You Are Here: Home » بابەتەكانمان » رووناكی، سێبەر، تاریكی

رووناكی، سێبەر، تاریكی

رووناكی، سێبەر، تاریكی  

لەنێوان زانست و فەرموودەكانی پێغەمبەری خوادا (صلی الله عليه‌ وسلم)

– بەشی دووەم –

سێبەر

سەروەر حەسەن

هەندێك لەو فەرموودانەی تیایاندا ئاماژە بە سێبەر كراوە:

– پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: [خوای باڵادەست لە رۆژی قیامەتدا دەفەرموێت: كوان ئەوانەی كە یەكتریان لەبەر خاتری من خۆش دەویست؟ ئەمڕۆ من دەیانخەمە ژێر سێبەری خۆمەوە، لەرۆژێكدا كە هیچ سێبەرێك نییە بێجگە لە سێبەری من](1). (لێرەدا سێبەری خوا، مەبەست لە سۆزو میهرەبانییەتی).
– [پێغەمبەری خوا نوێژی نیوەڕۆی كرد كاتێك خۆر لە نیوەی ئاسمان لای دا، نوێژی عەسری كرد كاتێك سێبەری شتەكان هێندەی خۆیان بوون، و نوێژی ئێوارەی كرد كاتێك خۆر ئاوا بوو، و نوێژی خەوتنی كرد كاتێك زەردەپەڕ نەما و نوێژی بەیانی كرد تا خۆر هەڵهات. پاشان سبەینێ‌ هات و نوێژی نیوەڕۆی كرد كە سێبەری هەموو شتێك هێندەی خۆی بوو، و نوێژی عەسری كرد كە سێبەری هەموو شتێك دوو هێندەی خۆی بوو، نوێژی ئێوارەی كرد كاتێك خۆر دیارنەماو نوێژی خەوتنی كرد هەتا سێیەكی شەو و نوێژی بەیانی كرد هەتا خەریك بوو رۆژ هەڵبێت](2).
– پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: [نزمترین پایەی بەهەشتیەكان، پیاوێكە خوای گەورە ڕووی لە ئاگری دۆزەخ بەرەو بەهەشت وەرگێڕا، درەختێكی سێبەرداری پێشاندا، ئەو وتی: خوای گەورە پێشمخە بۆ ئەو درەختە با بچمە ژێر سێبەرەكەی…](3).
– لەفەرموودەیەكی تری پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم) دەربارەی دواهەمین كەس كە دەچێتە بەهەشتەوە، فەرموویەتی: [درەختێك پێشانی پیاوێك دەدرێت، ئەو دەڵێت: خوای گەورە! لەو درەختەم نزیك بخەرەوە، با لەژێر سێبەرەكەیدا بحەوێمەوەو لە ئاوەكەی بخۆمەوە. خوای گەورەو باڵادەست دەفەرموێت: ئەی نەوەی ئادەم! ئەگەر ئەوەت پێببەخشم داوای هیچی ترم لێناكەی؟ دەڵێت: نا ئەی پەروەردگار… پەیمان بەخوا دەدا كە داوای هیچی تری لێنەكات. خوای گەورە عوزرەكەی قبوڵ دەكات لەبەرئەوەی دەیبینێت كە ئارامی لەسەری نییە. لێی نزیك دەخاتەوە، لەژێر سێبەرەكەیدا دەحەوێتەوەو لە ئاوەكەی دەخواتەوە. دوای ئەوە درەختێكی تری بۆ بەرزدەكرێتەوە كە لە درەختی یەكەم باشترە، پیاوەكە دەڵێت: پەروەردگارا! نزیكم بخەرەوە لەو درەختە با لە ئاوەكەی بخۆمەوەو لەژێر سێبەرەكەیدا بحەوێمەوە. داوای هیچی ترت لێناكەم. خوای پەروەردگار پێی دەفەرموێت: ئەی نەوەی ئادەم! تۆ پەیمانت پێنەدام كە داوای هیچی ترم لێنەكەی؟! ئەگەر لەم درەختەت نزیك بخەمەوە لەوانەیە داوای شتی ترم لێبكەی. پەیمان بەخوای گەورە دەدات كە داوای هیچی تری لێنەكات. لێی نزیك دەخاتەوەو لەژێر سێبەرەكەیدا دەحەوێتەوەو لە ئاوەكەی دەخواتەوە…](4).
لەم فەرمایشتە پیرۆزەی پێغەمبەرەوە (صلی الله علیە وسلم) تێدەگەین كە مرۆڤ لە درەختەكانی بەهەشتدا زیاتر سەرسامی ئاو و سێبەر یاخود سێبەرەكانییەتی.
– پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: [مەودای نوێژی نیوەڕۆ تاكاتێكە كە خۆر لە نیوەی ئاسمان لادەدات، سێبەری كەسێك بەهێندەی درێژی باڵای خۆی دەبێت، مادام نوێژی عەسر نەبووبێت](5).
– پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: [لەبەهەشتدا درەختێك هەیە سەدساڵ سوار بە سێبەرەكەیدا دەڕوات و نایبڕێت](6).

