You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » فیزیا و گه‌ردوونی » چەند نموونەیەك لە ئیعجازی زانستیی قورئان

چەند نموونەیەك لە ئیعجازی زانستیی قورئان

 

چەند نموونەیەك لە ئیعجازی زانستیی قورئان

 

م. جمال محمد أمين

گۆی زەوی موعجیزەیە
خوای گەورە لە ئایەتی ژمارە (88)ی سورەتی (النمل)دا دەفەرموێت: [ۆتَرَی الْجِبَاڵ تَحْسَبُهَا جَامِدَەً ۆهِێ تَمُرُّ مَرَّ السَّحَابِ صُنْعَ اللَّهِ الَّذی أَتْقَنَ كُلَّ شَیْ‌وٍ إِنَّهُ خَبِیرٌ بِمَا تَفْعَلُونَ].
لەزۆر كۆنەوە خەڵك وایان دەزانی كە زەوی ڕاخراوە و لەژێریاندا وەستاوە و ناجوڵێت وگۆی زەوی ناوەندی گەردوونە, هەرچی ئەستێرە و تەنە ئاسمانییەكانی دیكەش بەدەوری زەویدا دەسوڕێنەوە, ئەوە بیروڕای زانا بەتڵیمۆسە و زۆر لایەنگریشی هەبوون.

