرْضَ فِرَاشًا ۆالسَّمَاءَ بِنَاءً) البقرە: 22 .
پاك و بێگەردی بۆ خودا! وشەیەك لە سەدەی حەوتەمدا قورئان بەكاری هێناوە، زاناكان لەدوای سەلماندنیان كە ئەم وشەیە ڕاستترین دەربڕینە، ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەكدا دێن و هەمان وشە بەكاردەهێننەوە، ئایا ئەمە ڕێككەوتە یان موعجیزەیە؟!
شێوەی(2) ئەم وێنە تازە گیراوەی گەردوون، بوونی ماددەیەكی تاریك -كە نابینرێت- دەردەخات و ڕوونی كردووەتەوە كە 95%ی بینای گەردوونی پێكهێناوە. هەموو ئەوانەی دەیان بینین لە گەلە ئەستێرەو تۆزو گازو دوكەڵی گەردوونی،5%ی گەردوون زیاتر نانوێنن. ئەم گەلە ئەستێرانە بە ڕەنگی پرشنگدار و ڕەنگاوڕەنگ دەردەكەون, بەجۆرێك زانایانی ئەمڕۆ ئەو گەلەئەستێرانە بە گەلە مرواریەك دەچوێنن, كە ملوانكەیان ڕازاندبێتەوە، هەروەها ماددە و وزە, گەردوونیان پڕ كردووە و بۆشایی بوونی نییە, كەواتە: ئەم ڕاستییە گەردوونییە سەلمێنراوەی زانایان دەیبینن، دەتوانین لەم ڕستەیەدا كورت بكەینەوە و بڵێین: “الكون هو بناو، وهو مزیَّن، ولا یوجد فیه فراغ أو شقوق”. “گەردوون بینایەكەو ڕازێنراوەتەوەو بۆشاییی و كەلێنی تێدانییە “, سەیر لەوەدایە قورئان لە پێش زاناكانەوە, ئەم ڕاستییەی لەئایەتێكدا كورتكردووەتەوە و دەفەرموێت: (أَفَلَمْ يَنظُرُوا إِلَى السَّمَاء فَوْقَهُمْ كَيْفَ بَنَيْنَاهَا وزَيَّنَّاهَا وما لها مِنْ فُرُوجٍ)؟
مروارییەكان ملوانكەكانیان ڕازاندووەتەوە!
لە وتەی زانایانەوە كاتێك باس لە بینای گەردوونی دەكەن, دەبینین باس لە لێكچونێكی نوێ دەكەن, كە گەلە ئەستێرەكان و كۆبونەوەیان بە ڕەنگە جیاوازەكانیان (شین, زەرد, سەوز ) دیمەنێكی ناوازە دەنوێنن, كە لە موروی ملوانكە, یان مرواری ریز كراوی سەر دەزوو دەچن. واتا زاناكان بینای گەردوونی و ڕازاوەیەكەی دەبینن.
لەیەكێك لە وتارە زانستییەكاندا دوای ئەوەی گەورەترین زاناكانی فەلەك ئەم جوانی و رازاوەیانەیان بینی, وتیان:
SCIENTISTS SAY THAT MATTER IN THE UNIVERSE FORMS A COSMIC WEB, IN WHICH GALAXIES ARE FORMED ALONG FILAMENTS OF ORDINARY MATTER AND DARK MATTER LIKE PEARLS ON A STRING.
