You Are Here: Home » بابەتەكانمان » موعجیزەیەكی لە بیركراو …. خۆر (( و النهار اذا جلاها))

موعجیزەیەكی لە بیركراو …. خۆر (( و النهار اذا جلاها))

موعجیزەیەكی لە بیركراو …. خۆر

(( و النهار اذا جلاها))

 

 


ئەو ئایەتە پیرۆزەی سەرەوە باس لە نزیكترین ئەستێرە دەكات لێمانەوە، كە ئەویش خۆرە و خوای باڵادەست یەك سورەتی تەواوی بە ناوی ئەو ئەستێرەیەوە ناوناوە ، لە سەرەتای ئەو سورەتەدا سوێند بەو خۆرە دەخوات وبەو سوێندە سورەتەكە دەست پێدەكات و چوار جار ناوی دەهێنێت …ئەو خۆرەی كە سەرچاوەی گەرمی و ڕووناكی و ژیان و ژیارە لەسەر زەوی، هەر بۆیە خوای گەورە وا بە گرنگیەوە سوێندی پێدەخوات و باسی دەكات، وەك دەفەرمووێت :
{ وَالشَّمْسِ وَضُحَاهَا (1) وَالْقَمَرِ إِذَا تَلاَهَا (2) وَالنَّهَارِ إِذَا جَلَّاهَا (3) وَاللَّيْلِ إِذَا يَغْشَاهَا(4)}
[ سُورَەُ الشَّمْسِ : 1- 4 ] .پێش ئەوەی بچینە سەر مەبەستی ئایەتەكان و دەرخستنی ڕووی ئیعجازی زانستی تێیاندا حەز دەكەم كە خوێنەری خۆشەویست لەوە ئاگاداربكەم كە لەم بابەتەدا ووشەی (ڕۆژ ) لە بەرامبەر دوو ووشەی عەرەبی ( النهار و الیوم ) دا بەكار هێنراوە، بەڵام ووشەی ( خۆر ) لە بەرامبەر ( الشمس )ی عەرەبیدا بەكارهێنراوە.
مەبەست لەو ئایەتانە ئاگادار كردنەوەی مرۆڤەكانە لەو ئەستێرە نزیكەی لێیانەوە، كە سەرچاوەی ژیانیانە و هەر لەو ئەستێرەیەدا زۆر بە ڕوونی و ئاشكرایی بە دەیان و سەدان نیشانەی دەسەڵات و توانایی خوای بەدیهێنەری تێدا دەردەكەوێت، هەروەك ڕوونی و ئاشكرایی خۆر خۆی . هەر لەو سورەتەدا باس لەوە كراوە، كە خۆشبەختی و كامەرانی و سەرفرازی هەردوو دونیا، بەوە دەبێت كە بە دوای ئەو نیشانەو بەڵگانەدا بگەڕێین كە توانا و دەسەڵاتی خوا دەردەخەن، تا بگەینە ناسینی تەواوی ئەو بەدیهێنەرە و ئینجا پەرستنی بە مانای تەواوی پەرستن و ئامادەبوون بۆ ڕۆژی دوایی ،و بەدبەختی و چارەڕەشی لەوەدایە كە خۆ گێل بكرێت لەو بەدیهێنەرە بە دەسەڵاتە ،ئەوانە تەوەری ئەو سورەتەن.


