You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » ڕووەکی ئەلۆڤێرا لە ژێر ڕۆشنایی فەرموودە پیرۆزەکانی پێغەمبەرﷺ

ڕووەکی ئەلۆڤێرا لە ژێر ڕۆشنایی فەرموودە پیرۆزەکانی پێغەمبەرﷺ

ڕووەکی ئەلۆڤێرا لە ژێر ڕۆشنایی فەرموودە پیرۆزەکانی پێغەمبەرﷺ 

 

ئامادەکردنی:  ناسک ئیسماعیل عەزیز

لە سەردەمێکدا کە بواری پزیشکی بەزۆری پشتی بە ئەزموون و شارەزایی کەسی چارەسەر بەستووە، كه‌ ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌ما باوه‌كانی ئه‌و پیشه‌یه‌ و كه‌لتوری ئه‌و ناوچه‌یه‌ خۆی فێركردووه‌، ئەستەمە لە نەبوونی بنەمایەکی زانستیدا، بتوانیت بژاردەیەکی ڕاست دەست نیشان بکەیت، یان بیر لە چارەسەری جێگرەوە بکەیت بەبێ بوونی پێیشینەیەک، بەڵام کاتێک چارەسەر و دەرمان لە زاری پێغەمبەر (صلی اللە علیە و سلم) دێتە بەر گوێ، بەبێ گومان و دووڵی، فەرموودەکە پیادە دەکەیت، چونکە سەرئەنجام ئەگەر پاڵپشت و سرووشی خودای گەورە نەبێت، ئەگەر پێغەمبەرمان نێردراوی خودا نەبێت، ناتوانێت بەو جۆرە و بەبێ بوونی هیچ دەزگایەکی شیکاری و توێژینەوە بەمتمانەوە ئامۆژگاریی بەکارهێنانی ڕووەکێکی وەک صوبێر (ئەلۆڤێرا) بکات.

لەم سەردەمەدا کە هەموو دەرفەتەکان ڕەخساوە بۆ زانستەکان و توێژینەوەی زانستی و خاوەن پسپۆرییەکان دەتوانن بێ دوودڵی لەبارەی ئەو بابەتانەوە بکۆڵنەوە، مایەی سەرسوڕمانە کە  فەرموودەکان پێش 1400 ساڵ لەمەوبەر ئەو ڕاستییانە ئاماژە پێ دەکات و لە ئێستادا ڕاڤەی زانستی دەبەخشێت نەک تەنها ئیمانی.

هه‌ندێك له‌و فه‌رموودانه‌ی ئاماژه‌ به‌ به‌كارهێنانی ئه‌لۆڤێرا ده‌كه‌ن

عن نبيه بن وهب أن عمر بن عبد الله بن معمر: اشتكى عينيه وهو محرم فأراد أن يكحلها فنهاه أبان بن عثمان وأمره أن يضمدها بالصبر وحدثه عن عثمان عن النبي صلى الله عليه وسلم أنه كان يفعله) رواه مسلم. وفي رواية عن عثمان بن عفان رضي الله عنه عن رسول الله عليه وسلم في الرجل يشتكي عينيه وهو محرم قال: ضمدها بالصبر) رواه مسلم.

لە نەبیهی کوڕی وەهبەوە دەگێڕنەوە، کە عەمری کوڕی عبداللە کێشەی تەندروستیی هەبووە لە چاویدا کاتێک لە ئیحرامدا بووە و دەیویست بە کل چارەسەری بکات، بەڵام ئەبانی کوڕی عثمان ڕێگریی لێ کرد و نەیهێشت کل بەکار بهێنێت و ئاماژەی بە ڕووەکی ئەلۆڤێرا کرد کە وەک بەستەرێکی ساڕێژکەر بەکاری بهێنێت، چونکە پێغەمبەر ( صلی اللە علیە و سلم ) کاتێک پیاوێک هاتووەتە لای بۆ هەمان کێشە لە چاویدا، ئاماژەی پێ کردووە ڕووەکی صوبێر بەکار بهێنن.