واتە: “زانایان دەڵێن: ماددە لە گەردووندا چنراوێكی گەردوونی پێكدەهێنێت, بە جۆرێك گەلە ئەستێرەكان لەسەر داوەكانی (خیوط) ماددە ئاساییەكەو و ماددە تاریكەكە وەك مروارییەكانی سەر ملوانكە درێژ بوونەتەوە” (3)
دووەمین شت كە نەمدەزانی و پێی گەیشتم ئەوە بوو بینیم، قورئان بە وردییەكی تەواو و ڕێككەوتنێكی سەرنجڕاكێش لە تەنیا ئایەتێكدا باسی لەم راستییانە كردووە!! لەوەش سەیر تر ئەوەیە ئەم ئایەتە ڕووی لەو بێباوەڕانەیە، كە قورئان بە ڕاست نازانن، دەیان دوێنێت و, بۆ سەرنجدان و وردبوونەوەو لێكۆڵینەوە لە چۆنێتی ئەم بینایە و ڕازاوەییەكەی بانگیاندەكات. تێڕامان لە نێوانی ئەم جوانیەدا, ڕێك ئاماژەیە بۆ ئەو ماددە تاریكەی ئەوان دەیبینن! خوای گەورە دەفەرموێت: (أَفَلَمْ يَنظُرُوا إِلَى السَّمَاء فَوْقَهُمْ كَيْفَ بَنَيْنَاهَا وزَيَّنَّاهَا وما لها مِنْ فُرُوجٍ) ق: 6 . وشەی(الفروج) لە زمانەوانیدا (درزو كەلێنە) وەك لە (معجم لسان العرب) دا هاتووە.
پێشتر زاناكان گومانیان دەبرد نێوانی گەلەئەستێرەكان بۆشایی بێت, بەڵام دواتر بۆیان ڕوون بووەوە، كە بۆشایی بوونی نییەو گەردوون بە ماددەی تاریك پڕ بووەتەوە, ئەمەش دەیسەلمێنێت ئاسمان هیچ درز و كەلێن و بۆشاییەكی تێدانییە.
وشە قورئانییەكان لە زاراوەكانی خۆرئاوادا!
ئەگەر لەو ئایەتانەی پەرتووكی خوای گەورە بكۆڵینەوە، كە باسی بینای گەردوون دەكەن, دەبینین ڕوونكردنەوە خوداییەكان هەمیشە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەكەنەوە, كە گەردوون بینایەكی بەهێزو تۆكمەو توند و تۆڵە. پەروەردگار دەفەرموێت: (أَأَنْتُمْ أَشَدُّ خَلْقًا أَمِ السَّمَاءٌ بَنَاهَا) (النازعات: 27)، واتە: (ئایا دروستكردنی ئێوە توندو تۆڵتر و قایمترە، یان بینا كردنی ئاسمان). زانایان سەلماندویانە ئەو هێزەی لەم گەردوونەدایە, سەرووی هەموو خەیاڵێكە، دەتوانن لەكۆتایی ئەم لێكۆڵینەوەیەدا بۆ لینكەكان بگەڕێنەوە, بەمەبەستی وەرگرتنی بیرۆكەیەك لەسەر گەورەیی ئەو هێزانەی دەستیان بەسەر گەردووندا گرتووە, بۆنموونە وزەی تاریك (الطاقە المظلمە). پەروەردگار سوێندی بەم بینایە خواردووەو دەفەرموێت: (ۆالسَّمَاءِ ۆمَا بَنَاهَا)( الشمس: 5). گومانیشی تێدا نییە خودای كاربەجێ, شتێك مەزن نەبێت سوێندی پێ ناخوات.
ئەمە یەكێكە لەو زانایانەی كە جەخت دەكاتەوە, گەردوون هەمووی پێكەوە بریتییە لە بینایەكی مەزن.
“ONE OF THE MOST OBVIOUS FACTS ABOUT THE UNIVERSE IS THAT IT SHOWS A WEALTH OF STRUCTURE ON ALL SCALES FROM PLANETS, STARS AND GALAXIES UP TO CLUSTERS OF GALAXIES AND SUPER-CLUSTERS EXTENDING OVER SEVERAL HUNDRED MILLION LIGHT YEARS “.
