تیشك
تیشك
مەریوان ئەحمەد رەشید
ماوەیەكە خەڵكی باس لە دیاردەیەكی گەردوونی ترسناك دەكەن كە بریتییە لە پیاكێشانی تەنێكی گەردوونی بە زەویەكەی خۆماندا، ئەم دەنگوباسە نەك تەنها كوردستان بەڵكو سەراپای جیهانی گرتۆتەوەو جۆرەها سیناریۆی بۆ داڕێژراوەو بەپێی ئەو هەواڵانە ساڵی 2010 بێت یان 2014 زەوی یان بەشێكی لەناودەچێت.
كاتێك باس لە زەوی یە، گرنگە پارێزگاری لە مانەوەی بكەین چونكە چارەنوسی ئێمەی مرۆڤ، تا ڕادەیەكی زۆر بەستراوە بە چارەنوسی ئەم هەسارەیەوە، وا چاكە هەواو ئاوو كانزاو دارو بەردی ژینگەكەمان بەچاكی مامەڵە بكەین، ئەمە كارێكە لە دەسەڵاتی خۆماندایەو ئاوەدانكردنەوەی زەوی ئەركی سەرشانی ئێمەی مرۆڤەو هەمیشە دژ بەجەنگو كاولكاری بین.
ئەوەی دەمێنێتەوە باس لەوەیە كە ئێمەی مرۆڤ، هیچ فاكتەرێكی سلبی نین تیایداو بەدەر لە دەسەڵاتی ئێمەیە، كاتێك ڕووبەڕووی دیاردەیەكی دەرەكی دەبینەوە كە لە دەرەوەی زەوی یەوە دێتو جێی خۆیەتی لەم دیاردە دەرەكیەی كە ئەمڕۆ باسی لێدەكرێت بزانین چۆن مامەڵە دەكەین.
زەوی ئەندامێكی كۆمەڵەی خۆرەو تا ئەمڕۆ تاقە هەسارەی ئەم كۆمەڵەیەیە كە ژیانی تیایە. جگەلە زەوی بە پێی پۆلێنی تازەی هەسارەكانی كۆمەڵەی خۆر كە لەساڵی 2006 دا ئەنجام درا حەوت هەسارەی تر هەن كە بریتین لە عەتارد، زوهرە، مەریخ، موشتەری، زوحەل، ئورانوس، نیپتون. ئەمە جگەلە ژمارەیەكی زۆر هەسارۆكە كە لە پشتێنەی نێوان مەریخو موشتەریدانو بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوەو هەروەها ژمارەیەك مانگو كلكدارو تەنی گەردوونی. ئەم بارودۆخەی ئێستای هەسارەكان لەم كۆمەڵەیەدا سەلامەتی لەسەدا سەدی تا هەتا هەتایە پێنابەخشێت، بەڵكو دەشێت هێزی كێشكردنو كاریگەری تەنەكانو خێراییە جیاوازەكانیان لە سوڕانەوەدا لەسەدان هەزارو ملیۆنەها ساڵدا دووچاری ڕووداوی كتوپڕیان بكات. ئەوەتا بەردەوام دەبینین كە هەسارۆكەكان لە خولگەكانیان دەردەچنو دەدەن بەدەوروبەری خۆیانداو سەر ڕووی مانگو بەردە نیازیكیەكان كە دەگەنە سەر زەوی بەڵگەی ئاشكرای ئەو دیاردەیەن.
بەڵام دووچاربوونی زەوی بە پیاكێشانی گەورە كە ترسو دڵەڕاوكێی خستۆتە دڵی خەڵكەوە زیاتر ئەو بەسەرهاتەمان دێنێتەوە یاد كەلەسەرەتاكانی سەدەی پێشوودا ڕوویدا كاتێك كلكداری (هالی) بەلای زەویدا. خەڵك جۆرێك ترسێنران كە گوایە گازەكەی هالی هەیەتی دەگاتە سەر زەوی كە گازێكی كوشندەیەو مرۆڤـ توشی نەخۆشیو ژەهراوی بوونی دەكات بۆیە هەندێك لەوانەی بازرگانی بەچارەنووسی مرۆڤەوە دەكەن حەبێكیان خستە بازاڕەوە بەو بیانوەی كە مرۆڤـ لە مەترسی هالی دەپارێزێت، بەوەش پارەوسامانێكی زۆریان كۆكردەوە. بەڵام كاتێك هالی لە هەشتاكانی سەدەی پێشوودا دەركەوتەوە خەڵكی هوشیار تر بوونو بەم مەسەلەیە ئیسغلال نەكران.
ئەمڕۆش ئەو چیرۆكو فلیمو دیمەنانەی لەسەر ئەم مەسەلەیە بڵاودەكرێنەوەو سیناریۆی جۆراوجۆری بۆ دادەنرێت وەك سیناریۆكەی هالیەو لەلایەنی زانستەوە، ئەم كارە لەلایەن زانایانو مەڵبەندە زانستیەكانی ئەمریكاو بەریتانیاوە ڕەتكراوەتەوەو پێناچێت تەنێكی گەورەی وا بەو جۆرە(یان هەرشتێكی تر) بكیشێت لە زەوی دا لەم مێژووەدا یان زەوی بكەوێتەوە بواری هێزی كێشكردنی ئەو تەنەوە.