You Are Here: Home » بابەتەكانمان » (ڕووناكی، سێبەر، تاریكی) – بەشی یەكەم: ڕووناكی –

(ڕووناكی، سێبەر، تاریكی) – بەشی یەكەم: ڕووناكی –

لەنێوان زانست و فەرموودەكانی پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم)

(ڕووناكی، سێبەر، تاریكی) – بەشی یەكەم: ڕووناكی

نووسینی: د.أحمد شوقی إبراهیم

وەرگیڕانی: سەروەر حەسەن

پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه و سلم) فەرموویەتی: إنما مثلي و مثل الناس كمثل رجل إستوقد ناراً، فلما أضاءت ماحوله جعل الفراش و الدواب تقتحم فيها فأنا آخذ بحجزكم و أنتم تواقعون فيها [1].

واتە: نموونەی من و خەڵك وەك پیاوێك وەهایە كە ئاگرێكی خۆش كردبێت، كاتێك دەوروبەری خۆی ڕووناك كردەوە، پەپوولە و جڕوجانەوەر خۆیان دەخەنە ناوی، من پشتێنەتان دەگرم لەو ئاگرە و ئێوە خۆتان فڕێ‌ دەدەنە ناوی».یان دەفەرموێت:

« إنما مثلي و مثل الناس كمثل رجل إستوقد ناراً، فلما أضاءت ماحوله جعل الفراش و هذه الدواب التي تقع في النار، يقعن فيها. فجعل الرجل يزعهن و يغلبنه، و يقتحمون فيها. وأنا آخذ بحجزكم عن النار و أنتم تقتحمون فيها [2].

واتە: نموونەی من و خەڵك وەك پیاوێك وەهایە كە ئاگرێكی خۆش كردبێت، كاتێك دەوروبەری خۆی ڕوونكردەوە، پەپوولە و ئەو جڕوجانەوەرانەی دەكەونە ئاگرەوە،

 دەكەونە ناویەوە، ئەو هەر دەیەوێت ڕێگایان لێبگرێت، بەڵام زاڵدەبن بەسەریدا و خۆیان فڕێ‌ دەدەنە ناو ئاگرەكە. من پشتێنەتان دەگرم لەو ئاگرە كەچی ئێوە خۆتان فڕێ‌ دەدەنە ناوی.

لە فەرموودەیەكی تردا فەرموویەتی: «لاتستضيئوا بنار المشركين» [3]، لەم فەرموودەیەدا ڕووناكی خستووەتە پاڵ ئاگر.

بۆئەوەی لە ناوەرۆكی زانستی ڕووناكی لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا (صلى الله عليه و سلم) تێبگەین، سەرەتا دەربارەی ڕووناكی دەدوێین، چییە و چۆن لەتەنە ڕووناكیدەرەكانەوە دەردەچێت و دەربارەی پەیوەندیی ڕووناكیش بە چالاكی گەردیلەییەوە دەدوێین.

چۆن ڕووناكی لە تەنێكی (ڕووناكیدەر) [4]ەوە دەردەچێت؟

وەڵامی ئەم پرسیارە، ڕووخسارە زانستییەكانی نەزانرا تاكو ناوەڕاستی دووەمی سەدەی بیست. ڕووناكی لەو تەنەوە دەردەچێت كە تیشكی دەدات “وەك خۆر و ئاگر و گڵۆپ و پریشكی كارەبایی”. لێرەدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ یەكەی ماددە كە گەردیلە (ذرة)یە.

گەردیلە پێكدێت لە ناوكێكی سەنتەری كە بارگەی موجەبی هەیە، بەدەوریشیدا خولگە هەن كە ئەلیكترۆنیان تێدا دەسوڕێتەوە. “ئەلیكترۆن” بریتییە لە تەنۆلكەی سەرەتایی كە بارگەی سالب هەڵدەگرێت. ئەلیكترۆنەكان لە خولگەگەلی دیاریكراودا بەدەوری ناوكدا دەسوڕێنەوە. هەر ئەلیكترۆنێك لە خولگەیەكی دیاریكراودا دەسوڕێتەوە كە ئەلیكترۆنی تری تێدا ناسوڕێتەوە، واتە هەر ئەلیكترۆنێك خولگەیەكی دیاریكراوی تایبەت بەخۆیی هەیە.

