You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » فیزیا و گه‌ردوونی » ڕەمەزان و بینینی مانگ

ڕەمەزان و بینینی مانگ

                   

 ڕەمەزان و بینینی مانگ

 

 

 

      ئا / جەمال موحەمەد ئەمین
     Jamalm11@hotmail.com                                                            

 

ساڵانە و بەبەردەوامی ئەوە دووبارە دەبێتەوە كە كاتی نزیكبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە ، كەی ڕەمەزانە ؟ فڵان ئێوارە سەیری ئاسمان دەكرێت بۆ بینینی مانگ ، مانگ بینراوە و مانگ نەبینراوە و لە فڵان وڵات بوو بە ڕەمەزان لە فیسار وڵات ڕمەزان نیە و زۆری تر لەو كێشانە و هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە لە كۆتایی مانگی ڕەمەزاندا و لە چاوەڕوانی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا ،دەمانەوێت لەم وتارەدا لە ڕووی زانستی و شەرعیەوە تیشكێك بخەینە سەر ئەو بابەتە بە تایبەتی لە ڕۆژانێكی وەك ئەمڕۆدا ئەوە بۆتە چەكێكی كوشندە بە دەست ناحەزانی ئیسلامەوە و بە ئاگاداری یان بێ‌ ئاگاییان لە ڕووی زانستی و شەرعی ئەو بابەتەوە و بە ڕاست و بە چەپدا تیری ژەهراوی خۆیان دەهاوێژن .
خوای گەورە دەفەرموێت : ( ێسْأَلونَكَ عَنِ الْأَهِلَّەِ قُلْ هِێ مَۆاقِیتُ لِلنَّاسِ ۆالْحَجِّ ۆڵیْسَ الْبِرُّ بِأَنْ تَأْتُوا الْبُیُوتَ مِنْ ظهُوڕهَا ۆڵكِنَّ الْبِرَّ مَنِ اتَّقَی ۆأْتُوا الْبُیُوتَ مِنْ أَبْۆابِهَا ۆاتَّقُوا اللَّهَ ڵعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ) (البقرة:189)     واتە پرسیارت لێدەكەن دەربارەی قۆناغەكانی كە مانگی پێدا تێپەڕ دەبێت تۆ ئەی پەیامبەری خوا پێیان بڵێ‌ كە ئەوە بۆ زانینی كاتەكان و كاتی حەج كردنە و …تا دوایی مانای ئایەتەكە .یان پەیامبەری ئیسلام (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت ( بەڕۆژوو مەبن تا مانگ نەبینن و مەیشكێنن و جەژن مەكەن تا نەیبیننەوە خۆ ئەگەر نەتانتوانی بیبینن ئەوا خۆتان مەزەندەی بكەن ) . هەموو ساڵێك جیاوازیەكی زۆر لە كاتی هاتنی ڕەمەزان و جەژنی ڕەمەزاندا لە نێو وڵاتە ئیسلامیەكاندا ڕوودەدات هەندێك جار ئەو جیاوازیە دەگاتە 4 ڕۆژ كە ئەوەش جیاوازیەكی زۆرە !
بینینی مانگ لە ڕووی گەردوونزانیەوە : لە جوڵە بەسوڕەكەیدا مانك یەك سوڕ بە دەوری زەوی تەواو دەكات لە ماوەی بە نزیكـــــــــی 5 ر 29 ڕۆژدا و لە میانەی ئەو جوڵە بە سوڕەیدا مانگ بە چەند قۆناغێكی جیاجیا تێپەڕ دەبێت كە بریتین لە :
 قۆناغی پەناگرتن دەست پێدەكات ئیتجا دەمەداسی (هلال ) زیادبوو ، دووجای یەكەم ، قۆقزی زیادبوو ، چواردەشەوە ،قۆقزی كەم بوو ، دووجای دووەم ، ئینجا دەمەداسی كەم بوو و پاشان جارێكی دی دەگەڕێتەوە باری پەناگرتنی و ئیتر هەروەها هەموو مانگێك ئەو قۆناغانە دووبارە دەبێتەوە .هەروەك چۆن خۆر هەڵدێت و ئاوا دەبێت بە هەمان شێوەش.

