لە نێوان دوو بەشدا [فلْيَنظُرِالْإِنسَانُ مِمَّ خُلِقَ, خُلِقَ مِن مَّاء دَافِقٍ, يَخْرُجُ مِن بَيْنِ الصُّلْبِ وَالتَّرَائِبِ]
لە نێوان دوو بەشدا
د.كاوە فەرەج سەعدون
خوای پەروەردگار دەفەرموێت: [فلْيَنظُرِالْإِنسَانُ مِمَّ خُلِقَ, خُلِقَ مِن مَّاء دَافِقٍ, يَخْرُجُ مِن بَيْنِ الصُّلْبِ وَالتَّرَائِبِ] (الطارق 5-7), واتە: كەواتە با ئادەمیزاد تەماشا بكات و سەرنج بدات كە لە چی دروستكراوە؟! دروستكراوە لە ئاوێكی هەڵقوڵاو و دەرپەڕیو (كە مەنی پیاو و هێلكۆكەی ئافرەتە, هەردووكیان هەڵدەقوڵێن بۆ پێكهێنانی ئادەمیزاد بە وویستی خوا), لەنێوان بڕبڕەكانی پشت و ئێسكەكانی سینەدا دەردەچێت, (التَّرَائِبِ) لە زمانی عەرەبیدا بە شتێكی تەخت دەووترێت وەك زەوی تەخت, لە فەرهەنگی (لسان العرب)دا هاتووە: (ورَجلٌ تَڕبٌ: لازق بالتراب (ما تستوی حاله مع التراب)), كە مەبەست پێی لە ئایەتەكەدا ئێسكەكانی قەفەسی سنگە (پەراسووەكان), هەر لە فەرهەنگی (لسان العرب)دا هاتووە: (الترائب عظام الصدر: ما بين الترقوة الى الثندوة), دەربارەی (الصُّلْبِ) لە زمانی عەرەبیدا بە مانای بڕبڕەی پشت دێت, لە فەرهەنگی (لسان العرب)دا هاتووە: (الصُّلب: عَظْم من لدن الكاهل الى العجب), لەبارەی واتای ئەم ئایەتە پیرۆزەوە (كە دەفەرموێت: لە نێوان بڕبڕەی پشت و قەفەسی سنگ دەردەچێت) زانایانی راڤە دوو ڕایان هەیە, هەندێكیان دەڵێن كە ئەو شتەی لەم نێوانەوە دەردەچێت مەبەست پێی مرۆڤە بە گشتی كە لە نێوان (الصلب والترائب)دا دروست دەبێت, هەندێكی تریان دەڵێن كە مەبەستی ئەو ئاوەیە كە مرۆڤی لێوە دروست دەبێت, بەم پێیە لەم ئایەتە پیرۆزەدا موعجیزەیەكی تر هەیە كە دەفەرموێت: مرۆڤ لە بەشێك ئاوی دەرپەڕیوەوە دروست دەبێت كە ئەم ئاوە لە چەند ئەندامێكەوە دەردەچێت, و ئەم ئەندامانە سەرەتا لە نێوان بڕبڕەی پشت و پەراسووەكان (الصلب و الترائب)دا دروست دەبن.
وەك ئاماژەمان پێدا لە فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبیدا (الصلب) بە مانای بڕبڕەی پشت(العمود الفقری) دێت, و (الترائب) واتە: ئێسكەكانی پێشەوەی سنگی مرۆڤ واتە پەراسووەكان.
