You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » چەند ژن و پیاوی لە تەرازووی پزیشکێکدا

چەند ژن و پیاوی لە تەرازووی پزیشکێکدا

چەند ژن و پیاوی لە تەرازووی پزیشکێکدا

دكتۆر زاكير نايك

وەرگێڕانی : ئه‌حمه‌د عەزیز ته‌وحیدی – مامۆستای زانكۆ –

بۆچی ئیسلام ڕێگە بە پیاو دەدات كە زیاتر لە یەك ژنی هەبێت؟ بۆچی چەندژنی ڕێگەپێدراوە لە ئیسلامدا؟

پێناسەی چەند ژن و پیاوی: چەند ژن و پیاوی[1]: واتە سیستمێکی هاوسەرگیری كە كەسێك زیاتر لە هاوسەرێكی هەیە. چەند ژن و پیاوی دەكرێت بە دوو بەشەوە: یەكەم, چەندژنی: واتە پیاوێك زیاتر لە ژنێك مارە بكات. دووەم, فرەپیاوی: كە ئافرەتێك مارە دەكرێت بۆ زیاتر لە پیاوێك. لە ئیسلامدا چەند ژنی ڕێگەپێدراوە, لە كاتێكدا فرەپیاوی بەتەواوەتی قەدەغە كراوە.

هیچ پەرتوكێكی ئایينی نییە كە فەرمان بە پیاو بكات بە مارەكردنی تەنها یەك ژن، جا ڤێداس[2]، رامایان[3]، مەهابهارات[4]، گیتە، تەورات یان ئینجیل بێت، بە جۆرێک كە بەربەست بخاتە پێش ژمارەی ژنان. ئەوەش لە پاشاندا بوو كە پیاوانی ئایينی هيندۆس و كەنیسەی مەسیحی ڕێژەی ژنانیان كەم كردەوە بۆ یەك ژن. زۆر لە كەسایەتیيە ئايینيیەكانی هيندۆس بەپێی دەقەكانیان زیاتر لە یەك ژنیان هەبووە، پاشا داشرات[5]؛ باوكی راما، زیاتر لە یەك خێزانی هەبووە. كریشا, چەند خێزانێكی هەبووە.

لە ماوەی ڕابردوودا, پیاوانی ئايینی مەسیحی ڕێگەپێدراو بوون بۆ هێنانی چەند ژن كە حەزیان لێ دەكرد، بەو پێیەی كە ئینجیل هیچ بەربەستێك دانانێت لە سەر ژمارەی هاوسەر، بەڵام لە ماوەی چەند سەدەیەكی ڕابردوودا بوو كە كەنیسە ڕێژەی هاوسەری كەم كردەوە بۆ یەك هاوسەر.

چەندژنی لە تەوراتدا ڕێگەپێدراوە. بەپێی یاساكانی تەورات, ئیبراهیم  (سەلامی خودای لێ بێت)  سێ ژنی هەبووە و سولەیمان  (سەلامی خودای لێ بێت) سەدان ژنی هەبووە. بەم شێوەیە چەندژنی بوونی هەبوو تا سەردەمی فەرمانڕەوایی (ڕابی گێرشۆم بێن یەهودا) لە ساڵی (95- 130ز), كە فەرمانی كرد بە نەهێشتنی چەندژنی. بەپێی مەزهەبی سێڤاردیك, كۆمەڵانی جوولەكەی ناو موسوڵمانان بەردەوام بوون لە سەر چەندژنێتی تا ساڵی (1950)، هاوكات لەگەڵ فەرمانی سەركردەی ئایينی جوولەكە كە قەدەغەی مارەكردنی زیاتر لە ژنێكی بڵاو كردەوە.

هیندۆسەكان زیاتر لە چەندژنی پەیڕەو دەكەن بە بەراود بە موسوڵمانان. بەپێی ڕاپۆرتی (دەستەی شكۆی ئافرەت لە ئیسلامدا) كە لە ساڵی (1975)  بڵاو كراوەتەوە، لە لاپەڕە (66) و (67)دا ئاماژە بەوە دەكات كە ڕێژەی ئەو كەسانەی زیاتر لە ژنێكیان هەیە لە ناو هیندۆسەكان لە ساڵانی  (1951- 1961ز)  (٪5.06) بووە، بەڵام لەو ماوەیەدا مسوڵمانان (٪4.31)ی زیاتر لە ژنێكیان هەبووە. ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی یاسای هیندستان, بەتەنها پیاوانی موسوڵمان بۆیان هەیە زیاتر لە ژنێكیان هەبێت، ئەوەش كارێكی نایاساییە كە ناموسوڵمانەكان زیاتر لە ژنێكیان هەبێت. كەواتە سەرەڕای نایاساییبوونی, هێشتا هيندۆسەكان زیاتر لە ژنێك مارە دەكەن بە بەراود بە مسوڵمانان. لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ بەربەستێك نەبووە بۆ هیندۆسەكان سەبارەت بە زۆری ڕێژەی ژن، بەڵام لە ساڵی (1954ز.)دا بەپێی فەرمانێك چەندژنی قەدەغە كرا لە ناو هیندۆسەكاندا.

