بەڵگەو نیشانەكان لە ژماردن نایەن
بەڵگەو نیشانەكان لە ژماردن نایەن
ئایەتەكانی خوای پەروەردگار لە بوونەوەرداو لەدروست بوونی مرۆڤ دا، شان بەشانی ئایەتەكانی قورئان، بەڵگەو نیشانەی لەژمارە نەهاتوون لەسەر گەورەییو زاناییو دەسەڵاتی خوای پەروەردگار . بۆیە قورئان لە ڕێی ئایەتەكانیەوە باسی ئایەتەكانی بوونەوەر دەكات، بەجۆرێك كە هەر مەگەر خوا بۆ خۆی بیزانێ …
دكتۆر مۆریس بۆ كای كە پسپۆڕێكی نەشتەرگەریی جیهانییە، كاتێ بینی پادشای وڵاتی سعودیە نوێژدەكات لای سەیر بوو، چۆن كەسێك بەو هەموو دەسەڵات و سامانەوە نوێژ دەكات و بڕوای بە ئاین هەیە …
ئنجا كە زانی لەقورئاندا باسی بوونەوەر كراوە، وتی زۆر چاكە، ئەگەر ئەم قورئانە مرۆڤ هەڵی بەستبێ ئەوە ئەو باسەی كە دەیكات ڕەنگدانەوەی رۆشنبیری ئەو زەمانەیەو، ئێستا بەراورد بكرێت دژایەتی تەواوی زانستی ئەم سەردەمەی تیادەبێت …بۆیە كەوتە دیراسەی قورئان و وتی ئەگەر ڕەنگدانەوەی زانستی ئەو زەمانە بوو ئەوا دەیكەم بە ( قنبلە ) یەكو دەیتەقێنمەوە بە ڕووی ئاینی ئیسلامدا، تاوەكو مەسیحیەت كە كڵێسە دژایەتی زانستی پێ دەكرد، لە كۆڵ خەڵك ببێتەوەو وازی لێ بهێنرێ …
پاش چەند ساڵ و وردبوونەوەو تاوتوێ كردن، سەرەنجام بۆی دەركەوت كە ئەوەی قورئان لەنزیكەی هەزار ئایەتدا باسی دەكات لە بارەی دروستكراوەكانی بوونەوەرەوە، زادەی بیری كەسێكی چواردە سەدە لەمەوبەر نیەو ڕەنگدانەوەی رۆشنبیری ئەو زەمانە نیەو تەنها ئەوەیە كە ( سروش ) ێكەو خوایەكی زانای باڵا دەست ناردویەتی بۆ ( محمد ) صلی الله عليه وسلم وە ئنجا موسڵمان بوو …
بەراستی ئەگەر مرۆڤ بەچاوێكی ئینصافەوەو دوور لە كەللە ڕەقی و دەمارگیری سەیری دروستكراوەكانی خوا بكات، سەرەنجام هەر بەرەو ئیمان هەنگاو دەنێت بۆ نمونە :
1 ــ ئەگەر سەیری مرۆڤ بكەین دەبینین دڵ و سیەكانی كە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی پارێزراوبن خوای گەورە قەفەسی سنگی بۆ داناوە …هەروەها مێشكیش لەناو كاسەی سەردا دانراوە تا لە پیاماڵین و بەركەوتن بیپارێزێ ئەمە بێجگە لەوەی كە بەسێ چین پەردە دەوردراوە، یەكەم پەردەپێی دەوترێت ( دایكە دڵ ڕەقە ) كە پەردەیەكی قایمەو بەهێزە، پاشان پەردەی دووەم كە بە مێشكەوە نووساوە پێی دەڵێن ( دایكە میهرەبان )، لەنێوان هەردوكیشیانا شانەیەكی ئیسفەنجی هەیە كە پڕە لەموولوولەی خوێن پێی دەوترێت ( جاڵجاڵۆكەیی )، لەناو پەردەكانیشدا شلیەك هەیە كە پێی دەڵێن شلەی پەردەكان ( السائل السائحی ) ئەمەش بۆ ئەوەیە كە مێشك پارێزراوبێو تووشی زیان نەبێتو، لە چركەیەكدا ملیۆنەها خانەی لەشی مرۆڤ دەمرنو هیتر دێنە جێگایان كەچی خانەكانی( دەماغ ) تا ئەو كەسە نەمرێ نامرنو دەمێننەوە تا كۆتایی ژیان، چونكە زانیاریان تیا هەڵدەگیرێت، ئەگەر بمرن ئەوا ئەوكەسە توشی لەبیرچوونەوەی زۆر زانیاری دەبێت …
2 ــ دار كونكەر باڵندەیەكە بەهەوڵ و كۆششێكی زۆر لەچوار ساڵ دا هێلانەیەك بۆ خۆی لەدرەختێكی بەرزی سەوزی زیندودا دروست دەكات …