واتە: “لە دیارترینی ڕاستییەكانی گەردوون ئەوەیە, كە گەردوون بە هەموو پێوەرەكان, بە هەسارەو ئەستێرەو گەلەئەستێرەو كۆبوونەوەی گەلە ئەستێرەكان، كە ملیۆنان ساڵی ڕووناكی درێژدەبنەوە, وەك بینایەكی دەوڵەند دەردەكەوێت” (4).
شێوەی(3) دیوارێك لە ئەستێرەو دوكەڵی گەردوونی، كە درێژییەكەی دەگاتە 1500 ساڵی ڕووناكی, لەگەردووندا ملیۆنان لەم دیوارە هەیە. ئەو كەسەی سەرنجی دۆزینەوە و وتەی زاناكان سەبارەت بە بوونی دیوار و ڕایەڵی(جسور) گەردوونی بدات, بۆی دەردەكەوێت گەردوون بینایەكی ئەندازەیی مەزنە. پاك و بێگەردی بۆ ئەو زاتەی كە پێش زانا خۆرئاواییەكان بە چەندین سەدە باسی لەم بینایە كردووەو دەفەرموێت: (والسماءَ بناءً)( البقرە: 22 ). وشەی بینا (بناء) كە لەم ئایەتەدا هاتووە, هەمان وشەیە كە زاناكانی ئەمڕۆ بەكاری دەهێنن “BUILDING “.
لێرەدا با ساتێك بوەستین و ڕامێنین:
خوای گەورە لە باسی بێباوەڕاندا دەفەرموێت:(بَلْ كَذَّبُوا بِالْحَقِّ لَمَّا جَاءَهُمْ فَهُمْ فِي أَمْرٍ مَرِيجٍ) ق: 5 . واتە: (بەڵكو ئەوان باوەڕیان بە قورئان نەكرد, كاتێك بۆیان هات, بۆیە ئەوان لە كارێكی تێكەڵ وپێكەڵیو سەرگەردانی دان).
سەرەڕای ئەوەش لە ئایەتی دواتردا بانگێشتیان دەكات بۆ سەرنجدان و وردبوونەوە لە چۆنێتی بیناكردن و ڕازاوەیی گەردوون ودڵنیایان دەكاتەوە، ئەوەی بینای گەلە ئەستێرەكانی دروستكردووە, هەرئەویشە كردویە بە زینەتی ئاسمان (كَیْفَ بَنَیْنَاهَا ۆزَیَّنَّاهَا)،بەڵكو هۆكارەكانی وردبوونەوەو دۆزینەوەكانیشی بۆ ڕامكردون, هەتا لەم بینایەوە بتوانن بیناسازەكەی(سبحانه وتعالی) ببینن. هەروەها هەتا لەو سەرگەردانی و سەرلێتێكچوونەیان بێنە دەرەوە و بیر لەم بینا گەردوونییە تۆكمەو ڕێكو پێكە بكەنەوە. (لیستیقنوا بوجود الخالق العڤیم تبارك وتعالی). تا سەبارەت بە بوونی بەدیهێنەرێكی مەزن بەیەقین بگەن. ئایا ئەمە زمانی زانستی بانگەشەی پەروەردگار نییە, تا باوەڕ بە شكۆمەندی ئەو بێنن؟
ئاینێك بەم بەرنامە زانستییە و بەم جۆرە لەگەڵ ناموسڵماناندا مامەڵە بكات, ئایا ئاینی دواكەوتن و تۆقاندنە؟ یاخود هی زانست ولێبوردەیی و پەیڤینە؟!
لە پانتایی تەفسیرەوە
ئیمام تەبەری (ڕەحمەتی خوای لێبێت) لە راڤەی ئایەتی (أفلم ینظروا إلی السماء فوقهم كیف بنیناها)دا دەڵێت: بۆ ئەوانەی بە زیندووبونەوەی دوای مردن بێباوەڕن ، سەیری ئاسمانی سەر خۆیان ناكەن, چۆنمان بنیاد ناوە، كردومانەتە بانێكی پارێزراو و بە ئەستێرەكان ڕازاندومانەتەوە؟ (وما لها من فروج) واتە: هیچ كەلێن و لێكترازاویی تێدا نییە.