كەواتە ئەوەی تێدەگەین لە ئایەتە پیرۆزەكەوە وەك ئیعجازێكی نوێ و تەحەددایەك ئەوەیە كە دەفەرموێت كۆئەندامی زاووزێی پیاو و ئافرەت سەرەتا لە كۆرپەلەدا لە نێوان بڕبڕەی پشت و ئێسكەكانی سنگدا دروست دەبن لە پشتدا, زانستی ئەمڕۆ دۆزیویەتەوە كە لە كۆرپەلەدا ئەو خانانەی هێلكەدانەكان لەئافرەتدا و گون لەپیاودا دروست دەكەن لەگەڵا ئەو خانانەی كە گورچیلەكان دروست دەكەن لە داهاتوودا سەرەتا لە ناوچەی چینی ناوەڕاست (Mesoderm)وە لە كۆرپەلەدا جیا دەبنەوە و دروست دەبن, كە دەكەونە نێوان چینی سەرەوە یان دەرەوە (Ectoderm) كە ئەمەیان بڕبڕەی پشت و دەمارە پەتك دروست دەكات لە داهاتوودا, و چینی خوارەوە یان ناوەوە (Endoderm) كە لە داهاتوودا ئێسكەكانی قەفەزی سنگ (پەراسووەكان) دروست دەكات, ئەم چینە (چینی ناوەڕاست) تەنێكی لێوە دروست دەبێت كە پێكهێنەری گورچیلەكان و گونەكان یان هێلكەدانەكان دەبێت و دەكەوێتە ئەملاولای بڕبڕەی پشتی سەرەتایییەوە, لەگەڵ بەرەو پێش چوونی دروست بوونی كۆرپەلەدا ئەندامەكانی زاووزێی مرۆڤ (هێلكەدانەكان لە ئافرەتدا و گونەكان لەپیاودا) كە وەك ووتمان سەرەتا لەگەڵا گورچیلەكانن لە نزیكی پشتی مرۆڤدا, و پاشان دێنەخوارەوە بۆ شوێنی ئاسایی خۆیان.
ئەوەی ئەم راستییەمان بۆ دەسەلمێنێت ئەوەیە كە هێلكەدانەكان و گونەكان و گورچیلەكانیش راستەوخۆ لە لایەن خوێنبەری گەورە یان شاخوێنبەرەوە (Aortic Artery) خوێنیان بۆ دەچێت لە شوێنێكی نێوان هەردوو گورچیلەكانەوە, هەروەها لەلایەن دەماری دەیەمی سنگ (كە لە دڕكە پەتكی پشتەوە لە نێوان بڕبڕەی دەیەم و یانزەیەمەوە دەردەچێت) لە مێشكەوە دەماریان بۆ دەچێت, كە هەموو ئەم دەمار و خوێنبەرانە لەناوچەی ناوەڕاست لەنێوان بڕبڕەی پشت و قەفەزی سنگدا شوێنی خۆیان وەردەگرن (بڕوانە وێنەی 1).
لە ئایەتێكی تریشدا ئاماژەیەك بۆ ئەم راستییە هاتووە كە خوای گەورە دەفــەرمــوێت: [وَإِذْ أَخَذَ رَبُّكَ مِن بَنِي آدَمَ مِن ظُهُورِهِمْ ذُرِّيَّتَهُمْ وَأَشْهَدَهُمْ عَلَى أَنفُسِهِمْ أَلَسْتَ بِرَبِّكُمْ قَالُواْ بَلَى شَهِدْنَا أَن تَقُولُواْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّا كُنَّا عَنْ هَذَا غَافِلِينَ] (اڵاعراف:172). واتە: پەروەردگار پێشتر پێش دروست كردنی مرۆڤەكان لەپشتی باوكیان (واتە پێش دروست بوونی مرۆڤەكان بەگشتی كە پاشان لەپشتی باوك و دایكەوە دروست دەبن) پەیمانی لێوەرگرتن كە دان بەوەدا بنێن كە (الله) پەروەردگاریانە, ئەوانیش بەگشتی ووتیان بەڵێ پەیمان و شایەتی دەدەین…. كە وابزانم ئاماژەیەكی روونی تێدایە بۆ ئەوەی لەپشتەوە بنچینەی مرۆڤ و خانەكانی زاووزێیەتی.
هەروەها لە فەرموودەیەكی پێغەمبەریشدا (صلى الله عليه وسلم) ئاماژە بۆ ئەمە كراوە: [عَنْ عَائِشَةَ أُمِّ الْمُؤْمِنِينَ (رضِيَ الله عنها) قَالَتْ: دُعِىَ رَسُولُ اللَّهِ (صلى الله عليه وسلم) إِلَى جَنَازَةِ صَبِىٍّ مِنَ الأَنْصَارِ, فَقُلْتُ: يَا رَسُولَ اللَّهِ طُوبَى لِهَذَا عُصْفُورٌ مِنْ عَصَافِيرِ الْجَنَّةِ لَمْ يَعْمَلِ السُّوءَ وَلَمْ يُدْرِكْهُ, قَالَ: « أَوَغَيْرَ ذَلِكَ يَا عَائِشَةُ! إِنَّ اللَّهَ خَلَقَ لِلْجَنَّةِ أَهْلاً خَلَقَهُمْ لَهَا وَهُمْ فِى أَصْلاَبِ آبَائِهِمْ ] رواه مسلم, واتە: عائیشەی دایكی ئیمانداران دەڵێت: (پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگكرا بۆ ناشتنی منداڵێكی پشتیوانان, منیش ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا خۆش بەختی بۆ ئەم منداڵە كە چۆلەكەیەكی بەهەشتە, نە خراپەی كردووە و نە خراپەی دیوە, ئەویش فەرمووی: هەر ئەوەیە ئەی عائیشە, خوای گەورە بڕیاری داوە كە كێ خەڵكی بەهەشتە بۆ هەموو كەسێك هەر لەو كاتەی كە لە پشتی باوكیاندان.