پێویستە بزانین كە سەرەتا لە مانای هەردوو ووشەی ( النهار ) و ( جلاها ) لە ڕوی زمانەوانیەوە تێبگەین، ( النهار ) واتە ڕۆژ كە پێچەوانەكەی شەوە و لە ڕووی زمانەوانیەوە نیوەی ڕۆژێكی تەواوە كە تیایدا خۆر بە ئاسمانەوە دەبێت و هەر لە خۆرهەڵاتنەوە ( كازیوە ) دەست پێدەكات تا خۆرئاوابوون و، لە ڕووی شەرعیشەوە ڕۆژ لە گزنگەوە ( الفجر ) دەست پێدەكات تا خۆرئاوابوون ، هەروەها ووشەی ( النهار ) وەك ووشەی تر لە زمانی عەرەبیدا كۆناكرێنەوە هەروەك هەندێك ووشەی دیكە بە هەمان شێوە ئەوانیش كۆناكرێنەوە وەك( العذاب ، السراب )، هەرچەندە كەمێك دەڵێن كە ووشەكە كۆدەكرێتەوە بەڵام ئەوانە زۆر كەمن. دەوترێت ( أنْهَرَ) كردارە و بە مانای ڕۆژی كردەوە و (أنْهَرَ ) بۆ ئاو بەمانای ئاوەكە ڕۆیشت و(النَهَر) بە مانای ڕووبار دێت كە كۆی وشەكە بریتیە لە ( اڵانهار ) .خوای باڵا دەست دەفەرموێت :
(إِنَّ الْمُتَّقِینَ فِی جَنَّاتٍ ۆنَهَرٍ )( القمر 54 ) لێرەدا(َنَهَرٍ) بە مانای ڕووناكی و فراوانیش دێت .هەروەها لە زمانی عەرەبیدا ( جلا ، یجلو ، جلا‌ء ) بە مانای ئاشكراكردن یان دەرخستن دێت و ( الجلی ) دژی هەموو شتێكی شاراوەیە ، و دەوترێت ( جلا الخبر ) واتە هەواڵەكەی ئاشكرا و ڕوونكردەوە و ( الجلیە ) بە مانای هەواڵی تەواو ڕاستە و دەوترێــــــــت ( انجلی الهم ) بە مانای خەمی ڕەویەوە و یان ( جلا السیف ) بە مانای شیرەكەی تیژ كردەوە هەروەها دەوترێت ( جلا بصره بالكحل ) واتە چاوی بە كل ڕشت بۆیە هەندێك جار بە كل دەوترێت ( الجلا‌و ) ، ولەوانەیــــــــە ( التجلی ) بە خود (ذات ) بێت وەك دەفەرموێت ( والنهار اذا تجلی ) و یان بە فەرمان و كردار دەبێت وەك دەفەرموێت (….فَلَمَّا تَجَلَّى رَبُّهُ لِلْجَبَلِ جَعَلَهُ دَكّاً وَخَرَّ موسَى صَعِقاً فَلَمَّا أَفَاقَ قَالَ سُبْحَانَكَ تُبْتُ إِلَيْكَ وَأَنَاْ أَوَّلُ الْمُؤْمِنِينَ }اڵاعراف143…… یان دەوترێت ( جلا العروس )و یان ( یجلوها ، جلا‌ء ، اجتلاها ، جلوە ) كە هەمووی بە مانای سەیری كرد دێت.
و دەوترێت ( فلان ابن جلا ) واتە فڵان كەس كوڕی كەسێكی بە ناوبانگە ،هەروەها ( الجلا‌ء ) بە مانای ڕوونی و ئاشكرایی و بە مانای دەرچوون لە شارێكیش دێت .
ووتەی ڕاڤەكاران : لە ڕاڤەی ئایەتی ( و النهار اذا جلاها ) ئیبن كەسیر دەفەرمــــــــــــــــــــــوێت [ موجاهید دەڵێت ( انارها) واتە ڕووناكی كردەوە ] و قەتادە دەڵێت كاتێك ڕۆژ دایدەپۆشێت و هەندێكی تریان دەڵێن كاتێك خۆر تاریكی دەڕەوێنێتەوە و ئاشكرای دەكات و یان لە ڕاڤەی ( الجلالین ) دا هاتوە بەبەرزبوونەوەی خۆر دەردەكەوێت .هەروەها خاوەنــــی ( فی ظلال )دەفەرموێت [ خوا سوێند بە چێشتەنگاو دەخوات كە ئەویش هەموو ڕۆژ نیە بەڵكو بەشێكە لە ڕۆژ و ڕاناوی ( ها ) لە ئایەتەكەدا دەگەڕێتەوە بۆ خۆر بەڵام شێوازی گوتار و ئاخاوتن لە قورئاندا شێوازێكی نەرمە و زۆر جار شاراوەیە یانی وەك ئەوەی بیەوێت بڵێت ئەو خۆرە گرنگەی بەسەرتانەوەیە و ئێوە هەموو جوانی و سودەكانیتان لە بیرچۆتەوە بەهۆی زۆر بەردەوامی لە بەر چاوتاندا و ڕاهاتنی زۆری لەگەڵماندا وا من بیرتان دەخەمەوە كە ئەو خۆرە چەند گرنگ و گەورەیە ] ، هەروەها تەفسیرەكانی تری قورئان لە تەفسیری ئەو ئایەتەدا زۆربەیان دەڵێن كە ڕۆژ تاریكیەكە ڕووناك دەكاتەوە و نایهێڵێت . كورتەی گوتار ئەوەیە كە زۆربەی ڕاڤەكاران لە مانای ئەو ئایەتەدا دەگەڕێنەوە بۆ لای خوای بەدیهێنەر و دەڵێن ( والله اعلم ).
” النهار ” لە قورئاندا : ووشەی ” النهار ” لە بەرامبەر ” اللیل ” واتە شەو لە قورئانی پیرۆزدا 57 جار هاتوە كە لە 54 یاندا ووشەی ” النهار ” هاتوە و لە سیانیاندا بـــــــە ووشەی ” نهارا ” هاتوە ،هەروەها ووشەكانی وەك ( الصبح و الاصباح و بكرە و الفلق والچحی ) و لێوەرگیراوەكانی تری بە مانای النهار یان بەشێك لە النهار هاتوون و هەندێك جاریش ووشەی الیوم بە مانای النهار هاتوە بۆ نمونە :

