You Are Here: Home » بابەتەكانمان » گوێ‌ و هەستنی بیستن

گوێ‌ و هەستنی بیستن

گوێ‌ و هەستنی بیستن

images

بسم الله الرحمن الرحیم, الحمد لله رب العالمین, و الصلاە و السلام علی رسول الله اڵامین و علی اله و صحبه أجمعین.
یەكێك لە ئەندامە گرنگەكانی لەشی مرۆڤ كە یەكێكیشە لە ئەندامە هەستیارەكان و ئامێری بیستنی دەنگ و تێگەیشتن و لێك جیاكردنەوەی ئاوازە جیاوازەكانە (گوێ‌)یە).
گوێش وەكو هەموو ئەندامە هەستەوەرەكانی تر {چاو, لوت, زمان(چەشتن), دەست لێدان(لمس)} توانای كاركردنی سنوردارە و ناتوانێت لە دەرەوەی سنوری خۆیدا هیچ كارێك بكات, خۆ ئەگەر لە دەرەوەی ئەو سنورە كاری بكردایە ئەبوویە مایەی ناڕەحەتی یەك كە ئاواتت بە نەبوونی بخوازتایە!, وەك لەمەودوا روونی دەكەینەوە.
خوێنەری بەڕێز حەز ئەكەم پێش ئەوەی چاوەكانت بكەوێتە گوزەركردن بەسەر وشەكاندا و بیانخوێنیتەوە بیر و هۆشت بخەیتە كار و بیركردنەوە و لێكدانەوەت هەبێت بۆ هەموو ئەو وشە و خاڵانەی كە لێرەدا ئەیانخەینە روو, ئەمانەش كەمێك لە بەرهەمەكانی پێشكەوتنی زانست و تەكنەلۆژیای سەردەمن كە بوونەتە هۆكاری باشتر ناسین و نزیك بوونەوە لە دروستكاری بوونەوەر و بەهۆی ئەم پێشكەوتنە بەرچاوەی زانستەوە باشتر تێدەگەین لە دانایی و كاربەجێیی پەروەردگار و بە دڵنیایشەوە تێدەگەین لەوەی كە هیچ شتێكی بێ‌ هۆ بەو شێوەیەی خۆی دروست نەكردوە و ئەوەش باشترین و شیاوترین شێوەیە بۆ مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ, وە بەڕاستیش بۆت دەردەكەوێت كە پەروەردگار چەند بە میهر و بەزەیی یە بەرامبەر بە دروستكراوەكانی و هەموو بوونەوەریشی لە پێناوی ئارامی و خۆشگوزەرانی ئەواندا فەراهەم هێناوە (بە تایبەتیش مرۆڤ) وەكو دەفەرموێت:
(وَسَخَّرَ لَكُمْ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا مِنْهُ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ) (الجاثية: 13).

واتە: هەرچی لە ئاسمانەكان و زەویدا هەیە بۆ ئێوەی رام هێناوە, بۆ خزمەتگوزاری ئێوە فەراهەمی هێناوە, هەموویشی تێكڕا بەخششن لەلایەن ئەو زاتەوە, بەڕاستی ئا لەو بەخشش و دیاردانەدا بەڵگە و نیشانەی زۆر هەن بۆ كەسانێك كە بیر بكەنەوە و تێفكرن.
گوێ‌یش یەكێكە لە بەخششەكانی پەروەردگار بە دروستراوەكانی (كە ئێمە لێرەدا بە تایبەتی باس لە مرۆڤ دەكەین) تاوەكو زانیاری لەسەر جیهانی دەرەوەی پێ‌ پەیدا بكات و بەندایەتی خۆی بۆ پەروەردگار پێ‌ دەرببڕێت و سوپاسگوزاری بكات لەسەر ئەو نیعمەتانەی كە پێی بەخشیوە, وەكو دەفەرموێت:
(قُلْ هُوَ الَّذِي أَنشَأَكُمْ وَجَعَلَ لَكُمُ السَّمْعَ وَالْأَبْصَارَ وَالْأَفْئِدَةَ قَلِيلًا مَّا تَشْكُرُونَ) (الملك 23).
واتە: ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم ) پێیان بڵێ‌: هەر خوایە كە ئێوەی دروست كردوە و دەزگای بینین و بیستن و تێگەیشتنی پێ‌بەخشیون, كەچی كەمتان شوكرانە بژێر و سوپاسگوزارن.