كەواتە لە كۆتاییدا دەگەینە راڤەی دروستی ئایەتە پیرۆزەكە كە مەبەست پێی ئەوەیە: بنچینەی مرۆڤ لە شوێنێكەوە دەردەچێت كە دەكەوێتە نێوان بڕبڕەی پشت و پەراسووەكانەوە, و دوایی لەرێی ئاوێكی دەرپەڕیوەوە كە لە گونەكان و هێلكەدانەكانەوە دەردەپەڕێت دروست دەبێت.
بەڕاستی ئاماژەیەكی سەرسوڕهێنەر و پڕ لە ئیعجازە, چونكە كێ لەو سەردەمەی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بە خەیاڵیشیدا ئەم شتانە دەهاتن, بەم شێوەیە راستییە زانستییەكان و ئایەتەكانی قورئان یەك دەگرنەوە, كە هیچ سەیر نییە چونكە دروست كەری ئەم راستییانە هەرئەوە كە قورئانی پیرۆزیشی بۆ ناردووین بە پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم): [أَلَا يَعْلَمُ مَنْ خَلَقَ وَهُوَ اللَّطِيفُ الْخَبِيرُ] (الملك:14).
لێكدانەوەیەكی نوێ بۆ ئایەتی (ێخْرُجُ مِن بَیْنِ الصُّلْبِ ۆالتَّرَائِبِ)
(د. داود سلمان السعدی) لە كتێبی (أسرار خلق الإنسان-العجائب فی الصلب الترائب)دا بۆچوونێكی تری هێناوە دەربارەی ئەم ئایەتە كە پێم بۆچوونێكی جوانە و دەتوانین زیادی بكەین بۆ بۆچوونەكانی پێشتر لەسەر مانای ئەم ئایەتە, (د. السعدی) دەڵێت:
زانایانی تەفسیری پێشین هەموویان وتوویانە كە (الصلب) مەبەست پێی چەند بڕبڕەیەكی پشتە و (الترائب) چەند پەراسوویەكی سنگە, دەڵێن كە ئەوەی لێرەوە دەردەچێت بریتییە لە ئاوە دەرپەڕیوەكە و ئەم دوو شوێنە سەرچاوەی ئاوەكەن؟! بەڵام زانستی نوێ ئەم تەفسیرە رەت دەداتەوە و شوێنی دەرچوونی ئاوی پیاو و ئافرەتی بۆ روون كردووینەتەوە, هەربۆیە (شێخ محمد مصطفی المراغی) لە تەفسیرەكەیدا دەڵێت: ئایەتی (الصلب والترائب) زۆرێك لە زانایان و موفەسیرانی سەرسام كردووە و چەندین لێكدانەوەیان بۆ كردووە (هەر كەسەو بەپێی زانیاری خۆی), كە زۆرێك لەو رایانە دوورە لە تێگەیشتنی راست و رایەكی دامەزراو.
(د. السعدی) بەردەوام دەبێت لە قسەكانیدا و دەڵێت: لە سەردەمی ئەمڕۆشماندا پزیشكە موسوڵمانە بەڕێزەكان زۆر هەوڵیانداوە بۆ راڤەكردنی ئایەتی (الصلب والترائب) بە پشت بەستن بە ڕاستییەكانی زانستی نوێ, ئەوەبوو زۆریان گەیشتنە ئەو ڕایەی كە ئەم دەرچوونی ئاوە لە (الصلب والترائب)ەوە مەبەست پێی لە كۆرپەلەدایە, كە سەلماوە لە كۆرپەلەدا سەرەتا ئەندامەكانی زاووزێ (گونەكان و هێلكەدانەكان) لە پشتدا و لە شوێنێكی نێوان بڕبڕەی پشت و پەراسووەكاندا دروست دەبن, هەروەها هەندێكی تریان بەوە راڤەیان كردووە كە مەبەستی ئایەتەكە بریتییە لە مرۆڤ بە گشتی كە كۆرپەلەكەی لە نێوان بڕبڕەی پشت و پەراسووەكاندا دێتە دەرەوە و لەدایك دەبێت (بڕوانە وێنەی 2).
