تيشك ژماره ١٠
لە مانگی هەشتدا كۆمەڵەی گەردوونناسی جیهانی كۆنگرەی خۆی لە شاری (پراگ) بەست, ئەم كۆنگرەیە كە دوو هەزار و پێنج سەد گەردوونزان نوێنەرایەتی حەفتاوپێنج ووڵاتیان تیاكرد, ناونیشانێكی سەرەكی لەخۆ گرتبوو كە بریتی بوو لە سەرلەنوێ پێناسە كردنەوەی هەسارەكانی كۆمەڵەی خۆر.
بەپێی پێناسەی تازە هەسارە بەو تەنە گەردوونییە دەووترێت كە ئەستێرە نەبێ و بە دەوری ئەستێرەیەكدا بسووڕێتەوە, هەروەها نابێت پاشكۆ بێت و خولگەی سووڕانەوەكەشی نابێت خولگەی سووڕاندنەوەی هیچ هەسارەیەكی تر ببڕێت, و دەبێت خاوەنی قەوارەی خۆی بێت. لەم روانگەیەوە زانایان سێ پۆلێنیان دانا بۆ كۆمەڵەی خۆر, یەكەمیان هەسارە ئاسایییەكانە, كە دەیانزانین و بریتین لە هەسارەكانی: (عەتارد, زوهرە, زەوی, مەریخ, مشتەری, زوحەل, ئۆرانۆس, نیپتۆن).
ئەم هەشت هەسارەیە بەبێ هەسارەی (پلۆتۆ) لە پۆلێنی یەكەمدا ناونووس كران و هەسارەی (پلۆتۆ) لەبەر ئەوەی یەكێك لە مەرجەكانی پێناسەی تازەی تیانەبوو كە خولگەكەی خولگەی (نیپتۆن) دەبڕێ, وئەمەش نابێت بۆیە لە هەسارەكانی تر جیاكرایەوە و لە پۆلێنی دووەمدا دانرا كە بە هەسارە گرگنەكان (الكواكب القزمە) ناو دەبرێن, هەر لەم پۆلێنەی دووەمدا هەسارۆكەی (سێرس) كە یەكێكە لە هەزاران هەسارۆكەی نێوان مەریخ و مشتەری و بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە جێگیر كرا و سیفەتی هەسارەی وەرگرت, ئەمە سەرەڕای تەنێكی تری كۆمەڵەی خۆر بەناوی زینا (یو بی 313).
پۆلێنی سێهەمیش هەموو تەنەكانی تری كۆمەڵەی خۆر بە هەسارۆكە و پاشكۆ و ئەوانی ترەوەی لەخۆگرت, بەم جۆرە هەسارەی (پلۆتۆ) لە سیفەتی هەسارەیی ئاسایی داماڵرا كە دەیان ساڵە پێی ئاشناین, و سیفەتی هەسارەیش بە هەسارۆكەی (سێرس) بەخشرا, هەرچەندە ئەم هەسارۆكەیە لە سەدەی حەڤدەهەمدا بە هەسارە ناسرابوو بەڵام سیفەتی هەسارەیی لەدواییدا لێسەنرایەوە, تا كۆنگرەكە سەر لەنوێ بە هەسارە لە پۆلێنی دووەمدا سیفەتەكەی پێبەخشییەوە.
هەموو ئەمانە دەمانگەیەنێتە دەرئەنجامێكی گرنگ ئەویش ئەوەیە كە زانست بەتایبەت زانستی گەردوون لە گۆڕڕانی بەردەوامدایە, چونكە هێشتا زۆر لە سەرەتادایە و دەبێ زۆر لە لێكدانەوە زانستییەكانماندا ئاگادار بین كاتێك دیاردە گەردوونییەكان هەڵدەسەنگێنین, و دەشێت لێكدانەوە زانستییەكان (نەك ئیعجازە زانستییەكان) كەم و كورت بن, چونكە بەرهەمی عەقڵی مرۆڤە و قورئانی پیرۆزیش هەردەم هانی مرۆڤی داوە كە لە دۆزینەوە و پشكنیندا بەردەوام بێت, و لە پێكهاتەكانی ئەم گەردوونە بكۆڵێتەوە و بەهۆی عەقڵا و ئامێر و ئامڕازەكانەوە دیاردە نوێكان بدۆزێتەوە و فەرموودەكانی بەدیهێنەری ئەم گەردوونەش رێرۆشنكاری ئەم مەسەلەیەن:
[الَّذِينَ يَذْكُرُونَ اللّهَ قِيَامًا وَقُعُودًا وَعَلَىَ جُنُوبِهِمْ وَيَتَفَكَّرُونَ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضِ رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَذا بَاطِلاً سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ] (آل عمران: 191) ……
ئهم بابهته له ژماره ١٠ی گۆڤاری ههيڤ بڵاوكراوهتهوه