هەستكردن بە ئازار لەنێوان قورئان و زانستی پزیشكیدا
هەستكردن بە ئازار لەنێوان قورئان و زانستی پزیشكیدا
ئامادەكردنی: د.كاوە فەرەج سەعدون
پسپۆڕ لهبواری نهخۆشیهكانی سنگ و كۆئهندامی ههناسه
لە چەندین سەدە لەمەوپێشەوە و تا ماوەیەكی نزیك لە ئێستا بیروباوەڕی خەڵكی وەهابوو كە هەموو ئەندامەكان و پارچەكانی لەشی مرۆڤ هەستیارە بۆ ئازار, وایاندەزانی كە لە سەری دەدەیت هەموو سەری دێشێت, ئەگەر لە چاوی بدەیت هەموو بەشەكانی چاوی ئازاریان دەبێت!! لای هیچ كەسێك ئەو راستییە نەزانرابوو كە لە لەشدا چەند دەمارێكی تایبەت هەیە بۆ گواستنەوەی جۆرە جیاوازەكانی ئازار, تاوەكو زانستی توێكاری (علم التشریح Anatomy) پەردەی لەسەر رۆڵی كۆتایییە دەمارییەكان و دەمارەكان خۆیان لادا لە هەست پێكردن و گواستنەوەی جۆرە جیاوازەكانی ئازاردا.
لەم لێكۆڵینەوەیەدا چەندین راستی زانستی روون دەكەینەوە كە ئەو بیروباوەڕە كۆنە هەڵدەوەشێنێتەوە و بە بەراورد كردنی ئەم راستییە زانستییانە لەگەڵ ئەوەی كە لە قورئاندا هاتووە دەربارەی پێست, و پسپۆڕیی پێست لە گواستنەوەی هەستە جیاوازەكاندا دەگەینە ئەو راستییەی كە ئەم قورئانە ووتەی خوای دروستكەری بوونەوەرە و هەر ئەویشە ئەم راستییانەی لە نیگاكەیدا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناردووە.
با سەرەتا ئەو ئایەتانە بهێنین كە باس لەم بابەتە دەكەن:
– خوای گەورە لەبارەی سزای بێباوەڕان لە رۆژی دواییدا دەفەرموێت:
[إِنَّ الَّذینَ كَفَرُواْ بِاێاتِنَا سَوْفَ نُصْلِیهِمْ نَارًا كُلَّمَا نَضجَتْ جُلُودُهُمْ بَدَّلْنَاهُمْ جُلُودًا غَیْرَهَا لِێذوقُواْ الْعَذابَ إِنَّ اللّهَ كَانَ عَزِیزًا حَكِیمًا] (النساء:56).
– لەسەر هەمان بابەت لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت:[ۆسُقُوا مَاء حَمِیمًا فَقَطعَ أَمْعَاءهُمْ] (محمد:15).
راڤەی ئایەتەكان:
-سەبارەت بە ئایەتی یەكەم (الطبری) لە تەفسیرەكەیدا دەڵێت: فەرموودەی (سَوْفَ نُصْلِیهِمْ نَارًا) مانای ئەوەیە كە ئێمە بێباوەڕان دەكوڵێنین لە ئاگری دۆزەخدا و دەیان برژێنین, (كُلَّمَا نَضجَتْ جُلُودُهُمْ) واتە هەر كاتێك پێستی لەشیان ببرژێت تا بە تەواوەتی دەسووتێت, (بَدَّلْنَاهُمْ جُلُودًا غَیْرَهَا) ئێمە پێستەكانیان بۆ دەگۆڕین بە پێستی تر غەیری ئەو پێستەیان كە سووتاوە, (لِێذوقُواْ الْعَذابَ) واتە ئێمە وایان لێدەكەین بۆ ئەوەی ئازاری سزادان و پیسترین شێوەی ببینن, ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەوان لە دونیادا باوەڕیان بە ئایەتەكانی خودا نەهێناوە و پشت گوێیان خستووە و بەدرۆیان دەخستەوە.
