You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » کشتوکاڵ » پراكتیزەكردنی بەكارهێنانی ڕەشكەو زەنجەفیل لەبواری نەخۆشيیەكانی ڕووەك

پراكتیزەكردنی بەكارهێنانی ڕەشكەو زەنجەفیل لەبواری نەخۆشيیەكانی ڕووەك

ڕووەكە پزیشكیەكان لە قورئان و سوننەتدا
بەشی سێیەم

پراكتیزەكردنی بەكارهێنانی ڕەشكەو زەنجەفیل لەبواری نەخۆشيیەكانی ڕووەك

پ.ی.د . جلال حمە صالح بۆسكانی
e-mail:jalal_boskani@yahoo.com
jalal.ismael@univsul.net

دەستپێك: بابەتی ئەمجارەمان دەربارەی بەشی سێهەمی ڕووەكە پزیشكییەكان لە قورئان و سووننەتدا بریتییە لە بەشێك لە ماستەرنامەی خوێندكار (هاژە عه‌بدولكەریم) لە فاكەلتی كشتوكاڵ/ زانكۆی سلێمانی بەسەرپەرشتی بەندە بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی كێشەیه‌كی گەورە لە نەخۆشییەكانی ڕووەك دوای ڕنین (Post-harvest disease)، ئەویش كێشەی گەنین و لەناوچوونی بەرهەمی هەرمێیە (هەرمێ ناسكە) لە كوردستان بە گشتی و لە پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی كە ئەم نەخۆشییە ڕووەكییە لەو كاتەوە دەستپێدەكات كە هێشتا هەرمێكان بەدارەكەوەن و تا لێكردنەوەیان و خستنەناو پلاسكۆو گواستنەوەیان و هۆكاری گەنین و لە ناوچونی هەرمێ ناسكە لە كوردستان.
دوای ئەوە فرۆشتنیان لە بازاڕ، جا ئەم گەنین و لەناوچوونە (Pear blue mold and decay)
ڕێژەكەی دەگاتە زیاتر لە (%50)، ئەوەش دەبرێتە بازاڕ هێشتا مەترسی لێدەكرێت و سەلامەت نییە لە ڕووی تەندروستییەوە.

هۆكاری گەنین و تێكچونی هەرمێ ناسكە لە سلێمانی:

لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە دەركەوت كە هۆكاری توشبوونەكەی دەگەڕێتەوە بۆ:
1- كەڕووی Penicillium expasum
ئەم كەڕووە لەسەر هەرمێكان بەشێوەی گەشەیەكی كەڕوینی شینێكی مەیلەو خۆڵەمێشی دەردەكەوێت و بەچواردەوریا گەشەیەكی سپی (وێنەی 1 ، 2)، هەروەها شێوەی كەڕووەكەش لە فڵچە دەچێت (وێنەی 3).

بۆ دەستنیشانكردنی كەڕووەكە (diagnosis) دوو ڕێگەمان گرتەبەر، یەكەمیان بە پابەندبوون بە سیفاتە مۆفۆلۆجییەكانی Morphological characters)) ئەم كەڕووە (وێنەی 3)، دووەمیشیان: بەبەكارهێنانی تەكنیكی PCR
(Polymerase Chain Reaction) (وێنەی 4)

 

2- لە ئەنجامی پشكنیندا دەركەوت كە هۆكاری تری لاوەكیش هەیە بۆ گەنین و تێكچوونی هەرمێكان (كە ئەگەری ئەوەیە لە كاتی هەڵگرتندا تووشی ئەم حاڵە هاتبێت) كە ئەویش دوو بەكتریا بوو بە بەڵگە سەلماندمان، كە ئەمیش هۆكاری دووەمە بۆ گەنین و تێكچوون، دوو بەكتریاكەش 1-Bacillus sp و
2-Corynebacterium sp
ئەم دوو بەكتریایەش دەستنیشانكران (diagnosis) لە لایەن پسپۆرێكی بەكتریالۆجییەوە وێنەكانی (5 , 6 ,7 ,8) Figure (4): Amplified PCR product of Penicillium expansum using primer sets of designed and Norgen kit . The size of the marker ( M ) started from 100 bp is shown on the left margin in the negative control showed in Lane A, while positive control showed in Lane B , amplified PCR product from the sample using the primer of the kit showed in Lane C,the amplified PCR product using designed primer showed in Lane D.