دەنوكی ئەم باڵندەیە لەكۆتایییەكەیدا شلەیەك هەیە كە ئەو پیاماڵینە دەمژێو نایەڵێ دەنوك ماڵینەكەی بەدرەخت دا كاربكاتە سەر كاسەی سەریو زیان لەمێشكی بدات، دیارە ئەمەش حیكمەتی خوای گەورەی تیایە …
هەروەها زانایان بەدوای ئەوەداوێڵ بوون كە بۆچی ئەم باڵندەیە خۆی ماندو دەكات درەختی زیندووی سەوزی تەڕ كون دەكات كە گرانترو ناڕەحەت ترە، بۆچی درەختی وشك بوو كون ناكات كە ئاسانترە، لەئەنجامدا بۆیان دەركەوت كە كاتێ درەختی تەڕ كون دەكات ( كەتیرە) ی لێ دێتە دەرێو كاتێ مار سەردەكەوێ بەدرەختەكەدا تا خۆی و بێچوەكانی بخوات، ئەو كەتیرەیە بەر لەشی دەكەوێو ڕێی لێ دەگرێو دەكەوێتە خوارەوە ئەگەر بپرسین كێ ئەم عیلمەی فێری داركون كەر كردو ئەموانەیەی لەكوێ خوێندوە ؟
هیچوەڵامێك نیە مەگەر ئەوەی كە خوای زانای كار دروست فێری كردووەو بەرنامەی بۆ داناوە . ( حقائق في ضوء العلم الحديث /4 ) ( عبدالرحمان العصافی )
3 ــ ئەگەر سەیری جاڵجاڵۆكە بكەین، سەیر دەكەین كە زۆر بەوەستایانە، خانووەكەی دەچنێو حەوت جۆر دەزووی تیا بەكاردێنێ، ئەو دەزووە ئەستورییەكەی یەك لەسەر هەزار ملیمەترە، وە پێنج ئەوەندەی دەزوویەكی كانزایی بەهێزترە كە هەمان ئەستووری هەبێ، ئەو دەزووە دەتوانێ چوار ئەوەندەی خۆی بكشێو ناپچڕێ .
جاڵجاڵۆكە دڵۆپە ئاوێكی كەتیرەیی زۆر زۆر بچوك بە دەزوەكەوە دادەنێ بۆ ئەوەی نێچیرەكەی پێوە بنووسێو دەزوەكەش تەڕو بڕبێت و ( مرونە ) ی زیاتر بێت، وە ئەوەندەش بچوكە كە ئەگەر ( 300 ) جار گەورە بكرێ ئنجا دەبینرێ … ( حقائق في ضوء العلم الحديث( 5 ) )
4 ــ زەردەواڵەی وەحشی :
ئەم جۆرە زەردەواڵەیە دروستكراوێكی سەر سوڕهێنەرە، بۆ ئەوەی هێلكە بكات، دەگەڕێ بە دوای جۆرێك جاڵجاڵۆكەی گەورەدا كە پێی دەڵێن ( ترانتولا )، ئەم جاڵجاڵۆكەیە لە ( نفق ) ی تایبەتیدا ئەژی كەلەژێر زەویدا دروستی دەكات …جا بۆ ئەوەی زەردەواڵەكە بیدۆزێتەوە، خوای گەورە ئەندامی هەستیاری داوەتێ كە بەبۆن ئەو جاڵجاڵۆكەیە ئەدۆزێتەوە، جاری وا هەیە چەند سەعاتێك دەگەڕێو و چەند جار ئەندامە هەستیارەكەی پاك دەكاتەوە، تا هەست دەكات كەلەژێر ئەو شوێنەدا ئەو جاڵجاڵۆكەیە هەیە …ئنجا كە دۆزیەوە شەڕێكی قورس دەبێت و جاڵجاڵۆكە كە دەدات بەزەردەواڵەكەوەو ژەهر دەكاتە لەشیەوە، زەردەواڵەكەش دژە ژەهری تایبەت هەیە لەلەشیدا بۆیە ئەو پێوەدانە زیانی لێنادات . ئنجا زەردەواڵەكە ئەدات بەلای چەپی بەشی سەرەوەی سكی جاڵجاڵۆكەكەوە، لەبەرئەوەی كەلەهەموو شوێنێكی لەشی جاڵجاڵۆكەكە زیاتر هەستی تیایەو زیاتر پێوەدانەكە كاری تێدەكات، بەمەش جاڵجاڵۆكەكە توشی ( ئیفلیجی ) دەبێت و زەردەواڵە كەڕای دەكێشێ تا لەشوێنێكی گونجاودا چاڵێكی بۆ هەڵدەكەنێو پاشان سكی جاڵجاڵۆكەكە كون دەكاتو یەك هێلكەی خۆی تێدەكات …ئنجا پاش ماوەیەك هێلكە دەتروكێو لەشی جاڵجاڵۆكەكە دەخواتو گەورە دەبێت . ماوە بڵێین ئەم زەردەواڵەیە لەوەرزێكی زاوزێدا تەنها بیست هێلكە دەكاتو ئەبێ بۆ هەریەكەشیان جاڵجاڵۆكەیەكی ( ترانتولا ) پەیدا بكات …( فسبحان الخالق ) … ( حقائق في ضوء العلم الحديث ) ژمارە : ( 5 )
سەرچاوە:
http://www.angelfire.com/ex/bahar/7.htm#189