هەستیاریی بیستن لە نیوەی مانگی پێنجەمی سك پڕی ئافرەتدا پەیدا دەبێت, لەبەر ئەوە لەم كاتەوە منداڵ دەنگی دایكی دەبیستێت و هەست بە لێدانەكانی دڵی دەكات, لە نزیكی مانگی حەوتەمیدا وردە وردە دەتوانێت دەنگە تیژەكان ببیستێت و لێكیان جیا بكاتەوە, پاشان دەست دەكات بە هەڵگرتن (خەزن كردن)ی ئەو دەنگانەی كە زۆر دووبارە دەبنەوە كە ئەویش دەنگی باوكێتی, بۆیە لە كاتی لەدایك بوونیدا بە ئاسانی دەنگی باوكی ئەناسێتەوە, چونكە دەنگی ئەو لەو دەنگانەیە كە لە سكی دایكیدا بیستبووی و لە مێشكیدا خەزنی كردبوو, وا ئێستا دووبارە دەبێتەوە.
وە هەروەها بیستن لەگەڵ لەدایك بوونی مرۆڤدا كار دەكات, لەبەر ئەوە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم ) فەرمانی كردووە بە بانگ دان بە گوێ‌ی منداڵی تازە لەدایك بوو هەر لەگەڵ لەدایك بوونیدا, بۆ ئەوەی یەكەم زانیاری (یەكەم شەپۆلەكانی دەنگیی) كە دەیبیستێت, وشە پیرۆزەكانی خوا بە گەورە گرتن (الله أكبر) و وشەكانی شایەتیدان (أشهد أن لا اله اڵا الله و أشهد أن محمدا رسول الله) و هەموو وشەكانی تری بانگی پیرۆز بێت وەكو دەفەرموێت:
عن أبی رافع قال: (رأيت رسول الله (صلى الله علية وسلم ) أذن في أذن الحسن بن علي حين ولدته فاطمة). رواه أبو داود و الترمذي وقال حديث صحيح, وحسنه الألباني.

واتە: ئەبی رافیع دەڵێت: پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم )م بینی بانگیدا بە گوێ‌ی حەسەنی كوڕی عەلیدا, هەر لەگەڵ لەدایك بوونیدا لە فاطمەی كچی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم ).
وە هەروەها تاكە هەستەوەریشە كە لەكاتی نوستنی مرۆڤدا نانوێت و لەكار ناكەوێت, بۆیە هەمیشە مرۆڤە نوستووەكان بەهۆی بانگ كردنەوە یان بەهۆی هەر دەنگێكەوە بێت بەخەبەر دەهێنرێن, چونكە لەو كاتەدا هەستی بیستن هەر لە كاری خۆی بەردەوامە و شەپۆلە دەنگی یەكان دەگەیەنێتە مێشكی مرۆڤ و بەئاگای دەهێنێتەوە.
خوای پەروەردگاریش ئاماژەی بەم راستی یە زانستی یە كردووە بە ئاشكرا و لە باسی یارانی ئەشكەوتدا, وەكو دەفەرموێت:
(فَضَرَبْنَا عَلَى آذَانِهِمْ فِي الْكَهْفِ سِنِينَ عَدَداً) (الكهف11).
واتە: چەندەها ساڵا لە ئەشكەوتەكەدا پەردەمان هێنا بەسەر گوێ‌یاندا (گوێ‌یانمان لەكار خست) (تا بە ئارامی و بە خەوتوویی بمێننەوە).
خوێنەری بەڕێز با لەم ئایەتە پیرۆزە ورد ببینەوە و تێ‌بفكرێین, بڵێ‌ی بۆچی پەروەردگار نەیوتووە پەردەمان هێنا بەسەر (چاو یان دەم یان لوت)یاندا و لەناو هەموو هەستیارەكاندا ئاماژەی بە گوێ‌ داوە؟!.
دیارە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لە پێشەوە وتمان مرۆڤی نوستوو تەنها گوێ‌ی بە چالاكی دەمێنێتەوە و لەكار ناكەوێت, خوای گەورەش ئەو سوننەتە كەونی یەی خۆی تێك نادات و ئاماژەش بە راستی یەكی زانستی دەكات ( ئەویش ئەوەیە كە تاكە هەستەوەرە بە ئاگاكەیان (گوێ‌)یە و ئەوەتا لەكاری دەخات و ناهێڵێت ببیستێت), بەمەش یەكێك لە هۆكارەكانی بەئاگا نەهاتنەوەیان بۆ ماوەی (309) ساڵ و مانەوەیان لە خەودا روون دەكاتەوە, وە بە من و تۆش ئەسەلمێنێت كە ئەم قورئانە گوتەی خۆیەتی و راگەیەنەری قورئانەكەش پەیامبەر و نێردراوێتی.
پاشان با بزانین دەنگ چی یە و چۆن دەبیسترێت و كەی دەبیسترێت و كەی نابیسترێت و بۆ نابیسترێت؟
دەنگ: شەپۆلێكی میكانیكی درێژڕەوە كە لە زنجیرەیەك پەستاوتن و شاش بوون پێك دێت, لە ئەنجامی لەرینەوەی ئاسایی تەنەكانەوە(هەر تەنێك بێت) پەیدا دەبێت, بە ناوەندە ماددی یەكاندا (هەوا, ئاو, تەنی رەقی وەكو تەلی تەلەفون) تێپەڕ دەبێت و دەگاتەگوێ‌ی مرۆڤ و هەستی پێ‌ دەكات.