– (الزمخشری)یش لە تەفسیرەكەیدا (الكشاف) دەڵێت: بۆ ئەوەیە كە ئەو سزایە بۆیان بەردەوام بێت و لێیان نەبڕێت.
– دەربارەی ئایەتی دووەم (القرطبی) لە تەفسیری (الجامع ڵاحكام القران)دا دەڵێت: [ۆسُقُوا مَاء حَمِیمًا] واتە: ئاوێكی لەكوڵ و زۆر زۆر كوڵاویان بۆ دەهێنرێت, كە نزیك دەكرێتەوە لێیان دەم وچاویان دەبرژێنێت و دەبێتە هۆی وەرینی تووك و پێستی سەریان, كاتێك دەرخواردیان دەدرێت ناوسك و ریخۆڵەكانیان پارچە پارچە دەكات و لە كۆمیانەوە دێتە دەرەوە.
-(الطبری) دەڵێت: ئەو كەسانەی كە لە دۆزەخدا بە هەمیشەیی دەمێننەوە ئاوێكیان دەرخوارد دەدرێت كە گەیشتووەتە ئەوپەڕی گەرمیی و دەبێتە هۆی پارچە پارچە كردنی ریخۆڵەكانیان و ناوسكیان, هەردوو زانا {الشوكانی لە تەفسیری (فتح القدیر)دا و إبن كپیر لە تەفسیرە بەناوبانگەكەیدا (تفسیر القران العظیم)} هەمان تەفسیری ئەم ئایەتەیان كردووە.
پێست و ئازاردانی بە ئاگر
باشە دەبێت نهێنی هەست كردن لە پێستدا چی بێت؟ چۆن ئێمە هەست بە ئازار و ساردیی و گەرمیی دەكەین؟ چۆن دەتوانین ئەو شتەی پەنجەی لێدەدەین یەكسەر بیناسینەوە؟ چۆن ئێمە هەست بە ئازارەكانی ناو لەشمان دەكەین؟
راستییە زانستییەكان لەم بارەوە چەند ساڵێكی كەم دەبێت دۆزراونەتەوە, ئەویش لە رێی هەردوو زانستی توێكاری و زانستێكی نوێتر كە پێی دەووترێت شانەزانی (علم اڵانسجە Histology), كە پاش دۆزینەوەی ووردبینە زۆر بەهێزەكان نهێنییەكانی پێست و ژێر پێستی مرۆڤی بۆ ئاشكرا كردووین, و میكانیزمی هەست كردنی لە پێستدا بۆ روون كردووینەتەوە.
راستییە زانستییەكان دەربارەی پێست
پێستی مرۆڤ لە دوو چینی سەرەكی شانە (چینی سەرەوە یان چینی روویی Epidermis, و چینی خوارەوە Dermis) و چینێكی هاوپێچ لەژێریانەوە (Subcutaneous Layer) یان چینی (Hypodermis) پێك هاتــــووە.
پێـســتی مرۆڤ شـــانـەكــانـی نــــاوەوە دەپـارێــزێـت لە ووشكبــــــوونــەوە یــان لەدەست چوون و فــەوتــانـی شــلەمەنی, هەروەها لە ماددە زیـــــانبەخشـەكان و لــە گـۆڕانكارییـەكانـی پـلـەی گەرمیش.
بەشی خـــــــوارەوەی پــێــســـت ئــــــــەم پـێـكـهـاتــووانــەی تـێـدایــە: ئەو رژێنانەی ئارەق دەردەدەن یان ئـارەقە رژێــنــەكــــان (sweat glands), لوولەكانی خوێن, كۆتایییە دەمارییەكان یان هەستەوەرەكان (sensory receptors) و بنی مووەكان و نینۆكەكان, هەریەكێك لە پێكهاتووەكانی پێست بە كارێكی گرنگ هەڵدەستێت بۆ پاراستنی لەش و بارە ئاسایییەكەی, ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە لە پێكهاتووەكانی پێست بریتین لە كۆتایییە دەمارییەكان, و خانە و تەنۆلكەكانی هەستكردن لە پێستدا, كە وەك زەنگی ئاگادار كەرەوەن بۆ لەش لەهەر بارێكی نائاسایی.