مانگ هەڵهاتن و ئاوابوونی هەیە بەڵام مانگ هەموو كاتێك بەشەو هەڵنایەت و بە ڕۆژ ئاوابێت وەك هەندێك لێی گەیشتووە ! هەموو ڕۆژێك مانگ هەڵدێت لەو كاتەی كە پەیوەستە بە ئەو قۆناغەی كە تێیدایە ،كاتێك مانگ لە باری پەناگرتندا دەبێت لەگەڵ خۆردا هەڵدێت و لەگەڵیدا ئاوا دەبێت بە نزیكی ،و كاتێك لە باری دووجای یەكەمدا دەبێت لە نیوەڕۆدا هەڵدێت و لە نیوەشەودا ئاوا دەبێت بە نزیكی ،و لە كاتێكدا مانگ لە باری چواردەشەویدایە لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا هەڵدێت و لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا ئاوا دەبێت و كاتێك دەگاتە قۆناغی دەمەداسی كەم بوو یان نوێ‌ ئەوا مانگ هەڵدێت پاش كەمێك لە هەڵهاتنی خۆر و ئاوا دەبێت پاش ئاوابوونی خۆر بە كەمێك . بۆ بینینی دەمەداسی مانگی نوێ‌ لە خۆرئاوای ئاسماندا ئێمە وا ڕاهاتوین كە لە ڕۆژی 29 ی مانگی كۆچی ( عەرەبی ) بە دواییدا دەگەڕێین بۆ ئەوەش دوو مەرج پێویستە كە بە نەمانی مەرجێكیان زۆر ستەمە مانگ ببینرێت لەو ڕۆژەدا كە ئەو دوو مەرجەش ئەمانەن :  
یەكەم : دەبێت مانگ گەیشتبێتە قۆناغی پەناگرتنی پێش خۆرئاوابوون چونكە ئێمە بە دوای دەمەداسدا دەگەڕێین كە ئەویش بە دوای پەناگرتندا دێت خۆ ئەگەر مانگ نەگەیشتبێتە قۆناغی پەناگرتنی ئەوا بینینی ستەم دەبێت .
دووەم : مانگ ئاواببێت پاش ئاوابوونی خۆر چونكە گەڕان بە دوای دەمەداسدا یەكسەر لە ڕۆژی تازەی كۆچی یان عەرەبیدا دەست پێدەكات لە كاتی خۆرئاوابووندا ،خۆ ئەگەر مانگ ئاوا بێت پێش خۆرئاوابوون یان لەگەڵ خۆرئاوابوون ئەوا مانای وایە كە دەمەداسی مانگ لە ئاسماندا نیە و پێویست ناكات بە دوواییدا بگەڕێین .
ئەگەر یەكێك لەو دوومەرجانە بەدی نەهاتن ئەوا بینینی مانگ كارێكی ستەم دەبێت بەڵام ڕوودانی پەناگرتن پێش خۆرئاوابوون و ئاوابوونی مانگ دوای خۆرئاوابوون بەس نابێت تا دەمەداسی مانگ ببینرێت ،ئایا دەكرێت مانگ ببینرێت ئەگەر بە چەند خولەكێك پاش خۆرئاوابوون ئەویش ئاوا ببێت ؟ بیگومان نەخێر لەبەر چەند هۆیەك لەوانە :
یەكەم :ئاوابوونی مانگ پاش ئاوابوونی خۆر بە ماوەیەكی زۆر كەم مانای وایە كە هێشتا مانگ نزیكە لە پەپكەی خۆرەوە و كاتی پەناگرتنی مانگ كەمێك پێش خۆرئاوابوون بووە بۆیە لەكاتی خۆرئاوابووندا مانگ ئەوەندە لە پەپكەی خۆر دوور نەكەوتۆتەوە تا بتوانرێت لە ئاسماندا ببینرێت لەبەر كەمی ڕووناكیەكەی .
دووەم : لەكاتی خۆرئاوابووندا كە سەیری خۆرئاوا دەكەین ڕووناكی توندی خۆر دەبینین لەو ناوچەیەدا كە ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونی شەوقی مانگ و لەویشەوە نەبینینی .
سێیەم : نزیكی پەپكەی مانگ لە پەپكەی خۆرەوە لەكاتی خۆرئاوابووندا مانای نزیكی مانگە لە ئاسۆوە كە ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونی ڕووناكی مانگ و نەبینینی بە ئاسانی هەروەك چۆن ڕووناكی خۆر كەمیكردووە كە لە ئاسۆدا بێت و ئێمە دەتوانین سەیری بكەین لە كاتێكدا ناتوانین لە نیوەڕواندا سەیری پەپكەی خۆر بكەین .
لەوانەی پێشوەوە بۆمان دەردەكەوێت كە پێویستە مانگ لە بەرزاییەكی دیاریكراودا بێت لە ئاسۆوە و ماوەیەكی دیاریكراو لە پەپكەی خۆر دووركەوتبێتەوە تا توندی ڕووناكیكەی ئەوەندە ببێت بتوانرێت بە ڕوونی ببینرێت بە چاو .
خۆ ئەگەر باری پەناگرتن پێش خۆرئاوابوون ڕوویدا و مانگ ئاوابوو پاش خۆرئاوابوون بەڵام نەتوانرا مانگ ببینرێت لەبەر یەكێك لەو هۆیانەی پێشەوە ئەوا بینینی دەمەداسی مانگ زۆر ستەم دەبێت واتە هەرگیز نابینرێت !.