عن أم سلمة رضي الله عنها قالت:  دخلت على رسول الله حين توفي أبو سلمة وقد جعلت علي صبراً فقال: ما هذا يا أم سلمة؟ فقالت: إنما هو صبر يا رسول الله ليس فيه طيب. فقال: إنه يشب الوجه فلا تجعليه إلا بالليل وتنزعيه بالنهار. رواه النسائي وأبو داود

له ئوم سەلەمەوه خوای لێ ڕازی بێت دەگێڕێتەوە، دەفەرمووێت: کاتێک ئەبو سەلەمە کۆچی دوایی کرد، چووم بۆ لای پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) و ئەو ڕووەکی صوبێرەم پێوە بوو، پێغەمبەر فەرمووی: ئەوە چییە؟ منیش وتم: ئەی نێردروای خودا، ئەوە صوبێرە و بۆنی نییە، پێغەمبەری خوداش (صلی اللە علیە وسلم) فەرمووی ئەوە پێست جوان دەکاتەوە و تەنها لە شەودا بەکاری بهێنە و ڕۆژ لێی بکەرەوە.

ئەلۆڤێرا (Aloe vera)

یان ( Aloe flava Pers. )، یاخود ( Aloe barbadensis Mill  )  و چەندین ناوی  جیاوازی دیکەش کە ئەم ڕووەکە هەیەتی، ڕووەکێکی ئاوداری تەمەندرێژی هەمیشەسەوزە لە خێزانی Liliaceae)  ( کە 400 جۆریان هەیە[1] و لە ڕەگەزی  (Aloe)یە جۆری ( A.vera)، لە کەشوهەوای وشک و سەختدا گەشە دەکات، بەڵام لە چەندین شوێنی جیهاندا دەچێنرێت و خواستێکی زۆری لە سەرە بۆ مەبەستی بەکارهێنان لە بواری جوانکاری و پزیشکیدا، لە ڕووی پزیشکییەوە بە ڕووەکی چاکبوونەوە یاخود ڕووەکی فریاگوزار ناوبانگی دەرکردووە و لە پزیشکی میللی چەندین کلتووری جیاوازدا بۆ چارەسەر بەکار هێنراوە[2][3].

لە دێرزەمانەوە وڵاتانی و وەک یۆنان، هیندستان، یابان، میسر، مەکسیک و چین بەکاریان هێناوە، ئێستاش بەپێی ئەو کاریگەرییە دەرمانسازییانەی هەیەتی، لە چەندین جۆر نەخۆشیدا بەکار دێت.

زۆرترین پێکهێنەری ئەلۆڤێرا ئاوە، کە ڕێژەی (99-99.5%) پێک دێنێت و ڕێژەی ( 0.5-1.0%) ماددە چالاکەکانن کە لە (75) ماددە پێک هاتووە وەک: شەکرە ئاڵۆزەکان، ترشە ئەمینییەکان، چەورییەکان، ستیڕۆڵەکانی ڕووەک، تانینەکان و ئەنزیمەکان[4].

هەر لەبەر ئەو پێکهاتە گرنگانە و بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە ئەنجام دراوە بۆیان، ئەلۆڤێرا بۆ چەندین بەکارهێنانی پزیشکی سوودی لێ دەبینرێت و ڕۆژبەڕۆژ تاقیکردنەوەی زیاتر ئەنجام دەدرێت بۆ زیاتر سوودوەرگرتن لەم ڕووەکە تەمەندرێژە.

ئەو دەرمان و پێداویستیی جوانکارییانە لە شانە سرێژییەکانی ناوەندی گەڵای ئەلۆڤێرا ئامادە دەکرێت و پێی دەڵێن جێڵی ئەلۆڤێرا (Aloe vera gel)، هەرچی ئەو خانە ناوچەییانەی دیکەی بەرگی گەڵاکەیە، ماددەیەکی شیری زەردباوی تاڵە و بە ئاوگەکان ناسراوە، واتە جیایە لە ماددەی جێڵ، چونکە جێڵ ماددەی ئەنثراکوێنۆنەکانی تێدا نییە کە ڕەوانکەرە، بەڵام دەردراوی هەموو گەڵاکە بەگشتی ئەم ماددەیەی تێدایە، گەرچی زۆرینەی بەرهەمە پزیشکییەکان لە جێڵ دروست کراون.