هەروەك ئاماژەمان پێدا زانایان بۆیان دەركەوتووە كە هەست كردن لە پێستدا بەهۆی تۆڕێكی ناكۆتا لە كۆتایییە دەماریییەكانەوە دەبێت, كە لە كۆتایییەكانیاندا چەندین جۆر خانە و تەنۆلكە هەیە, كە هەر یەكێكیان تایبەتن بە جۆرێكی دیاری كراو لە هەست كردن, ئەمانە پێیان دەووترێت سەنتەرەكانی هەست كردن لەپێستدا.
ئەگەر بڕوانینە نەخشەی پێكهاتنی پێست دەسەڵاتی گەورەی پەروەردگارمان بۆ دەردەكەوێت, سەرەتا لە رەنگینی شێوەكەیكە بۆمان روون دەكاتەوە چۆن هەستە دەمارەكان دابەشبوون لە پێستی مرۆڤدا, دەبینین كە نزیكەی 15جۆر سەنتەری جیاواز بۆ هەموو جۆرەكانی هەستی دەماریی دۆزراونەتەوە لەلایەن پزیشكان و زانایانی توێكارییەوە, كە هەندێكیان بەناوی ئەو زانایەوە ناونراوە كە یەكەمجار دۆزیویەتەوە, شێوەی ئەم تەنۆلكانە زۆر جیاواز و تایبەتین: هەندێكیان لە شێوەی سەبەتەدان, و هی تریان لە شێوەی كۆمەڵێك هێڵی یەك سەنتەردان وەك شێوەی پیاز, یان لەگەڵ كۆتایییە دەمارییەكاندا درێژ بوونەتەوە.
زانایان هەست كردنیان لەلایەن مرۆڤەوە بەهۆی ئەم تەنۆلكانەوە دابەش كردووە بۆ 3 ئاست:
أ- هــەسـت كردنی ســـەر روویــــی (سـطحی).
ب- هـەسـتی قـــووڵا.
ج- هەستی تێكەڵاو (مركب).
هەستی سەر رووی پێست (سطحی) چوار جۆرە:
1- بەركەوتن و پەستان.
2- ئازار.
3- هەستكردن بە گەرمیی.
4- هەست كردن بە ساردیی.
هەستی قووڵیش تایبەتە بە جومگە و ماسولكەكان و بریتییە لە هەستەكانی:
– هەستكردن بە باری لەش (Proprioception).
– ئازاری قووڵی ماسولكەكان.
– هەستكردن بە لەرینەوە (Pallesthenia).
میكانیزمی هەست كردن و بەیەكەوە كاركردن لە هەردوو هەستەكەدا (روویی و قووڵی) (یان هەستی تێكەڵاو) بریتییە لە ناسینەوە و ناونانی شتە ناسراوەكان و ئەوانەی دەخرێنە ناو دەستەوە, واتە هەستی ناسینەوەی شتەكان بەدەست لێدانیان (Stereognosis).
هەروەها توانای دیاری كردنی شوێنی بەركەوتن لەسەر پێست, هەستی بەركەوتنیش واتە ناسینەوەی تەنەكان بە دەست لێدانیان, ئەم هەستەیان دەبێت توێكڵی مێشك سەلامەت بێت بۆ ئەوەی بوونی هەبێت و رووبدات.
خانەكان و تەنۆلكەكانی هەستكردن بە گۆڕانكارییە ژینگەیییەكان لە پێستدا
وەك پێشتر باسمان كرد چەند تەنۆلكەیەك و خانەی تایبەت هەیە بۆ دۆزینەوە و هەست كردن بە گۆڕانكارییەكان لە ژینگەی مرۆڤدا كە پێیان دەووترێت (وەرگرەكان) یان هەست پێكەرەكان (Receptors), كە دابەش دەكرێن بۆ ئەم بەشانە:
– ئەو خانانەی بە دەوروبەر كاریان تێدەكرێت (Extroceptors): ئەمانە تایبەتن بە هەستی بەركەوتن (واتە هەستكردن بە دەست لێدان), و بریتین لە: تەنۆلكەكانی میسنەر (Meissners Corpuscles) كە زۆر بڵاون, و خانەكانی میركل (Merkles Corpuscles) كـە ئەمانـە زیـاتر لـە شــوێـنە بـێمــووەكاندا هـــــــــەن, وەك ســەرە پەنجەكان و لێوەكان.