هەروەها ئیمام قورتوبی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا (أفلم ینظروا إلی السماء فوقهم) دەڵێت: ئەمە تێڕوانینی پەند وەرگرتن وتێڕامانە, ئەو زاتەی توانیویەتی بیان هێنێتە بوون, بەتواناشە بەسەر گەڕانەوەیاندا, (كیف بنیناها) چۆن بینامان كردووەو بەرزمان كردووەتەوە بە بێ پایە (وزیناها) و بە ئەستێرەكان ڕازاندوومانەتەوە.
لە تەفسیری تەبەری (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) لە بارەی (والسماء بناءً) دەڵێت: ئاسمان بە (السماء) ناودەبرێت لەبەر بەرزییەكەی بەسەر زەوی و دانیشتوانەكەیدا, هەموو شتێك لەسەر شتێكی تر, ئەوەی سەرەوە بۆ خوارەوەی دەبێتە ئاسمان(سما),لەبەرئەوە بە سەقفی خانوو گوتراوە:(سماءە) چونكە ژووروی خانووەكەیە. بە ئاسمانیش بۆ زەوی دەوترێت(السماء), لەبەر بەرزی و بڵندییەكەی بەسەریەوە. قەتادە لە تەفسیری ئایەتی (والسماء بناء)دا دەڵێت: ئاسمانی بۆت كردووەتە سەقف.
ئێستا پرسیار دەكەین: ئایا ئەوەی تەفسیر زانەكان(ڕەحمەتی خوایان لێ بێت) لەو ئایەتانەوە لێی تێگەیشتون, ئەوە نییە، كە زاناكانی ئەمڕۆ دەریان خستووە؟ ئایا ماددە گەردوونی پڕ نەكردووە؟ ئایا ئەستێرەو گەلەئەستێرەكان هۆكاری جوانی ئاسمان نین؟ ئایا ئەم ئاسمانە نییە, بێ كەلێن و درزو بۆشاییە ؟ ئەمەش ڕوونی دەقی قورئانی دەسەلمێنێت, بە جۆرێك هەركەس پەرتووكی خودا بخوێنێتەوە, بەپێی پسپۆڕی خۆی و زانیاریی سەردەمەكەی لەو ڕاستییانە تێدەگات.
ڕووەكانی ئیعجازو پێشدەستیی زانستیی ئایەتەكان
هەمیشە چەند پرسیارێك دووبارەی دەكەینەوە: ئەگەر قورئان دانراوی موحەمەد بێت (صلی الله علیه وسلم), لەكاتێكدا ئەو نەخوێندەوار بوو, چۆن توانی پرسیار بخاتە بەردەم بێباوەڕان و بانگیان بكات تا لە چۆنێتی بینای گەردوون ورد ببنەوە؟ چۆن دیاریكرد، كە ئەستێرەكان ئاسمانیان ڕازاندووەتەوە؟ لە كوێوە ئەم زاراوە زانستییە وردانەی وەكو (بینا- بناء)ی هێنا؟ چۆن زانی گەردوون هیچ بۆشایی و كەلێن و ناتەواوییەكی تێدا نییە؟ كێ لەو سەردەمی خورافاتەدا, ئەو زانستە گەردوونییانەی فێركرد؟
بێگومان بوونی گوزارشتی زانستی ورد و چوونیەك لەگەڵ ئەوەی زاناكانی ئەمڕۆ دەیبینن, بەڵگەی ئیعجازی گەردوونی قورئان وبەڵگەی پێشدەستی پەرتووكی پەروەردگارە لە زانستی نوێی گەردوونیدا. لە قورئانی پیرۆزدا هەمیشە وشەی بینا(بناء) بە وشەی ئاسمان(السماء)ەوە بەستراوەتەوە. هەروەها بە ڕازاوەیی گەردوون و فراوانبوونیەوە بەستراوەتەوە, خوای گەورە دەفەرموێت: (ۆالسَّمَاءَ بَنَیْنَاهَا بِأَیْدٍ ۆإِنَّا ڵمُوسِعُونَ) واتە: (ئاسمانمان بە هێزو توانایەكی گەورە بینا كردووەو ئیمە فراوانی دەكەین).