هۆكانی جیاوازی بوون لە وڵاتە ئیسلامیەكاندا :
وڵاتە ئیسلامیەكان لە دیاركردنی سەرەتای مانگە كۆچیەكاندا و بەتایبەتی مانگی ڕەمەزان و مانگی شەوال بۆ دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز جیاواز دەبن لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە :
1) هەندێك لە وڵاتە ئیسلامیەكان خۆیان بانگەشەی هاوڵاتیان دەكەن كە بە دوای بینینی مانگدا بگەڕێن و هەركەس بڕوات و سوێند بخوات كە مانگی دیوە ئەوە ئیتر ڕەمەزانە هەرچەندە هەژماردنە گەردوونیەكانیش جەخت لە سەر ستەمی بینینی مانگ بكەنەوە !ئەوە ئێستا لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامیەكاندا ڕوودەدات.
2) لە هەندێك لە وڵاتە ئیسلامیەكان شایەتی بینەر ڕەت دەكرێتەوە ئەگەر بینینی مانگ ستەم بێت بەڵام شایەتیەكە وەرگیراو دەبیت ئەگەر بینینەكەش زۆر زەحمەت بێــــــــــت ( واتە لەوانەیە ببینرێت و ستەم نەبێت بینینی ) بۆ نمونە وڵاتی سعودیە كە لە ساڵی 1419 كۆچیەوە كار بەوە دەكات .
3) هەندێك وڵاتی ئیسلامی دیكە پشت بە بینینی مانگ نابەستن ئەوەندەی پشت بە هەندێك هەژماردنی گەردوونی دەبەستن بۆ نمونە لیبیا كە لای ئەوان مانگی نوێی عەرەبی دەستپێدەكات ئەگەر باری پەناگرتن پێش گزنگ ڕوویدا .
4) هەندێك لە وڵاتە ئیسلامیەكانی تر بە شێوەی فەڕمی بە دوای بینینی مانگدا ناگەڕێن بەڵكو داوا لە هاوڵاتیان دەكرێت كە بە دوای بینینی مانگدا بگەڕێن بۆ نمونە وڵاتی مەغریب كە بۆ بینینی هەموو مانگە كۆچیەكان هەمان شێواز بەكار دەهێنن نەك تەنها هاوڵاتیان بەڵكو هەتا هێزی سەربازیش بەشداری دەكات لەو گەڕانە و لە نزیكەی 270 شوێن كە بەسەر هەموو وڵاتی مەغریبدا دابەش بوون بە دوای بینینی مانگدا دەگەڕێن .لە وڵاتی عومانیش هەمان شێواز بەكاردێت بەڵام ئەوەی مەغریب پێشكەوتووترە .
  لەوانەیە پشتبەستن بە بینینی مانگ و شایەتیدانی بینەر زۆر وورد نەبێت چونكە زۆر جار ئەو بینەرە هەرتەنێكی ئاسمانی لەو كاتانەدا ببینێت وابزانێت مانگە و واش نەبێت وەك ئەوەی لە سعودیە ڕوویدا لە ساڵی 1984 كە 28 ڕۆژ ڕەمەزان بوو چونكە یەكێك لە شایەتەكان هەسارەی عوتارد یان زوهرەی لێ‌ ببوە مانگ بۆیە لەوانەیە بینینی مانگ بە شێوەی كۆمەڵی پێویست بێت تا دڵنیابن لەوەی كە ئەوەی بینیویانە مانگە .
5) هەندێك لە وڵاتانی دی پشتدەبەستن بە هەمان كاتی دەركەوتنی دەمەداسی مانگی نوێی كۆچی لە یەكێك لە وڵاتەكاندا واتە ئەگەر زانییان كە وڵاتێك ڕایگەیاند كە مانگ لای ئەوان بینراوە ئیتر ئەوانیش یەكسەر بینینی مانگ لای خۆیان ڕادەگەیەنن ئیتر بە بێ‌ ئەوەی دڵنیابن لەوەی كە مانگ لای ئەوان یان لای خۆیان بە دڵنیایی بینراوە، بۆ نمونە ئەردەن و وڵاتانی دیكەش .و لە بەرامبەردا وڵاتانی دیكە هەن كە لە سەر بنچینەوەی جیاوازی كاتی دەركەوتنی مانگ دەڕۆن و هاتنی مانگی ڕەمەزان ڕاناگەیەنن تا لە ناو وڵاتی خۆیانەوە مانگ نەبینن وەك وڵاتی سعودیە بۆنمونە لە ڕۆژی 7/ 12 / 1999 وڵاتی یەمەن بە شایەتیدانی چەند كەسێك كە لە نێویاندا ئەهلی مزگەوت هەبوو ڕایانگەیاند كە مانگیان دیوە بۆیە ڕۆژی 8 / 12 / 1999 دەبێتە یەكەم ڕۆژی رەمەزان بەڵام سعودیە گوێی بەو دراوسێیەی نـــــــــــــــەداو ڕۆژی 9 / 12 /1999 ی كرد بە ڕەمەزان .هەمان دیاردە لە ساڵی 1424 ك ڕوویدایەوە كە ڕۆژی 26/10/2003 یەكەم ڕۆژی ڕەمەزان بو لە یەمەن و ئەردەن و فەلەستین و میسر بەڵام سعودیە ڕۆژی دواتری كرد بە ڕەمەزان واتـــــــــــــــــە 27 /10/2003 .