هەندێك لەزاناكانیش وای بۆ چوون كە زەوی بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە, لەوانەش ئەریستاركۆس (310 پ.ز) ووتوویەتی: (ئەستێرەكان لە شوێنی خۆیاندا جێگیرن وئەو جووڵەیەی دەبینرێت ڕووكەشە و لەئەنجامی سوڕانەوەی زەوییە بەدەوری ئەو ئەستێرانەدا, خۆریش ناوەندی گەردوونە), بەڵام كەس پشتگیری ئەو بۆچوونەی نەكردووە و ڕەتیش كراوەتەوە.
فەیلەسوفی یۆنانی (فیپاگۆرس)یش باسی لە سوڕانەوەی گۆی زەوی كردووە, بەڵام نەیتوانیوە ئەوە بسەلمێنێت تا زانای ئیتاڵی (گالیلۆ) لەكۆتایی سەدەی (16) وسەرەتای سەدەی (17) بەهۆی تەلسكۆبەكەیەوە ئەوەی سەلماند و زانا (كپلەریش) بەبەڵگەوە جوڵەی زەوی و هەموو تەنە ئاسمانییەكانی دیكەی سەلماندووە.
ڕاستی زانستی
گۆی زەوی دوو جۆر جووڵەی هەیە, یەكێكیان بەدەوری تەوەڕەكەی خۆیداو ئەوی دیكەیان سوڕانەوەیەتی بەدەوری خۆردا.
زەوی بەدەوری تەوەڕەكەیدا دەخولێتەوە بەماوەی (23) كاژێرو (56) خولەك و (4.056)چركەدا, ئاراستەی خولانەوەكەشی لەخۆرئاواوە بۆ خۆرهەڵاتە. خێرایی سوڕانەوەی تەنێك كە لەسەر هێڵی یەكسانیدا دانرا بێت دەگاتە 1670كم لە كاژێرێكدا واتە نزیكەی (465م) لەیەك چركەدا, ئەو خێرایییە ووردە ووردە كەم دەكات تا بەرەو جەمسەرەكان بڕۆین ولەسەر هێڵی پانی (50) ئەو خێرایییە دەگاتە (312م/چ) و لەجەمسەرەكاندا جووڵە بەسوڕی ئەو تەنە نامێنێت. لە ئەنجامی جووڵە بەخولەكەی گۆی زەوی بەدەوری تەوەڕەكەیدا سێ‌ دیاردەی گەردوونی پەیدا دەبن كە ئەمانەن: پەیدا بوونی شەو و ڕۆژ بەدوای یەكدا, جیاوازی كات لەناوچە جیا جیاكانی سەر گۆی زەوی و پەیدا بوونی چەقە هێزێكی دەركەر كە دەبێتە هۆی فوو تێكردنی گۆی زەوی لەناوچەی یەكسانیدا (كەمەرەكەیدا).
ڕاڤەی زانستی
كۆمەڵەی خۆر كە یەكەیەكی توندو تۆڵ و پتەوە و پێك هاتووە لەخۆر و نۆ هەسارە كە تا ئێستا زانراون و هەموویان لەسەر خولگەی جیا جیاوە بەدەوری خۆردا دەسوڕێنەوە. زەوی سێ‌هەمین هەسارەی كۆمەڵەی خۆرە بۆ دووری لە خۆرەوە, زەوی یەك سوڕی تەواو بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە لەماوەی (365.25) رۆژدا و بەخێرایی (30كم/چ) واتە (108000كم/كاژێر).
كۆمەڵێك لە مانگ بەدەوری هەسارەكانی كۆمەڵەی خۆردا دەسوڕێنەوە كە تا ئێستا ژمارەیان گەیشتۆتە (49 مانگ), بەڵام لەوە دەچێت كە مانگی دیكەش هەبن و تائێستا نەدۆزرابنەوە بەتایبەتی مانگەكانی هەسارەی ئۆرانۆس و نبتۆن كە دوورترینی هەسارەكانن لە خۆرەوە.
مانگەكەی زەویش یەك جار بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە لەماوەی (29) ڕۆژ و(12) كاژێر و(44) خولەكدا و لەو ماوەیەدا بە قۆناغی جیاجیادا دەڕوات كە بە (منازل)ی مانگ داناسرێت.
كۆمەڵەی خۆریش لەگەڵ كۆمەڵەی دیكەی وەك خۆی یەكەیەكی گەورەتر پێك دەهێنن كە بە گەلە ئەستێرەی ڕێگای شیری یان رێگای كاكێشان ( Milky Way) دەناسرێت و گەلەستێرەی رێگای شیریش پێك دێت لەچەند باڵێكی پەرش وبڵاوبوەوە لە ئەستێرە و هەر باڵێكیش بریتییە لە ملیۆنەها ئەستێرە و كۆمەڵەی خۆری وەك ئەوەی لەمەڕ خۆمان, كە هەر هەموویان بەدەوری ناوەندی گەلەستێرەكەدا دەسوڕێنەوە, خۆر و كۆمەڵەی خۆریش بەهەمان شێوە بەدەوری ئەو ناوەندەدا دەسوڕێنەوە. خۆر لەماوەی (200) ملیۆن ساڵدا یەك سوڕ بەدەوری ناوەندی گەلەستێرەی ڕێگای شیریدا تەواو دەكات.
خولانەوەی زەوی بەدەوری تەوەڕەكەیدا و سوڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆردا نەزانراو بوون هەتا سەدەی شازدەهەم, چونكە تا ئەو كاتە بیرۆكەی گەردوونزانی پۆڵۆنی (نیكۆلاس كۆپرنیكۆس) باو بووە كەوای داناوە خۆر ناوەندی گەردوونە بەدەوریدا زەوی و هەسارە زانراوەكانی ئەو سەردەمە دەسوڕێتەوە, پێشتریش وا دانرا بوو كە زەوی جێگیرە و ئەوانی دیكە بەدەوریدا دەسوڕێنەوە, چونكە بە پێ‌ی ئەوەی كە لە ئینسایكلۆپیدیای بەریتانی تازەدا هاتووە لەسەدەی دووەمی زاینییەوە بیروباوەڕی (كلۆدیۆس بەتڵیمۆس) باو بووە بۆ ماوەیەكی زۆریش كەوای دانابوو كەزەوی جێگیرە وناوەندی گەردوونە.
لەسەدەی (17)هەمدا زانا (كپلەر) سەلماندی كە هەموو ئەستێرەكان و هەسارەكانیان لە جوڵەدان و لەسەر خولگەی جیاجیادا دەسوڕێنەوە.
قورئانی پیرۆزیش لە چواردە سەدە لەمەو پێشەوە بە ئایەتی [ۆتَرَی الْجِبَاڵ تَحْسَبُهَا جَامِدَەً ۆهِێ تَمُرُّ مَرَّ السَّحَابِ] و چەندەها ئایەتی دیكەدا جەختی لەسەر ئەو ڕاستییە زانستییە جێگیرە كردۆتەوە ودەریدەخات كە گۆی زەوی وەستاو نییە و بەخێرایییەكی زۆر گەورە لە جوڵەدایە و جوڵەی هەوری كردۆتە نموونە بۆ تێگەیشتن لە گەورەیی خێرایی جوڵەكەی زەوی, ئایەتەكەش ئاماژەیە بۆ هەموو جۆرەكانی جوڵەی گۆی زەوی و ئێمەش بۆیە هەست ناكەین بە جوڵەی چیاكان و خۆشمان چونكە هەموومان بەشێكین لەسەر ئەم گۆی زەویە بۆیە هەست بە جوڵەی چیاكان ناكەین.