توانای بیستنی گوێ‌ سنوردارە, وە گوێ‌ی مرۆڤ ئەو دەنگانە دەبیستێت كە لەرەلەرەكانیان لە نێوان (20هێرتز) تا (20000هێرتز) دایە, لە (20هێرتز) كەمتر (واتە كەمتر لە 20 جار لە چركەیەكدا بلەرێتەوە) پێ‌ی دەوترێت خوار دەنگ یان (خوار بیستن) وە لە (20000هێرتز) زیاتر (واتە زیاتر لە 20000جار لە چركەیەكدا بلەرێتەوە) پێ‌ی دەوترێت سەروو دەنگ یان (سەروو بیستن), كە هیچیان مرۆڤ نایبیستێت.
لە پێناسەكەی دەنگەوە وتمان زنجیرەیەك پەستاوتن و شاش بوونە لە ناوەندێكدا, ئەو ناوەندەش كە ئێمە تیایدا دەژین و گفتوگۆی تیادا دەكەین و ژیانی تیادا دەگوزەرێنین هەوایە.
وە لەبەر ئەوەی كە پەستاوتنە, واتە (پەستان) یان (فشار)ی هەیە, ئەوا ئەو فشار و پەستانەی كە دەنگەكە دروستی دەكات كار دەكاتە سەر گوێ‌ و پەردەكانی گوێ‌ دەلەرێنێتەوە و دەبێتە هۆی بیستنی دەنگەكە و گۆڕینی بۆ شتی واتادار (بە تایبەتی لەكاتی قسەكردندا).
ئەو پەستانەش كە گوێ‌ی مرۆڤ ئەتوانێت بەرگەی بگرێت و ببێتە هۆی لەرانەوەی پەردەكانی گوێ‌ و هەستی پێ‌ بكرێت لە نێوان (20×10-6نت/م2) و (20نت/م2) دایە, واتە ئەگەر پەستانی دەنگەكە لە (20×10-6نت/م2) كەمتر بێت ئەوا نابێتە هۆی لەرانەوەی پەردەكانی گوێ‌ و سەرەنجام هەست بەو دەنگە ناكرێت, خۆ ئەگەر پەستانی دەنگەكەش لە (20نت/م2) زیاتر بێت ئەوا دەبێتە هۆی تەقاندن و دڕاندنی پەردەكانی گوێ‌ی مرۆڤ و كەڕ بوونی و زۆرجار مردنیشی.
پێغەمبەری ئازیزیش(صلی الله علیە وسلم ) ئاماژەی بە سنوورداری گوێ‌ی مرۆڤ كردوە و دەفەرموێت:
عن أنس رضي الله عنه عن النبي صلى الله عليه وسلم قال: (العبد إذا وضع في قبره وتولى وذهب أصحابه حتى إنه ليسمع قرع نعالهم، أتاه ملكان، فأقعداه، فيقولان له: ما كنت تقول في هذا الرجل محمد صلى الله عليه وسلم، فيقول: أشهد أنه عبد الله ورسوله، فيقال: انظر إلى مقعدك من النار، أبدلك الله به مقعدا من الجنة، قال النبي صلى الله عليه وسلم فيراهما جميعا. و أما الكافر أو المنافق فيقول: لا أدري، كنت أقول ما يقول الناس، فيقال لا دريت ولا تليت، ثم يضرب بمطرقة من حديد ضربة بين أذنيه، فيصيح صيحة يسمعها من يليه إلا الثقلين). أخرجه البخاري(1338) و مسلم(2870)
واتە: كاتێك بەندەیەك ئەخرێتە گۆڕەوە (بەخاك ئەسپێرێت) و خەڵكی و هاوەڵەكانی بەجێی دێڵن, بەئاگایە و تەنانەت گوێ‌ی لە تەقەی نەعلەكانیانە, لەو كاتەدا دوو فریشتە دێنە لای و لێی ئەپرسن, دەربارەی ئەو پیاوە (محمد (صلی الله علیە وسلم )) چی ئەڵێیت: ئەڵێت: شاهێدی ئەدەم كە بەندە و پێغەمبەری خوایە, پێ‌ی دەڵێن: بڕوانە, ئەوە شوێنەكەتە لە ئاگردا بەڵام خوای گەورە بۆی گۆڕیت بە جێگایەك لە بەهەشت دا, پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم ) دەفەرموێت هەردووكیان ئەبینێت.