چارەسەری نەخۆشییەكە:

بۆچارەسەری دیاردەی نەخۆشی گەنین و تێكچونی هەرمێ ناسكە پەنامان بردە بەر بەكارهێنانی گیراوەی ئەلكهولی 4 جۆر ڕووەكی خۆماڵی كە ئەوانیش یەكەم: سوڕناتك triquetrifolium Hypericum دووەمیان: تەروو Vitex agnus-castus سێهەمیان: ڕەشكە Nigella sativa چوارەمیشیان: زەنجەفیل Zingiber officinale) بڕوانە خشتەی ژمارە (1)بیرۆكەی هەڵبژاردنی ئەم چوار گیراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ توانستی لەناوبەرییان چ لە رووی مایكۆلۆژیەوە وە چ لە رووی بەكتریۆلۆژیەوە وەك ئاماژەمان پێكردوە لەسەر چاوەكاندا لەكۆتایی ئەم باسەدا
Table (1): Plant species and parts used in this research
* F= Flower, L= Leaf , S= Stem, R= Root

تاقیكردنەوە لابوریەكان:  

خشتەی ژمارە (2): كاریگەری چوار گیراوەی كهولی دەردەخات لەسەر گەشەی مایسیلیۆمیی (MG)و ڕێژەی سەدی نائەكتیڤ كردنی گەشەی(MGI) Penicillium expansum. لە خشتەكەدا هەر گیراوەیەك بە چەندخەستیەك بەكارهاتووە لە ( 5000 µg ml-1) كە دەكاتە (0.5%) دەستپێدەكات تاوەكو ( 40000 µg ml-1) كە دەكاتە (4%) ئەگەر بە جوانی بڕوانیتە خشتەكە بۆت دەردەكەوێت كە زیادكردنی ڕێژەی سەدی نائەكتیڤ كردنی گەشە زۆر بەرزە لە كۆتا خەستیدا (4%) بەواتای ئەو ڕێژەیە گەیشتە (92.30 و 89.31 و 83.83 و 71.70 % ) بۆ ڕووەكی یەكەم سوڕناتك (H. triquetrifilium) و تەروو ( V.agnus-castus) و ڕەشكە (N.sativa)و زەنجەفیل (Z.officinale) یەك لەدوای یەك. ئەوەی زیاتر مەبەستمانە بیڵێین بەتایبەتی ئەو كۆتا گیراوانە (ڕەشكەو زەنجەفیل) بەڕێژەیەكی بەرچاو گەشەی كەڕووەكەی دابەزاند (83.83 و 71.70) كە ئەمە دڵخوشكەرە بە ئەڵتەرناتیڤێكی باش كەدەتوانین لەجیاتی لەناوبەرە كیمیاییە خەتەرناكەكان بەكاریان بهێنین.
Table ( 2 ): Effect of some plant extracts on the growth of the pear blue mold fungus Penicillium expansum
* MG = Mycelia Growth, † MGI = Mycelia Growth Inhibition
ئاشكرایە سەرچاوەكان ئاماژە به‌ ترسناكی ئەم كەڕووە (Penicillium expansum) لەسەر تەندرووستی مرۆڤ دەكەن نەك تەنها خۆی، بەڵكو ئەو ژەهرە ترسناكەی كە دەرهاویشتەی كەڕووەكەیە بۆ ناو میوەی توشبوو (وەك هەرمێ و سێوو مزەرەمەنی و میوە ناوك ڕەقەكان …هتد)، كە لێرەدا لەسەر چارەسەری كەڕووە شینەو گەنینی هەرمێ ناسكە دەدوێین، ئەو ژەهرەی كە كەڕووەكە دەریدەدات بۆ ناو میوەكە ژەهری پاچیۆلینە ( Patulin) (بڕوانە وێنەی ژمارە 9) پێكهاتەی كیمیاوی ژەهرەكە، ژەهری پاچیۆلین چەندەها ماك و كاریگەری تەندروستی خراپی هەیە چ بۆ ئاژەڵ چ بۆ مرۆڤ، لە ماكە خراپە كتوپڕەكانی وەك ڕشانەوەو سكچوون و سەرئێشەو دڵتێكهەڵدان و …..هتد، بەڵام لە ماكە درێژخایەنەكان بریتییە لە شێرپەنجە كەلەم ساڵانەی دواییدا دەركەوت. كەسی توشبوو (كەبەردەوامی ژەهرەكە بچێتە لەشیەوە) كتوپڕ هەست بە ماكەكە ناكات» بەڵكو دوای چەند ساڵێك كاریگەری نێگەتیڤانەی لەسەر دەردەكەوێت.
Table (3): Effect of plant extracts on the inhibition zone in growth of the two isolated bacteria from rotted pear fruits

