تيشك/ 9
زانایان لەو باوەڕەدان كە پێش چوار مـلیار و شەش سەد ملیۆن ساڵ كۆمەڵەی خۆر دروست بووە, بەهۆی چربوونەوەی هەورێكی ساردی گەردوونییەوە. ئەنجامی خولاندنەوەی زۆری ئەم هەورە پلەی گەرمی لە ناو كرۆكەكەیدا بەرزبۆتەوە و چەندین پارچەش لە ئەنجامی ئەم خولانەوەیە لەم هەورە جیابوونەتەوە و بەدووری جۆراوجۆر بەهۆی هێزی كێشكردنەوە لەو كاتەوە بەدەوری ئەم كرۆكەدا دەسوورێنەوە, ئەم كرۆكە كە ئێستا پلەی گەرمی چەقەكەی پانزە ملیۆن پلەی سەدییە و سەرچاوەی رووناكی و گەرمییە و پێ ی دەڵێین خۆر, و پارچەكانیشی بریتین لە هەسارەكان ویەك لەو هەسارانەش زەوییەكەی خۆمانە.
سەرەتا ئاووهەوای هەسارەكان وەك ئاووهەوای خۆر بووە و بریتی بوون لە گازی هایدرۆجین و هیلیۆم, بەڵام بە تێپەڕ بوونی كات ئەم گازانە بەهۆی پلەی گەرمی و هێزی كێشكردن لە هەسارەكان دەرباز بوون بەجۆرێك لە كەش و ئاووهەوای هەندێكیاندا بە تەواوی كەم بوونەتەوە.
گەر باسی زەوییەكەی خۆمان بكەین ئەویش وەك هەموو هەسارەكانی تر سارد بۆتەوە و گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هاتووە و رێژەی ئەم گازانەشی تیادا زۆر كەم بۆتەوە, پاشان بەهۆی كارلێكە كیمیایییەكان و گڕكانەكانەوە هەردوو گازی نایترۆجین و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن هاتوونەتە سەر زەوی و بەرگە هەوایان بە رێژەیەكی زۆر پێك هێناوە.
هەرچی ئۆقیانووسەكانیشە زانایان لەو باوەڕەدان كە پێش 3.5 ملیار ساڵ دروست بوون, و ڕووەكە سەوزەكانیش پێش 3.3 ملیار ساڵ دروست بوون, بەهۆی كرداری رۆشنە پێكهاتنیشەوە لە رووەكەكاندا گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن زۆر كەم بۆتەوە و گازی ئۆكسجین هاتۆتە بەرگەهەوا.
هەموو ئەمانەی باسكران لە دروست بوونی خۆر وەك سەرچاوەی ژیان لە ووزەی گەرمی و رووناكی, و دروست بوونی ئۆقیانووسەكان ورووەكەكان, و ئەوانەی تریش كە پەروەردگار دروستی كردوون لە خزمەت دروست كراوێكی تری پەروەردگاردایە كە ئێمەی مرۆڤین, و جێ ی خۆیەتی بە چاوی رێز و وەفاوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ژینگە رەخسێنراوەدا بكەین كە بۆ ئێمەی میوان ئامادەی كردووە:
[أَأَنتُمْ أَشَدُّ خَلْقًا أَمِ السَّمَاء بَنَاهَا {27} رَفَعَ سَمْكَهَا فَسَوَّاهَا {28} وَأَغْطَشَ لَيْلَهَا وَأَخْرَجَ ضُحَاهَا {29} وَالْأَرْضَ بَعْدَ ذَلِكَ دَحَاهَا {30} أَخْرَجَ مِنْهَا مَاءهَا وَمَرْعَاهَا {31} وَالْجِبَالَ أَرْسَاهَا {32} مَتَاعًا لَّكُمْ وَلِأَنْعَامِكُمْ {33}] النازعات
ئهم بابهته له ژماره ٩ ی گۆڤاری ههيڤ بڵاوكراوهتهوه