جێگای سەرسوڕمانە، كە خەریكە توێژینەوەیەكی نوێ نەدۆزینەوە, كە باس لە بینای گەردوونی بكات و لەهەمان كاتدا باس لە فروانبوونەكەی نەكات!! ئەمەش كتومت ئەوەیە، كە قورئان لەم ئایەتە مەزنەدا بەیانی كردووە, كاتێك باسی لە بنیاتنان و بینای گەردوونی(بنیناها) كردووە, باسی لە فراوانبوونەكەشی كردووە(لموسعون)، واتە قورئان یەكەمین پەرتووكە، كە بینای گەردوون و فراوانبوونەكەی پێكەوە بەستووەتەوە.
پرسیاری نوێمان ئەمەیە، ئەمە چی دەگەیەنێت كاتێك زاناكان دەقاودەقو وەك خۆی گوزارشتە قورئانییەكان بەكاردەهێنن؟ بێگومان تەنیا شتێك دەگەیەنێت ئەویش ئەوەیە: كە پەروەردگار دەیەوێت بۆ هەموو ئەوانە بسەلمێنێت، كە گومانیان لە قورئان هەیە, ئەوانە هەرچەندە بكۆڵنەوە و پێشبكەون پێویستە سەرەنجام بگەڕێنەوە بۆ قورئان!
لەم ئایەتانەدا ئاماژەیەكی گرنگ هەیە كە دیاریكردووە, كێ ڕاستێتی بینای گەردوونی دەردەخات, لەبەرئەوە گوتارەكەی ئاڕاستەی ئەوان كردووە، هەروەك لە هەموو ئەو ئایەتانەی باسی بینای گەردوونی كردووە, دەبینین گوتارەكەی ڕووی لە گوماندارانی قورئانە, هەتا لە ڕێی دۆزینەوەكانیانەوە بتوانن بگەنە پەروەردگارو باوەڕی ڕاستەقینە بە پەیامەكەی.
لەگەڵ مندا گوێ بۆ ئەم ڕوونكردنەوە خوداییە بگرن 🙁يَا أَيُّهَا النَّاسُ اعْبُدُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ وَالَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ * الَّذِي جَعَلَ لَكُمُ الْأَرْضَ فِرَاشًا وَالسَّمَاءَ بِنَاءً وَأَنْزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَخْرَجَ بِهِ مِنَ الثَّمَرَاتِ رِزْقًا لَكُمْ فَلَا تَجْعَلُوا لِلَّهِ أَنْدَادًا وَأَنْتُمْ تَعْلَمُونَ * وَإِنْ كُنْتُمْ فِي رَيْبٍ مِمَّا نَزَّلْنَا عَلَى عَبْدِنَا فَأْتُوا بِسُورَةٍ مِنْ مِثْلِهِ وَادْعُوا شُهَدَاءَكُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ * فَإِنْ لَمْ تَفْعَلُوا وَلَنْ تَفْعَلُوا فَاتَّقُوا النَّارَ الَّتِي وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ أُعِدَّتْ لِلْكَافِرِينَ) البقرە.
