رۆژوو ( گرنگی و حیكمەتەكانی ) رۆژوو ( گرنگی و حیكمەتەكانی ) شـوان رابـەر بێگومان ئیسلام زۆر گرنگی و بایەخی بەرۆژووبوون داوە ، بۆیە خوای گەورە بەیەكێك لەپایە و بنەماكانی ئیسلامی داناوە و ، رۆژووی لەسەر بەندەكانی خۆی فەڕز كردوە ، وە ك خوای گەورە دەفەرموێ : ( یاأیها الذین امنوا كتب علیكم الصیام … ) البقرة 183 .واتە: ئەی ئیماندارینە رۆژوتان لەسەر فەرزو واجب كراوە هەروەك لەسەرخەلكی پێش ئێوەش فەرزكراوە ، یا دەفەرموێ : (( وإن تصوموا خیر لكم إن كنتم تعلمون )) بقرة 184 . واتە ئەگەر ئێوە بەڕۆژو بن ، ئەوە بۆ ئێوە باشترە و خێری زیاترە ئەگەر بزانن . پێغەمبەر ( صلی الله علیە وسلم ) دەفەرموێ : (( من صام رمضان ایمانا واحتسایا غفر له ما تقدم من ذنبه )) بخاری . واتە هەر كەسێ بەبیروباوەڕ و نیازێكی پاكوبێگەردەوە رەمەزان بەرۆژوو بێ ، خوا لە گوناهەكانی رابردووی خۆش دەبێ . پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ : خوای گەورە دەفەرموێ : هەموو كردەوەكانی مرۆڤ بۆ خۆیەتی ، تەنها رۆژوو بۆ منە ، هەر منیش پاداشتی بەڕۆژووبوونەكەی دەدەمەوە . وە دەفەرموێ (( الصیام جنة )) بخاری . واتە : رۆژوو پارێزكار و قەلغانە بۆ مرۆڤ لەگوناهو تاوانی دەپارێزێت .وێرای چەندان فەرموودەی تر كە باسی ئەرزش و گرنگی و گەورەیی و پلەوپایە و سودەكانی رۆژوو دەكەن بۆ دونیا و دواڕۆژی ئادەمیزاد ، بۆیە رۆژوو سەدان سود و حیكمەتی هەمەجۆری بێ وێنە و بێ پایانی گیانی و لاشەیی تێدایە ( بزانین یان نا ) ، بۆیە ئیسلام وا بە گرنگی باسیكردوە ، بەڵام ئێمە لێرەدا زۆر بە كورتی و گوشراوی تەنها وەك بەركوڵ و خەروارێك سەبارەت بە سود و حیكمەتەكانی رۆژوو چەند نمونەیەكی هەمەجۆرتان بۆ دەخەینە روو ، كە زانست و نوژداری نوێش ئەم راستیانە دەسەلمێنن كە حیكمەتی ماددیو مانەوین : 1/ رۆژوو ئەركێكی بەندایەتیە رۆژووگر بەرانبەر بە پەروەردگارەكەی ئەنجامی دەدات ، بۆ بەدەست هێنانی رەزامەندی ئەو . 2/ برسێتی و نەبونی هەژار و نەدارەكان دەخاتەوە یاد دەوڵەمەندەكان ، بۆ ئەوەی لە پێناوی خوا خێریان پێ بكەن . 3/ فێری حەپس و سەبر و ئارامی و خۆڕاگری مان دەكات ، بۆ كاتی تەنگانە و لێقەومان تا دان بەخۆدا بگرین . 4/ بە یەكسانی شمولی هەموو بەندە هەمەجۆرەكانی بەرەی ئادەمیزاد دەكا ، وەك هەژار و گەدا و سەرباز و سەركردە و زانا و نەخوێندەوار و … هتد . ) لە رەگەزی نێر و مێ لە هەمو چین و توێژەكانی نێو كۆمەڵگا ، لەهەموو جێ یەكی دونیا ، كەس لێی بوراو و بەدەر نیە . 5/ وەرزش و پەروەردەیەكی رۆحیوگیانی گرنگە ، پیاو لەروی رۆحیەوە باش پێی پەروەردە و بەهێز و دامەزراو دەبێ لە بەرانبەر گوناهو تاوان و سەرجەم كێشە و گرفتەكانی ژیاندا . 6/ وەرزش و راهێنانێكی لاشەییوئەندامیوئۆرگانی بەهێزە ، بەجۆرێ لاشەی پیاوی پێ قاڵ و ساغ دەبێتەوە ، لەبەر ئەو سود و بەرهەمانەی كە بەهۆی رۆژوو بەپیاو دەگەن ، وە بەرگە لە چەندەها پەتا و نەخۆشی جەستەیی و رۆحی دەگرێ و چەندەها نەخۆشی پێ چارەسەر دەبن ، كە لە ئامارنایەن .