لە ئێستادا ئەوە یاسای هیندییە كە پیاوی هیندۆس قەدەغە دەكات لە مارەكردنی زیاتر لە ژنێك, نەك دەقی پیرۆزی هیندۆسەكان.

با ئەوە شی بكەینەوە كە بۆچی ئیسلام ڕێ  بە پیاو دەدات زیاتر لە ژنێك مارە بكات:

قورئان تەنها ڕێگە بە چەند ژنی دیاریكراو دەدات

قورئان تەنها كتێبی ئایينییە لە سەر ڕووی زەوی كە دەڵێت بە مەرج زیاد لە ژنێک مارە بكەن، سیاقی ڕستەكە بەم شێوەیەی خوارەوەیە كە لە قورئانی پیرۆزدا باس كراوە لە سوورەتی (النساء)دا: (وَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تُقْسِطُوا فِي الْيَتَامَىٰ فَانكِحُوا مَا طَابَ لَكُم مِّنَ النِّسَاءِ مَثْنَىٰ وَثُلَاثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تَعْدِلُوا فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ۚ ذَٰلِكَ أَدْنَىٰ أَلَّا تَعُولُوا: ئایەتی 3) .

واتە: “دەسا ئەو ژنانە مارە بكەن پێتان دەشێن، دووان ، سیان،  چوار.” واتە: هەریەكێكتان دەتوانێت تا چوار ژن مارە بكەن، بە مەرجی عەدالەت و توانای ژیاندنیان، بۆیە دەفەرمووێت: “خۆ ئەگەر ترسان نەتوانن دادگەر بن وەكو یەك تەماشای ژنەكانتان بكەن, دەبێ تەنها ژنێك بێنن[6].”

لە پێش ئەوەدا كە قورئان دابەزی, هیچ ڕێژەیەكی دیاریكراو نەبوو بۆ ڕێژەی ژن مارەكردن، بۆیە زۆر لە پیاوان ڕێژەیەكی زۆر ژنیان هەبوو، هەندێكی تر هەبوون كە تەنانەت سەدان ژنیان هەبوو. ئیسلام ڕێژەیەكی دیاری كردووە بۆ ژمارەی ژن كە ڕێگە بە پیاو دەدات بە مارەكردنی دوو، سێ، چوار, ئەمە تەنها لە كاتێكدایە كە بە شێوەیەكی دادگەرانە ڕەفتاریان لەگەڵدا بكات.

لە هەمان سوورەتدا, ئایەتی (129) دەفەرمووێت: (وَلَن تَسْتَطِيعُوا أَن تَعْدِلُوا بَيْنَ النِّسَاءِ وَلَوْ حَرَصْتُمْ) واتە: “ئێوە هەرگیز ناتوانن دادگەر بن لە نێوانیاندا.”

بۆیە چەندژنی بریتيیە لە هەلومەرجێكی نائاسایی نەك یاسا، هەندێك كەس ئەو تێنەگەیشتنەیان هەیە كە شتێكی تۆبزی و بەزۆرە و موسوڵمان دەبێت زیاتر لە ژنێك بهێنێت.

تێكڕای تەمەنی ئافرەت زیاترە بە بەراود بە تەمەنی پیاوان

بە شێوازێكی سروشتی رێژەی لەدایكبوون لە ڕەگەزی نێر و مێدا تا ڕادەیەك یەكسانە. منداڵی كچ سیستمی بەرگريی بەهێزترە لە منداڵی كوڕ، واتە منداڵی كچ باشتر دەتوانێت شەڕی میكرۆب و نەخۆشیيەكان بكات[7]، بۆیە لە ماوەی منداڵبووندا ڕێژەی مردن لە منداڵی كوڕدا زیاترە وەك لە منداڵی كچدا. لە كاتی جەنگەكاندا, زۆرتر پیاوان دەكوژرێن وەک لە ئافرەت. پیاوان زیاتر دەمرن بە هۆی كارەسات و نەخۆشییەكانەوە لە ئافرەتان، بۆیە تێكڕای ڕێژەی ژیان لە ئافرەتاندا زیاترە وەك لە پیاواندا و لە هەر كاتێكی دیاریكراودا بەردەوام ڕێژەی بێوەژن زیاترە وەك لە پیاوی بێژن.