لە خشتەی (3) دا كاریگەری گیراوە ئەلكهولییەكانی هەرچوار ڕووەكەكە (سورناتك و تەروو و ڕەشكە و زەنجەفیل) بە خەستی 40000 µg ml-1 (4%) لەسەر ڕێژەی نائەكتیڤكردنی هەردوو بەكتریاكە Bacillus sp. و Corynebacterium sp. و دەردەكەوێت، هەرچوار گیراوەی ڕووەكەكان بەڕوونی دیارە كە كاریگەری هەبووە لەسەر ناوچەی نائەكتیڤكردن (Inhibition zone) بە (ملم) هەروەها زۆر ئاشكرایە كاریگەری هەردوو ڕەشكەو زەنجەفیل بە ڕوونی دیارە لەسەر ( Inhibition zone)ی هەردوو جۆر بەكتریاكە سفرەو ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لە هەردوو خشتەكە (3,2) دا كە ڕەشكەو زەنجەفیل هەم دژە كەڕوون (Anti-fungal) و هەروەها دژە بەكتریاشن (Anti-bacteria).

پراكتیزەكردنی دەرئەنجامەكانی تاقیكردنەوە لابورییەكان:

خشتەی ژمارە (4): كاریگەری هەموو گیراوەكان چ بە تەنهاو چ بە یەكەوە (دوو دوو، سێ سێ، یا چوار بە یەكەوە) لەسەر ڕێژەی گەشەی كەڕوینی سەر هەرمێكان دەرەكەون، بۆئەوەی زۆر نەچینە قوڵایی ئەم بابەوە، شرۆڤەیەكی زانستی بۆ هەموو دەرەنجامەكان بكەین، تەنها ئاماژە دەكەین بە یەك تریتمێنت (Treatment) كە ئەویش گیراوەی (تێكەڵەی) (H + Z + N)ە بە واتای (سوڕناتك + زەنجەفیل + ڕەشكە )یە. كە توانستی (كفاە) گەیشتە (100%) جگە لە هەندێ تریتمێنتی كە بە هەمان شێوە گەیشتە (100 %) چونكە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوەیە كە بتوانین بە هیچ شێوەیەك لە ناوبەری كیمیایی بەكار نەهێنین، چارەسەری كەڕووە شینەو گەنین و تێكچوونی هەرمێكان بە ڕێگایەكی سروشتی بكەین دوور لە مەوادی كیمیایی. دیارە ئەگەر ئێمە هەرمێكان داپۆشین بە فیلمێك لەو گیراوە سروشتیانە دەیانپارێزین لە ئاكامی خراپی ئەو كەڕووی گەنین و تێكچوونە. هەروەها سەلامەتی تەندروستی مرۆڤەكانیش دەستەبەردەكەین و جگەلەوەش ئابووری بەرهەمهێنانی هەرمێ ناسكە لە سلێمانی و كوردستان باش دەبێت.
Table 4: Effect of dominant plant extracts alone and in combinations with them and /or with fludioxonil on the blue mold fungus of pear fruits.