خڕێتی زەوی
گۆی زەوی پاش ئەوەی كە دەركەوت چەند جۆرە جووڵەیەكی هەیە وەك جووڵەی بەسوڕ و جووڵەی بەخول, ماوەتەوە كە ئاماژە بەوە بكەین كە زەوی شێوەیەكی گۆیی (خڕێتی) هەیە, قورئانی پیرۆزیش پێش دۆزینەوە زانستییەكان ئاماژەی بەو ڕاستییە زانستییە داوە, ئەمڕۆ كەس نیە (مەگەر دەگمەنێك نەبێت) نكوڵی لەوە بكات كە زەوی گۆیییە, چونكە تەكنۆلۆژیای ئەمڕۆ و لەڕێگای مانگە دەستكردەكان و فلیمی گەشتە فەزایییەكانەوە وێنەی گۆی زەوی گیراوە وخڕێتی گۆی زەوی دەردەخەن.
خۆ ئەگەر ئەوەش نەبوو, ئەوا بەدوای یەكدا هاتنی بەردەوامی شەو و ڕۆژ بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر جوڵەی گۆی زەوی و خڕێتی زەویش, ئەم ئایەتەش ئاماژەیە بەو دوو ڕاستییە لەیەك كاتدا واتە ئایەتەكە دوو ئیعجازی زانستی لە خۆی دەگرێت, ئایەتەكەش: [خَڵقَ السَّمَاۆاتِ ۆالْأَرْض بِالْحَقِّ یُكَوِّرُ اللَّیْڵ عَڵی النَّهَاڕ ۆیُكَوِّرُ النَّهَارَ عَڵی اللَّیْلِ ۆسَخَّرَ الشَّمْسَ ۆالْقَمَرَ كُلٌّ ێجْڕی لِأَجَلٍ مُسَمًّی أَڵا هُۆ الْعَزِیزُ الْغَفَّارُ]  الزمر:5.
دوو ئیعجازەكەش وان لە فرمانی (یُكَوِّرُ) چونكە ئەو ووشەیە لەلایەكەوە فرمانە و مانای جوڵەی بەردەوام دەبەخشێت و لەلایەكی دیكەشەوە ئەگەر ووشەكە بگێڕینەوە بۆ چاوگەكەی (تكویر) كەلەویشەوە دەتوانرێت ناوی (كُرە) واتە گۆ دابتاشڕێت. هەر لێرەوە جێگای خۆیەتی كە ئاماژە بە ئایەتێكی دیكە بكەین كە تەنها دوو ووشەیە و دوو ئیعجازی زانستی و زمانەوانیش لەخۆی دەگرێت, ئایەتەكەش: [ واڵارض مددناها] (الحجر:19). 

ئایەتی دیكەش لەو شێوەیە (فرشناها) هەیە, هەر چەندە كەسانێكی كەم هەن كە ئەو ئایەتە دەكەن بە بەڵگە بۆ ئەوەی زەوی تەختە وخڕ نییە چونكە ووشەی (مددناها) بەمانای (بسطناها) تێدەگەن كە مانای تەختی زەوی دەگەیەنێت, بەڵام ئایەتەكە ئاماژە بە خڕێتی گۆی زەوی دەكات چونكە لە ووشەی (اڵارض)دا موعجیزەیەكی زمانەوانی هەیە, ئەو ووشەیە مەبەستی گۆی زەوی نییە بەڵكو مەبەستی ئەو پارچە زەوییەیە كە مرۆڤ لەسەریەتی لە كاتێكی دیاری كراودا, واتە ووشەی (اڵارض) مانای ڕەهای گۆی زەوی ناگەیەنێت, تۆ ئێستا ئەگەر لە ئەمریكای یان لە ئەوروپای یان لە ئاسیادای یان لەهەر شوێنێكی سەر گۆی زەویدا بیت بەردەمت تا چاو بڕ بكات تەختانییە, خۆ ئەگەر زەوی هەمووی تەخت بوایە ئەوا دەبوایە قەراغی هەبوایە, واتە بەڕۆیشتنی بەردەواممان لەسەر زەوی دەبوایە بگەیشتینایە لێواری یان قەراغی زەوی و لەوێشەوە فەزا دەركەوتایە, بەڵام هەرگیز ئەوە ڕوونادات. واتە هەر چەندە بە سەر زەویدا بڕۆین ئەوا هەرگیز ناگەین بە قەراغ و لێواری زەوی, ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە زەوی گۆیییە واتە خڕە چونكە یەكێك لە سیفەتەكانی گۆ ئەوەیە كە لێواری نیە, خۆ ئەگەر یەكێك لە شارەكەی خۆیەوە بەرەو خۆرهەڵات بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن ئەوا پاش ماوەیەك لە خۆر ئاواوە دەگاتەوە هەمان شاری خۆی.
خۆ ئەگەر هێشتا كەسانێك مابن كە بڕوایان بە خڕێتی زەوی نەبێت لەگەڵ بوونی بەڵگەی زۆر و بەهێزی وەك ئایەتەكانی قورئان, ئینجا پێشكەوتنی زانستی تەكنۆلۆژی زۆری ئەم سەردەمە كە بە هەموویان جەخت لەسەر خڕێتی زەوی دەكەنەوە, ئەگەر ئەو كەسانە هێشتا بڕوایان بەخڕێتی زەوی نییە با وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە كە بۆچی ناتوانرێت لە خاڵێكی سەر رووی زەوییەوە هەموو سەر رووی زەوی یان نیوەی یان چارەكێكی و یان زۆر كەمتریش لەوە ببینرێت لە كاتێكدا ئەمڕۆ هۆكار و كەلوپەل و ئامێری ئەوەندە پێشكەوتووی بینین هەیە كە مەوداكەی زۆر لەمەودای سەر ڕووی زیاترن !؟.

سەرچاوە: چەند پێگەیەكی ئینتەرنێت. ■

ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژ (4) دا بڵاوكراوەتەوە

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top