ئەلۆڤێرا بۆ چەندەها مەبەست و چەندان نەخۆشی بەکار دێت لە بواری پزیشکیدا و بەکارهێنانی بۆ پێست، چاو، ڕیخۆڵە، جوانکاری، نەخۆشیی شەکرە، بەرزبوونەوەی چەوری… هتد.

سوود و بەکارهێنانەکانی ئەلۆڤێرا

  • بەکارهێنانی بۆ نەخؤشی و کێشەکانی پێست

لە توێژینەوەیەکدا کە له‌ (7/5/2015)دا بڵاوكرايه‌وه‌ و له نه‌خۆشخانه‌ی تاران بۆ نەخۆشە سووتاوەکان کرابوو، لەسەر بەکتریای سیدۆمۆناس ئاروجینۆسا (Pseudomonas aeruginosa) كه جیا کرابووەوە له برینی پێستە سووتاوەکە و بەرگری پەیدا کردبوو بەرامبەر چەند دژه‌زینده‌یه‌ك، لە پاش توێژینەوە بۆ (140) کەس کە شەش مانگی خایاند و جێڵی ئەلۆڤێرا تاقی کرایەوە بۆ دیاریکردنی چالاکیی دژەبەکتریایی بۆ ئەم جۆرە بەکتریایە، تێبینی کرا کە دەتوانرێت چالاکیی بەکتریاکە سست بکات و وەک دەرمانێکی دژه‌زینده بەکار بێت بۆ ئەوەی ڕێگە بگرێت لە تەنینەوەی بەکتریا لە نەخۆشە سووتاوەکاندا[5]

جگە لەوەش، لە (12/5/2015)دا گۆڤاری (BioMed research International) توێژینەوەیه‌كی په‌سه‌ند كرد كه‌ لەلایەن چه‌ند كۆلیژێك به‌ هاوكاری زانکۆی مازندەران ئەنجام درا سەبارەت بە چەندین توێژینەوە و پێداچوونەوەی دیکەی توێژینەوەکان و بابەتی پەیوەندیدار لە سەرچاوە و گۆڤارە باوەڕپێکراوەکاندا، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەلۆڤێرا دەتوانرێت بەکار بێت وەک چارەسەر بۆ چاکبوونەوەی برین، شانبەشانی چارەسەرە ستاندەرەکانی دیکە کە بەکار دێن[6].

لە بەرواری (17/12/2010)دا، پێگه‌ی ئه‌لكترۆنی (J-STAGE) توێژینه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌ سێ زانکۆی جیاواز  (گیفۆ، ئایوەیت و راکونۆ) ئه‌نجامدرابوو بۆ دیاریکردنی کاریگەریی ئەلۆڤێرا لە سەر چاککردنەوەی برینی پێست لەو جرجانه‌دا كه‌ تووشی نەخۆشیی شەکرەی جۆری 2 كرابوون.

له‌م توێژنه‌وه‌یه‌دا جرجەکان كران به‌ دوو گروپه‌وه‌: يه‌كێكیان کۆنترۆڵ گرووپ كه چارەسەریان بۆ بەکار نەهێنا و ئه‌وی تریشیان ئەلۆڤێرا گرووپ کە له‌ ڕێی دەمه‌وه‌ ئەلۆڤێرایان پێ درا. لە گرووپی ئەلۆڤێرادا، برینەکان بە شێوەیەکی کاریگەر چوونەوە یەک، لەمەوە بۆیان دەرکەوت کە پێدانی ئەلۆڤێرا لە ڕێگەی دەمەوە، چاکبوونەوەی برینەکان لەو جرجانەدا خێرا دەکات[7].

لە بەشی توێژینەوەی خۆراک لە پەیمانگای تەکنەلۆژیا و زانستی خۆراک لە کەنەگاوا لەگەڵ سەنتەری ئیبیسو بۆ توێژینەوەکانی پێست لە تۆکیۆ، پێنج زانا لە توێژینەوەیەکی تردا کاریگەریی ستیڕۆڵەکانی ڕووەکی ئەلۆڤێرا تاقی دەکەنەوە کە توانای ڕیکخستنی زينده‌چالاكی چەوری و شەکری هەیە، کاریگەری پاودەری جێڵی ئەلۆڤێرا کە (40) مایکرۆگرام ستیڕۆڵەکانی تێدا بوو، بۆ سەر گرفتەکانی پێست تاقی کرایەوە لە ئافرەتە یابانییەکاندا کە پێستیان وشک بووبووەوە.