دانیشتووانی هیندستان زۆرتر ڕەگەزی نێرن نەك مێ[8]، ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەدایە كە ڕێژەی منداڵی مێینەكوژی زۆرە لە هیندستان. هەروەها ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن منداڵی كچ لەبار دەبرێت، پاش ڕوونبوونەوەی ئەوەی كە ڕەگەزیان مێیە، ئەگەر ئەم كردارە قێزەونە ڕابگیرێت، ئەو كاتە هیندستانیش ڕێژەی ئافرەت زیاتر دەبێت تیایدا وەك لە پیاو.

لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕێژەی ئافرەت لە پیاو زیاترە بە 7.8 ملیۆن. لە شاری نیویۆرك, بەتەنها یەك ملیۆن ئافرەت زیاتر بوونی هەیە وەك لە پیاو و هەر لە نیویۆرك 1\3ی دانیشتووانی پیاو نێرباز و منداڵبازن. لە سەرانسەری وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا, زیاتر لە 25 ملیۆن نێرباز هەیە, ئەمە واتە ئەم پیاوانە حەز ناكەن لە مارەكردنی ئافرەت. بەریتانیا 4 ملیۆن ئافرەتی زیاترە لە پیاو. ئەڵمانیا 5 ملیۆن ئافرەتی زیاترە لە پیاو. ڕووسیا 9 ملیۆن ئافرەتی زیاترە لە پیاو، بەتەنها خودا دەزانێت چەندین ملیۆن ئافرەتی زیادە هەن لە سەرانسەری جیهاندا بە بەراود بە پیاو.

ڕێگرتن لە پیاوان لە هەبوونی زیاتر لە ئافرەتێك, شتێكی كرداری و واقعی نییە. ئەگەر هەر پیاوێك لە ئەمەریكا ئافرەتێك مارە بكات, ئەو كاتە زیاتر لە 30 ملیۆن ئافرەت بەبێ پیاو دەمێننەوە (بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە 25 ملیۆن نێرباز هەن لە ئەمەریكا, ڕێژەكە زیاتریش دەبێت). لە بەریتانیا زیاتر لە 4 ملیۆن ئافرەت بەبێ پیاو دەمێننەوە. لە ئەڵمانیا 5 ملیۆن دەبن بە قەیرە (ئافرەتێك كە تەمەنی گەورە دەبێ و شووی نەكردبێت‌). 9 ملیۆن ئافرەت بێ پیاو دەبن لە ڕووسیا.

وا دابنێ ئافرەتانێک لە ئەمەریكا شوویان نەكردووە و زیاترن لە پیاوان، بە هۆی زۆريی ڕێژەوە. ئێستا تەنها دوو هەڵبژاردن هەیە بۆ ئەو ئافرەتە، یان شوو دەكات بەو پیاوەی كە ژنێكی تری هەیە، یان دەبێت پیاوانی سەر جادە لەگەڵی ڕابوێرن! هیچ هەڵبژاردنی زانستیانەی تر نیيە، بۆیە هەموو ئەو كەسانەش كە شەرەفمەندن, هەڵبژاردنی یەكەم هەڵدەبژێرن.

لە وڵاتانی ڕۆژئاوا شتێكی زۆر باوە كە پیاو زیاتر لە چەند هاوڕێی كچی هەبێت و ڕابوێرێت لەگەڵیاندا، بێگومان بەم شێوەیەش ئافرەت بێ شكۆ دەكرێت و ناپارێزرێت. جا سەیر ئەوەیە هەمان كۆمەڵگە ناتوانێت ڕازی بێت بەوەی كە پیاوێك زیاتر لە ژنێكی هەبێت، لە كاتێكدا لە باری دووەمدا ئافرەتەكە بەڕێز و شكۆدار و داوێنپاك دەبێت لە كۆمەڵگەدا و ئەمەش ڕێ خۆش دەكات بۆ ژیانێكی پارێزراو.