بەڵام بێ‌باوەڕ یان دووروو (كافر یان مونافیق) لە وەڵامدا ئەڵێت: نازانم, منیش هەر ئەوەم ئەوتەوە كە خەڵكی ئەیانوت, پێ‌ی ئەوترێت نەتزانیوە و نەتوتووە, پاشان بە گورزێكی ئاسن ئەكێشن بە نێوانی هەردوو گوێ‌یدا (پشتی سەریدا), ئەویش هاوار كردنێك هاوار ئەكات كە هەرچی لە دەوریدا بێت ئەیبیستێت تەنها مرۆڤ و جنۆكە نەبێت.
دەبینین لێرەدا پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم ) ئاماژەیجدا بەوەی كە توانای بیستنی مرۆڤ و جنۆكە جیاوازە لە توانای بیستنی گیاندارانی تر كە زانست بە دەیەها سەدە دوای ئەم گوتەیە باسی جیاوازیی توانای بیستنی گیانداران و مرۆڤیان كردوە.

gwe1

لەم وێنەیەدا سنووری بیستنی هەندێك لە زیندەوەرانی تێدا روون كراوەتەوە:

خوێنەری بەڕێز: ئێستا لێرەدا كە خاڵی سەرەتای بابەتەكەیە هەڵوێستەیەك وەربگرە و لە خوێندنەوە بوەستە و تۆزێك بیر بكەرەوە و بكەوەرە هەڵسەنگاندن.
تۆ بڵێ‌ی ئامێرێكی وا هەستیار كە بەم مەرج و پێوەندانەوە كار دەكات, هەروا و بە هەڕەمەكی و لەخۆیەوە بەرنامە رێژی بۆ كرابێت؟!!
ئەگەر وەڵام دەدەیتەوە: بەڵێ‌ بە هەڕەمەكی و لەخۆوەیە, چۆن ئەتوانیت قەناعەت بەخۆت بكەیت كە ئەم هەموو وردەكاری یە لەخۆیەوە دروست ببێت لە كاتێكدا دڵنیام ناتوانیت قەناعەت بەخۆت بكەیت كە تەنها پەڕە كاغەزێكی سپی خەت كێشراو لەخۆیەوە دروست بووبێت و خەتی بۆ كێشرا بێت؟
خۆ ئەگەر نەخێرە, (كە دیسان دڵنیام ئەمە وەڵامەكەتە) و دەڵێیت لەخۆیەوە بەرنامە رێژی بۆ نەكراوە چونكە خۆی دەسەڵاتی نی یە خۆی بەرنامە رێژی بۆ خۆی بكات, ئەی كێ‌یە بەرنامەرێژكەری ئەم ئامێرەیە كە ئەوەندە بچووكە لە قەبارە و گەورەیە لە كار و فەرماندا؟
چ كەسێك و چ سەرچاوەیەك و چ كتێبێك شك ئەبەیت جگە كتێبەكەی پەروەردگار و گوتەكانی نێردراوەكەی, كە بەو ئاشكرایی یە و لەپێش ئەماندا ئاماژەی بەو راستیجیە زانستی یانە دابێت؟
با لە دووی بابەتەكە بڕۆین تا دەگەینە وەڵام.
باشە ئەگەر لەم كەمترین سنوورەی كە دانراوە ببیسترایە چی رووی ئەدا؟
ئەی ئەگەر تەنێك (كە دەنگی لێوە دەردەچێت) زیاتر بە لە (20000هێرتز) بلەرێتەوە (لە سەروو دەنگەوە) چی لێ‌ دێت و چی روو ئەدات؟!!
ئەی باشە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم ) ئەگەر پێغەمبەر نەبووە و دروستكەری گوێ‌كە خۆی ئاگاداری نەكردوەتەوە لەم سنوورداری یە چۆن بەمەی زانی لە پێش زیاتر لە 1000 ساڵ لەمەو پێش و بێ‌ بوونی هیچ ئامێرێكی پێشكەوتووی وەك ئەوانەی كە ئێستا هەن و ئەم راستی یانەیان پێ‌ ئەدۆزرێتەوە؟!!!!
پاش بیركردنەوەكەت بەردەوامبە لە خوێندنەوە و لەگەڵم وەرە بۆ ئەم وەڵامە سەرسوڕهێنەرانە:
یەكەم/أ: ئەگەر تەنە لەراوەكەی كە دەنگەكە دروست دەكات لەرەلەرەكەی لە (خواربیستن)ە وە بوو, (20هێرتز) كەمتربوو :-
ئەوا بێگومان دەنگەكە نەدەبیستراو لە پێوەری گوێ‌ی مرۆڤدا حسابی نەبووی بۆ دەكرا, بەڵام زۆرێك لە گیانداران دەیانبیستن, لەوانە فیل و ماسی .