________________________________________________________________________________

هەموو تەنێكی رووناكیگر ئەگەر لە یەك لاوە رووناكی (یان نوور)ی كەوتە سەر، ئەوا بە ئاڕاستەكەی تردا سێبەرەكانی لەسەر زەوی دەردەكەون. سێبەرەكە شێوەی ئەو تەنە وەردەگرێت كە هۆكاریەتی، بەڵام لە كورت و درێژی و فراوانی و تەسكیدا جیاوازە. دەتوانرێت هۆكاری ئەوە بزانرێت بە زانینی سەرچاوەی رووناكی بەركەوتوو، و ئەو جێگایەی سێبەرەكەی كەوتووەتە سەر. بۆنموونە ئەگەر تیشكی خۆر كەوتە سەر ستونێك (عمود)، ئەوا سێبەری ئەو ستونە بە ئاڕاستەی پێچەوانەی خۆرەوە دەكەوێتە سەر زەوی. خۆ ئەگەر خۆر بەرزبوو، سێبەرەكە كورت دەبێت و لەكاتی ستوونی بوونی خۆریشدا سێبەرەكە وندەبێت. سێبەری تەن درێژ دەبێت ئەگەر خۆر نزم بوو (منخفضە)، وەك لە سەرەتای رۆژ و كۆتاییەكەیدا روودەدات.


كاتێك زەوی بەدەوری تەوەرەكەیدا دەخولێتەوە، ئەوا سێبەری تەنەكانی سەر زەوی درێژو كورت دەبنەوە، هۆكاری ئەوەش تیشكی خۆری بەركەوتووە. ئەگەر زانیمان كە خۆر بەگوێرەی زەوییەوە جێگیرەو ئەوە زەوییە كە دەسوڕێتەوە، تێدەگەین كە درێژیی و كورتیی سێبەر بەڵگەی سوڕانەوەی زەوییە بەدەوری خۆیدا (لەبەردەم خۆردا). ئەوەش لە فەرموودەی پەروەردگاردا دەبینین كە دەفەرموێت:(أَلَمْ تَرَ إِلَىٰ رَبِّكَ كَيْفَ مَدَّ الظِّلَّ وَلَوْ شَاءَ لَجَعَلَهُ سَاكِنًا ثُمَّ جَعَلْنَا الشَّمْسَ عَلَيْهِ دَلِيلًا ﴿٤٥)الفرقان: ٤٥، واتە: ئایا نابینیت چۆن پەروەردگارت سێبەر درێژدەكاتەوە، ئەگەر بیویستایە جێگیری دەكرد، پاشان خۆریشمان كردووە بە بەڵگە و نیشانە لەسەر سێبەر(7).
خوای گەورە سێبەری دروستكردووە تاكو خەڵك لەژێریدا لە گەرمای خۆر بپارێزێت، باسی سێبەر (ظل) لە بەهەشتدا لە زۆرێك لە ئایەتەكانی قورئان و چەندین فەرموودەی پێغەمبەردا هاتووە، وەك ئاماژە بە پشوو و خۆشی و حەسانەوە لە دواڕۆژدا. سێبەر (ظل) باسی كراوە وەك خوازە (كنایە) بە پشوو و ئارامیی و حەوانەوە لە دونیادا. پەروەردگار دەربارەی پێغەمبەر موسا (سەلامی خوای لێبێت) و هەردوو كچەكەی (شوعەیب)، فەرموویەتی:

(فَسَقَىٰ لَهُمَا ثُمَّ تَوَلَّىٰ إِلَى الظِّلِّ فَقَالَ رَبِّ إِنِّي لِمَا أَنزَلْتَ إِلَيَّ مِنْ خَيْرٍ فَقِيرٌ ﴿٢٤) القصص: ٢٤، واتە: موسا مەردانە، شوانەكانی بڕداو ماڵاتەكەیانی ئاوداو بەڕێی كردن، دوایی پشتی تێكردن و چووە ژێر سێبەرەكە.

