You Are Here: Home » بابەتەكانمان » تیشكی خۆر و ڕووناكی مانگ

تیشكی خۆر و ڕووناكی مانگ

تیشكی خۆر و ڕووناكی مانگ

 

جەمال موحەمەد ئەمین
Jamalm11@hotmail.com

خوای گەورە دەفەرموێت (هُوَ الَّذِي جَعَلَ الشَّمْسَ ضِيَاء وَالْقَمَرَ نُوراً وَقَدَّرَهُ مَنَازِلَ لِتَعْلَمُواْ عَدَدَ السِّنِينَ وَالْحِسَابَ مَا خَلَقَ اللّهُ ذَلِكَ إِلاَّ بِالْحَقِّ يُفَصِّلُ الآيَاتِ لِقَوْمٍ يَعْلَمُونَ)[یونس: 5]..واتە خوای گەورە ئەو خوایەیە كە خۆری كردووە بە تەنێكی ڕووناكیدەر وەك چرا و مانگیشی كردۆتە تەنێكی ڕووناككراوە وەك ئاوێنە كە ڕووناكی خۆر دەداتەوە و شێوەیشی بە بەردەوام دەگۆڕێت تا ئیوەی مرۆڤــــــ بتوانن هەژماری ژمارەی ساڵ و بەروارەكانتان بزانن و خوای گەورە ئەوانەی بە ڕاستی و هەق بەدیهێناوە و نیشانەكانی خۆی وورد دەكاتەو و نیشانی گەلێكی دەدات كە بزانن .
لە ئایەتێكی دیكەدا یان لە چەند ئایەتێكی دیكەدا چواندنێكی ووردی زانستی هەیە ، خۆر ناوبراوە بە ( سراج ) واتە چرا بەڵام ئاخۆ چرا كاری چییە ؟ كاری چرا ئەوەیە كە نەوتەكەی لە پڵیتەكەیدا دەسوتێت لە ئەنجامدا گەرمی و ڕووناكی دەدات ، خۆریش بە هەمان شێوەیە هایدرۆجین بە كرداری ناووكی دەسوتێت و دەگۆڕێت بۆ هیلیۆم و لە ئەنجامیشدا گەرمی و ڕووناكی دەدات ( توخوا كێ‌ ئەوەی فێری موحەمەدی كرد ؟) .
بەڵام مانگ بەو كارە هەڵناسێت بەڵكو وەك ئاوێنەیەك وایە و ڕووناكی خۆر كە دەكەوێتە سەری دەیداتەوە و بەشێك لەو ڕووناكیەی دەگاتە سەر ڕووی زەوی ، بەڵام بڕی ئەو ڕووناكیەی مانگ كە دەگاتە سەر زەوی جێگیر نیە و بە پێی ڕۆژەكانی مانگ واتە بە پێی ئەو قۆناغانەی مانگە كە پیایاندا تێپەڕ دەبێت دەگۆڕێت ،خۆ ئەگەر ئەو شێوە گۆڕینەی مانگ نەبوایە ئەوا مرۆڤـ نەیدەتوانی كە هەژماری ڕۆژ و مانگ و ساڵەكانی بكردایە بۆیە ئەوە لە ڕەحمەت و سۆز و بەزەیی خودایە كە ئاوا هەموو ئاسانكاریەكی بۆ مرۆڤـــــ كردووە لەم گەردوونەدا .
خوێنەری بەڕێز با پێكەوە بیر لەو ئایەتە بكەینەوە كە جەخت لەوە دەكاتەوە كە خوای گەورە چۆن خۆری كردووە بە چرا واتە ڕووناكیدەر و مانگیشی كردووە بە تەنێكی ڕووناككراوە كە ڕووناكی خۆر وەردەگرێت و دەیداتەوە :
(تَبَارَكَ الَّذِي جَعَلَ فِي السَّمَاء بُرُوجاً وَجَعَلَ فِيهَا سِرَاجاً وَقَمَراً مُّنِيراً) [الفرقان: 61]
واتە گەورەیی و بێگەردی بۆ ئەو خوایەی كە لە ئاسماندا شوێنی بۆ هەسارە گەڕۆكەكان دیاریكردوە و ئینجا چرای تێدا داناون و مانگیشی كردۆتە تەنێكی ڕووناككراوە .
هەروەها دەفەرموێت : (وَجَعَلَ الْقَمَرَ فِيهِنَّ نُوراً وَجَعَلَ الشَّمْسَ سِرَاجاً) [نوح: 16].
واتە خوای گەورە لە نێو ئاسمانەكاندا ماتگی ڕووناككردۆتەوە و خۆریشی كردۆتە چرا .


