هەندێك لە یاساو دەستوورەكانی ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا
لەم ووتارەدا هەروەك دەمانەوێ ئاوڕێك لە باسی موعجیزاتی پێغەمبەرانی پێشوو – دروودیان لەسەر بێت– بدەینەوە، دەشمانەوێ لە باسی (موعجیزە) بە شێوەیەكی گشتی و لە (موعجیزەی قورئان)یش بە شـــێوەیەكـــی تایبەتی بدوێین. چونكە موعجیزاتی ئەو پێغەمـــــبەرانە (دروودیان لەسەر بێت) بەڵگەی گومانبڕ و دڵنیاییبەخش بوون لەسەر ڕاستیی پێغەمبەرایەتی و ناردنی ئەوان لە لایەن خوای گەورەوە بۆ لای نەتەوەكانیان.
پاشان موعجیزاتی ئەو پێغەمبەرانەش – دروودیان لەسەر بێت– پەیوەندیی بە ناوەرۆكی پەیامەكە یاخود ڕاڤەی ئەركەكانی پێغەمبەرەكەوە نەبووە، بەڵكو زیاتر بەڵگەی پێغەمبەرایەتیی ئەو بووە, و لەگەڵ ماڵئاوایی كردنیشی لەم دنیایە كاریگەریی ئەو موعجیزەیەش تەواو بووە و بەڵگە دڵنیایی بەخشەكانیش كۆتایییان پێ هاتووە، مەگەر سەبارەت بە كەسێك كە ئەو بەڵگە و موعجیزانەی بە چاوی خۆی بینیبێت و لەگەڵیاندا ژیابێت.
تایبەتمەندیی پەیامی ئیسلامیش (قورئان) لەوەدایە كە تەواوكەر و كۆتایی پێهێنەری پەیامی ئەو پێغەمبەرانەی پێشووە، كە ئەمەش بەردەوامیی موعجیزەكەی لە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر – دروودی لەسەر بێت– و گەڕانەوەی بۆ لای پەروەردگاری دەكات بە كارێكی پێویست. چونكە مادەم قورئان كۆتایی پێهێنەری هەموو پەیامەكانی خوای گەورەیە، ئەوا دەبێ ئەو بەخششەی كە قورئان پێشكەشی نەوە و بەرەیەكی مرۆڤی دەكات جیاواز بێت لەو بەخششەی كە بە نەوە و بەرەیەكی پێشووی بەخشیوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی كە قورئان كتێبی هەموو جیهانەكانە.. هی هەموو دنیایە.. هی هەموو بەرە و نەوەكانە.. هی سەرجەمی مرۆڤەكانە.
پێغەمبەری ئازیز – دروودی لەسەر بێت – ئەم ڕاستییەی لەو فەرموودە بەناوبانگەیدا دەربڕیوە كە تیایدا سەبارەت بە قورئان دەفەرموێ:
(لا تنقظي عجائبه). (رواه الدارمی والبزار والبیهقی، ورواه الحاكم وقال صحیح الإسناد ولم یخرجاه، وصحح الحافظ المنذری روایة الحاكم).
لە كتێبەكانی تەفسیر و فەرموودەدا چەسپاوە كە پێغەمبەر (دروودی لەسەر بێت) سەرجەمی هەموو قورئانی تەفسیر نەكردووە، چونكە هاوەڵەكانی -خوایان لـێ ڕازی بێت- پێویستیان بە هەموو ڕوونكردنەوەكان نەبووە لە كاتێكدا كە خۆیان لەگەڵا دابەزینی وەحی و ڕووداوەكاندا ژیاون، تەنانەت هەندێ جار ئەم كارەیان بە تەكەللوف و هەندێ جاری تریش بە دەرچوون لە تێگەیشتن لەقەڵەم داوە.
بەڵام قورئان خۆی لەناو سنگ و دڵەكاندا بە لەبەركراوی و لەسەر موصحەفەكانیشدا بە نووسراوی مایەوە, و خوای گەورەش خوێندنەوە و كۆكردنەوەی قورئانی بە پارێزراوی هێشتەوە.
بەرە و نەوە پێشكەوتووە نوێكانی هەموو سەردەمێكیش بەردەوام چاویان لە پێوستیی كۆمەڵگا موسوڵمانەكان بووە بە گرێدانی كۆمەڵا بە قورئان و پەیوەست كردنی بنەماكانی بە ژیانەوە، بۆیە هەر لە سەدەی یەكەمەوە بزووتنەوەكانی تەفسیر و ڕێڕەوە جۆراوجۆرەكان بۆ لـێتێگەیشتن و پاشان ڕاڤەكردن و لێكدانەوەی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز سەریان هەڵدا.
لێرەدا دانانی چەند بناغە و بنەمایەك بە پێویست دەزانین لەوانەی كە هەموو شارەزایانی ئەم بوارە لەسەری كۆك و یەك قسەن سەبارەت بە ڕێبازی تایبەتیی پێشكەشكردنی (موعجیزەی زانستیی قورئان و سوننەت):
1- ئەو ئایەتەی كە موعجیزەی زانستیی لەبارەوە پێشكەش دەكرێت، دەبێ لە سەرچاوەكانی فەرموودەوە دڵنیایی بەدەست بهێنرێت كە پێغەمبەر – دروودی لەسەر بێت – ڕاڤە و لێكدانەوەی لەسەر نەكردووە، بە جۆرێك كە ئیعجازە زانستییەكە لەگەڵیدا نەگونجێت.