• *Z=Zingibar officinale extract، N= Nigella sative extract، Hypericum triquelrifolium extract، F=fludioxonil fungicide.
• لایەنە ئیعجازییەكانی ئەم بابەتە: لە سەرچاوەكاندا ئاماژە دەكرێت بە بەكارهێنانی ڕەشكەو زەنجەفیل.
• لە خواردندا وەك بەهارات و تەوابل (spices) هەم وەك چارەسەر بۆ نەخۆشییەكانی مرۆڤ، بەڵام هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ بەكارهێنانی ئەم دوو ڕووەكە پزیشكییە (رووەكەكانی تریش) بۆ نەخۆشییەكانی ڕووەك، یا ئەگەر هەشبێت زۆر دەگمەنە.
• پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت ((علیكم بالحبة السودا‌ء، فان فیها دوا‌ء لكل دا‌ء الا السام، قیل وما السام یا رسول الله قال هو الموت)).
• ئەگەر سەیری ئەم فەرموودەیە بكەین دەبینین، جارێ یەكەم دەفەرموێ (لكل) بەواتای گشتگیری دەگەڕێتەوە، دوای ئەوە (دا) كە بە (نەكیرە) هاتووە دیسان گشتگیری تێدا بەدی دەكرێ، بەواتای بۆ هەموو نەخۆشییەكان چ بۆ مرۆڤ وە چ بۆ ئاژەڵ و ڕووەك.
• خوای گەورە دەفەرموێت لە سوڕەتی (إلانسان) ئایەتی (17):
(( ویسقون فیها كأسا كان مزاجها زنجبیلا ……………..))
• ئەگەر شەرابی ئەهلی بەهەشت زەنجەفیل بێت، دیارە ئەبێ زۆر گرنگی هەبێت بۆ تەندروستی چ لە ڕووی ئۆرگانیەوە وە چ لە ڕووی دەرونیەوە.
• لە ڕاستیدا سەرچاوەكان ئاماژەیەكی زۆر دەكەن بۆ بەكارهێنانی ئەم ڕووەكە لەوبوارانەدا .
لە شوێنێكی تردا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: ((ما جعل الله من دا‌ء الا جعل له الدوا‌ء، فاذا وافق الدوا‌ء الدا‌ء حصل الشفا‌ء باذن الله)) هەموو دەردێك، هەموو نەخۆشیەك، هەموو كێشەیەك چارەسەری هەیە بە گوێرەی ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).
جا ئەو نەخۆشیانە هی مرۆڤ بێت یان هی ڕووەك و ئاژەل چارەسەر دەكرێن. لە سروشتدا خوای گەورە فەراهەمی هێناوە بۆ مرۆڤ. ئەم باسەم ئاماژەیەكە بۆ بەعه‌مه‌لی كردنی ئەم فەرموودەیە، كە لە خوودی پێكهاتەكانی سروشت عیلاجمان هێناوە بۆ چارەسەر كردنی دەردوو نەخۆشیەكانی كشتوكاڵ كە ئەویش گەنینی كەڕووە شینەیی و تێكچوونی هەرمێ ناسكەیە لە كوردستان، پێغەمبەری خودا ڕاستی فەرمووە، بۆیە هەردەم پێویستە بگەرێین بەدوای نهێنیەكان و پێكهاتەكانی ئەم زەویە كە لەسەری دەژین، بەمەبەستی ئەنجامدانی وەعدی خوا كە ئەویش خەلافەتی مرۆڤە لەسەر زەوی و ئاوەدانكردنەوەی و گەڕان بەدوای نهێنیەكاندا. خوای گەورە دەفەرموێت: ((واذ قال ربك للملائكة انی جاعل فی الارض خلیفة …………..)) البقرة 30.
پێغەمبەری خوداش (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: (( الدنیا مزرعة اڵاخرة)) بۆ كۆشش كردن و هەوڵدان و گەڕان بەدوای نهێنیەكانی ئەم زەوییە، ئەركی هەموو مرۆڤێكە.
(و اخر دعوانا ان الحمد لله رب العالمین)