بۆچوونە فیقهیەكان :
ئەوانەی پێشتر باسكران هەندێك لەو هۆ سەرەكیانەن كە ئەو جیاوازیەی لە نێو وڵاتە ئیسلامیەكاندا دروستكردووە لە دیاریكردنی سەرەتای مانگە كۆچیەكان ، هەندێكیش ئەو جیاوازیانە دەگێڕنەوە بۆ جیاوازی فیقهی ،زۆر جار ئەوە دووبارە دەكرێتەوە كە ئاخۆ دوای هەژماردنی گەردوونی بكەوین یان بینین مانگ بە چاو ؟ ئەو بابەتە زۆر بە چڕی و پڕی گفتوگۆی  لەسەر كراوە لە نێوان فەقیهەكان و زانا گەردوونیەكان ،هەندێك لە فەقیهەكان پێیان باشە كە پشت ببەسترێت بە هەژماردنە گەردوونیەكان بەڵام هەریەكەیان بۆچوونی تایبەتی خۆیان هەیە لەو ڕێپێدانە وەك لای خوارەوە هەندێك لەو بۆچوونە فیقیانە دەخەینە بەردەست :
1) بەشێك لەو فەقیهانە ڕێگەیان داوە بە پستبەستن بە هەژماردنی گەردوونی تەنها لە كاتی نەڕێیدا ( نفی ) بە مانایەكی دی ئەگەر كەسێك هات و شایەتی بینینی مانگی دا بەڵام بە پێی هەژماردنی گەردوونی بینینی مانگ ستەمە ئەوا لەو بارەدا ئەو شایەتیە ڕەت دەكرێتەوە لە بەناوبانگترینی ئەو فەقیهانەی ئەو بۆچوونەی هەیە( تقی الدین السبطی) كە لە فەقیهە شافیعیەكانە و لە نیوەی یەكەمی سەدەی هەشتەمی كۆچیدا ژیاوە ،ئەو لەو بارەوە دەڵێت :ئەگەر هەژماردنی گەردوونی بینینی مانگی ڕەت كردەوە ئەوا لەسەر دادوەرە كە ئەو شایەتیە ڕەت بكاتەوە چونكە هەژماردنی گەردوونی دابڕكارە بەڵام شایەتیدان هەواڵدانە و جێگای گومانە و هەمیشە دابڕكاری پێش گومان دەكەوێت ،و دەڵێت بۆ دادوەر هەیە كە چاو بخشێنێتەوە بە شایەتیدانێك بۆ هەر پرسێك و ئەگەر بینی كە هەست و بینین بەدرۆی دەخاتەوە بۆی هەیە ڕەتی بكاتەوە بێ‌ هیچ سڵەمینەوەیەك !هەروەها دەڵێت : مەرجی بەڵگە ئەوەیە كە ئەوی شایەتی لەسەر دراوە شیاوبێت لە ڕووی هەستكردن و ژیری و شەرعەوە خۆ ئەگەر بەڵگەی هەژماركردنە گەردوونیەكە بینینەكەی بە ستەم دانا ئەوا لە ڕووی شەرعیشەوە ئەوە ستەم دەبێت و شایەتیدانەكە ڕەت دەكاتەوە چونكە شەرع لە سەر ستەمەكان (ناشیاوەكان ) دانامەزرێت ،بەڵام شایەتیدان شیاوی هەڵە و درۆ و خەیاڵە.ئەوانەی پشتگیری ئەو بۆچوونە دەكەن لە زانایانی ئەم دوواییانە :
( موحەمەد مستەفا المراغی )كە شێخی ئەزهەر بوە ، و ( شێخ علی تەنتاوی ).
     شایانی باسە كە شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە و قوتابیەكەی ئیبن قەیم و فیراقی وئیبن ڕوشد هەمان بۆچوونیان هەبووە .