– تەنۆلكەكانی پاسینی (Pacinian corpuscles) كە زیاتر لەو شوێـنـانەدان كــــــــە قورسییان لەسەرە وەك نـــاو لــــەپـــی دەســـت و ناوەوەی پێ, شێوەیان وەك پیاز وایە و تایبەتن بە گواستنەوەی هەست بە پەستان و لەرینەوە, ئەم تەنۆلكانە هەموویان بەگشتی ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 500,000 لەسەر هەموو رووی لەش.
– خانەكانی مووەكان و تەنۆلكە كۆتایییەكانی كروز (Crause End Bulbs) و هەروەها تەنۆلكەكانی تومسا, ئەمانە تایبەتن بە هەستن كردن بە ساردیی.
– قووچەكەكان یان لوولەكانی رووفینی (Ruffinis Cylinders): كە تایبەتن بە هەست كردن بە گەرمیی, ژمارەی ئەم تەنۆلكانەش دەگاتە زیاتر لە (200000) لە هەموو رووی لەشدا.
-تەنۆلكەكانی گۆڵجی (Golgi Corpuscles): كە لەناو جومگە و ماسولكەدا هەن و هەستە قووڵەكان دەگوێزنەوە.
-كۆتایییە دەمارییە هەستییەكان یان كۆتایییە دەمارییە بەرەڵاكان (كە تۆڕێكی ئاڵۆز پێك دەهێنن و پێیان دەووترێت تۆڕی لانگەرهانس Langerhans): بۆ هەست كردنە بە ئازار, ئەم كۆتایییە دەمارییانە زۆر بەربڵاو وزۆرن لەسەر رووی پێست, كە بینراوە ژمارەیان دەگاتە (3-5 ملیۆن) لە هەموو رووبەری پێستدا.
لێرەوە دەتوانین بڵێین كە پێستی مرۆڤ بریتییە لە رووپۆشێك كە تۆڕێكی ناكۆتا لە ریشاڵا و كۆتایییە دەمارییەكان دادەپۆشێت, و پێستی مرۆڤ نەخشە و خەریتەیەكی سەرسوڕهێنەرە لە یەكتر بڕینی ئەو دەمارانەی كە كۆنترۆڵی دەكەن, ئەوەتا 62 دەمار كۆنترۆڵی هەموو لەش دەكەن (بێجگە لە دەمارە مێشكییەكان), و هەستەكانیان لێوە كۆدەكەنەوە و بۆ مێشكی دەگوێزنەوە.
لە مێشكیش خۆیەوە راستەوخۆ 14 دەمار دەردەچن كە دەمارە مێشكی (یان سەرییەكانن), كەواتە كۆی گشتی 76 دەمارن كە كۆنترۆڵی رووبەرەكانی هەست دەكەن لە لەشی مرۆڤدا.
لە لایەكی ترەوە زانستی توێكاری سەلماندوویەتی كە كۆتایییە دەمارییەكان و ڕیشاڵە دەمارییەكانی تایبەت بە گواستنەوەی ئازار و هەست بە گەرمیی زۆر لەیەكەوە نزیكن, هەروەها بۆشی روون كردووینەتەوە كە ئەو رێگەیەی كە دەیبڕن بۆ سەرەوە هەمان رێگەیە, ئەم دەمارانە لە پێستەوە دەڕۆن تا دەگەنە دڕكە پەتكی ناو بڕبڕەی پشت (النخاع الشوكی Spinal Cord), و لەوێوە بۆ مێشكۆكە (المخیخ Cerebellum), و پاشان بۆ مێشكی ناوەڕاست (الدماغ المتوسط Mid Brain), و لە كۆتاییدا بۆ توێكڵی مێشك, لەمانەی سەرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە پێست گرنگترین بەشی لەشە بۆ هەست كردن بە ئازار و گەرمیی, لەبەرئەوەی كە زۆر دەوڵەمەندە بەو كۆتایییە دەمارییانەی كە هەستەكانی ئازار و گەرمیی دەگوێزنەوە.