لێرەوە پووچی ئەو گوتەیە فێردەبین كە دەڵێن(هەرچی بەهەستەكان (بینین، بیستن، تام، بۆن، بەركەوتن(لمس)) هەستی پێ‌نەكرێت بوونی نی یە)، چونكە ئەوەتا زانیمان كە لەرینەوە هەیە و زیندەوەرانێكیش هەن كە دەیانبیستن, بەڵام ئەوەی كە نایبیستێت گوێ‌ی ئێمەی مرۆڤە, ئەویش بەهۆی سنوورداری توانای بیستنمانەوە نەك بەهۆی نەبوونی لەرینەوەكە (دەنگەكە) خۆیەوە.
ب) ئەی ئەگەر گوێ‌ی ئێمە وابوایە لەو سنورە كەمتری ببیستایە ئەوا چی؟!!!!!
خوێنەری بەڕێز وەك پێشتر داوام لێ‌ كردی لەگەڵ خوێندنەوەی هەموو وشەكاندا بیرت بەكار بێنە چونكە ئێمە لە ژێر ناونیشانی (با عەقڵمان ئاشت بكەینەوە) ئەخۆێنینەوە، خۆ ئەگەر وا نەخوێنینەوە ئەوا كەمتر لە گەورەیی بابەتەكان سوودمەند ئەبین.
ئێستا بۆ وەڵامەكەی سەرەوە خۆت بخەرە ئەو واقیعەی كە گوێ‌ی تۆ لە خوار بیستنەوە دەبیستێت ئەو كاتە خۆت بێنەرە پێش چاوت بزانە خەو و ئیسراحەت هیچ مانایەكی لەژیانی تۆدا ئەما ئەگەر قالۆنچەیەك بڕۆشتایە بە تەنیشتی پشتی یەكەتدا و خشەخشی قاچەكانی وەكو زنجیری تایەی دەبابە وابوایە و تەپەتەپی پێ‌ی مێروولە كە تەنات بەژێر فەرشی ژووری نوستنەكەتدا بڕۆشتایە وەكو دەنگی دەهۆڵ كوتین وابوایە و دەنگی فڕینی باڵی مێشوولە وەكو كۆپتەر و دەنگی فڕینی مێش وەكو تەیارەی ڤانتۆم بوایە, وە یان گوێت لەهاوار و ناڵەی مردووەكانی سەرقەبران بووایە لەكاتی ئازارادانیاندا ؟؟!!…
ئەو كاتە كەی مرۆڤ دروستكراوێكی كۆمەڵایەتی دەبوو؟
لەكوێ‌ بەكەڵكی قەرەباڵغی و لەگەڵ خەڵكیدا ژیان ئەهات؟
لەكوێ‌ ژیان بەردەوام ئەبوو؟, لە كاتێكدا هەموو ئەمانە و زۆرێكی تریش كە باسمان نەكردن هۆكاری بەردەوامی ژیانی مرۆڤن.
دیسان بەڕێزم هەڵوێستەیەك بكەو خۆشت زۆرت لەم نمونانە بەمێشكدا دێت بیری لێ‌ بكەرەوە و خۆت بخەرە ئەو واقیعەوە ئەوسا بزانە ئەم دروستكارە چ بارودۆخێكی بۆ تۆ گونجاندوە!!.
2) ئەگەر لەرەلەری تەنەلەراوەكە لە(20000هێرتز) زیاتربێت، ئەوا چی؟!
وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد لە(20000هێرتز) زیاتر پێ‌ی دەوترێت شەپۆلەكانی سەروو دەنگ (سەروو بیستن) كە ئەمەش دیسان مرۆڤ نایبیستێت , وە بابەتێكی فراوان و سەربەخۆیشە و دانایی پەروەردگاری بە ئاشكرا تێدا دەدرەوشێتەوە, كە لە خوارەوە بە روونی باسی لێوە ئەكەین.
شەپۆلەكانی سەروو دەنگ كۆمەڵێك سیفەتی تایبەتی خۆیان هەیە، لە هەندێك لە سیفەتەكانیاندا وەكو شەپۆلە ئاسایی یەكانی دەنگ وان, ئەویش لەبەر ئەوەی كە زیانی نی یە بۆ مرۆڤ و دروستكراوەكانی تر بەڵام لەو سیفەتانەیاندا كە ئەگەر وەكو دەنگ وابوونایە زیانیان دەگەیاند بە مرۆڤ, بە فەرمانی پەروەردگار جیابوونەتەوە لە دەنگ و بەمەش پەروەردگار بە میهری خۆی و بەدانایی و زانایی خۆی شەپۆلەكانی سەروو دەنگی كۆكردۆتەوە و نەیهێشتوە زیان بگەیەنن، بۆیە سەرەنجام تەنها سوودەكانی ماوەتەوە!!.
با پێكەوە هەندێك لە سیفەتەكانی شەپۆلەكانی سەروو دەنگ بدەینە بەر بێژنگی بیرمان و بەراوردیان بكەین لەگەڵ ئەو دەنگانەی كە ئێمە دەیبیستین.