2 ) هەندێكی تر لە فەقیهەكان ڕێگایان داوە بە پشتبەستن بە هەژماردنە گەردوونیەكان لە ئەرێتی و نەرێتیدا و جیاوازی ئەمان لەگەڵ گروپی پێشوودا تەنها لەوەدایە كە ئەمان ئەگەر بە پێی هەژماردنە گەردوونیەكان بشێت كە مانگ ببینرێت لەو ئێوارەدا ئەوا ئیتر ڕۆژی دوایی دەبێتە یەكەم ڕۆژی مانگی نوێی كۆچی بەبێ‌ ئەوەی كەس مانگی دیبێت ، لەوانەی كە پشتگیری ئەو بۆچوونە دەكەن لە كۆندا ( مترەف كوڕی عەبدوالله )كە لە پاشكەوتە گەورەكانە وە ( ئەبو عەباس كوڕی سریج ) كە لە گەورە شافیعیەكانە لە سەدەی سێ‌ ی كۆچیدا ژیاوە و ( ئیبن قوتەیبەی دەینوری ) ،بەڵام لە ئێستادا ( شێخ ئەحمەد شاكر ، شێخ مستەفا زەرقا ،دكتۆر یوسف قەرزاوی ) هەمان بۆچوونیان هەیە .
3 ) گروپێكی تر لە فەقیهەكان بە هیچ جۆرێك ڕێگا نادەن بە پشتبەستن بە هەژماردنە گەردوونیەكان نە لە نەرێیدا و نە لە ئەرێیدا ،و تەنها لای ئەوان پشت دەبەسترێت بە شایەتیدانی بینەر بەوەی كە مانگی دیوە هەتا ئەگەر بە پێی هەژماردنی گەردوونی ئەو بینینە شیاو نەبێت .،هۆی ئەوەش دەگێڕنەوە بۆ ناووردی هەژماردنە گەردوونیەكان یان تێكەڵ بوونی ئەو زانستە لەگەل ئەستێرەوانی و یان هەردووكیان .لەوانەی ئەو بۆچوونەیان هەیە ( شێخ ئیبن باز ) .
4) هەندێكی تر لە فەقیهەكان پشتكیری هەژماردنی گەردوونی دەكەن خۆ ئەگەر بینیان مانگ ئاوا دەبێت پاش خۆرئاوابوون هەتا ئەگەر بە یەك خولەكیش بێت و باری پەناگرتنیش ڕوویداوە پێش خۆرئاوابوون با بە یەك خولەكیش بێت ئیتر ئەوە بەسە بۆ ئەوەی ڕۆژی دادێت ببێتە سەرەتای مانگی نوێی كۆچی ،بۆ ئەوەش دەگەڕێنەوە بۆ بۆچوونی ئەوانەی كە ڕێگایان داوە بە پشتبەستن بە هەژماردنی گەردوونی لە ئەرێی و نەرێیدا ،بەڵام لە ڕاستیدا ئەو گەڕانەوەیەی ئەوانە ڕاست نیە چونكە ئەوانەی ئەو ڕێگایەیان داوە بۆ پشتبەستن بە هەژماردنە گەردوونیەكان ئەوە بۆ ئەو كاتەیە كە مانگ لەدایك بووبێت واتە دەمەداسی مانگ (هلال ) نەك مانگ لە قۆناغی پەناگرتندا بێت چونكە ڕوودانی پەناگرتن مەرج نیە بۆ لەدایك بوونی هیلال !مانگ پێویستی بە 12 تا 18 كاژێر دەبێت تا لە قۆناغی پەناگرتنەوە بچێتە قۆناغی دەمەداسیەوە (هلال) ،و لە ڕاستیدا هیچ فەقیهێك سەرەتای مانگی كۆچی نەبەستۆتەوە بە تەنها ڕوودانی پەناگرتنەوە چونكە مانگەكانی كۆچی بەندن بە بینینی هیلالەوە وەك خوا دەفەرموێت :
( ێسْأَلونَكَ عَنِ الْأَهِلَّەِ قُلْ هِێ مَۆاقِیتُ لِلنَّاسِ ۆالْحَجِّ ۆڵیْسَ الْبِرُّ بِأَنْ تَأْتُوا الْبُیُوتَ مِنْ ظهُوڕهَا ۆڵكِنَّ الْبِرَّ مَنِ اتَّقَی ۆأْتُوا الْبُیُوتَ مِنْ أَبْۆابِهَا ۆاتَّقُوا اللَّهَ ڵعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ) (البقرة:189) .