چونكە بێگومان گەر هەر ئامێرێك بەردەوام كار بكا زووتر لەكار دەكەوێـت ، لەبری ئەوەی كە ماوەماوە پشو بدا ، بەهەمان شێوەش گەدە و سەرجەم بەش و ئەندامەكانی تری مرۆڤ بەهۆی بەڕۆژووبوون پشوو دەدەن و دەحەسێنەوە ، هەروەك چەندان زانای نوژداری ئیسلامی و لادینی باس لە رێكخستنی خواردن و سودەكانی بەڕۆژووبوون دەكەن ، بۆ وێنە وەك ( د . عزیز اسماعیل ) و ( د . ئەلكسیس كاریل ) و … تاد . ئەو راستیە دوپات دەكەنەوە ، بۆ وێنە هەندێ لەو نەخۆشیانەی كە رۆژوو چارەسەریان دەكات ئەمانەن : أ= شڵەژانی كەفناری ریخۆڵەكان و ترشانی ماددە زولالی و نەشەوی یەكان چارەسەر دەكا ، بەهۆی ئەوەی كە ئەو رۆژە لەنێوان ژەمەكانی خواردندا ئاو ناخورێتەوە . ب= قەڵەوبونی ناسروشتی كە بە پەتا دادەنرێ ، بەهۆی نەجوڵان و زۆرخواردن دروست دەبێ ، بەڵام بەهۆی بەڕۆژووبوون چارەسەر دەبێ ، بەمەرجێ كاتی بەربانگ قەرەبۆی خواردن نەكاتەوە . ج= زۆربوونی پاڵەپەستۆی خوێن : بەهۆی رۆژوو گرتن كەم دەبێتەوە و چارەسەر دەبێت ، بەتایبەت بۆ كەسێ كە كێشەكەی لەرادەی خۆی زیاترە . د= نەخۆشی شەكرە : بەبەڕۆژووبوون چارەسەر دەكرێ ، چونكە هەركاتێ ماوەی دوو ژەم خواردن ( 5 – 10 ) كاتژمێر بوو ، ئەوا رێژەی شەكرە لە خوێن دادەبەزێ بۆ ئاستی خۆی ، بەبێ ئەوەی دەرمانی ( ئەنسۆلین ) بخورێت وبەكاربێت. ه/ هەروەها چارەسەرە بۆ دەیان نەخۆشی تری وەك گەدە و هەناو و پێست و قوڕگ و خوێن و …هتد. 7/ رۆژو هۆكارە بۆ زیادبوونی تەقوا و عیبادەت : بەهۆی ئەوەوە دڵناسك و چاو بە فرمێسك دەبێ و زیاتر لەخوا دەپاڕێتەوە و قەبر و قیامەت و بەهەشت و دۆزەخ و ژیانی رابردوو و دواڕۆژی وەبیر دێتەوە . 8/ پیاو زیاتر لایەنی رۆحی و دەروونی زاڵ دەبێ بەسەر لایەنی جەستەیی و دیاردەكانی وەك هەوا و ئارەزوو و خوكانی شەیتان تا نەبێتەئەسیر و كۆیلەی ئەوان . 9/ فێری ئیلتزاماتمان دەكات بە مەوعید و وەختەكان ، لەش سوكمان دەكا بۆ هەستانەوە و نەخەوتن ، شەهوەت دەشكێنێ و لە گوناهەكانمان دەپارێزێت . 10/ دەیان لایەنی تری چاك و پۆزەتیفی هەن ، بۆ نمونە خۆشەویستی نێوان خانەوادە دروست دەكات ، ئاكارەكان جوان دەكات ، سوننەتەكان زیاتر دەكرێن و هاموشۆی مزگەوت و بۆنەكان زیاتر دەكرێت ، هەروەها سود و حیكمەتی زۆری تری هەیە .. بۆیە زۆر زەرورە هەمیشە رەمەزان و كاتەكانی تریش بەرۆژوو بین ، لەخۆوە بەگوێی ئەو كەسانە نەكەین كە رۆژوو بە زیانبەخش دەزانن ، بەڵكو لەبەر سودەكانی ،لەبەر حەسانەوەو لەبەر ئاسودەبوونی لاشە زۆركەسی بێ باوەڕیش بەرۆژوو دەبێ لە رەمەزاندا . Post Views: 425 Related posts كاريگهريی ژههری مار لهسهر مناڵ لهبارچوون و نابینایی کاریگەريی قورئان لە سەر لابردنی فشارە دەروونییەکان ڕەواندنەوەی گومانێك لەسەر ئیعجازی ئایەتی (أَوَلَمْ يَرَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنَّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ كَانَتَا رَتْقًا فَفَتَقْنَاهُمَا) ڕووەکی ئەلۆڤێرا لە ژێر ڕۆشنایی فەرموودە پیرۆزەکانی پێغەمبەرﷺ هەڵسەنگاندنی لێدانەکانی دڵ و فشاری خوێن لە جووڵە جیاوازەکانی نوێژدا