2 – ئەو تێگەیشتنە نوێیەی (كە بەپێی زانستە نوێكان و لە دوای تاقیكردنەوە و توێژینەوە و جێبەجێكردن) سەبارەت بە ئایەتێكی قورئانی پیرۆزەوە دەركەوتووە، دەبێ لە كاتی نازڵا بوونی قورئان و لە سەردەمی ژیانی ئەو (جیل)ەی كە هاوچەرخی هاتنی قورئان بوون باس نەكرابێت.
3 – ئەو تێگەیشتنە زانستییەی كە لە تەفسیری ئایەتەكەدا بەكار دەهێنرێت، دەبێ لەگەڵا دەستوورەكانی زمانی عەرەبیدا یەكاویەك دەرچێت، ئەو دەستوورانەی كە لە زانستەكانی قورئانی پیرۆزەوە و بەپێی نەحو و صەرف و بەلاغە و زمانی تایبەتیی قورئان سەرچاوەیان گرتووە.
4- ئەو دەرەنجامەی كە زانای شارەزا و پسپۆڕ و ئیماندار پێی گەیشتووە، دەبێ لە بازنەی پسپۆڕیی بابەتەكەی خۆیدا بێت، واتە ئایەتە گەردوونییەكان دەبێ زانایانی پسپۆڕی گەردوونزانی و.. ئەو ئایەتانەش كە ئاماژەی پزیشكییان تێدایە لە لایەن پزیشكان و.. ئەو ئایەتانەش كە پەیوەندییان بە (ڕووەك و زەویناسی و مێژوو و… هتد)ەوە هەیە ڕووە زانستییەكانیان لە لایەن كەسانی پسپۆڕی ئەو زانستانەوە لێك بدرێتەوە.
5 – ڕاڤە و تەفسیركردنی ئەو ئایەتانەی كە ئیعجازی زانستییان تێدا دەركەوتووە هەرگیزاوهەرگیز ئەوە ناگەیەنێت كە قورئانی پیرۆز لە ئامانجە سەرەكییەكەی خۆی (كە كتیێبی هێدایەت و ئایین و پەرستش و تەشریع و ڕەوشت)ە دەرچووە یان دەرهێنراوە و دوورخراوەتەوە و، بەڕوونكردنەوەی ئیعجازە زانستییەكەی – بە پێی ئەو بنەمایانەی باسمان كردن – قورئان دەكرێت بە كتێبَك لە كیمیا یاخود فیزیا یان بیركاری… هتد. نەخێر. بەڵكو ئەم كارە پێشكەشكردنی قورئانی پیرۆزە (وەك كتێبی هیدایەت) بەم چەرخە و لە ڕێی ئەو زمانەوە كە زانایان و بیریاران لێی تێدەگەن.
لەوەش ئاگادارین كە هەندێ كەس لەوانەی قورئانیان خۆش ویستووە و بە نیازێكی خاوێن و ڕاست و دروست و لە پێناوی تێگەیشتن یان تێگەیاندنی قورئاندا، هەندێ تێۆر و بیردۆزی زانستییان لەبارەی گەردوون و ژیانەوە لە قورئان نزیك خستووەتەوە، لە كاتێكدا كە ئەو تیۆر و بیردۆزانە نەگەشتبوونە پلەی بێگومانی و دڵنیایی. بۆیە ئێمە هەرگیز ئەو ڕێبازە بە ڕاست نازانین و، هەڵە و ئاكامەكانیشی لە ئەستۆی خودی ئەو كەسانەدایە كە ئەو چەشنە كارەیان ئەنجام داوە.
ئێمە داواكارین سوود لەو زانایانە وەربگیرێت كە نەتەوەی ئیسلام متمانەی بە عەقیدە و ڕێڕەوی فیكریییان هەیە لە ژیاندا, و خۆشحاڵین بە ئاكامی توێژینەوەكانی ئەوان و هەر كەسێكی تریش كە خزمەت بە قورئان و سوننەت بكات.
هەموو ئەوانەش ناویان لە بواری باس و بابەتەكانی ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا ئاشكرا ونمایانە. لەو دڵنیایییەشداین كە هەموو ئەو دەرەنجامانەی (ڕاستیی زانستی)یان چەسپاوە دەڕۆنە ژێر چەمكی ئەم ئایەتە پیرۆزەوە كە دەفەرموێ:
[سَنُڕیهِمْ اێاتِنَا فِی اڵافَاقِ ۆفِی أَنفُسِهِمْ حَتَّی ێتَبَیَّنَ ڵهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَۆڵمْ ێكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَڵی كُلِّ شَیْء شَهِیدٌ] (فصلت:53).
ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە (2،3) دا بڵاوكراوەتەوە