ئاگاداربە تۆ لە دۆڵی مێروولەدایت (يا أَیُّهَا النَّمْلُ ادْخُلُوا مَسَاكِنَكُمْ)
خوای گەورە دەفەرموێت: [وحُشِرَ لِسُڵیْمَانَ جُنُودُهُ مِنَ الْجِنِّ ۆالْإِنسِ ۆالطیْڕ فَهُمْ یُوزَعُونَ حَتَّی إِذا أَتَوْا عَڵی ۆادِی النَّمْلِ قَاڵتْ نَمْڵة ێا أَیُّهَا النَّمْلُ ادْخُلُوا مَسَاكِنَكُمْ ڵا ێحْطمَنَّكُمْ سُڵیْمَانُ ۆجُنُودُهُ ۆهُمْ ڵا ێشْعُرُون] (سورة النمل: 17-18).
پێش ئەوەی باسی رووی ئیعجازی ئەم ئایەتە بكەین پێویستە هەندێ زانیاری لەسەر مێروولە بزانین:
مێروولە 20%ی زیندەوەرانی سەر ڕووی زەوی پێكدێنێ و جۆرەكانی نزیكەی (20000) بیست هەزار جۆرە كە بەسەر هەموو شوێنێكی زەویدا دابەش بوون, هەیانە بەدرێژایی ژیانی لەژێر زەویدا دەژی… هەندێكیان لەسەر زەوی و لەنێو دار و درەختدا… یان لە دەشتایییەكانی جەمسەری باكوور… یان لە هێڵی كەمەری زەویدا دەژین.
مێروولە بەشێوەیەكی كۆمەڵ دەژی و بە بەردەوامی لە ئیش كردندایە, و ئەندامەكانی ئەم شارە مێروولەیە ملكەچ و گوێرایەڵی تەواویان هەیە, لە یەك شارە مێروولەدا چەندین كۆمەڵ هەیە كە هەر كۆمەڵەیان كاری جیاواز لەوانی تر دەكات, هەندێكیان لەكشتوكاڵدا, هەندێكی تر لەبونیادنان و هەڵكەندندا, هەندێكیان بۆ بەخێوكردنی كۆرپەكان تەرخان كراون, هەروەها لە كۆكردنەوەی خواردن بۆ شارە مێروولەكە و فڕێدان و كۆكردنەوەی زبڵ…
بەڵام لەكاتی جەنگدا مێروولەكان بەگشتی دەبن بە سەربازێكی گوێڕایەڵ لە ریزەكانی سەربازیدا, مێروولە هەتا مردن بەرگری لە شارەكەی خۆی دەكات، هەروەها لە جەنگدا دوژمنانی هەڵدەخەڵەتێنێ و پیلان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەكان دادەنێت تا ڕاددەی بەردەباران كردنی دوژمن لەكاتی كڵپەی جەنگدا.
كۆمەڵێك لە توێژەرەوانی ئەمریكی كە لە مۆزەخانەی ئەمریكی بۆ مێرووەكان كاردەكەن, كۆنترین شوێنەواری هەڵكەندنی مێروولەیان دۆزییەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 92ملیۆن ساڵ لەمەوبەر.
شاژنی مێروولە
مێروولەی كاركەر (الشغالات Ant Workers) لە هەموو جۆرەكانی تری مێروولە بڵاوترە لە جیهاندا, و هەموویان مێیەن (ڕوویەكی گەورەی ئیعجازی ئەم ئایەتە لەوەدایە كە دەفەرموێت (قالت نملة، واتە: مێروولەیەكی مێینە ووتی) كە وەك باسمان كردن مێیەی مێروولە زۆرترین ژمارەیان هەیە و تەنها كاركەرن لە شارە مێروولەدا)… هەموو شارە مێروولەیەك شاژنێكی هەیە, كە ئەویش تەنها یەك كاری لە ئەستۆدایە كە بریتییە لە گەرادانان, ژمارەی گەراكان بەپێی جۆری مێروولەكە دەگۆڕێت, گەراكان لەنێوان (سەدان تا ملیۆنەها) گەرا دەبن, جۆری مێروولەی ئەفریقی شاژنەكەی نزیكەی (3-4) ملیۆن گەرا لە مانگێكدا دادەنێ.
مێروولە بەتەمەن درێژترین مێروو دادەنرێ لەسەر رووی زەویدا, بۆ بەراورد كردن تەمەنی مێش دەگاتە دوو مانگ, بەڵام دەبینی مێروولە لەنێوان چەند مانگێك تا چەند ساڵێك دەژی, و لەوانەیە تەمەنی شاژن بگاتە بیست ساڵ, بەڵام نێرەی مێروولە تەنها لەكاتی پێویستدا بەرهەم دەهێنرێ ئەویش كاتێك كە شاژن بڕیاری جووت بوونیدا پاش ئەو جووت بوونە نێرەكان دەمرن.
لە كاتی گەڕان بەدوای خۆراكدا
مێروولە هەموو ئەو شتانە دەخوات كە بتوانێت بیانگووشێت, بۆیە شیلەی گوڵ و ڕووەك و دانەوێڵە و تەنانەت مێرووی مردوو دەخوات.