ئێستا ئەو پرسیارە خۆی قوتدەكاتەوە باشە كێ‌ لە سەردەمی محمددا (د.خ) ئەوەی دەزانی كە خۆر چرایە و ڕووناكیدەرە و بەردەوام ئەو هایدرۆجینەی كەتێیدایە و وەك سووتەمەنیی ناو خۆرە دەگۆڕێت بۆ هیلیۆم و ووزە بە هەموو جۆرەكانیەوە وەك ووزەی گەرمی و ڕووناكی لە ڕێگای یەكبوونی ناووكیەوە دەدات ؟ ئەمڕۆ زاناكان خۆر دادەنێن بە فڕنێكی ناووكی زەبەلاح و ووشەی (سراجا)و یــــان ( ضێا‌ء ) جوانترین و زانسترین گوزارشتە بۆ ئەو ڕاستیە زانستیە ، بەڵام مانگ تەنێكی ڕووناككراوەیە و ڕووناكی خۆر وەردەگرێت و دەیداتەوە كە لێرەدا قورئانی پیرۆز ووشەی (منیرا ) ی بەكارهێناوە كە بۆ ئەوەشیان جوانترین و زانستیترین گوزارشتە بۆ ئەو ڕاستیە زانستیە ؟ ئایا ئەگەر خوای گەورە خۆی خاوەنی ئەو قورئانە نەبێت موحەمەدێكی نەخوێندەوار ئەو ووردەكاریە زانستیانەی لە كام زانكۆوە هێنا ؟
ڕووناكی سپی بینراو :ڕووناكی سپی بینراو بەشێكی كەمە لە شریتی شەبەنگی كارۆموگناتیسی كە لە شەپۆلە ڕادیۆییەكانەوە دەستپێدەكات كە لەرەلەرەكانیان كەمە و درێژی شەپۆلیان زۆرە تا تیشكی گاما كە كورتترین درێژەشەپۆل و زۆرترین لەرەلەری هەیە ، ئەو ڕووناكیە سپیە بینراوەش كە لە حەوت ڕەنگ پێكدێت لە سوورەوە تا بنەوشەییە و درێژی شەپۆلەكانیان لە نێوان (380 تا 780 ) نانۆ مەتردایە [ 1 نانۆ ═ 10 – 9 مەتر ] .
ووزەی دەرچوو لە خۆرەوە بە شێوەی تیشكی ڕووناكی بینراو و نەبینراو و گەرمی دەبن ئەو ووزەیەش لە كرداری یەكبوونی ناوكیەوە بەرهەم دێن ، لەو كردارە ناوكیەدا چوار ناوكی گەردیلەی هایدرۆجین یەكدەگرن بۆ دروستبوونی یەك گەردیلەی هیلیۆم و جیاوازی نێوان بارستایی چوار ناوكی هایدرۆجینەكە و ناوكی هیلیۆمی بەرهەم هاتوو بە شێوەی ووزە دەردەچێت كە دەكاتە نزیكەی ( 0282ر. یەكەی گەردیلەیی بۆ هەر كارلێكێك ) بەشی زۆری ئەو ووزەیەش بە شێوەی تیشكی گاما دەبێت ( 96% ) و ئەوی تریشی ( 4% ) بە شێوەی نیوترینۆنات دەبێت ، و بە خێرایی تیشكی گاماكە دەگۆڕێت بە گەرمی و نیوترینۆنەكانیش دەردەچن و دیار نامێنن ،بە پێی ئەو لێكۆڵینەوانەی لەسەر خۆر كراون دەركەوتوە كــــــــــــــــە ( 90%) ی پێكهاتەی خۆر گازی هایدرۆجیـــــــــنە و( 9% ) ی هیلیۆمە و ( 1% ) ی تریشی هەندێك لە توخمەكانی وەك نایترۆجین و ئۆكسجین و كاربۆنن و لە چربوونەوەی كێشكردنی نێوان ئەو بارستە گازیانە پلەی گەرمی ناو كرۆكی خۆر بەرز دەبێتەوە تا دەگاتە یەك ملیۆن پلەی سیلیزی ! كە كرداری یەكبوونی ناوكی ڕوودەدات و ووزەی ناوكی خۆر دەردەچێت و پلەی گەرمی كرۆكی خۆر بۆ 15 ملیۆن پلەی سیلیزی بەرز دەكاتەوە و پلەی گەرمی سەر ڕووی خۆریش بۆ 6000 پلەی سیلیزی بەرو دەبێتەوە !!.