دەرئەنجام بە وەرگرتنی پاودەری جێڵی ئەلۆڤێرا لە ڕێگەی دەمەوە، بووە مایەی کەمکردنەوەی چرچەکانی دەموچاوی ئافرەتەکان کە تەمەنیان 40 ساڵ و گەورەتر بوون[8].

بەکارهێنانی بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی ناودەم

برینی بؤقژه‌ (Aphthous ulcer)ی ناو دەم کە دوچاری بۆشایی دەم دەبێت و ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ده‌گاته ڕێژەی (46.7%)، دەبێتە مایەی ئازار و ناڕەحەتی بۆ تووشبوو، هۆکاری ئەم جۆرە برینە بەتەواوی نەزانراوە، بەڵام تێکچوونی بەرگری، پەیوەندیی هەیە بەم نەخۆشییەوە. یەکێک لە پێکهاتەکانی ئەلۆڤێرا؛ ماددەی ئەسیمەنان (Acemannan)ە، کە شەکرێکی ئاڵۆزە و دەتوانرێت دەربهێنرێت لە ڕووەکەکەدا و کاریگەریی بۆ چارەسەری برینەکە هەیە و مەترسیدار نییە.

تاقیکردنەوەیەک ئەنجام درا کە لە گۆڤاری (ALTERNATIVE AND COMPLEMENTARY MEDICINE) ژمارە 5ی ساڵی 2015دا بڵاو کرایەوە لە سەر دوو گرووپ؛ (100 و 180) نه‌خۆش, ئەنجامەکان ئەوەیان خستە ڕوو کە هیچ بەشداربوویەکی ناو تاقیکردنەوەکە تووشی هەستیاری نەبوون بە ماددەی ئەسیمەنان و نیشانەی لابەلایشیان لێ دەرنەکەوت. ئەسیمەنان لە بچووککردنەوەی قەوارەی برینەکە و کەمکردنەوەی ئازارەکەدا کاریگەر بوو، واتە بەگشتی دەتوانرێت ئەسیمەنان بەکار بێت بۆ ئەو نەخۆشانەی کە نایانەوێت دەرمانی ستیرۆید بەکار بهێنن[9].

لە توێژینەوەیه‌کی تردا لە مانگی هەشتی ساڵی 2014دا، توێژەرانی کۆلێژی پزیشکی وارسۆ باربرا جۆنان و توێژەرانی دیکە لە پۆڵەندا، کاریگەریی ئەلۆڤێرا جێڵیان لە ڕێگەی دەمەوە وەک دژەمیکرۆب، دژەهەوکردن، هاندەری خانە ناوەندگیرییەکانی بەرگری و  دژەتەنەکان لە مشکدا تاقی کردەوە.

مەبەستی ئەم توێژینەوەیە بۆ هەڵسەنگاندنی  کاریگەریی جێڵی ئەلۆڤێرایە لە سەر هەندێک پارامیتەری خانە و بەرگریی لەش و بەراوردکردنی لەگەڵ زۆربوونی لیمفۆسایتەکانی سپڵ.

تاقیکردنەوەکە بۆ (91) مشکی مێینەی تەمەن (6-8) هەفتە ئەنجام دران، ئەنجامی توێژینەوەکەش پاش (14-21) ڕۆژ لە پێدانی جێڵی ئەلۆڤێرا، چالاکیی جووڵەی کیمیای خانەکانی سپڵی باشتر کرد[10].

کاریگەریی بۆ سەر نەخۆشییەکانی چاو

نەخۆشییەکانی چاو یەکێکە لەو نەخۆشییە باوانەی کە کۆمەڵگای سەردەم دوچاری بووە بە هۆی چەندین هۆکارەوە وەک: تێکچوونی خەو، سەیرکردنی بەردەوامی شاشە ئەلکترۆنییەکان، نەبوونی وشیاریی تەندروستی و فەرامۆشکردنی لایەنی تەندروستیی مرۆڤ بە هۆی سەرقاڵی و خۆفەرامۆشکردنەوە،  نەبوونی ژینگەی خاوێن و لەبار بۆ ژیان و کارکردن، هەروەها قەرەباڵغی و تەنینەوەی نەخۆشییەکان لە یەکترەوە و چەند هۆکاری دیکەش. لەبەر ئەم هۆکارانە، هەمیشە بیر لە چارەسەری دیکە دەکرێتەوە، بەتایبەت چارەسەری ڕووەکی، ئەلۆڤێراش یەکێکە لە و ڕووەکانە کە تایبەتمەندیی زۆری هەیە.