تاكە ڕێگە بریتيیە لە دوو هەڵبژاردە بۆ ئافرەتێك كە ناتوانێت پیاوێكی هەبێت؛ یان مارەكردنی پیاوێكی خاوەن ژنی تر، یان بوون بە یاريی دەستی پیاوان, لەبەر ئەوە ئیسلام ڕێگەی یەكەمی پێ باشە كە ڕێزگرتنە لە ئابڕوو و شكۆی ئافرەتەكە، نەك ڕێگەی دووەم. چەندین هۆكاری تر هەن كە ئیسلام ڕێگە دەدات بە چەندژنی, بۆ پاراستنی شكۆداريی ئافرەت.

فرەپیاوی

ئەگەر پیاو ڕێگەپێدراوە بە هێنانی زیاتر لە ژنێك، كەواتە بۆچی ئیسلام ڕێگە لە ژن دەگرێت لە شووكردن بە یەك پیاو زیاتر؟

زۆر خەڵك بە مسوڵمانانیشەوە، پرسیار دەكەن لە سەر ژیرانەبوونی ڕێگەپێدانی پیاوی مسوڵمان بە هەبوونی زیاتر لە هاوسەرێك و ڕێگریكردن لە هەمان ماف بۆ ئافرەت!

سەرەتا دەمەوێت جەخت لە سەر ئەوە بكەمەوە كە بنەمای كۆمەڵگەی موسوڵمان لە سەر یەكسانی و دادگەری بنیات نراوە. خودا پیاو و ئافرەتی دروست كردووە بەیەكسانی، بەڵام لەگەڵ پێدانی توانا و بەرپرسیارێتيی جیاوازدا.

بۆیە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتيی پیاو و ئافرەت, لە ڕووی جەستەیی و دەروونيیەوە (Physiologically and Psychologically) جیاوازە. پیاو و ئافرەت لە ڕووی مرۆڤبوونیانەوە لە ئیسلامدا یەكسانن، بەڵام وەك یەك نین.

خودا لە سوورەتی (النساء)، ئایەتی، (22-24) ڕێژەیەك ئافرەت باس دەكات كە مارەكردنیان قەدەغە كراوە، هەروەها لە ئایەتی (24)دا باسی ئەوە دەكات كە ئەو ئافرەتانەی مێردیان كردووە, قەدەغەیە مارە بكرێن.

ئەم خاڵانەی لای خوارەوە, بریتین لە هۆكارەكانی قەدەغەكردنی فرەپیاوی:

ئەگەر پیاو زیاتر لە ژنێكی هەبێت, ئەو كاتە ناسینەوەی دایك و باوكی مناڵەكان كارێكی ئاسایی و ئاسان دەبێت، لەم كاتەدا دایك و باوكەكە بەئاسانی دەناسرێن لە كۆمەڵگەدا. بەڵام لە حاڵەتی ئەوەدا كە ژنێك زیاتر لە پیاوێكی هەبێت, بەتەنها دایكی منداڵەكە ناسراو دەبێت لە كۆمەڵگەدا.

ئیسلام گرینگیيەكی زۆر دەدات بە ناسینەوەی دایك و باوكی منداڵ. دەروونزانەكان پێمان دەڵێن كە ئەو منداڵانەی دایك و باوكیان بەتایبەت باوكیان ناناسن, تووشی نەخۆشيی هزریی زۆر سەختی وەك كۆستی دەروونی و بێزاری دەبن (Trauma and disturbance), بۆیە بەزۆری ئەو منداڵانە منداڵییەكی خۆشبەختانەیان نابێت. هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە كە منداڵی لەشفرۆشەكان منداڵگەڵێكی تەندروست نین. ئەگەر منداڵێك بە هۆی ئەو پەیمانی هاوسەرگیرییەوە لەدایك بێت, ئەو كاتە لە قوتابخانە دڵخۆش دەبێت، هەر كاتێك داوای دایكی منداڵەكە بكرێت, سەبارەت بە باوكی منداڵەكە ناچار نابێت دوو سێ ناوی تر بڵێت. دەزانین پێشكەوتنی زانستی ئەوەی ئاسان كردووە كە دایك و باوكی منداڵەكە بناسرێت، ئەم خاڵە كە لە ڕابردوودا هەبوو, مەرج نییە لە ئێستا و داهاتوودا پشتپێبەستراو بێت[9].

2-سروشتی پیاو وایە كە زیاتر حەز بە فرەژنی دەكات, بەراود بە حەزی ئافرەت بە فرەپیاوی.

3-لە ڕووی زیندەوەرزانییەوە بۆ پیاو زۆر ئاسانترە كە ئەركی هاوسەری خۆی جێبەجێ بكات سەرەڕای هەبوونی زیاتر لە ژنێك، بەڵام ئافرەت لە بارودۆخێكی هاوشێوەی كە زیاتر لە پیاوێكی هەبێت, ناتوانێت ئەركی خۆی جێبەجێ بكات وەك ژنێك، چونكە ئافرەت هەندێك بارگۆڕانی نائاسایی دەروونيی هەیە بە هۆی سووڕی مانگانەوە.