{قَالَ مَوْعِدُكُمْ يَوْمُ الزِّينَةِ وَأَن يُحْشَرَ النَّاسُ ضُحًى }طه59

{يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا نُودِي لِلصَّلَاةِ مِن يَوْمِ الْجُمُعَةِ فَاسْعَوْا إِلَى ذِكْرِ اللَّهِ وَذَرُوا الْبَيْعَ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ }الجمعة9 ، {فَعَقَرُوهَا فَقَالَ تَمَتَّعُواْ فِي دَارِكُمْ ثَلاَثَةَ أَيَّامٍ ذَلِكَ وَعْدٌ غَيْرُ مَكْذُوبٍ }هود65 ، {وَجَعَلْنَا بَيْنَهُمْ وَبَيْنَ الْقُرَى الَّتِي بَارَكْنَا فِيهَا قُرًى ظَاهِرَةً وَقَدَّرْنَا فِيهَا السَّيْرَ سِيرُوا فِيهَا لَيَالِيَ وَأَيَّاماً آمِنِينَ }سبأ18 ، {وَأَقِمِ الصَّلاَةَ طَرَفَيِ النَّهَارِ وَزُلَفاً مِّنَ اللَّيْلِ إِنَّ الْحَسَنَاتِ يُذْهِبْنَ السَّـيِّئَاتِ ذَلِكَ ذِكْرَى لِلذَّاكِرِينَ }هود114 ….زؤر ئايةتى ديكة .

ئایەتەكان لە ڕووی زانستیەوە : لە چوار ئایەتی یەكەمی سورەتی الشمس دا خوای گەورە دەفەرموێت : { وَالشَّمْسِ وَضُحَاهَا (1) وَالْقَمَرِ إِذَا تَلاَهَا (2) وَالنَّهَارِ إِذَا جَلَّاهَا (3) وَاللَّيْلِ إِذَا يَغْشَاهَا(4) } [ سُورَەُ الشَّمْسِ : 1- 4 ] ،لەو ئایەتانەدا ڕاناوی ( ها ) بۆ خۆر ( الشمس ) دەگەڕێتەوە ،و یان لە هەندێك لە ڕاڤەكاندا ئەو ڕاناوە دەگێڕنەوە بۆ تاریكی ( الظلمە ) یان زەوی ، بە هەرحاڵ لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە چۆن النهار (ڕۆژ ) خۆر وەدەر دەخات ؟!

لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی ڕابوردوودا چالاكی گەشتە فەزاییەكان دەسنیپێكرد و ئەو زانایانە تووشی شۆك بوون كاتێك بینیان كە بەشی زۆری گەردوون بە تاریكاییەكی زۆر توند و نونەك داپۆشراوە و چینی ڕۆژی ڕووناك وەك پشتێنەیەكی زۆر تەنك دەردەكەوێت كە ئەستووریەكی لە 200كم لە سەر ڕووی دەریاوە تێپەڕ ناكات و نیوەی گۆی زەوی دادەپۆشێت و لە سەر گۆی زەوی سوڕ دەخوات بە تێكڕایی خێرایی سوڕانەوەی گۆی زەوی بە دەوری تەوەڕەكەیدا ،هەر بە تێپەڕبوون لەو چینەی تەنكەی ڕووناكی ڕۆژ خۆر خۆی وەك پەپكەیەكی شینی تاریك لە سەر لەوحێكی ڕەش دەردەكەوێت !!! بە هەمان شێوەش شوینی ئەستێرەكان بە پنتی شینی ڕەشباو لە سەر ئەو لەوحە ڕەشە دەردەكەون كە زۆر بە زەحمەت دەبینرێن ، و تا لە سەر ڕووی زەوی بەرز بینەوە ئەوا ئەستووری بەرگە هەوای دەوری زەویكەم دەكات و لەویشەوە پەستانی هەواش كەم دەكات !!جێگای خۆیەتی كە لێكۆڵینەوەی ووردی زانستی بكرێت لەو دیاردە سەرسوڕێنەرە ی كە قورئان پێش 1430 ساڵ لەمەوبەرەوە ئاماژەی زۆر ووردی بۆ كردووە.
خوێنەری بەڕێز بە ووردی سەرنجی ئەم ئایەتانە بدە :
{وَلَوْ فَتَحْنَا عَلَيْهِم بَاباً مِّنَ السَّمَاءِ فَظَلُّواْ فِيهِ يَعْرُجُونَ .لَقَالُواْ إِنَّمَا سُكِّرَتْ أَبْصَارُنَا بَلْ نَحْنُ قَوْمٌ مَّسْحُورُونَ }الحجر14-15 ، يان {وَآيَةٌ لَّهُمْ اللَّيْلُ نَسْلَخُ مِنْهُ النَّهَارَ فَإِذَا هُم مُّظْلِمُونَ }يس37 ، ويان {وَأَغْطَشَ لَيْلَهَا وَأَخْرَجَ ضُحَاهَا }النازعات29