من رام وایە كە ووشەكانی (الصلب والترائب) بە حەقیقی هاتوون و مەبەستی ئایەتەكە ئەوەیە كە سەرچاوەی مرۆڤ لە بەشێكی ئەم بڕبڕەی پشت و پەراسووانەوەیە, چونكە دەبینین خوای گەورە لە ئایەتێكی تردا ئەمەی تەئكید كردووە كە دەفەرموێت: [وَحَلاَئِلُ أَبْنَائِكُمُ الَّذِينَ مِنْ أَصْلاَبِكُمْ …] (النساء:23), واتە: لەسەرتان حەرام كراوە خێزانەكانی ئەو كوڕانەی كە لە پشتی خۆتانن… كە ئاماژەیەكی ئاشكرایە بۆ ئەوەی نەوەكانتان لە پشتتانەوە (صلب) دروست دەبن, ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نموونەی تر لە قورئاندا بۆمان دەردەكەوێت كە مانای (مِن بَیْنِ الصُّلْبِ ۆالتَّرَائِبِ) مەبەست پێی مانا حەرفییەكە نییە كە لە نێوان ئەو دووانەوە دەردەچێت بەڵكو مەبەست پێی ئەوەیە كە لەو دووانە پالفتە و پوختە دەكرێت.
ئەوەتا خوای گەورە لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: [وَإِنَّ لَكُمْ فِي الأَنْعَامِ لَعِبْرَةً نُّسْقِيكُم مِّمَّا فِي بُطُونِهِ مِن بَيْنِ فَرْثٍ وَدَمٍ لَّبَنًا خَالِصًا …] (النحل:66), واتە: بەڕاستی لە بوونی ماڵات و (زیندەوەرانی جۆراوجۆردا) پەند و ئامۆژگاری هەیە بۆتان و جێگەی سەرنج و تێڕامانە, لە نێوان گژوگیای هەرس كراو و خوێندا (واتە لە پوختەی ئەم دووانەوە) شیرێكی پاك و بێگەرد و خۆش و بەتام بەرهەم دەهێنین ….. كەواتە مەبەستی ئایەتەكە ئەوەیە كە لە پێكهێنەرەكانی خوێن و كۆئەندامی هەرسییەوە ئەم شیرە پوختە دەردەهێنرێت و پاڵفتە دەكرێت, نەك لە ناوچەیەكی نێوانیانەوە كە ئەمە مانایەكی راست نییە و زانستی سەلمێنراو رەتی دەكاتەوە, هەروەها لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: [أَأُنزِلَ عَلَيْهِ الذِّكْرُ مِن بَيْنِنَا ….] (ص:8), واتە: بێباوەڕان پێیان ناخۆش بوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەنێو ئەواندا هەڵبژێردراوە بۆ پێغەمبەرایەتی, نەك بە مانا حەرفییەكەی كە ئەوەیان پێناخۆش بێت كە لە شوێنێكی نێوان ئەواندا وەحی بۆ هاتبێت؟!
هەروەها لە فەرموودەی پێغەمبەریشدا (صلى الله عليه وسلم) نموونەمان هەیە كە پشگیری ئەوە بكات كە لە پوختەی پشتی مرۆڤەوە كۆرپەلەكەی دروست دەبێت, وەك ئەو فەرموودە بەناوبانگەی كە دەربارەی بێباوەڕانی مەككە كە ئازاریان دەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی: [بَل أَرْجُو أَن يُخْرِجَ اللهُ مِن أَصْلابِهِم مَن يَعْبُدُ اللهَ وَحْدَهُ لا يُشْرِك بِهِ شَيْئ] متفق علیه, واتە: من ئومێدم وەهایە كە لە پشتی ئەمانەوە خوای گەورە نەوەیەك دروست بكات و دەربهێنێت كە پەروەردگار ببپەرستن و هاوەڵی بۆ دانەنێن.
