(ئیمان) سروشتە لە ناخی مرۆڤدا
(ئیمان) سروشتە لە ناخی مرۆڤدا
ئامادەكردنی: عەلی حەمە ڕەسووڵ
فیترەت”ی مرۆڤ لە ئایەت و فەرموودەدا:
خوای گەورە دەفەرموێ: [فَأَقِمْ وَجْهَكَ لِلدِّينِ حَنِيفًا فِطْرَةَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا] (الروم: 30). واتە: (ڕووی خۆت بە ئاراستەی ئەو ئایینە ڕاست و دروستە ڕابگرە كە خوای گەورە بۆی داناویت. بەم كارەش پابەندی ئەو فیترەتە دەبیت كە خواوەند دروستكراوانی خۆی لەسەر ئەفراندووە). ئەویش: ناسینی خوای گەورە و، باوەڕ بوونە بە یەكتایی و نەبوونی هاوتا و هاوبەش لە پەروەردگارێتی و خوایەتییدا.
هەروەك ئەو ئایەتەش ئاماژە بەمە دەدات كە دەفەرموێ: (أَخَذَ رَبُّكَ مِن بَنِي آدَمَ مِن ظُهُورِهِمْ ذُرِّيَّتَهُمْ وَأَشْهَدَهُمْ عَلَى أَنفُسِهِمْ أَلَسْتُ بِرَبِّكُمْ قَالُواْ بَلَى شَهِدْنَا) (الاعراف 172). واتە: (كاتێ خوای گەورە نەوەی ئادەمی دروستكرد، پەیمانی لـێ وەرگرتن و، خۆیانی لەسەر گرت بە شایەت كە: ئایا من پەروەردگاری ئێوە نیم؟ وتیان: بەڵێ, ئێمە شایەتین لەسەر ئەوەی كە تۆ پەروەردگاری ئێمەیت).
هەروەها لە فەرموودەیەكی صەحیحدا، كە ئیمامی بوخاری دەیگێڕێتەوە, پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: (مامِن مولود إلاّ يولَدُ على الفطرةِ، فأبواه يُهوِّدانه أو ينصِّرانه أو يمجِّسانه). واتە: (هەر منداڵێك لە دایك دەبێت، لەسەر “فیترەت” دێتە دنیا. پاشان دایك و باوكی دەیكەن بە جوولەكە یان گاور یان مەجووسی).
هەروەك فەرموودەیەكی قودسی، كە ئیمامی موسلیم ڕیوایەتی كردووە، دەفەرموێت: (إني خلقتُ عبادي حنفاءَ كلَّهم، وإنهم أتتْهم الشياطينُ فاجتالَتْهم عن دينِهم، وحرَّمَتْ عليهم ما أحلَلْتُ لهم، وأمَرَتْهم أنْ يُشركوا بي) واتە خوای گەورە دەفەرموێ: (من سەرانسەری بەندەكانم لەسەر ئایینی خواناسی بەدیهێناوە. پاشان شەیتانەكان لە ڕێی ئەو ئایینە ڕاستە ئەوانیان ترازاند و، ئەو شتانەشیان لـێ حەرامكردن كە من بۆم حەڵاڵكردبوون و، فەرمانیان پێ دان كە هاوبەشم بۆ دابنێن).
وشەی “فیترەت” واتای ئەو شتانە دەگرێتەوە كە ئادەمیزاد بە سروشت و چێژی ساغی خۆی مەیلی بەلایاندا هەیە. زۆر لە زانایان وشەی (الفطرة)ی فەرموودەكەیان بە “سوننەت” لێكداوەتەوە. واتە “شاڕێگای پێغەمبەران” كە خوای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەری خۆشەویستی خۆی داوە لەو ڕێگایەدا شوێن پێیان هەڵبگرێت، وەك لەم ئایەتەدا دەفەرموێ: (أُوْلئِكَ الَّذِينَ هَدَى اللّهُ فَبِهُدَاهُمُ اقْتَدِهْ) (الانعام: 90). واتە: (ئەو پێغەمبەرانە – دروودی خوایان لەسەر بێت – ئەوانەن كە خوای گەورە ڕێنمايی ڕێی ڕاستی كردن، دەسا تۆیش بەو شاڕێگایەی ئەواندا بڕۆ). ئیمامی نەوەوی لە چەند زانایەكەوە دەگێڕێتەوە كە وتویانە: مەبەست لەم وشەیە (ئایین)ە. بەیزاویش وتویەتی: مەبەست ئەو ڕێبازەیە كە سەرجەم پێغەمبەرانی لەسەر بووە و شەریعەتەكان یەكیانگرتووە لەسەری، وەك بڵێی شتێكە لە سروشتیاندا بەدیهاتووە.