نەخۆشییە باوەکانی ئێستای چاو، وەک: وشکبوونەوەی چاو، هەوکردنی پێڵووەکان، هەوکردنی کۆرنیە، پووکانەوەی خانەکان و چەند نەخۆشییەکی دیکەش دەگرێتەوە.

ڕووەکی ئەلۆڤێرا تایبەتمەندیی زۆرە، وەک: ساڕێژبوونی برین، دژەمیکرۆب، دژەڤایرۆس، دژەهەوکردن و چالاکیی دژەئۆکسان و تایبەتمەندیی دیکەشی هەیە.

لە توێژینەوەیەکدا لە زانکۆی مەدرید لەلایەن پنتۆر و هاوەڵانی، لە ساڵی 2014دا کاریگەریی ژەهراویبوونی خانەیی لە شلە دروستکراوە بازرگانییەکاندا تاقی کرایەوە لە سەر ڕووی په‌رگلێنه‌ (کۆرنیا)ی چاوى كه‌روێشك، کاتێک کە ئەلۆڤێرای تێكەڵ دەکرێت.

ئەو هاوێنە لکاوە نەرمانەی کە لە دەرەوەی چاو بۆ چاو بەکار دێن بە مەبەستی جوانکاری یان چارەسەر، لە شلەیەکی دروستکراوی بازرگانیی فرەمەبەستدا دەپارێزرێن کە چەند پێکهاتەیەکی تێدایە و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕووکەشی چاو و توێکی فرمێسکدا کە لە سێ چین پێک هاتووە: (چەوری، ئاو، میوسین).

لە تاقیکردنەوەیەکدا[11] بەراوردی ئەو شلانە کران کە بەرهەم دەهێنرێن، کاتێک ماددەیەکی وەک ئەلۆڤێرا بە چڕیی 1% ، 0.75% و 2% تێكەڵاویان دەکرێت، دەرئەنجام شلەکە تایبەتمەندیی چاکبوونەوەی برین، توانای ژیان و گەشەی خانەکە زیاد دەکات. هەروەها بە پەسەند دەزانرێت کە ئەلۆڤێرا تێکەڵی ئەو شلە دروستکراوە بکرێت، لەبەر ئەو تایبەتمەندییە پارێزەرەی کە تێیدایە.

لە توێژینەوەیەکی  زانکۆکانی میسر لە کەفرئەلشیخ و تەنتەدا لە 28/10/2015 دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، کاریگەریی جێڵی ئەلۆڤێرا بۆ ساڕیژبونی سووتان بە ماددەی تفت لە کۆرنیای چاودا کرا بۆ جرجی ساغ و تووشبوو بە شەکرە.

لە توێژینەوەکەدا جرجی ویستەر بەکار هات، کە کۆرنیای یەک چاویان سووتاندبوون بە شلەی تفتی هایدرۆکسیدی سۆدیۆمی (0.01M.). ئەو دوو گرووپەی قەترەی جێڵی ئەلۆڤێرای بۆ بەکار دەهێنرا، ڕۆژانە چوار جار لە چاویان دەکردن، دوو گرووپە کۆنترۆڵەکەی دیکەش قەترەی نۆرماڵ سەلاینیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەکار هێنا.

هەموو ئەنجامەکانیش ئەوە دووپات دەکەنەوە کە بەکارهێنانی جێڵی ئەلۆڤێرا، بۆ دروستبوونەوەی خانەڕووکەشەکان کاریگەرە، هەروەها هەوکردنیش کەم دەکاتەوە لەو سووتانەی بە هۆی ماددەی تفتەوە ڕوو دەدات[12].