كەواتە پوختەی ئەم رایانە دەگەینە ئەوەی كە (الصلب والترائب) وەك سەرچاوەیەكی حەقیقی دیاری كراوە بۆ ئەو ئاوەی كە كۆرپەلەی مرۆڤی لێوە دروست دەبێت, و لە پوختەیەكی ئەم دووانەوەیە كە ئاوەكە دروست دەبێت, ئەمە رای زۆرێك لە موفەسیرە پێشینەكانە وەك لە (الحسن البصری)یەوە دەگێڕنەوە (كە القرطبی لە تەفسیرەكەیدا ئەم رایەی هێناوە) وتوویەتی: ئەم ئاوە لە پشت و پەراسووی پیاو و پشت و پەراسووی ئافرەتەوە دەردەچێت….. كە (اڵالوسی)یش لە تەفسیرەكەیدا هەمان رای هەیە.
لێرەدا تووشی كێشەیەكی تر دەبینەوە كە ئێمە ئەمڕۆ دەزانین و زانستی نوێ بۆی سەلماندووین كە ئاوی پیاو لە گونەكانەوە, و ئاوی ئافرەتیش لە هێلكەدانەكانەوە دروست دەبن, نەك ئەوەی لە (الصلب والترائب)ەوە دەربهێنرێن و پوختە بكرێن, كەواتە دەبێت هەردوو ووشەی (الصلب والترائب) وەك نموونە و نوێنەرێك (كِنایە) هێنرابێنەوە بۆ شتێكی گەورەتر كە هەموو مرۆڤ خۆیەتی, واتە لەبری لەشی ئادەمیزاد هەمووی.
ئەمەش رایەكە كە هەندێك لە زانایان و موفەسیران بە ووردبینی و دووربینی خۆیان پێی گەیشتوون, لەوانە (شێخ محمد عەبدە) لە (تەفسیری جزمی عمّ)دا دەڵێت: {(الصلب) وەك نموونە هێنراوەتەوە و مەبەست پێی پیاوە, و (الترائب)یش مەبەست پێی ئافرەتە} واتە هەموو مرۆڤەكەیە, هەروەها (شێخ حەسەنێن مەخلوف) لە تەفسیرەكەیدا (صفوە البیان لمعانی القران) دەڵێت: (الصلب والترائب) لەبری هەموو لەش بەكارهێنراوە, و دەرچوونی ئاوی دەرپەڕیو لەنێوان پشت و پەراسووی هەریەك لە ئافرەت و پیاو مەبەست پێی ئەوەیە كە ئەندامەكان و هێزەكانی لەشی هەردووكیان بەشداری دەكەن و هاوكاری دەكەن لە دروست كردنی ئەو ئاوەی كە سەرچاوەی زاووزێی مرۆڤە.
لەلایەكی ترەوە ئێمە ئێستا دەزانین كە نهێنی دروست بوونی مرۆڤ و شیفرەی پێكهاتنی لە ماددەی بۆماوەیی و جینەكانی سەر كرۆمۆسۆمەكاندایە, كەواتە دەتوانین بڵێین: كرۆمۆسۆمەكان تەعبیر لە هەموو لەشی مرۆڤەكان (بە پیاو و ئافرەتەوە) دەكەن, و مەبەستی ئایەتە پیرۆزەكە لە (الصلب والترائب)دا بریتییە لە (كرۆمۆسۆمەكان), كەواتە مانای ئایەتەكە بەم جۆرەی لێدێت: مرۆڤ لە ئاوێكەوە دروست دەبێت (لە پیاو و ئافرەتدا) كە پوختە دەكرێت و دەردەهێنرێت لە كرۆمۆسۆمەكانییەوە (بڕوانە وێنەی: 3).
لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە: ئەگەر مەبەستی پەروەردگار لە (الصلب والترائب) ئەمە بووایە ئەی بۆ بە ئاشكرا ئەمەی نەفەرمووە خۆ پەروەرگار ئاگادار و زانایە بە هەموو شتێك؟! ئێمەش دەڵێین لە زەمانی هاتنە خوارەوەی قورئاندا ماددەی بۆماوەیی و كرۆمۆسۆمەكان بە هیچ شێوەیەك نەبیسترابوون و نەزانرابوون, و قورئان بە شێوەیەك هاتۆتە خوارەوە كە هەموو كەسێك لێی تێبگات, بۆیە هێنانی زاراوەی وەك (كرۆمۆسۆمەكان) شتێكی بەجێ نەبووە بۆ ئەو سەردەمە, و خەڵكی ئامادە نەبوون بۆ زانینی یاساكانی زاووزێ و بۆماوەزانی كە پاشان پەردە لەسەریان هەڵماڵرا.