هەست كردن بە گەرمیی و ساردیی:
بەهۆی ئەو تەنۆلكانەی كە هەستەكانی ساردیی و گەرمیی دەگوێزنەوە هاوسەنگیی لە پلەی گەرمیی لەشدا روودەدات, كە لە پلەیەكی دیاری كراودا دەمێنێتەوە (كە بە ناوەندیی بریتییە لە 37 پلەی سەدی), ئەگەر بێتو پلەی گەرمی لەش دابەزێت بۆ 35 پلەی سەدی ئەوا سەرەتا ئەو تەنۆلكانەی هەستیارن بۆ ساردیی هاوار و ئاماژەی مەترسی دەنێرن, و مێشكی مرۆڤ و لەم بارە ئاگادار دەكەن, ئەگەر ئەم باری ساردبوونەوەیە بەردەوام بێت و هاوارەكان وەڵامی نەبێت, ئەوا ووردە ووردە لەش دەچێتە حاڵەتێكی سڕبوون و نەمانی هەستەوە.
لەلایەكی ترەوە ئەگەر پلەی گەرمی لەش و پێست بەرزبێتەوە لە ئاستی ئاسایی خۆی بە هۆی دووچار بوونی مرۆڤ بۆ سەرچاوەیەكی گەرمی یان ئاگر, سەرەتا مرۆڤ هەست بە ناڕەحەتی دەكات, پاشان ئازار پەیدا دەبێت كە ووردە ووردە زیاد دەكات تا دەگاتە ئەوپەڕی و بەرزترین پلەی ئازار, كە بینراوە ناڕەحەتترین ئازار لەكاتی سووتانە روویی (سەطحی)یەكاندا دەبێت, بە زیاد بوونی پلەی سووتانەكە ئازارەكەی ووردە ووردە دەوەستێت لەو ئاستەدا و زیاتر نابێت, بەڵكو بە هێواشی بەرەو نەمان دەڕوات, تەنانەت ئەگەر هەموو پێستیش بسووتێت و ببێت بە خەڵووز ئیتر ئازار نامێنێت.
پلەكانی سووتانی پێست و جۆرەكانی:
زانایان و پزیشكان پلەكانی سووتان دابەش دەكەن بۆ چوار پلەی سەرەكی, ئەم پلانە بەپێی ئەو چینانەی پێست كە دەسووتێت دیاری دەكرێت و تا سووتانەكە قووڵتر بێت پلەی سووتانەكە زیاد دەكات, ئەگەر سەیری پێستی مرۆڤ بكەین لەكاتی هەر یەكێك لەم سووتانانەدا, دەبینین لە سووتانی پلە یەكدا تەنها چینە ووشكەكەی بەشی سەرەوەی پێست دەگرێتەوە و لەسەر شێوەی هەوكردنێكی پێست دەردەكەوێت, لەم سووتانەدا هەڵئاوسان و ئازارێكی كەم روودەدات لەبەرئەوەی سووتانەكە پلە یەكە و تەنها خانەكانی رووی دەرەوەی پێست دەگرێتەوە, ئەوەش ئاشكرایە كە ئەم سوور بوونەوە و هەڵئاوسان و ئازارە دوای دوو تا سێ رۆژ نامێنێت.
ئەگەر یەكسەر باسی سووتانی پلە سێ بكەین دەبینین كە هەموو چینەكانی پێست دەگرێتەوە و لەوانەیە شانەكانی ژێرەوەش وەك ماسولكە و ئێسكیش بگرێتەوە, لێرەدا پێست نەرمی و لاستیكیی لە دەست دەدات و ووشك و رەق دەبێت, لەم حاڵەتەدا نەخۆشەكە زۆر هەست بە ئازار ناكات لەبەرئەوەی كۆتایییە دەمارییەكان و تەنۆلكەكانی هەست كردن زوربەیان لەناو چوون بەهۆی سووتانەوە.