لە لێكدانەوەی ئەوەی كە بۆچی بەشی زۆری گەردوون تاریكیە و تەنها چینێكی كەمی رووناكی نیوە بەرامبەرەكەی خۆر لە زەوی ڕووندەكاتەوە دەركەوتوە كە بەشی زۆری ڕووناكی خۆر نەبینراون و بەشەكەمە بینراوەكەی ڕووناكی خۆریش نابینرێن تا بەر ئەو تەن و تەنۆلكانە و گەردانە نەكەون كە چینەكانی خوارەوەی بەرگە هەوای زەوییان گرتۆتەوە لە تەپو تۆز و گەردی هەوا و دڵۆپەكانی ئاو و هەڵمی ئاو ، و لەبەر ئەوەی تا لە ڕووی زەویەوە بەرز بینەوە ئەستووری ئەو بەرگە هەوایە كەم دەكات لەویشەوە ئەو تەن و تەنۆلكانەی ڕووناكی بینراوی خۆر پەرت دەكەنەوە كەم دەبنەوە بۆیە تاریكایش لەو بەشانەی دەرەوەی زەوی زیاد دەكات و گەردوون تاریكاییەكی توند دایدەپۆشێت و خۆر وەك پنتێكی شینی ڕەشباو لە سەر تەختی ڕەشی شانۆی گەردوون دەردەكەوێت و هەروەهاش بۆ هەموو ئەستێرەكنی تر !ئەوەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە پەستانی هەوا لە سەروو چەند سەد كیلۆمەترێك لە ڕووی زەویەوە بە بڕی هێجگار زۆر كەم دەكات بە ڕادەیەك كە گەردەكانی هەوا لەو بەرزاییە زۆرانەدا شیببنەوە بۆ ئایۆن و گەردیلەكانیان بەهۆی تیشكی گەردوونی كە تا ئێستا سەرچاوەكەی بە تەواوی نەزانراوە بەڵام بڕوا وایە كە لە خۆر و ئەستێرەكانی دیكەوە بێت ، لەو بەرزاییە زۆرانەدا نەمانی گازە قورسەكانی وەك ئۆكسیجین و نایترۆجین و كاربۆن و زیادبوونی ڕێژەی گازە سوكەكانی وەك هایدرۆجین و هیلیۆم هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە هەندێك بەشی ئەو بەرگە هەواییە كە هەندێك جار پلەی گەرمی دەگاتە 2000 پلەی سیلیزی لە ناوچەی ناسراو بە پشتێنەی گەرمی یان دەرەوەی بەرگە هەوای زەوی ، لەبەر ئەوانە لەو ناوچانەدا هیچ تەن و تەنۆلكە و گەردی وا نین كە بەشە بینراوەكەی تیشكی ڕووناكی خۆر واتە شەبەنگی خۆر پەرش بكەنەوە و ببینرێن بەڵام ئەو دیاردەیە لە سەر ڕووی زەوی و تا بەرزی 200 كیلۆمەترێك بە ڕوونی هەستی پێدەكرێت و ئەو هەموو ڕووناكی و ڕەنگە قەشەنگانە دەبینرێن وەك ڕەنگی جوانی شینی ئاسمان و سوری ئاسۆ و ڕەنگی سەوز و سەوزی شینباوی دەریا و دەریاچەكان و هەمەرەنگی هەورەكان و هەموو ئەو ڕەنگاڵە جوانانەی كە لە شیتەڵ بوونی ڕووناكی سپی بۆ حەوت ڕەنگەكەیەوە بە دەست دێن .ئەو هەموو جوانی و قەشەنگیە بەهۆی ئەو ڕۆژیەوە دەبێت كە دەورەی نیوە بەرامبەرەكەی خۆری داوە واتە ئەو پشتێنە ڕۆژیە نەبوایە ئێمە خۆرمان نەدەدی لە سەر ڕووی زەویەوە نەك بە پێچەوانەوە وەك زۆربەی خەڵك بۆی دەچن !!
ئەگەر ئەو پشتێنە ڕۆژیەی نیوە بەرامبەرەكەی خۆر لە زەوی بە خۆی و پشتێنە گازیەكەیەوە ئەگەر ئەوانە نەبوونایە ئەوا ئێمەی مرۆڤ خۆرمان نەدەدی ئەمەش ڕاستیەكی زانستیەو تازە سەلمێندراوە .واتە زۆر تەواوە كە ئەو پشتێنە ڕۆژیەیە كە خۆر دەردەخات نەك خۆر خـــۆی ( والنهار اذا جلاها ) وەك پێشتریش باسكرا ئەو ڕاناوی ( ها ) یە دەگەڕێتەوە بۆ خۆر و مانای ئایەتەكەش ڕوونە كە خوای گەورە سوێند بەو پشتێنە ڕۆژیە دەخوات كە خۆر بە ئاشكرا و ڕوون دەردەخات .واتە ئەو پشتێنە ڕۆژیە بۆ خۆی هۆكاری بینینە واتە ( مبصر ) كە ئەوەش لە چەند ئایەتێكی دیكەدا جەختی لە سەر كراوەتەوە وەك دەفەرموێت :
{أَلَمْ يَرَوْا أَنَّا جَعَلْنَا اللَّيْلَ لِيَسْكُنُوا فِيهِ وَالنَّهَارَ مُبْصِراً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ }النمل86 ، يان ( والليل اذا يغشى . والنهار اذا تجلى) الليل 1-2 ویان باس لەوە دەكات كە كازێوە خۆیەتی كە ڕووناك دەكاتەوە ( اسفر ) وەك دەفەرموێێت:(والليل اذ ادبر . والصبح اذا اسفر ) المدثر 33 .