مێروولەی ڕاوكەر دەگەڕێت بەدوای خۆراكەكەیدا و بەكۆمەڵ ئەم كاری ڕاوە دەكەن, جاروبار ژمارەیان لەنێوان (10000 تا 50000) دەبێت و هێرش دەبەنە سەر هەر ئاژەڵێك لەسەر ڕێگەیاندا بێت … ئەوەی كە زانراوە مێروولە مار و باڵندە و هەندێك لە خشۆكەكان دەكوژێ و لەوانەیە ئاژەڵی گەورەتریش بكوژێ لەكاتی خەوتنیدا وەك ئەسپ یان مانگا…
كاتێكیش مێروولەی ڕاوكەر خواردنی دۆزییەوە, دەگەڕێتەوە بۆ هێلانەكەی (شارە مێروولەكەی) و ئەو شلەیە لە دەمییەوە ڕۆدەكاتە ناو هەر دەمێكی برسی ڕووبەڕووی بووەوە و تێری دەكات.
مێروولە لە توانایدایە لە (10 – 50) ئەوەندەی قەبارەی خۆی شت هەڵگرێ و بیگوازێتەوە بۆ شوێنی دوور یان بەسەر داردا هەڵگەڕێ, ئەمەش وەك هەڵگرتنی ئۆتۆمۆبیلێكی بچووك وایە لەلایەن مرۆڤێكەوە كە كێشەكەی 70كغم بێت بۆ ماوەی (7-8)میل.
جۆرێك لە مێروولە … هەڕەشە لە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات
زۆر شوێن لە باشوور و خۆرئاوای ئەمریكا لە كارەساتێكی تەواوەتیدا دەژین لەگەڵ جۆرێك لە مێروولە كە كاردەكاتە سەر مرۆڤ و ئاژەڵ و بەرووبوومی كشتوكاڵی بەشێوەیەكی راستەوخۆ, ئەم جۆرە مێروولەیە كە ناسراوە بە مێروولەی ئاگر (نمل اللهب Fire Ants), بڕی زیانی ویلایەتی تەكساس بەهۆیەوە بە 300 ملیۆن دۆلار ساڵانە مەزەندە دەكرێت, و لە تازەترین لێكۆڵینەوەی ڤیتێرنەریدا بڕی زیانی بەرهەمی مەڕوماڵات بە 76ملیۆن دۆلار ساڵانە مەزەندە دەكرێت.
ئێستاش دوای ئەم زانیارییە گشتییانە لە بارەی مێروولەوە با بگەڕێینەوە سەر باسی ئایەتەكە: [قالت نملة یاءیها النمل ادخلوا مساكنكم لایحطمنكم سلیمان وجنوده وهم لایشعرون].
لێكدەرەوانی قورئان لەسەر ئەم ئایەتە دەفەرموون: مێروولەكە (ئاگاداری كردنەوە دوایی داوای لێبوردنی كرد پاشان پاساوی هێنایەوە), چونكە دەیزانی (سلیمان) پێغەمبەرە, و پێغەمبەرانیش زوڵم و ستەم ناكەن, هەرچەندە بەرامبەر بە لاوازترین دروستكراوەكانی خوداش بێت, زانایانی زمانەوانی و ڕەوانبێژی عەرەبی سەبارەت بەم ئایەتە دەڵێن: لەم ئایەتەدا یازدە جۆر و ڕەگەزی زمانەوانی كۆكراوەتەوە:
1- بانگەوازی كرد (نادت) ئەویش بە: یــــــا.
2- دركەی بەكارهێنا (كنایە) بە: أیّ.
3- ئاگاداری كردنەوە (نَبّهَتهُم) ئەویش بە: هـــا.
4- ناوی نان (سَمَّتهم) ئەویش بە: النمل.
5- فەرمانی پێدان (أَمَرَتهُم) بە: أدخلوا.
6- ئامۆژكاری كردن بە گەڕانەوە (ۆصَّت) بە: مساكنكم.
7- ئاگاداری كردنەوە (تَحذیر) بە: لایحطمنكم.
8- تایبەتمەندی كردن (تَخصیص) بە: سلیمان.
9- گەشتاندنی كرد (تَعمیم) بە: جنودە.
10- ئاماژە كردن (إشارة) بە: هـــم.
11- پاساوی بۆ هێنانەوە (إعذار) بە: لایشعرون.
بەم جۆرەش مێروولەكە پێنج مافی جێبەجێ كرد:
1- مافی خودا : بە باوەڕهێنان بەپێغەمبەرەكەی.
2- مافی پێغەمبەرەكەی خودا (سلیمان) : بەوەی كە (سلیمان) فەرمانی پێكراوە بەوێدا بڕوات.
3- مافی خۆی: بەوەی كە هەستا بە بانگەوازەكە.
4- مافی شوێن كەوتووەكانی لە مێروولە: بەوەی كە ئاگاداری كردنەوە لەتیاچوون.
5- مافی سەربازەكانی (سلیمان) : بەوەی كە پاساوی بۆ هێنانەوە لەبەر ئەوەی ئاگادار نین.
سەرچاوەكان
1- بابەتی: ابتسم…… أنت فی وادی النمل- لەئینتەرنێتەوە:
www.islamonline.net
2-الإعجاز العلمی فی القران-د.السید الجمیلی. ص 181-182.
ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە (2،3) دا بڵاوكراوەتەوە