1) شەپۆلی میكانیكی درێژڕەون و بە ناوەندە مادی یەكاندا دەگوێزرێنەوە.
ئەم سیفەتەی سەروو دەنگ هەمان سیفەتی دەنگی هەیە, چونكە هیچ زیانێك نابەخشێت كە بەم شێوەیە بێت.
2) لەرەلەرەكانیان لە(20000هێرتز) زیاترە.
لەم سیفەتەیدا جیاوازە لە دەنگ و ئەمەش وادەكات كەگوێ‌ی مرۆڤ نەتوانێت بیبیستێت.
3) وزەیەكی زۆریان هەیە.
ئەم سیفەتەش جیاوازە لەدەنگ و ئەم وزە زۆرەی وای لێ‌ كردووە كە ئەگەر بەر گوێ‌ی مرۆڤ بكەوێت ئەوا بەشەكانی ناوەوەی تێك ئەدات و لەكاری دەخات (دەیتەقێنێت), كە بەمەش زۆر جار كۆتایی بە ژیانی مرۆڤ دێت و دەمرێت.
دەشبینین بەهۆی ئەم وزە زۆرەیەوە لەزۆر بواری ژیانیدا بەكاردەهێنرێت بۆ نموونە بۆ پاكردنەوەی شلەكان لە بەكتریا و ڤایرۆسەكان, بە جۆرێك كە ئەگەر ئەم شەپۆلەیان ئاڕاستە بكرێـت پەستانێكی زۆری وا لە شلەكەدا دروست دەكات كە هەزارەها جار لە پەستانی هەوا زیاترە، ئەمەش دەبێتە هۆی كوشتنی هەموو گیانلەبەرەكانی ناوی (وەك ڤایرۆس و بەكتریاكان), وە تەنانەت دەبێتە هۆی وردكردنی هەموو ئەو تەنە رەقانەش كە لەناو شلەكەدا هەیە هەر بۆیە لە شكاندنی بەردی گورچیلەشدا بەكار دەهێنرێت.
جا خوێنەری بەڕێز ئەگەر ئەم شەپۆلانە توانای شكاندنی بەردی گورچیلە و تەنە رەقەكانی تریان هەبێت وە پەستانێكی وا دروست بكەن كە هەزارەها جار زیاتر بێت لە پەستانی هەوا ئەوا ئەو پەردە تەنكانەی گوێ‌ چۆن بەرگەی دەگرێت و ناتەقێت و لەكاری ناخات؟!!!
پێش ئەوەی سیفەتی چوارەمی باس بكەم لەو دوو سیفەتەی سەرەوە ترسناكی شەپۆلەكانی سەروو بیستنمان بۆ دەركەوت لەسەر ژیانی مرۆڤ, كە ئەگەر پەروەردگار بەدانایی خۆی رێگری لەم زیانانەی نەكردایە ئەوا ژیان بەردەوام نەدەبوو وە هەر لە زوەوە مرۆڤایەتی كۆتایی پێ‌ هاتبوو.
ئەم دوو سیفەتەی خوارەوە بە ئاشكرا سنوردار كردنی كاری شەپۆلەكانی سەروو دەنگ و پارێزگاری كردنی مرۆڤی تێدا دەردەكەوێت لەلایەن دروستكاری كاربەجێوە.
4) بە رێگەی تەكنیكی تایبەت و لەماددەی تایبەتی وەكو(كریستاڵی كوارتز و خوێ‌ی رۆشێل) بەرهەم دەهێنرێت.
بۆ باشتر حاڵی بوون لەم سیفەتە با بەراوردی بكەین لەگەڵ دەنگ دا.
پێشتر وتمان دەنگ لە هەموو مادەیەكەوە دەردەچێت، وەك پیاكێشان بە تەختەیەكدا، بە شووشەیەكدا، بە دیوارێكدا، كەوتنەخوارەوەی پەرداخێك, لەرانەوەی ژێ‌ی قوڕگی دروستكراوەكان بە مرۆڤ و گیانلەبەرانیشەوە، رۆیشتنی ئوتومبیلێك، كردنەوەی دەرگایەك، هەروەها زۆربەی جوڵەكان لە ژیانماندا دەنگ بەرهەم دەهێنێت هەرچەندە لە تەنە جیاوازەكانیشەوە بێت.
بەڕێزم با بیر بكەینەوە:
ئەگەر لە هەموو ئەم مادانەوە كە دەنگ دەردەكەن شەپۆلەكانی سەروو دەنگ دەربچوایە ئایا ژیان بەردەوام دەبوو؟!
بێگومان نەخێر چونكە ئەو شەپۆلانە بەر گوێ‌ی مرۆڤەكان دەكەوتن و هەموویانی لەناو دەبرد.