ئەنجامی پابەند بوون بە “فیترەت” و ئاكامی لادان لێی:
بەپێی ئەم ئایەت و فەرموودانە: كاتێ خوای گەورە نەوەی ئادەمی بەدیهێناوە، لەسەر سروشتی “باوەڕ بوون بە خوای گەورە” بەدیی هێناون. واتە ئەگەر كاریگەریی سەلبیی دەوروبەر لەسەر ئادەمیزاد لاببرێت, هەر لە سەرەتاوە كاتێ لە دایك دەبێت باوەڕی بە (خوایەكی تاك و تەنیا و بەدیهێنەر و زانا و دانا و بەتوانا) هەیە كە ئادەمیزاد و هەموو گەردوونی دروستكردووە. خۆ ئەگەر هاوكات لەگەڵ ئەم باوەڕە سروشتییەدا، سروشی خوای گەورەش (قورئان و سوننەت) وەك فاكتەرێك بۆ كۆنترۆڵكردنی هەڵسوكەوتی تاك و كۆمەڵ و نەتەوەكان بكرێت بە بەرنامەی ژیان، ئەوا سەرجەم ڕەفتار و ئاكارەكانی ئادەمیزاد بە ئاراستەیەكی تەبا لەگەڵ سروشتی خۆیان و دەوروبەر و گەردووندا دەڕوات و، ئاسوودەیی هەردوو ژیانی ئەوی پێ دێتەدی. بەڵام ئەگەر مەڵبەندەكانی ئاراستەكردنی هەڵسوكەوتی مرۆڤ (نزیكەكان: وەك دایك و باوك و، دوورتر لەوان: وەك گومڕایانی ناو كۆمەڵگا و شەیتانەكان) لەو ڕاستە ڕێیە بیترازێنن، ئەوا بەم ڕەفتارەیان سروشتی ئەو مرۆڤە سەرەوخوار هەڵدەگێڕنەوە و, لە ژیانی بەختەوەری دووری دەخەنەوە و، دووچاری چەندان كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی و جەستەیی و فیكریشی دەكەن. شارستانێتیی ماددیی سەردەم باشترین نموونەیە بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم چەمكەی كە لە فەرموودەكانەوە وەردەگیرێ. ئەوەتا لەبەر ئەوەی لەسەر دژایەتیی ئەم فیترەت و سروشتەی مرۆڤ دامەزراوە و، برەوی بە فەلسەفە ئیلحادییەكان داوە و, ژیان و مرۆڤ و تەنانەت زانست و ژیاریشی لە خوای گەورەی بەدیهێنەر دابڕیوە، دەبینی ئادەمیزادی گرفتاری كۆمەڵێك نەخۆشیی جەستەیی و دەروونی و كێشەی هەمە جۆر كردووە، كە بێجگە لە گەڕانەوە بۆ لای خوای گەورە و دەستگرتن بەو ئایینە پیرۆزەوە كە سەروەرمان حەزرەتی محەمەد پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) هێناویەتی، هیچ چارەسەرێكی تر لە بەردەستدا نییە بۆ دەربازبوونی مرۆڤ لەو گرفتانەی كە پێیانەوە دەناڵێنێ.
زانستی سەردەم و ئاوڕدانەوە لە فیترەت:
هەندێ لە توێژینەوە زانستییە تازەكانی ئەم دواییە پتر گرنگیی “ئایین” و “باوەڕ بە خوا” پێش چاو دەخەن. چونكە توێژەرانی ئەو بوارە سەرنجیان داوە كە: زیاترین ڕێژەی خۆكوژی لە نێوان مولحیداندایە.. هەروەك بەرزترین ڕێژەی نەخۆشییە دەروونییەكان لەناو كەسانی بێبڕوادایە و.. زۆرترین ڕێژەی ئایدز و نەخۆشییە ڕەگەزییە درمەكان لە نێوان ئەوانەدایە كە بە ئاشكرا بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن! لەمێژە بێ باوەڕان برەو بە بیر و بۆچوونیان دەدەن و، ئادەمیزاد بە ئاراستەیەكی پێچەوانەی سروشتی خۆیدا دەبەن. وا ئێستا بەری ڕەنجیان لە كۆمەڵگای ئادەمیزاددا بەو نەخۆشی و گرفتانە دەركەوتووە كە ئاماژەمان بە هەندێكیان دا. هەر لەبەر ئەوەیە كە زانایان لەم ڕۆژگارەدا دەستیان داوەتە توێژینەوەی سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤ و كاردانەوەی “ئیمان” لەسەر ڕەفتارەكانی. ئەم هەواڵەی خوارەوە نموونەیەكە لەسەر ئەو توێژینەوە نوێیانەی كە زانایانی ئەم سەردەمە ئاوڕیان لـێ داوەتەوە: ڕۆژنامەی تەلیگرافی بەریتانی لە مانگی 11ی 2008دا هەواڵێكی بە پێنووسی (مارتن بیكفۆرد) بڵاوكردۆتەوە، كە هەواڵنێری ڕۆژنامەی ناوبراوە لە كاروباری ئایینیدا.