تیشكی خۆر :

لەو ئامێرانەی مرۆڤ بەكاریاندێنێ‌، چ بۆ گەرم كردن بێت ، وەیان بۆ رووناكیدان بێت ، وەكو زۆپا و هیتەرو گڵۆپ، ئەم ئامێرانە سەرەرای ئەوەی كە گەرمی و رووناكییەكانیان كەم و سنووردارن لەگەڵ ئەوەشدا و لە هەمووی ناخۆش تر، ئەو ووزەیە كە ئەو ئامێرانەی پێ‌ كاردەكەن، زۆپا پڕ دەكرێت لە نەوت ئینجا دەكرێت چەند سەعاتێك گەرمیمان بداتێ‌ نەوتیش گرانە و بەگران دەست دەكەوێت خۆ كارەباش بۆخۆی كێشەیەكی گەورەی ووزەیە لە جیهاندا و هەموو دەزانین چەند بە زەحمەت دەستدەكەوێت .
بەڵام خۆر ، زۆپای خوایی و گڵۆپی هەزاری سەر رووی زەوییە ، ئەوەتا بە درێژایی تەمەنی كە لە (5 ملیار ) ساڵ تێ‌ دەپەرێت ، گەرمی و روونكیمان پێ‌ دەبەخشێت ، بێ‌ ئەوەی پێویستی نە بە نەوت نە بە كارەبا و نە بەهیچ جۆرە ووزەو سوتەمەنییەكی دی هەبێت ! ئەو خۆرە جوانە كە تەنها لە یەك چركەدا ئەوەندە ووزە دەدات بە ئەندازەی هەموو ئەو ووزەیەی كە مرۆڤ بەكاری هێناوە هەر لە سەرەتای دروست بوونی شارستانیەتەكانەوە تا ئێستــــــــــــــا ( سبحان اللە ) تەنها لە یەك چركەدا !! وە لە ماوەی چەند ڕۆژێك دا خۆر ئەوەندە گەرمی و رووناكی دەبەخشێت بە زەوی بە ئەندازەی هەموو نەوت و دارو خەڵوزی سەر ڕووی زەوی كەچی لەگەڵ ئەوانەشدا ئەو ووزەیەی كە زەوی وەریدەگرێت لە خۆرەوە تەنها ( نیو بەشە ) لە ملیۆنێك بەشی ووزەی خۆر خۆی !!! سەرچاوەی سەرەكی ئەو ووزەیە لە بن هاتووەی خۆر ، كارلێكی ناوكییە كە لە ناو كرۆكی خۆردا ڕوودەدات و پیكهاتەی خۆر بریتیە لە ملیۆنەها تەن هیلۆم و هایدرۆجین و ناوكی قورس ، پێكهاتەی خۆر (70%ی هایدرۆجین ، 28% ی هیلۆم ، 2%ی ناوكی قورس ) ، وە لە هەر ساتێك (لحظە ) دا (600) ملیۆن تەن هایدرۆجین دەگۆڕرێت بۆ (595) ملیۆن تەن لە هیلیۆم ، وە تەنها ئەو (5) ملیۆن تەنەیە كە دەبێتە گەرمی و رووناكی تیشكەكانی تر ، بۆیە بە خۆر دەوترێ‌ فڕنێكی ناوكی گەورە كە زاناكان وا بۆی دەچن كە مرۆڤ ئەگەر بیتوانیایە خۆرێكی بچووكی وەك خۆرەكەی خۆمانی دروست بكردایە لە سەر زەوی ئەوە ئیتر سەرچاوەیەكی لە بن نەهاتووی ووزەكان بەدەست دەهێنرا ، كە بۆ ماوەیەكی زۆر زۆر دەمایەوە و ووزەی دەدا .