هەژماردنی گەردوونی یان بینین ؟
لە كۆتایدا پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە كە ئایا ئێمە لە دیاریكردنی سەرەتای مانگە كۆچیەكاندا دوای بینینی مانگ بكەوین یان بە پێی هەژماردنە گەردونیەكان بڕۆین ؟؟
ئەگەر مەبەست لە بینینی مانگ (هلال) ئەوە بێت كە هەر كەس هات و شایەتی دا كە مانگی دیوە لە كاتێكدا بە دڵنیایی نادروستی ئەو شایەتیدانە ڕوون بێت وەك ئەوەی لە 28 ی یەكێك لە مانگە كۆچیەكانی ساڵی 1984 دا لە سعودیە ڕوویدا ، ئەوە بۆ خۆی پێچەوانەی فەرموودەی پەیامبەری ئیسلامە كە دەفەرموێت : (“لا تصوموا حتی تروا الهلال، ولا تفگروا حتی تروه  فإن غُمّ علیكم فاقدروا له”) واتە بەڕۆژوو مەبن تا مانگ نەبینن و چەژن مەكەن تا نەیبیننەوە خۆ ئەگەر هەور بوو ئەوا خۆتان مەزەندەی بكەن .واتە بینینەكە مەرجە بۆ سەرەتای مانگی كۆچی خۆ ئەگەر ئەو بینینە ستەم بوو ئەوا ئیتر مەرجەكە بەتاڵ دەبێتەوە و ئەو شایەتیەش ڕەت دەكرێتەوە دوورنیە كەسی بینەر هەسارەیەكی وەك زهرە یان عەتاردی نەبینی بێت !
لە بەرامبەر ئەوەدا چۆن دەبێت پشتبەسترێت بە هەژماردنە گەردوونیەكان كە ڕوودانی پەناگرتن دادەنێت بە سەرەتا بۆ مانگە كۆچیەكان لەكاتێكدا خوای گەورە كاتی موسڵمانەكان دەبەستێتەوە بە هلالەوە نەك پەناگرتن ! لێرەوە گرنگی پەیوەندی نێوان بینین و هەژماردنە گەردوونیەكان دەردەكەوێت كە ناكرێت لێك جیابكرێنەوە ، چۆن دەبێت شایەتی كەسێك وەربگیرێت بۆ بینینی مانگ لە كاتێكدا مانگ پێش خۆرئاوابوون ئاوا بوە ؟ چۆن سەرەتای مانگی كۆچی دیاری دەكرێت لە كاتێكدا مانگ نەبینراوە لە هیچ شوێنێك ؟