سەرچاوەكان References:
Adzkunle A. A.، Odukoya K. A ( 2003 ) Antifungal activities of ethanol and aqueous crude extracts of three Nigerian chewing sticks. Journal of Internal medicine 3(1) ; 7-11.
Al-Ani، Q. M. Adham، A. and Ahmed، M. T. (2003) Effect of some plant extract on the growth of some pathogenic bacteria and fungi .Anbar Journal of Agricultural Sciences. (1): 8- 14. ( In Arabic ).
Azza، M. M. Nadia، M. M. and Sohair، S. M. (2005). Sativa seeds against Schiistosoma mansoni different stage mem Inst. Oswaldo Cruz.riodes Janeiro 100 (2): 205- 211.
Boskani، J.H. I ( 2008). The effect of some wild plant extracts in controlling of chickpea Ascochyta Blight and Fusarium Wilting in Sulaimaniyah Governorate Ph.D thesis، College of Agriculture، University of Baghdad.(In Arabic)
Ernst، E. and Pittler، M. H.( 2000). Efficacy of ginger for nausea and vomiting a asystematic review of randomized clinical trials. British. Journal of Anesthesia، 84: 367-371.
Ficker، C.، Smith، M. L.، Akpugana، K.، Gbeassor، M.، Zhung، J.، Durst، T.,Assabgui، R. and Arnason، T. (2003). Bioassay-guided isolation and Identification of antifungal compounds from ginger. Pharmaceutical Biology، 41: 392-397.
Malagoli ، C.، Misère، D. and Trentini، L. (1997). Pero L evoluzione della coltura . Terra e Vitu 38: (suppl): 6- 7
Mari، M. Leoni، O.، Lori، R. and Cembali، T. (2002). Antifungal vapour-phase activity of allyl- isothiocyanate against Pencillium expansum of pears. Plant Pathology. 5: 231- 238.
Nguefack J.، Leth V.، Zollo A.، Mathur S.B. (2004). Evaluation of five essential oils from aromatic plants of Cameroon for controlling food spoilage and mycotoxin producing fungi. International Journal of Food Microbiology 94 : 329-334.
Omidbeygi. M.، M. Barzegar، Z. Hamidi and Nafhdibadi، H. (2007).Antifungal activity of thyme ، summer savory and clove essential oils against Aspergillus flavus in liquid medium and tomato paste. Food Control، 18:1518-1523.
Rao، R.، Sankara، S. and Nigam، S. S. (1978). Indian Perfume. 22: (4) 232.
Rehder، A. (1986). Manual of cultivated trees and shrubs. 2nd ed ,Portland ، Dioscorides press. 401- 406
Sabulal، B.، Dan، M.، John، A. J.، Kurup، R.، Pradeep، N. S. and Valsamma، K. (2006). Caryophyllene-rich rhizome oil of Zingiber nimmoni from South India: Chemical characterization and antimicrobial activity. Phytochemistry، 67 : 2469–2473.
Shah، A. H.، Katibi، A. Aged، A. M. and Tanira، M. O. M. (1988). Pakistani Pharmaceutical Science,1:(1) 53.
Sridhar، S. R.، Rajagopal، R. V.، Rajavel، R. Rajavel، S. and Narasimhan. S.( 2003) . Antifungal Activity of some essential oils. Journal of Agriculture & Food Chemistry,51: 7596 – 7599.
Sulaiman، M.N. and Emua S.A. (2009). Efficacy of four plant extracts in the control of root rot disease of Cowpea(Vigna unguiculata L.Walp، African Journal of Biotechnology ,16 : 3806-3808.
Wayne، M. I.، Verneta، L. G.، Wesley، M. G.، Bruce، D. W.، Wojciech، J. J.، and William، S. C. (2010) . Purification and biochemical characterization of polygalacteron produced by Penicillium expansum during postharvest decay of ، Anjou; pear. American Phytopathological Society.
White، T. J. Bruns، T. Lee، S. and Taylor، J. (1990). Amplification and direct sequencing of fungal ribosomal RNA genes for phylogenetics0in; Innis,M.A.; Gelfand، D.H.; Sninsky، J.J.; White، T.J.(eds) PCR protocols. A Guide to Methods and Application. Academic press، San Diego. 315- 322.
Zangana Sh. M. (2004). Effect of some plant extracts on some pathogenic bacteria. M.Sc. Microbiology. Department of Science، Anbar University

ئەم بابەتە لە ژمارە 24 ی گۆڤاری هەیڤ دا بڵاوكراوەتەوە

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top