واتە: (ئەی خەڵكینە پەروەردگارتان بپەرستن، كە ئێوەو ئەوانەی پێش ئێوەشی دروستكردووە, بەڵكو بەو پەرستنە خۆتان بپارێزن, ئەو خوایەی زەوی بۆ ڕاخستون و ئاسمانی بۆكردون بە بینا(كۆشك), هەروەها ئاوی بارانی لە ئاسمانەوە هێناوەتە خوارەوەو بەو ئاوە میوەو بەری جۆراوجۆری بۆ ڕۆزی ئێوە دەرهێناوە, كەواتە هاوتا بۆ خوا پەیدا مەكەن, كە خۆتان دەزانن بێهاوتایە, ئەگەر لە گوماندان لەم قورئانەی كە ناردومانەتە خوارەوە بۆ بەندەی خۆمان, دە سورەتێك بێنن بە وێنەی ئەوو بانگی هاوكارەكانتان جگە لە خوا بكەن(لە ڕەوانبێژان و شاعیران), ئینجا ئەگەر ئەمەتان نەكرد، كە هەرگیز ناشی كەن, دەی خۆتان بپارێزن لەو ئاگرەی كە سوتەمەنییەكەی بەدكاران و بەردە,كە بۆ بێباوەڕان سازكراوە). ربنا ما خلقت هذا باطلا سبحانك…
———————
نووسینی: عبد الدائم الكحیل
پەراوێزەكان
1- ماددەی تاریك ئەو ماددەیەیە، كە گەردوونی پڕ كردووەو بەچاو نابینرێت, بەڵام بەڵگەی زۆر لەسەر بوونی هەیە.
2- وتارێك بە ناونیشانی “دیمەنەكانی چنراوی گەردوونی” كە هی سێ زانای بەناوباگی خۆرئاوایی ئەو بوارەیە, كە ئەمانەن: زانای فەلەكی (بول میلەر) لە پەیمانگای فیزیای فەلەكی ئەڵمانیا، (جۆن فینبۆ) لە هەمان پەیمانگا، (بارن تۆمسۆن) لە پەیمانگای فیزیاو فەلەكی دانیماركی. خوێنەری بەڕێز دەتوانێت درێژەی ئەم دۆزینەوەیە, لەسەر ماڵپەڕی ئەوروپی باشوری ئەڵمانیادا ببینیت: WWW.ESO.ORG
3- بڕوانە وتارێكی نوێ دەربارەی چۆنێتی پێكهاتنی گەردوون و بیناكردنی لەسەر ماڵپەڕی: WWW.GOVERTSCHILLING.NL
4- سەیری هەواڵێك بكە بە ناونیشانی: “چۆن بینای گەردوونی پێكدێت ” كە خەڵاتی كارفۆردی 2005 ی لەسەر وەرگیراوەولە گۆنگرەی زانستی پادشایی سویدی بۆ زانستەكان دەرچووە, وتارەكە هی سێ لێكۆڵەرە:( جیمس كا و جیمس بیبلس) لە زانكۆی برینستۆنی ئەمریكی،(مارتین ریز) لە پەیمانگای فەلەكی زانكۆی كامبریدجی بەریتانی. ئەم وتارە لە ماڵپەڕی ئەكادیمیای سویدی دەست دەكەوێت: WWW.KVA.SE
سەرچاوەكانی نووسەر:
1- قورئانی بەڕێز.
2- تەفسیرە ناودارەكانی: ابن كثیر – الطبری – القرطبی.
3- فەرهەنگی : لسان العرب و القاموس المحیط.
4- چەند وتارێكی نوێ بە ناونیشانی: المادە فی الكون- خلفیە الإشعاع المیكرویفی الكونی- البناء فی الكون- متی تشكلت اڵابنیە الكونیە اڵاولی, ئەمەش لە ماڵپەڕی ئاژانسی فەزایی ناسای ئەمریكیدایە: WWW.MAP.GSFC.NASA.GOV
5- وتارێك بە ناونیشانی “لێكۆڵینەوە لە گردبوونەوەی گەلە ئەستێرە تازە دروستبووەكان” لە ماڵپەڕی : WWW.ASTRONOMY.COM