كرداری یەكبوونی ناوكی ناو خۆر كردارێكی زۆر ئاڵۆزە و ئێستا كاتی باسكردنی نیە بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە لە ئەنجامی ئەو كردارە ناوكیە ئاڵۆزەوە ڕێژەی هیلیۆم لە ( 9% بۆ 30% ) بەرز دەبێتەوە و ئەو ووزەی خۆرەش كە دەردەچێت بە شێوەی شەپۆلی كارۆموگناتیسیە و پێی دەوترێت شەبەنگی كارۆموگناتیسی كە ڕووناكی بینرا و تیشكی خوار سوری گەرم و تیشكی گاماش بەشێكن لەو شەبەنگە ، ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئەو بەشە تەسكەی شەبەنگی كارۆموگناتیسیە كە بە ڕووناكی بینراو دەناسرێت و پێشتر ئاماژەی بۆ كرا ،بە پێی بیردۆزی كوانتەمیش ڕووناكی بینراو بریتیە لە لێشاوێك لە تەنۆلكەی زۆر وورد كە بە فۆتۆن دەناسرێن ،سەرچاوەی ئەو ڕووناكیەش (تیشك ) یان تەنێكی گڕگرتووی كڵپەسەندووی وەك خۆر و ئەستێرەكانی دیكەوە كە لە میانەی كرداری یەكبوونی ناوكیەوە پەیدا دەبێت و یان ئەو تیشكە ڕووناكیە لە ورووژانی ئەلكترۆنەكانی تەنێكەوە دەبێت كە بەهۆی گەرمكردن یان تەزووی كارەباوە ئەو ئەلكترۆنانەیان دەگەنە ئاستیًكی ووزە بەرز و دەگەڕێنەوە ئاستی ووزە نزمی خۆیان و ئەو ووزەی ورووژانوونی بە شێوەی تیشكی ڕووناكی و گەرمی دەردەچێت وەك ئەوەی لە گڵۆپە كارەباییەكان و چرا نەوتیەكانوە بەدەست دێن .خۆریش كە ئەستێرەیەكە سەرچاوەی ووزەی گەرمی و ڕووناكیە بۆ زەوی و هەسارەكانی دیكە ، واتە خۆر تەنێكی ڕووناكیدەرە نەك ڕووناككراوە هەر بۆیە قورئانی پیرۆز زۆر بە ووردی ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات لە میانەی ووشەكانـــــــــــــــی وەك ( ضیا‌ء و سراج )كە وەسفی خۆری پێدەكات و ئەو ووردەكاریەش هەر لە خوای گەورە دێت كە بەدیهێنەری ژیان و بوونەوەرە و تەمەنی زانینی ئەو ڕاستیە زانستیانەش ئەوەندە زۆر نیە !! .

ڕووناكی مانگ :