بۆ ئەوەی ئەو هەڵانە ڕوونەدا پێویستە : 1) پرۆسەی گەڕان بە دوای دەمەداسی مانگ پرۆسەیەكی فەرمی كۆمەڵی بێت ،میری چەند ناوچەیەكی جیا حیا دیاری بكات لە وڵاتەكەدا و كۆمەڵێك شارەزا تایبەت بكات بە گەڕان بە دوای مانگدا لەو ناوچانەوە كە هەر كۆمەڵەو كەسێكی شارەزایان لەگەڵدا بێت كە شارەزابێت لە چۆنیەتی گەڕان بە دوای مانگ و هەژماردنە گەردوونیەكان ، تا ژمارەی ئەو كۆمەڵانەش زۆرتر بێت ئەگەری هەڵە كەمتر دەبێت بۆ نمونە لە كۆماری باشوری ئەفەریقیا نزیكەی 3000 كەس هاوبەشی دەكەن لەو گەڕانەدا ! .
2) كاتێك كەسێك شایەتی بینینی مانگ دەدات وا باشە هەندێك پرسیاری ئاراستە بكرێت بۆ دڵنیا بوون لە ڕاستی شایەتیدانەكەی وەك كات و شوێنی بینینەكە و ئاراستەی دەمەداسەكە و بەرزی لە ئاسۆوە و چۆنیەتی جوڵەی مانگەكە لە كاتی چاودێریكردنیدا و ….هتد ئەوانە پرسیاری سادە و ساكارن زیاتر دڵنیامان دەكات لە ڕاستی شایەتیدانەكە چونكە ئەمڕۆ وەك سەردەمی پەیامبەر نیە و زانستی گەردوونی زۆر پێشكەوتوە یارمەتیمان دەدات بۆ دڵنیابوون لە ڕاستێی شایەتیدانەكە . 

سەرچاوەكان /
   (- قضاة، شرف 1999. ثبوت الشهر القمری بین الحدیث النبوي والعلم الحدیث. دراسات، علوم الشریعة والقانون 26. 447-458.
– منیع، عبد الله 2004. التحدید الفلكی ڵاوائل الشهور القمریة. (http://www.islamtoday.net/ ).
– إسلام أون لاین 2004. الحساب الفلكی وإثبات الصیام والفطر. http://www.islamonline.net ).

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top