4-كاتێك ئافرەتێك زیاتر لە پیاوێكی هەبێت لە كاتێكی دیاریكراودا، ئەمە دەبێتە هۆی نەخۆشییە سێكسیيەكان و ئەم نەخۆشییە سێكسیيانەش دەگوازرێتەوە بۆ هەموو پیاوەكانی، هەرچەندە ئەم پیاوانە بەتەنها لەگەڵ یەك ئافرەتیشدا كاری سێكسی ئەنجام بدەن. بەڵام ئەمە لە پیاوێكدا كە چەند ژنێكی هەبێت, بە هەمان شێوە نییە، چونكە ئەگەر پیاوێك زیاتر لە ژنێكی هەبێت, ئەو نەخۆشییە سێكسییانە دروست نابێت.

ئەوانەی باس كران چەند هۆكارێكن،  بێگومان هەر خودا دەزانێت، چەندین هۆكاری ژیرانەی تر هەن لە پشت قەدەغەكردنی فرەپیاوییەوە.

سه‌رچاوه‌/

Dr. Zakir Abdul Karim Naik. Answers to non-Muslims’
common questions about Islam. Islamic Research Foundation.

پەراوێزەکان:

[1] من ناڵێم فرەژنی, چونكە فرەژنی بریتيیە لە پیشەی ناموسوڵمان و عەلمانيیەكان، لەگەڵ هەر ئافرەتێك پێیان خۆش بێت ڕادەبوێرن، بەڵام موسوڵمانان دەتوانن تا چوار ژن بهێنن لەگەڵ جێبەجێكردنی مەرجە شەرعییەكاندا. وشەی فرە لە زمانی كوردیدا بۆ باسكردنی ڕێژەیەكی دیارینەكراوە، بەڵام چەندژنی شتێكی دیاریكراوە. (وەرگێڕ)

[2] ڤێداس: چوار پەرتوكی هیندۆسەكانە.

[3] ڕامایان: داستانی هۆنراوەیی هیندۆسەكانە.

[4] مەهابهارات: هۆنراوەی ئایينیی هیندۆسەكانە. (وەرگێڕ)

[5] داشرات و كریشا دوو كەسایەتيی دیاری ئایينی هیندۆس بوون.

[6] ئەم تەفسیرە وەرگیراوە لە (تەفسیری ڕامان لە مانا و مەبەستی قورئان) لە نووسینی (ئەحمەد كاكە مەحموود)ە، چاپی سێیەم، ساڵی (2012). (وەرگێڕ)

[7] تێبینی: دكتۆر زاكیر شتێكی ئاساییە لەم بابەتە پزیشكیيانە بدوێت, چونكە دكتۆرای لە ئەمەریكا تەواو كردووە و لە سەرانسەری جیهاندا دكتۆرێكی ناسراوە. (وەرگێڕ)

[8] ڕێژەی بەرزی كوشتن و لەباربردنی ئافرەت لە هیندستان دەگەڕێتەوە بۆ كەميی داهاتی تاك و زۆری ڕێژەی دانیشتووان، ئەوەش شتێكی ئاشكرایە كە پیاو دەتوانێت ببێت بە هێزی كار زیاتر لە ئافرەت. (وەرگێڕ)

[9] من لێرەدا دەمەوێت ئەو پرسیارە بكەم كە جا ئەگەر بە هۆی ئەو زانینەوە باوك بناسرێت، چ كەسێك گرەنتی دۆزینەوەی ئەو پیاوە دەكات كە پێش (8-9) مانگ لەگەڵ ئافرەتێكدا جووت بووە، چونكە ئەو جۆرە پیاوانە بەزۆری ئافرەت تەنها بۆ ئارەزووی سێكسيی كاتیی خۆیان بەكار دەهێنن. واقعی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكاش ئەوەی سەلماندووە كە ئەو جۆرە منداڵانە لە جێگەی تایبەت بە منداڵان گەورە دەكرێن بەبێ سۆزی دایك و باوك و پاشان دەبن بە دڕندەگەلێك بۆ كوشتنی خەڵكی لە جیهاندا, وەك هێزی مارێنزی ئەمەریكی. (وەرگێڕ)

ئەم بابەتە لە ژمارە 50 ی گۆڤاری هەیڤ بڵاوکراوەتەوە.

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top