جیاوازی وزە بەپێی جیاوازی خولگەكان:

زاناكان دۆزیانەوە كە وزەی ئەلیكترۆن بەپێی دوورییەكەی لە ناوكی گەردیلەوە دەگۆڕێت. ئەو ئەلیكترۆنەی لە خولگەیەكی دوورتر لە ناوكەوە دەسوڕێتەوە، وزەیەكی گەورەتری هەیە لەو ئەلیكترۆنەی لە خولگەیەكی نزیكتردا دەسوڕێتەوە. ڕێسا بنەڕەتییەكە دەڵێت: “چەندە خولگەی ئەلیكترۆن لە ناوكی گەردیلەوە دوورتر بێت، وزەكەشی زیاتر دەبێت”.

ئەلیكترۆنە بازدەرەكان :

لە گەردیلەكاندا –كە هەموو ماددەكانی لێ‌ پێكدێت- ئەلیكترۆنەكان بە جوڵەگەلی خێرا بەدەوری ناوكدا دەسوڕێنەوە، ماددەكان ئەلیكترۆنی سەربەستیان تێدایە كە بەهیچ گەردیلەیەكەوە پەیوەست نیین، بەخێراییەكی گەورە بەدەور و بەنێو گەردیلەكاندا دەجوڵێن. هەندێجار لەگەڵ ئەو ئەلیكترۆنانەی لەدەوری ناوكی گەردیلەن توشی پێكدادان دەبن. بۆیە ئەگەر لەڕێی گەرمكردنەوە وزەمان بە یەكێك لە ماددەكان دا، ئەوا گەردیلەكانی لە چالاكییەكی گەورەدا خێرا و خێراتر دەلەرێنەوە. لەهەمانكاتدا ئەلیكترۆنە سەربەستەكان بەخێراییەكی گەورەتر دەجوڵێن. بە بەردەوامی و بە توندیش لەگەڵ ئەلیكترۆنە خولگەییەكانی گەردیلەكەدا كە ماددە پێكدێنن، پێكدا دەكەون. بە بەردەوامیی گەرمكردنەكە وزەی گەردیلە لەراوەكان لەگەڵ وزەی بەریەككەوتنی ئەلیكترۆنە سەربەستەكان یەكسان دەبێت بە وزەی پێویست بۆ گواستنەوەی ئەلیكترۆن لە خولگە ئاساییەكەیەوە، بۆ نزیكترین خولگەی ناتێر كە لەدووریدا لە ناوكەوە بەدوایدا دێت، واتە لەم بارودۆخەدا، ئەلیكترۆن لە خولگەی ناوەكییەوە، بۆ خولگەی دەرەكی بازدەدات. بۆئەوەی ئەوەش بكات وزە (Energy) دەمژێت (وەردەگرێت).

هەر خولگەیەك ئەلیكترۆن بە وزەیەكی دیاریكراوەوە وەردەگرێت ، بەڵام كاتێك ئەلیكترۆن لە خولگەیەكی ناوەكی بۆ خولگەیەكی دەرەكی باز دەدات، لەپاشان جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ خولگەی ناوەكی، پێویستی بە وزەیەكی كەمتر هەیە لە باری ناوەكیدا وەك وزە لە بارە دەرەكییەكەیدا. لێرەدا ئەلیكترۆنەكان وزە زیادەكە تیشك دەدەن، كە بریتییە لە وزەی كارۆموگناتیسی واتە ڕووناكی (Electromagnetic Energy). كاتێك توڵێكی ئاسن تا پلەی سپێتی (درجة البياض) گەرم دەكەین، ئەگەر لە ژوورێكی تاریكدا بێت، ڕووناكی تیشك دەدات.

فۆتۆن:

فۆتۆن ئەو وزەیەیە كە گەردیلە تیشكی دەدات كاتێك ئەلیكترۆنێك لە خولگەی دەرەكییەوە بۆ خولگەی ناوەكی بازدەدات، بڕی وزەكە شتێكی بەرجەستە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی هەیە. تیۆری كوانتەم (Quantum theory) كە سروشتی ڕووناكی شرۆڤە دەكات، دەڵێت: “سەرچاوەی ڕووناكی لێشاوێك لە فۆتۆن دەنێرێت، وەك ئەو گوللانەی تۆپێكی گوللەخێرا دەیانهاوێژێت”.