سەر ڕووی مانگ و پاشكۆكانی دیكەی كۆمەڵەی خۆر بە جۆرێكی وا هەڵكەوتون كە توانای پەرشكردنەوە و دانەوەی ڕووناكی خۆریان هەیە هەر بۆیە ئەو تەنە ئاسمانیانە بە جوانی لە سەر زەویەوە دەبینرێن بە بێ‌ ئەوەی خۆیان ڕووناكیان هەبێت بەڵكو ئەواانە ڕووناكی خۆر دەدەنەوە ،كاتێك شەپۆلی كارۆموگناتیسی كە تیشكی خۆرە دەكەوێنە سەر ڕووی مانگ بەهۆی بوارە كارەباییەكەیەوە كار دەكاتە سەر ئەلكترۆنەكانی تەنۆلكە و گەردەكانی سەر ڕووی مانگ و دەبێتە هۆی دروستبوونی جوڵە بە لەرەیەك لەو بارگە سالبانەدا كە هاوگونجاو دەبن لەگەڵ لەرەلەری تیشكی كەوتووی خۆر و ئەوەش زانراوە كە بارگەی جوڵاو ووزە تیشك دەدات بە هەموو لایەكدا جگە لەو ئاراستەی كە خۆی پێی بڵاو دەبێتەوە ، ئیتر بەو جۆرە ڕووناكی خۆر لە سەر ڕووی مانگ پەرش دەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی كە مانگ وەك تەنێكی یان گۆیەكی ڕووناككراوە دەربكەوێت نەك تەنێكی ڕووناكیدەر ، ئالێرەوە گەورەیی و ئیعجازی زانستی قورئانی پیرۆز دەردەكەوێت كە چۆن زیاد لە چواردە سەدە لەمەوبەرەوە ئاماژە بەو ڕاستیە زانستیانە دەكات كە زۆر دەمێك نیە لای مرۆڤ زانراون ، با سەرنج بدەین لە ئایەتە پیرۆزەكان كە چۆن ووشەی زانستی گونجاوی زۆر وورد بەكاردێنێت بۆ وەسفكردنی هەریەكە لە خۆر و مانگ و لە چەندین ئایەتدا باس لە خۆر دەكات و وەسفی دەكات بە (ضیا‌ء ، سراجا ) بەڵام كە باس لە مانگ دەكات بە ( منیرا ) ناوی دەبات كە جیاوازیەكی زۆری زمانەوانی و زانستیش هەیە لە نێوان هەردوو ووشـــــــــەی ( ضیا‌ء یان سراج ) لەگەڵ ( منیرا ) ، كە دوو ووشەی یەكەم بە مانای تەنێكی زۆر گەرمی درەوشاوە دێت كە لە ئەنجامی بەرزی پلەی گەرمیەكەیەوە ڕووناكی و گەرمی تیشك بدات بەڵام ( منیرا ) بەكاردێت بۆ وەسفكردنی تەنێكی ڕووناككراوە واتە ڕووناكیەكەی لە تەنێكی دیكەوە وەرگرتبێت .
با سەرنجی ئەم ئایەتە پیرۆزانەی خوارەوە بدەین :
(هُوَ الَّذِي جَعَلَ الشَّمْسَ ضِيَاءً وَالْقَمَرَ نُورًا وَقَدَّرَهُ مَنَازِلَ لِتَعْلَمُوا عَدَدَ السِّنِينَ وَالْحِسَابَ مَا خَلَقَ اللهُ ذَلِكَ إِلاَّ بِالْحَقِّ يُفَصِّلُ الآيَاتِ لِقَوْمٍ يَعْلَمُونَ﴾(يونس:5).يان دةفه رمويَت: ﴿أَلَمْ تَرَوْا كَيْفَ خَلَقَ اللهُ سَبْعَ سَمَوَاتٍ طِبَاقًا * وَجَعَلَ الْقَمَرَ فِيهِنَّ نُورًا وَجَعَلَ الشَّمْسَ سِرَاجًا﴾(نوح:15-16). و يان : ﴿تَبَارَكَ الَّذِي جَعَلَ فِي السَّمَاءِ بُرُوجًا وَجَعَلَ فِيهَا سِرَاجًا وَقَمَرًا مُنِيرًا﴾(الفرقان:61).
و لە زۆربەی ئایەتەكاندا ووشەی ( ظلمات )ی بەكارهێناوە بەرامبەر(منیرا) وەك دەفەرموێت : ﴿الْحَمْدُ لِلهِ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَاْلأَرْضَ وَجَعَلَ الظُّلُمَاتِ وَالنُّورَ ثُمَّ الَّذِينَ كَفَرُوا بِرَبِّهِمْ يَعْدِلُونَ﴾(اڵانعام:1).
و وەسفی خۆر دەكات بە “سراج” وەك “سراج وهاج” خوای گەورە دەفەرموێت : ﴿وَجَعَلْنَا سِرَاجًا وَهَّاجًا﴾(النبأ:13).
زانایی و گەورەیی و تەواوی دەسەڵات و دانایی و توانایی بۆ ئەو خوا بەدیهێنەرەی كە بەو ئاماژە كورتە زانستیە موعجیزە ئاسایانە دەریدەخات كە ئەو قورئانی پیرۆزە نێردراوی زاتی خۆیەتی هیچ كەسێكی خاوەن ژیری ناتوانێت نكوڵی ئەو ڕاستیە بكات .

سەرچاوە /
www.kaheel7.com
www.Hiramagazine.com

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top