بۆیە پەروەردگاری كاربەجێ‌ فەرمانی داوە كە لەم سیفەتەیاندا لە دەنگ نەچن و تەنها لە مادەی تایبەتەوە دەربچن بۆ ئەوەی زیان و مەترسی یان لەسەر ژیانی مرۆڤ نەبێت.
لەوانەیە بپرسیت، ئێ‌ باشە ئەگەر مرۆڤ كاری كەوتە ئەو ماددانەی كە ئەم شەپۆلانەی لێوە دەردەچێت (كوارتز و خوێ‌ی رۆشێڵ) و پێویستی پێ‌یان هەبوو؟ ئەو كاتە ئەبێت بمرێت (ئەگەر بەكاری هێنان) یان ئەبێت هەر بەكاریان نەهێنێت؟!!
ئەی ئەگەر بەكار نەهێنرێت بڵێ‌ی بۆچی پەروەردگار دروستی كردبن؟
وەڵامی ئەم پرسیارەش هەر لە سیفەتی چوارەمدا دەبینین كە دەڵێت:
بە رێگەی تەكنیكی تایبەت بەرهەم دەهێنرێت.
واتە مرۆڤ دەتوانێت بە ویستی خۆی و بە هەموو شێوەیەكیش بەكاریان بهێنێت, با چەندان جاریش ئەو پارچە كوارتزەت لە دەست بكەوێتە خوارەوە و بكێشێت بە زەوی دا ئەو كاتە تەنها دەنگ دەردەكات وەكو هەموو مادەكانی تر, وە هیچ مەترسی یەكی نی یە, چونكە پەروەردگار بواری نەداوە هەموو كاتێك شەپۆلەكانی سەروو دەنگیان لێ‌ دەربچێت بەڵكو تەنها بەو تەكنیكە تایبەتە نەبێت, ئەویش ئەوەیە كە ئەبێت بوارێكی كارەبایی گۆڕاوی بخرێتە سەر بە لەرەلەرێك كە لە (20000هێرتز) زیاتر بێت, وە بە مەرجێكیش لەگەڵ كوارتزەكەدا بكەوێتە باری زرنگانەوەوە.
كە ئەمەش زۆر بە ناڕەحەت بەرهەم دێت و پێویستی بە ئامێری تایبەت دەبێت, ئەگەر مەبەستیشت بێت كە شەپۆلەكانی سەروو دەنگ بەرهەم بهێنیت.
باشە خۆ پێشتر ئاماژەمان بەوەدا كە ئەم شەپۆلانە گرنگی زۆریان هەیە لە ژیاندا و بۆ زۆر مەبەست بەكار دێن (هەرچەندە باسی كەمێكیمان كرد) .
كەواتە هەر ئەبێت هەوڵ بدرێت كە بەرهەم بهێنرێت, دەی ئەو كاتە ئەبێت ئەو كەسەی بەرهەمی دەهێنێت و ئەو كەسەیشی بەكاری دەهێنێت بمرێت چونكە وا ئێستا شەپۆلەكە بوونی هەیە و بەرهەم هات, وە شەپۆلەكەش بەو شێوەیە زیانبەخش و كوشندەیە!!!.
وەڵامی ئەم پرسیارەش لە سیفەتی پێنجەمیدا وەردەگیرێت.
5- بە گورزەی تەسك بڵاو دەبنەوە و دەتوانرێت بە ئاراستەی پێویست ئاراستە بكرێن.
بەڕاستی جێگای خۆیەتی تەواو بیر و هۆشت چڕ بكەیتەوە لەسەر بابەتەكە و بە ویژدانەوە بڕیار بدەیت لەسەر بێ‌خاوەنی یان خاوەنداری ئەم بوونەوەرە.
وە ئایا ئەو خاوەن و دروستكارە تا چەندێك وردەكار و دانا و زانا و كاربەجێ‌یە؟! من تەنها لە بابەتێكی وا سادەوە ئەدوێم كە ناكاتە نیو دڵۆپیش لە هەموو ئاوەكانی سەر گۆی زەوی ئەگەر بەراوردی بكەیت و بیر بكەیتەوە لە هەموو دروستكراوەكانی پەروەردگار.
هەموومان دەزانین دەنگ بە هەموو ئاراستەیەكدا بڵاو دەبێتەوە, واتە ئەگەر كابرایەك قسە بكات, وە بە چواردەوریدا و بە شێوەیەكی بازنەیی گوێگر دابنیشێت, هەموویان گوێ‌یان لە قسەكانی دەبێت, چونكە قسەكانی (دەنگەكە) تەنها بە یەك ئاڕاستە ناڕوات و بەوی تریاندا نەڕوات بەڵكو بە هەموو ئاڕاستەیەك بڵاو دەبێتەوە.
بەڵام شەپۆلەكانی سەروو دەنگ لەم سیفەتەشیاندا جیاوازە لە دەنگ, چونكە ئەگەر وەكو ئەو وابوایە دیسان دەبوو بەهۆی لەناوبردن و كوشتنی مرۆڤەكان.