ئەگەر بچینە سەر پلەی چوارەمی سووتان, ئەم پلەیە پێی دەووترێت بوون بەخەڵوز (التفحم), كە هەروەك لە ناوەكەیەوە دیارە پێستی مرۆڤ وەك خەڵوزی لێدێت, لەم حاڵەتەشدا نەخۆش هەست بەهیچ ئازار و هەستێكی تر ناكات لەو بەشەی پێستیدا لەبەر ئەوەی هەموو تەنۆلكەكان و كۆتایییە دەمارەكان بە تەواوەتی لەناوچوون.
ئێستاش با بگەڕێینەوە بۆ سووتان لە پلەی دووەم, ئەم پلەیە دەكرێت بە دوو بەشەوە: 1- روویی (سطحی). 2- قووڵا.
لە حاڵەتی سووتانی روویی پلە دوودا چینی سەرەوەی پێست (رووی پێست) دەكوڵێت و هەروەها چینی ژێرەوەش (ناوەوەی پێست) كە لەژێر چینی سەرەوەدایە, لەم حاڵەتەدا هەردوو چینەكەی پێست لەیەك جیادەبنەوە و چەندین دەردراو و پاڵاوتە لە نێوانیاندا كۆدەبنەوە, لەژێر چینی سەرەوەدا بڵق دروست دەبن, كە پڕن لە شلەیەك كە لە شلەمەنی یان پلازمای خوێن دەچێت, نەخۆشەكە لەم جۆرە سووتانەدا ئازارێكی یەكجار زۆر دەچێژێت و دەتلێتەوە پێیەوە و هەروەها هەستیاریشی بۆ ئازار زۆر دەبێت, ئەمانەش بەهۆی هەژانی كۆتایییە دەمارییە دەركەوتووەكانەوە دەبێت, لێرەدا چاكبوونەوە و یەكبوونەوەی پێست زیاتر لە دوو هەفتە دەخایەنێت بەهۆی ئەو كرداری نوێ بوونەوە و جێگرتنەوەیەی شانە فەوتاوەكان كە لە پێستدا روودەدات.
ناوسك و سزای رۆژی دوایی
هەروەك چۆن بێباوەڕان لە دۆزەخدا تووشی سزای ئاگر دەبن لەرووی دەرەوەی لەشیان و لەرێی پێستیان, بە هەمان شێوە تووشی سزایەكی ناوەكیش دەبن كە لە جۆرێكی ترە, ئەویش لەرێی دەرخواردانیان بە ئاوێكی ئەوەندە كوڵاو كە ئەویش وەك ئاگر وایە, كاتێك كە لێیان نزیك دەكرێتەوە دەم وچاویان دەبرژێنێت و پێستی سەریان هەڵدەوەرێنێت و كە دەیخۆنەوە ناوسك و ریخۆڵەكانیان پارچە پارچە دەكات و لە كۆمیانەوە دێتە دەرێ, خوای پەروەردگار دەفەرموێت: [ۆسُقُوا مَاء حَمِیمًا فَقَطعَ أَمْعَاءهُمْ] (محمد:15).
زانستی توێكاری و شانەزانی بۆیان روون كردووینەتەوە كە ریخۆڵە باریكە درێژترین بەشی كۆئەندامی هەرسی مرۆڤە (درێژییەكەی دەگاتە نزیكەی 6مەتر).
بۆشایی ناوسكی مرۆڤ بە گشتی ناوپۆش كراوە بە پەردەیەك كە ناسراوە بە پریتۆن (Peritoneum), كە قەبارەكەی دەگاتە (20400 سم سێجا) و یەكسانە بە هەمان قەبارەی پێستی دەرەوەی مرۆڤ, ئەم پریتۆنەش لە دوو بەش پێكهاتووە: بەشێكیان ناوپۆشی هەموو دیواری ناوسكی كردووە و ناسراوە بە پریتۆنی دیواری یان دەرەوە (Parietal Peritoneum), بەشەكی تریش ئەندامەكانی ناوسكی داپۆشیوە و ناسراوە بە پریتۆنی ناوەوە (Visceral Peritoneum), پریتۆنی دیواری زۆر هەستیارە چونكە پڕە لە تەنۆلكەكانی هەست كردن بە ئازار و كۆتایییە دەمارەكان, كاتێك كە دەهەژێنرێت ئازارێكی زۆر قورس و بەهێز دروست دەكات.
