ئایا لە قورئاندا باسی خۆرگیران كراوە؟
ئایا لە قورئاندا باسی خۆرگیران كراوە؟
کەسێک ئەم پرسیارەی کردووە، ئێمهش لە وەڵامدا دەڵێین:
قورئانی پیرۆز كتێبی زانستەكان نیيە ههتا هەموو زانست و دیاردەیەكی گەردوونيی باس كردبێت، چونكە ئەگەر وابوایە، ئهوا لە هەزاران كتێبدا جێگای نەدەبووەوە و خەڵك تەمەنی تەواو دەبوو هێشتا فریای خوێندنەوەی كەمێكیشى نەدەكەوت..
قورئانی پیرۆز هێڵە گشتیيەكانی ژیان باس دەكات و ئەوەی تری بۆ ژیری و داهێنان و دۆزینەوەی خەڵكی بەجێ هێشتووە. سەبارەت بە خۆرگیرانيش لە قورئاندا، لە دوو ئایەتدا هاتووە كە خۆر و مانگ بە حساباتن: (ٱلشَّمۡسُ وَٱلۡقَمَرُ بِحُسۡبَان) (الرحمن: ٥)، ههروهها: (وَٱلشَّمۡسَ وَٱلۡقَمَرَ حُسۡبَانا) (الانعام: ٩٦).
واتە خۆر و مانگ لە جووڵە و خولگەكەیاندا بە حسابات دەڕۆن، بۆیە ئەم ئایەتانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی كه مرۆڤ دەتوانێت كاتەكانی داهاتووی خۆرگیران و مانگگیران دیاری بكات، چونكە حساباتێكی وردیان هەیە و لێی لا نادهن، ئەمەش ناچێتە بواری زانینی غەیبەوە، بەڵام بۆ زانینی كاتی بارانبارین، پێغەمبەرﷺ دەفەرموێت: غەیبە، واتە سەد لە سەد نازانرێت و پێشبینی دەکرێت، چونکە حساباتەكەی بەردەوام دەگۆڕێت، وەك زانستی ئەمڕۆ سەلماندوویەتی كه بە چەندین هۆكاری دەرەكی و كتوپڕ، كاتی بارانبارین دەگۆڕێت.
ئەگەر موحەممەدﷺ پێغەمبەری خودا نەبووایە، ئهوا لەو سەردەمەدا بۆ ئەو، زانینی باران بارین ئاسانتر بوو هەتا زانینی خۆر و مانگگیران، لەوانەیە هەورێك بەرە و ڕوویان بهاتایە و پێشبینيی باران بارینیان بكردایە، بەڵام خۆرگیران چەند ساڵ جارێك دووبارە دەبێتەوە و لەو سەردەمانەدا هیچ هۆكارێك بۆ زانینی نەبووە و، نەزانراوە كه بە حساباتكردن دەتوانن چەندین ساڵی داهاتوو دیاری بكەن، بەڵکو خۆر و مانگگیرانیان بە مردن و لەدایکبوونی خەڵك و پیاوە گەورەكان بەستبووەوە.
Related posts
Leave a Comment
You must be logged in to post a comment.