هەروەها گۆڤاری (Pharmaceutical biology) له‌ ژماره‌ (2)ی  مانگی 2/2015دا توێژینه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ لەبارەی کاریگەریی قەترەی ئەلۆڤێرا کە لەگەڵ گیراوەکەیدا تێکەڵ دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەوکردن و نەخۆشییەکانی په‌رگلێنه‌، لە دوای توێژینەوەکە دەرکەوت کە قەترەکە کاریگەریی ژەهراویی نییە بۆ سەر چاو و دەتوانرێت بەکار بێت بۆ چارەسەری هەوکردن بێ مەترسی[13].

لە ڕاستیدا دەیان توێژینەوەی دیکەش هەن لەبارەی بەکارهێنانی ئەلۆڤێرا بۆ پێست و چاو بواری تریش، بەڵام ئەوەندەی ئاماژەی پێ کراوە، بەڵگەیەکی بێوێنەیە بۆ ڕاستودروستیی فەرموودەکانی ئازیزمان کە سەبارەت بە چاو و پێست ئاماژەی پێ داوە.

[1]  – Radha, M.H. and Laxmipriya, N.P., 2015. Evaluation of biological properties and clinical effectiveness of Aloe vera: A systematic review. Journal of traditional and complementary medicine5(1), pp.21-26.

[2] – Cho, S., Lee, S., Lee, M.J., Lee, D.H., Won, C.H., Kim, S.M. and Chung, J.H., 2009. Dietary Aloe vera supplementation improves facial wrinkles and elasticity and it increases the type I procollagen gene expression in human skin in vivo. Annals of dermatology21(1), pp.6-11.

[3] – Hashemi, S.A., Madani, S.A. and Abediankenari, S., 2015. The review on properties of Aloe vera in healing of cutaneous wounds. BioMed research international2015.

4- Radha, M.H. and Laxmipriya, N.P., 2015. Evaluation of biological properties and clinical effectiveness of Aloe vera: A systematic review. Journal of traditional and complementary medicine5(1), pp.21-26.

[5] – Goudarzi, M., Fazeli, M., Azad, M., Seyedjavadi, S.S. and Mousavi, R., 2015. Aloe vera gel: effective therapeutic agent against multidrug-resistant Pseudomonas aeruginosa isolates recovered from burn wound infections. Chemotherapy Research and Practice2015.

[6]سەرچاوەی سێيەم

[7] – Atiba, A., Ueno, H. and Uzuka, Y., 2011. The effect of aloe vera oral administration on cutaneous wound healing in type 2 diabetic rats. Journal of Veterinary Medical Science73(5), pp.583-589.

[8] – Tanaka, M., Misawa, E., Yamauchi, K., Abe, F. and Ishizaki, C., 2015. Effects of plant sterols derived from Aloe vera gel on human dermal fibroblasts in vitro and on skin condition in Japanese women. Clinical, cosmetic and investigational dermatology8, p.95.

[9]  Bhalang, K., Thunyakitpisal, P. and Rungsirisatean, N., 2013. Acemannan, a polysaccharide extracted from Aloe vera, is effective in the treatment of oral aphthous ulceration. The Journal of Alternative and Complementary Medicine19(5), pp.429-434.

[10] – Bałan, B.J., Niemcewicz, M., Kocik, J., Jung, L., Skopińska-Różewska, E. and Skopiński, P., 2014. Oral administration of Aloe vera gel, anti-microbial and anti-inflammatory herbal remedy, stimulates cell-mediated immunity and antibody production in a mouse model. Central-European journal of immunology39(2), p.125.

[11] – Pintor, J., Martín-Gil, A., Carracedo, G., Urbano, R. and Ríos, S., 2014. Cytotoxic Effect on Corneal Surface of Multipurpose Soft Contact Lens Solution Which Contains Aloe Vera. Biochem Pharmacol3(128), pp.2167-0501.

[12] – Atiba, A., Wasfy, T., Abdo, W., Ghoneim, A., Kamal, T. and Shukry, M., 2015. Aloe vera gel facilitates re-epithelialization of corneal alkali burn in normal and diabetic rats. Clinical Ophthalmology (Auckland, NZ)9, p.2019

[13] – Woźniak, A. and Paduch, R., 2012. Aloe vera extract activity on human corneal cells. Pharmaceutical biology50(2), pp.147-154.

ئەم بابەتە لە ژمارە 50 ی گۆڤاری هەیڤ بڵاوکراوەتەوە.

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top