سێبەر بەهەمان مانا لە فەرموودەیەكدا هاتووە كە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) تیایدا فەرموویەتی: [خوای گەورە بە تەوبەی بەندەی دڵخۆشترە لە پیاوێك كە لە گەشتێكدا بوو لە چۆڵەوانییەكدا، چووە ژێر سێبەری درەختێك، لەژێریا نووست، پاشان هەستاو وشترەكەی (راحلتە) نەبینی، بەسەر بەرزایدا سەر كەوت و هیچ شتێكی نەبینی، گەڕایەوە ئەو شوێنەی لێی بوو، بینی وا وشترەكەی لغاوەكەی رادەكێشێت. پاشان پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) فەرمووی: خوای گەورە دڵخۆشترە بە تەوبەكردنی بەندەكەی لە دڵخۆشبوونی پیاوەكە بەگەڕانەوەی وشترەكەی](8).
بۆیە سێبەر واتە پشوو و حەوانەوە لە دونیاو دواڕۆژیشدا. بەهۆی خولانەوەی زەوی بەدەوری تەوەرەكەیدا، سێبەر لەسەر رووی زەوی دەجوڵێت. خەڵك لە سەردەمە دێرینەكاندا كاتژمێری خۆریی (المزولە-sundial)یان بەكارهێناوە، درێژیی سێبەر لە كاتژمێرە خۆرییەكەدا كات و ساتەكانی رۆژی دیاریكردووە.

خۆرگیران و مانگگیران

ئەگەر مانگ كەوتە سێبەری زەوییەوە، مانگگیران روودەدات. خۆئەگەر سێبەری مانگ كەوتە سەر زەوی ئەوا خۆر لەو خەڵكەوە دیارنامێنێت كە لەسەر زەوین و دەكەونە چوارچێوەی سێبەری مانگەوە (لەوكاتەدا) و بەوەش خۆرگیران روودەدات. سێبەری مانگ هەموو رووی زەوی ناگرێتەوە، چونكە تیرەی مانگ تەنها (3200 كیلۆمەترە)، بۆیە تیرەی سێبەری مانگ لەسەر زەوی لە چەند كیلۆمەترێك تێپەڕناكات. لەكۆندا خەڵك باوەڕیان وابووە كە مانگگیران و خۆرگیران بەهۆی رووداوگەلێكی سەر زەوییەوەن، وەك مردن یان لەدایكبوونی پیاوێكی گەورە…

لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم) و لەرۆژی مردنی “ئیبراهیم”ی كوڕیدا خۆرگیران روویدا، خەڵك باوەڕیان وابوو كە وەك هاوبەشی كردن لە خەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم) خۆرگیراوە، كاتێك ئەوەی لەنێوان خەڵكدا بڵاوبووەوەو زمانەكان دەیانگواستەوە گەیشتە پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم)، خەڵكی كۆكردەوەو پێی فەرموون: ” لەبەر مردن و ژیانی كەس خۆرو مانگ ناگیرێن”(9)… لێرەدا تێبینی دەكەین پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) لەكاتێكدا كە تەنها خۆرگیراوە باسی خۆرو مانگیش دەكات، ئەوەش ئیعجازێكی زانستی گەورەی تێدایەو لە زانایان شاراوە نییە، چونكە هۆكاری خۆرگیران ئەوەیە كە مانگ كەوتووەتە نێوان خۆرو زەوییەوە. بۆیە خۆرو مانگیش لەهەردوو دیاردەی مانگگیران و خۆرگیرانیشدا بەشداری دەكەن.
بۆچی دەتوانین لە رۆژدا شتەكان بەباشی ببینین و كتێب و رۆژنامە بخوێنینەوە لەكاتێكدا لەسێبەریشدابین (كە رووناكی خۆری پێناگات)؟ لەبەرئەوەی تەنۆلكەكانی تۆزو گازەكانی هەوا، رووناكی بەهەموو لاكاندا پەرش دەكەنەوەو رووناكی دەگاتە سێبەرەكەش، هێندە دەگات كە بەسە بۆ مرۆڤ تا شتەكان بەروون و ئاشكرایی ببینێت.
پەراوێزەكان:
(1) أخرج الإمام أحمد فی المسند عن عبدالله بن عبدالرحمن، عن سعید بن یسار، عن أبی هریرە.
(2) أخرج الإمام أحمد فی المسند عن بكر بن عبدالله بن الاشج، عن عبدالملك بن سوید الساعدی، عن أبی سعید الخدری.
(3) أخرج الإمام أحمد فی المسند عن زهیر بن محمد، عن سهل بن أبی صالح، عن النعمان بن أبی عیاش، عن أبی سعید الخدری.
(4) أخرج مسلم، عن حماد بن سلمە، عن ثابت، عن أنس، عن إبن مسعود.
(5) أخرج الإمام أحمد فی المسند عن قتادە، عن أبی أیوب، عن عبدالله بن عمر.
(6) أخرج الترمذی عن اللیث، عن أبی سعید الخدری عن أبیه، عن أبی هریرە.
(7) ڕاڤەی ئایەتەكان لە تەفسیری ئاسان وەرگیراوە.
(8) رواه أحمد فی المسند، عن سماك، عن النعمان بن بشیر.
(9) جز‌ء من حدیث، رواه البخاری فی الصحیح.

سەرچاوە:
موسوعە الإعجاز العلمی فی الحدیث النبوی، الجز‌ء الرابع، أ.د.أحمد شوقی إبراهیم، 2004.

ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژ (26) دا بڵاوكراوەتەوە

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top