بە پێچەوانەوە پریتۆنی ناوەوە زۆر كەمتر ئەم كۆتایییە دەمارییانەی تێدایە و كە دەهەژێنرێت ئازارێكی نەناسراو دروست دەكات, لە نێوان پریتۆنی دیواری و رووپۆشی ریخۆڵەكاندا پێكهاتوویەكی پەردەیی تر هەیە كە پێی دەووترێت مێزەنتری (Mesentery) كە لە ناویدا ژمارەیەكی زۆر لە تەنۆلكەكانی پاسینی (Pacinian corpuscles)ی هەستیاریان تێدایە, وەرگرەكانی ئازار (Pain Receptors) و یەكە هەستییەكان كە تەنیا لە پریتۆنی ناوپۆشی هەناودا هەیە, (بە تایبەتی پریتۆنی دیواری), هەمان ئەوانەن كە لە پێستدا هەن بەڵام لەگەڵ جیاوازی لە دابەش بوونیاندا, بە تایبەتی یەكەكانی هەستیار بۆ ئازار و گەرمیی لە پریتۆنی دیواریدا, هەر بۆیە كاتێك كە دیواری سك سڕدەكرێت بە بەنجێكی مەوزیعی و سك دەكرێتەوە, ئەگەر ریخۆڵەكان دەربهێنین یان تەنانەت پارچە پارچەیان بكەین یان بیانسووتێنین ئەو كەسە هیچ ئازارێك یان هەست بە ناڕەحەتی ناكات, چونكە وەك باسمان كرد هەستەوەرەكان بۆ ئازار لەناو ئەندامەكانی سكدانین.
بەڵام كاتێك كە ریخۆڵەكان پارچە پارچە دەبن بە هۆی خواردنەوەی ئاوی لەكوڵ یان ئاوی (حەمیم), ئەم ئاوە زۆر گەرمە لە ریخۆڵەكانەوە دەگاتە بۆشایی ناوسك و پاشان پریتۆن و مێزەنتری كە دەوڵەمەندن بە كۆتایییە دەمارییە هەستەوەرەكان بۆ ئازار و دەبنە هۆی ئاگادار كردنەوەیان, و دروست كردنی سكئێشە و ئازارێكی ئێجگار زۆر, كە ئەو كەسە پێوەی دەتلێتەوە, لێرەدا ئازاری ئەو ئاوە داخبووە دەگاتە ئەوپەڕی.
رووەكانی ئیعجازی ئایەتەكان:
1- خوای گەورە بۆی روون كردووینەتەوە كە پێست شوێنی هەست كردنە بە ئازار ئەویش بەوەی پەروەردگار پێستی بەستووەتەوە بە هەستكردن بە ئازارەوە لە ئایەتی: [كُلَّمَا نَضجَتْ جُلُودُهُمْ بَدَّلْنَاهُمْ جُلُودًا غَیْرَهَا لِێذوقُواْ الْعَذابَ], لێرەوە رووندەبێتەوە كە پێست بریتییە لە هۆكاری هەست كردن بە ئازار بۆ بێباوەڕان لە دۆزەخدا, و كاتێك كە پێستیان دەبرژێت و دەسووتێت و پێكهاتنەكەی و ئەركەكەی لەدەست دەدات, سەرەنجام هەست كردن بە ئازار نامێنێت.
هەر بۆیە خوای گەورە ئەم پێستە فەوتاوەیان بۆ دەگۆڕێت بە پێستێكی نوێ لە پێكهاتن و ئەركەكانیدا, كە كۆتایییە دەمارییەكانی (كە تایبەتن بە هەستی ئازار و گەرمیی) ئەم پێستە نوێیە هەڵدەستن بە ئەركەكانیان لە دروست كردنی ئەم ئازارە جەرگ بڕانەدا, ئەمەش هەمووی بۆ ئەوەیە كە ئەو بێباوەڕانە بەردەوام بن لە ئازار چەشتندا.