لە ئەنجامی كرداری یەكبوونی ناووكیەوە ووزە بەرهەم دێت لە خۆردا ،هەموو چوار گەردیلەیەكی هایدرۆجین یەكدەگرن بۆ پێكهێنانی یەك گەردیلەی هیلیۆم ،بارستایی یەك گەردیلەی هایدرۆجین دەكاتە 0078ر1 یەكەی گەردیلەیی واتە بارستایی چوار گەردیلە لە هایدرۆجن دەكاتە 0312ر4 یەكەی گەردیلەیی و بارستایی یەك گەردیلەی هیلیۆمیش دەكاتە 003ر4 یەكەی گەردیلەیی واتە جیاوازی نێوان بارستایی یەك گەردیلەی هیلیۆم و چوارگەردیلەی یەكبووی هایدرۆجین دەكاتە 0282ر0 یەكەی گەردیلەیی و ئەو جیاوازیەش بە شێوەی ووزەی گەرمی و ڕووناكی دەردەچن ! ئەو ووزەیەش بە شێوەی شەپۆلی كارۆموگناتیسی دەردەكەون و ئەو شەپۆلانەش پێكدێن لە دوو بواری كارەبایی و موگناتیسی گۆڕاو و لە زنجیرەیەك شەپۆلی جیاجیا پێكدێن كە بە هەموویان دەوترێت شەبەنگی كارۆموگناتیسی كە جیاوازن لە یەكتری لە درێژی شەپۆل و لەرەلەر بەڵام هەموویان بە خێرایی ڕووناكی دەڕۆن لە بۆشاییدا كە دەكاتە 300000كم\چ ، شەپۆلەكانیش لە شەپۆلی ڕادیۆییەوە دەست پێدەكەن كە درێژی شەپۆلەكەی دەگاتە چەند كیلۆمەترێت و بە شەپۆلەكانی تیشكی گاما كۆتاییان دێت كە درێژی شەپۆلیان دەگاتە چەند بەشێك لە ملیۆن ملیۆن بەشی مەترێك !
بەڵام لە نێو شەبەنگی كارۆموگناتیسیدا ڕووناكی بینراو بەشێكی ئەو شەبەنگە دەگرێتەوە كە درێژی شەپۆلیان لە نێوان 400 تا 700 نانۆمەتردایە ( 1 نانۆ دەكاتە 10- 9 مەترە ) بەو ڕووناكیە بینراوەش دەوترێت شەبەنگی خۆر كە لە 7 ڕەنگ پێكدێت كە درێژترین شەپۆلیان رەنگی سورە و كورتترینیان بنەوشەییە .

هەموو شەپۆلەكانی شەبەنگی كارۆموگناتیسی هەمان سیفەتەكانی شەپۆلی ڕووناكی بینراویان هەیە وەك بەیەكداچوون و لادان و دانەوە و شكانەوە تەنها ئەوە نەبێت كە ئەوان نابینرێن ،هەموو ئەو كردارانە بەسەر شەپۆلەكانی كارۆموگناتیسیدا دێت بەڵام مرۆڤ نایانبینێت تا بەشە بینراوەكەی شەبەنگی كارۆموگناتیسی لەسەر گەرد و تەن و تەنۆلكەكاندا نەدرێنەوە و پەرش نەبنەوە كە ئەوانەش هەموو لە پشتێنەی ڕۆژی نیوە بەرامبەرەكەی گۆی زەوی بەخۆر وەك پێشتر باسكرا ڕوودەدات ، ئیتر لێرەوە ئیعجازی زانستی ئایەتی ( والنهار اذا جلاها ) دەردەكەوێت واتە ئەو پشتێنە ڕووناكیەیە كە خۆر دەردەخات نەك خۆر خۆی بێت وەك تا ماوەیەكی كەم پێش ئێستا دەزانرا و تەنها ئەو پشتێنەیەش لە هەموو گەردوونی بینراوا بینراوە ئەگینا هەموو گەردوون نوقمی تاریكاییەكی زۆر توندی نوتەكە . .

سەرچاوەكان /
1) بابەتێكی دكتۆر زغلول النجار لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت بە دەستكاریەوە .
2) گۆڤاری العلوم ژمارە 82 و88

ئم بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 16 ی گۆڤاری هه‌یڤ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top