تيشك (2،3)
د.مەریوان ئەحمەد رەشید
گرنگیدان بە بواری خوێندن و زانست خاڵی هاندان و پێشخستنی مرۆڤ و كۆمەڵگای مرۆڤایەتییە, خاڵی وەرچەرخاندنی بیرو بۆچوونەكانە لە مەودای فراوانی نێوان نەزانینەوە بۆ زانین, خاڵی خوێندنەوەی دەورووبەر و زیاتر حاڵی بوونە لە خود, لە گەردوون, لە دیاردەكان, لە بابەت و رووداوەكان… بۆیە شارستانێتی مرۆڤ و هەمیشە زیندوو بوونی ئەو شارستانییەتە ئەوە دەخوازێ كە ئەم بوارە بەهەند بگیرێ, رێزی لێبنرێت, پلەوپایەی خوێندەواران و زانایان بەرز ڕابگیرێت…… لەم ڕوانگەیەوە كاتێك باس لە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و پێشخستنی ئەو كۆمەڵگایە دەكەین جێی خۆیەتی بە چەند دێڕێك باس لە زانست و خوێندن بكەین لە دید و بۆچوونی پەیامی پیرۆزی ئیسلام و ژیانی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) بەتایبەتی لە وەرزی دووەمی دەرچوونی ژمارە (2)ی گۆڤارەكەتان كە هاوكاتە لەگەڵ ئەو هەڵمەتەی لە كوردستاندا بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری بە ئەنجام دەگات.
كاتێك تەماشای قورئان دەكەین دەبینین ووشەی (علم) هەشتا جار لە قورئاندا هاتووە و ووشەكانی (یعلم, یعلمون, علیم, علام … هتد) كە داتاشراوەی ئەو ووشەیەن سەدان و سەدان جار هاتووە, ئەمە سەڕەڕای ئەوەی لە زۆر لە ئایەتەكانی قورئاندا ئەو ووشانەی پەیوەندییان بە زانست و زانینەوە هەیە وەك (اڵالباب) , (النهی) و داتاشراوەی (عقل) , (فكر) , (حكمة) , (برهان) , (أنظروا) , (ینظروا) … هتد لە قورئاندا ئاماژەیان پێكراوە. هەموو ئەمانە ئەو راستییە دەگەیەنن كە زانست و خوێندن و تێڕوانین و ووردبوونەوە لەم گەردوونە و لەوەی تیایدایە كارێكی گەورەیە .
زیاتر گرنگی ئەم بابەتەمان بۆ دەردەكەوێت كاتێك كە تەماشا دەكەین یەكەمین ئایەتی قورئان بە ووشەی (أقرأ) لەگەڵ مرۆڤدا دەدوێت: [إقرأ باسم ربك الذی خلق,خلق اڵانسان من علق, إقرأ وربك اڵاكرم الذی علم بالقلم, علم الإنسان ما لم یعلم], هەروەها لە سوورەتە سەرەتایییەكانی قورئاندا، سوورەتێكی قورئان بەناوی (القلم) پێنووس ناونراوە و لەسەرەتای ئەم سوورەتەدا پەروەردگار سوێند بە پێنووس دەخوات, هەرچەندە بە قەوارە بچووكە بەڵام بە بەها بەنرخە و كاریگەریی گەورەی هەیە, بۆیە شایەن بەوەیە خوای گەورە سوێندی پێبخوات [ن, والقلم وما یسطرون].
گەر فەرموودەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەسەر بكەینەوە بۆمان دەردەكەوێت كە بەدەیان فەرموودە سەبارەت بە زانست و هاندانی زانست و خوێندن دەدوێن, هەركاتێكیش ئەم سەروەرە فرسەتی فێربوون و خوێندن ڕەخسا بێت هەوڵیداوە كە موسوڵمانان سوود لەو فرسەتە وەربگرن, كاتێك لە غەزای (بەدر) دا موسوڵمانان چەند دیلێكیان لە بێباوەڕان دەستگیر كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ هەر دیلێكدا كە خوێندەواری دەزانی مەرجی فێر كردنی (10) لە رۆڵەی موسوڵمانانی بەست بەرامبەر بە ئازاد كردنیان…… چەند كارێكی گەورە بوو كە رزگاربوون لە دیلێتی بەرامبەر بە رزگاربوون لە نەخوێندەواریی مامەڵە بكرێت, بەتایبەت لە لایەن پێشەوایەك كە خۆی نەخوێندەوار بێت و زانیارییەكانی راستەوخۆ لە پەروەردگارەوە وەرگرتبێ.
لە كۆتاییدا خوازیارین كە هەروەك چۆن پەیامەكەمان هانمان دەدات بۆ فێربوون و بەرز كردنەوەی ئاستی زانستیمان بەو جۆرە ئەم بوارە گرنگەی ژیان بەسەر بكەینەوە و بە بەرچاو رۆشنییەوە بتوانین پەڕاوی گەردوون بخوێنینەوە و لە ئیعجازە جۆراوجۆرەكانی بكۆڵینەوە……
ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە (2،3) دا بڵاوكراوەتەوە