نموونە لەسەر بەكارهێنانی (كنایە) لە قورئاندا زۆرە, ئەوەتا خوای گەورە هەر لە ئایەتەكانی كۆرپەلەزانیدا چەندین ناوی تری هێناوە بۆ ناساندنی قۆناغەكانی گەشە كردنی كۆرپەلە وەك (نطفە: كە بریتییە لە تنۆكێك ئاو كە وەسفی سەرەتای كۆرپەلەی پێكراوە, علقە: واتە پارچەیەك خوێنی هەڵواسراو و ناوی كرمێكیشە كە وەسفی قۆناغێكی تری پێكراوە, لە هەمووی دیارتر بریتییە لە ووشەی (مضغە) كە پێشتر لە زمانی عەرەبیدا نەزانراوە و بە مانای پارچەیەك گۆشتی جووراو دێت كە ئەمیش قۆناغێكی تایبەتی گەشەی كۆرپەلەی پێوەسف كراوە ….), دەتوانین بڵێین هەردوو ووشەی (الصلب والترائب)یش بەكارهێنراون بۆ ناونانی شتێك كە پێشتر نەزانراوە (واتە كرۆمۆسۆمەكان) و ناوی هاوشێوەی نەبووە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبیش لە مانای (الصلب)دا پشتگیریمان دەست دەكەوێت بۆ ئەم بۆچوونە, یەكێك لە خوێندنەوەكانی ووشەی (الصُّلْبْ) لە قورئاندا بریتییە لە (الصُّلُب) كە بریتییە لە خاچەكان كە كۆی (خاچ)ە یان هەر شتێك كە لە دوو هێڵی یەكتربڕی ئەستوون پێك بێت (†), كە ئەگەر بڕوانینە وێنە كرۆمۆسۆمەكان دەبینین بە تەواوەتی لە شێوەی (الصُّلُب)دان واتە لە دوو هێڵی یەكتربڕ پێكهاتوون (بڕوانە وێنەی 3), هەروەها ووشەی (الصُّلْب) لە زمانی عەرەبیدا مەبەست پێی بنچینە و بنەڕەتی شتێكە (اڵاصل واللب والجوهر), وەك عەرەب دەڵًێن (لندخل فی صلب الموضوع) واتە: بابچینە بنچ و بنەوانی بابەتەكەوە, بنچینە و بنج وبنەوانی مرۆڤیش لەناو كرۆمۆسۆمەكاندایە.
كەواتە بە كورتی رای (د. داود سلمان السعدی) ئەوەیە كە مەبەستی پەروەردگار لە ئایەتی (ێخْرُجُ مِن بَیْنِ الصُّلْبِ ۆالتَّرَائِبِ) ئەوەیە كە بنچینەی مرۆڤ لە پاڵفتەیەكی پشت و پەراسووەكانەوە دەردەچێت و مەبەست لە ووشەكانی (الصُّلْبِ ۆالتَّرَائِب) كە وەك (كنایە) بەكارهاتوون بریتییە لە كرۆمۆسۆمەكان, كەواتە ئەو ئاوەی كە دەردەچێت و بنچینەی مرۆڤە بە هۆی كرۆمۆسۆمەكانەوە دەرچووە.
كرۆمۆسۆمەكانیش بریتین لەو دروستكراوە سەمەرە و عەجیبانەی كە نهێنی دروست بوونی مرۆڤ و هەموو سیفاتەكانی تێدایە, و لە چەند یەكەیەكی بۆماوەیی پێكهاتوون كە پێیان دەووترێت جینەكان, و لە هەموو 46 كرۆمۆسۆمەكەی پێكهێنەری خانەكانی لەشدا نزیكەی 100 هەزار جین هەیە كە هەر یەكەیان تایبەتە بە سیفەتێك و ووردەكارییەكی لەش یان نەخۆشییەكی دیاری كراو, وەك ووتمان لە هەموو خانەیەكی لەشدا 46 كرۆمۆسۆم هەیە, زانایان دەڵێن ئەگەر بێتو پێچاوپێچی و لوول خواردنی ئەم كرۆمۆسۆمانەی هەموو خانەكانی لەش بكەینەوە و بیاندەین لەیەك, ئەوا درێژییەكەیان دەگاتە 6 × 1.000.000.000.000 مەتر, كە دەكاتە ماوەی 8.000 جار چوون و هاتن لە نێوان زەوی و مانگدا!!.
سەرچاوە: كتێبی (ئاماژەكانی كۆرپەلەزانی لە قورئان و سوننەتدا – نووسینی: د.كاوە فەرەج سەعدون).