دەقی هەواڵەكە بەم مانشێتە دەست پێدەكات:
چەند توێژەرێك دەگەنە ئەو دەرەنجامەی كە مناڵەكان كاتێ لە دایكدەبن باوەڕیان بە “خوا” هەیە, وەك كەسێكی ئەكادیمی دەڵێ. پاشان بابەتەكەی بە پوختی لەم خاڵانەدا دەخاتە ڕوو: دكتۆر جاستن باریت (Dr. justin Barrett)كە توێژەرێكی پێشكەوتووە لە سەنتەری “زانستی مرۆڤ و ژیری” لە زانكۆی “ئۆكسفۆرد” دەڵێ: ((منداڵە بچووكەكان ئامادەیی پێشتریان تێدایە بۆ “ئیمان هێنان بە بوونەوەرێكی بەرز، چونكە باوەڕیان وایە كە هەموو شتێك لەم جیهانەدا لەبەر هۆیەك دروست كراوە)).
جاستن باريت
هەر ئەم توێژەرە دەڵێت: ((منداڵە بچووكەكان ئەگەر لە ڕێی قوتابخانە و كەسوكاریشەوە نەبێت، هەر لە خۆیاندا “ئیمان”یان هەیە, بەڵكو تەنانەت ئەگەر لە دوورگەیەكی بیابانیشدا بە تەنیا گەورە ببن، بۆخۆیان دەگەنە دەرەنجامی “باوەڕ بە خوا”! هەر هەمان توێژەر تاقیكردنەوەی دەروونیی لەسەر چەندین منداڵ بە جیا جیا ئەنجام داوە و، بۆی دەركەوتووە كە هەموو یەكێكی ئەوان بە جەختەوە باوەڕی خۆیان دەربڕیوە كە هەموو شتێك لەبەر هۆیەكی دیاریكراو دروست كراوە. هەروەك ئەو زانایە دەڵێت: ئەگەر مناڵەكان كاریگەریی قسەی مامۆستایان و كەسوكاریان لەسەر نەبێ، باوەڕیان بە “بەدیهێنان” هەیە، نەك بە “پەرەسەندن”!
وێنەی بەرگی پەرتوكی (Why Would Anyone Believe in God-بۆچی لەسەر هەموو كەس پێویستە باوەڕ بە خودا بهێنێت؟) دانانی جاستن باریت
هەروەها دەڵێت: زانایان لە فەرهەنگی هەندێ میللەتاندا بینیویانە مناڵەكان باوەڕیان بە “خوا” هەیە، لەگەڵا ئەوەشدا كە ڕێنمایی ئایینی لەبەر دەستدا نەبووە!
پەند و ئەنجام:
ئێستاش ئەی خوێنەری ئازیز! ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە مرۆڤ بە خۆیدا بڕواتەوە و، ڕۆڵی “ئیمان” لە ژیانی خۆیدا هەست پێ بكات و، بە كردار و ئاكارە جوانەكانی پێش چاوی بخات و، بزانێ چەندە لە قووڵایی سروشتیدا ڕەگ و ڕیشەی هەیە.. هەروەها تێبگات كە “ئیلحاد” چەندە بێ بنج و ڕیشەیە لە سروشتیدا؟ خۆ ئەو قۆناغە شكست خواردووە بەسەرچوو كە بێباوەڕان “زانست”یان دەكردە قەڵغان و بیانووی ئیلحادیان. وا ئەمڕۆ زانست لایەنگری “ئیمان”ە. تەنانەت خۆیشی یەكێكە لە باوەڕداران!
سەرچاوە:
http://www.telegraph.co.uk/news/politics/8510711/Belief-in-God-is-part-of-human-nature-Oxford-study.html