وتمان بە گورزەی تەسك و تەنها بە ئاراستەی مەبەست و پێویست بڵاو دەبنەوە. واتە بەكارهێنەری ئەم شەپۆلە بۆ كوێ‌ی مەبەست بوو ئاراستەی ئەو شوێنەی دەكات و ئیتر بۆ هیچ شوێنێكی تر ناچێت و مەترسی لەسەر هیچ كەسێكی تر نابێت هەرچەندە لە تەنیشتی شەپۆلەكەشدا بێت.
بۆ زیاتر روونكردنەوەی مەبەستم دەزگای سۆنار كە زۆرێكمان لە ژیانی رۆژانەماندا رێمان تێ‌ی كەوتووە و لەوانەیە رێمان تێ‌ی بكەوێت, یان ئامێری شكاندنی بەردی گورچیلە بە نموونە ئەهێنمەوە كە بە شەپۆلی سەروو دەنگ كار دەكەن.
ئەگەر بهاتایە و ئەم سیفەتەی لە دەنگ بچوایە و بە هەموو ئاڕاستەیەك بڵاو بوایەتەوە ئەوكاتە نەخۆشەكە و كاكی دكتۆر و هەموو ئەو كەسانەش كە لەوێدا ئامادەن تووشی ئەم زیانانە ئەهاتن و ئەمردن, بەڵام پەروەردگار فەرمانی دا كە تەنها بە یەك ئاراستە بۆی هەیە بجوڵێت, ئەویش جەنابی دكتۆر بۆ شوێنی مەبەست بەكاری دەهێنێت, بەمەش زیانەكانی نەما و سەرتاپا بوو بە سوود و خێر بۆ مرۆڤایەتی!!!.
خوێنەری بەڕێز وردبەرەوە لەم هەموو وردەكاری و سنووردار كردن و بە مەرج ئیش كردنەی گوێ‌ی خۆت كە هێشتا لەوانەیە زانستی سەردەم كەمێكی لە كار و فەرمان و مەرجەكانی كاركردنی دۆزی بێتەوە و منیش زۆر كەمتریشم لەوەی كە زانستی سەردەم دۆزیویەتی یەوە زانیوە و نووسیوە, هەرچەندە كە من تەنها لە رووی فیزیایی و كاركردنی یەوە لە كەمێكی دواوم كە ئەگەر بچیتە سەر چۆنێتی دروست بوونی و كاتی دروست بوونی لە سكی دایكدا و پێكهاتەی لە رووی بایۆلۆجیجیەوە ئەو كاتە تەواو سەرسام و حەیران دەبیت و جگە لە شاهێدی دان بە بوونی خاڵقێكی دانا و زانا و كاربەجێ‌ هیچ شتێكی تر نابێت بە وەڵام بۆ هەموو ئەم پرسیارانە و ئەوانەی كە لە بیر و فكری من و تۆ و هەموو مرۆڤەكاندا دروست دەبێت.
لە كۆتاییشدا حەز دەكەم خۆشت خاڵی زیاتر لەسەر بابەتەكە بدۆزیتەوە و دیقەت بدەیت و بزانیت:
1- ئایا ئەم ئەندامەی لەشی تۆ (گوێ) ئەوەندە ئەندامێكی تەواو و كامڵە تا هەرچی دەنگ و لەرانەوەیەك هەیە لە بوونەوەردا بیبیستێ‌؟
یان گوێ‌ی زۆرێك لە گیانداران لە گوێ‌ی مرۆڤ هەستیار تر و كارا ترە؟!!!.
2- ئایا ئەوەندە بەهێزی لە رووی ئەم ئەندامەوە تا لەخۆت بایی بیت و بەخۆتدا بنازیت؟؟!.
3- ئایا سنووردار كردنی توانای بیستنی تۆ (نەبیستنی هەموو دەنگێك) بەو سنوورەی كە لێی دواین بێ‌ رێزی بوو بە تۆی مرۆڤ یان بەڕێز كردنت بوو, وە گونجاندنی بوو لە لایەن خوای پەروەردگارەوە بەو شێوەیەی كە ژیانێكی تەواو ئاسوودەت بە كەمترین جەنجاڵی یەوە بۆ فەراهەم بێنێت؟!!.

Encarta Reference library encyclopedia
http://www.drzak.net/index/?p=4
http://perso.orange.fr/f5zv/RADIO/RM/RM11/RM11a01.html:
http://www.nashiri.net/content/view/1642/
http://lamap.bibalex.org/?Page_Id=10&Action=1&Element_Id=406&DomainScienceType_Id=4
http://ar.chinaradio.cn/204/2005/08/30/81@45845.htm
http://www.apple.com/fr/sound/

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top