هەروەها زانستی نوێش بۆی روون كردووینەتەوە كە كۆتایییە دەمارییەكان و تەنۆلكەكانی تایبەت بە هەست كردن بە ئازاری گەرمی و سووتان تەنیا لە پێستدا بە شێوەیەكی چڕ كۆبوونەتەوە.
هیچ مرۆڤێك نەیدەتوانی پێش دۆزینەوەی ووردبین و پێشكەوتنی زانستی توێكاری لە پێش 14سەدە لەمەوبەر ئەم راستییانە بزانێت, لێرەوە موعجیزەكە ئاشكرا دەبێت و بەڵگەكانی پەروەردگار دەردەكەون بەروونی.
2- قورئانی پیرۆز هەڕەشە لە كافران دەكات بە سزادانیان بە ئاوی (حەمیم) بەوەی كە ناوسك و ریخۆڵەكانیان پارچە پارچە دەكات, نهێنی ئەم هەڕەشەیە لەم دوایییانەدا روون بۆتەوە بە دۆزینەوەی ئەوەی كە ریخۆڵەكان هەست بە گەرمی ناكەن, بەڵام كاتێك كە پارچە دەبن ئاوە كوڵاوەكە دەڕژێتە ناوسك و بەر پریتۆنی دیواری دەكەوێت كە زۆر هەستیارە بۆ ئازاری گەرمیی و سووتان و دەبێتە هۆی دروست بوونی بەرزترین پلەی ئازار و بەردەوام بوونی, بەڵام لە پێستدا بەم شێوەیە نییە چونكە بەردەوام بوونی هەست بە ئازار بەندە بە نوێ بوونەوەی پێست دوای برژان و لەناوچوونی.
جیاوازی ئەو وەسفەی كە قورئان كردوێتی بۆ دروستبوونی ئازار بە ئاگر, كە لە دەرەوە بەهۆی گۆڕین و نوێ بوونەوەی پێست دوای برژانی و لە ناوەوە بە پارچە پارچە كردنی ریخۆڵەكان بە ئاوی كوڵاو زۆر گونجاوە و لە شوێنی خۆیدایە, و بە تەواوەتی یەكدەگرێتەوە لەگەڵا راستییە زانستییە دۆزراوەكانی ئەم دوو بوارە لەمڕۆدا, ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە قورئان ووتەی ئەو خودا زانا و بەدەسەڵاتەیە كە هەموو نهێنییەكان و ووردەكارییەكانی دروست بوونی مرۆڤ دەزانێت, چونكە هەر ئەوە كە بەدیهێنەری ئەو مرۆڤەیە.
لێرەدا بە تەواوەتی ئیعجازی زانستیی قورئان لە باس كردنی هەست كردن بە ئازار بە پشتیوانی راستییە زانستییە پزیشكییەكان ئاشكرا دەبێت و وەك خۆر دەدرەوشێتەوە.
سەرچاوەكان:
1-تەفسیرەكانی: الطبری, الزمخشری, القرطبی, إبن كثیر, الشوكانی.
2-كتێبی: الإعجاز العلمی فی الإرتفاعات العالیە والإحساس باڵالم: دەركراوی (الهیئە العالمیە للإعجاز العلمی فی القران والسنە).
3-گۆڤاری: (الإعجاز)/ ژمارە 2ی ساڵی (1417ك – 1996ز)/ دەركراوی: (الهیئە العالمیە للإعجاز العلمی فی القران والسنە).
4-الطب محراب للإیمان (1-2): د.خالص جلبی كنجو.
5-ئینتەرنێت: www.tasabeeh.com
6- Bailey & Loves: Short Practice of Surgery, 21st Edition, 1991, Chapman & Hall, UK.
7- Andrews Diseases of the skin, 1982, W.B. Saunders, USA.
8- Encyclopedia Britannica – 2009.