تیشكە كارۆموگناتیسییەكان:

وزەی دەرچوو لە ئەلیكترۆنەكانەوە لەسەر شێوەی تیشكە كارۆموگناتیسییەكان دەردەچێت. زاناكان لەو باوەڕەدان ئەم تیشكانە وەك شەپۆلەكانن، هەر فۆتۆنێكی ڕووناكی بەرامبەر كۆمەڵێكە، هەر وزەیەك كە گەردیلە لەكاتی بازدانی ئەلیكترۆن لە خولگەیەكی دەرەكی بۆ خولگەیەكی ناوەكی تیشكی دەدات، كۆمەڵێك لەم شەپۆلانەی لەگەڵدایە، بەمانایەكی تر: هەر بازدانێك كە ئەلیكترۆن پێیهەڵدەستێت، تیشكگەلی كارۆموگناتیسی دروستدەكات. ئەم شەپۆلانەش بەخێراییەكی زۆر گەورە دەگوێزرێنەوە (186000میل/چركە = 300000 كیلۆمەتر/چركە).

ڕووناكی تیشكگەلی كارۆموگناتیسییە، كە بە لەرەلەرەكانی ڕووناكی دەناسرێن، مەودایەكی دیاریكراوی هەیە، كە ئەلیكترۆنەكانی خولگە دەرەكییەكانی گەردیلە دەینێرن.

شەپۆلەكان بەپێی لەرەلەرەكانیان جیادەكرێنەوە، ئەو شەپۆلانەی لەرەلەری نزمیان هەیە، ئەوانەن كە لە گەیاندنی ڕادیۆییدا بەكاردێن (لە 200 هەزار بۆ 30 هەزار ملیۆن هێرتز [5]. بەدوایدا شەپۆلەكانی ژێر سوور دێن، یاخود تیشكە گەرمییەكان، پاشان تیشكی ڕووناكی شەبەنگی بینراو دێت (لە ڕەنگی سوورەوە بۆ ڕەنگی وەنەوشەیی) بە

 لەرەلەرێك (لە 430 بۆ 750 ملیۆن ملیۆن هێرتز). بە زیادبوونی لەرەلەر تیشكەكان نەبینراو دەبن، و تیشكی سەرووەنەوشەیمان دەستدەكەوێت و تیشكی سینی (x) و

 لەكۆتایدا تیشكی گاما كە ناوك (نواة) دەینێرێت نەك ئەلیكترۆنەكان، ئەوەش كاتێك ڕوودەدات كە گەردیلە تیشكاوەر دەبێت.

هەقیقەتی ڕووناكی چییە؟

ڕووناكی (ضوء) [6] لەو تەنەوە دەردەچێت كە خۆی ڕووناكی دەردەكات، وەك خۆر و گڵۆپ و ئاگر و پریشكە كارەباییەكان. فەرموودە پیرۆزەكەی پێغەمبەر (صلى الله

 عليه و سلم)باسی لەم ڕاستییە زانستییە كردووە لە فەرموودەكەیدا (صلى الله عليه و سلم): «إنما مثلى و مثل الناس كمثل رجل أستوقد نارا، فلما أضاءت ما حوله…» تا كۆتایی فەرموودەكە. ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئەو ئایەتە پیرۆزەی دەربارەی ئاگر دەدوێت: [مَثَلُهُمْ كَمَثَلِ الَّذِي اسْتَوْقَدَ نَاراً فَلَمَّا أَضَاءتْ مَا حَوْلَهُ ذَهَبَ اللّهُ بِنُورِهِمْ وَتَرَكَهُمْ فِي ظُلُمَاتٍ لاَّ يُبْصِرُونَ]البقرة/17، واتە: نموونە و وێنەی ئەوانە وەك كەسێك وایە، ئاگرێك دابگیرسێنێت (بۆ سوودی خۆی و هاوڕێكانی) كەچی كاتێك هەڵگیرسا و دەوروبەری خۆی ڕووناك كردەوە، خوا ڕووناكییەكەیان لێ‌ بكوژێنێتەوە و لە چەندەها تاریكیدا جێیان بهێڵێت و هیچ تروسكاییەك نابینن و ڕێ‌ دەرناكەن.

دەربارەی پریشكە كارەباییەكانیش، پەروەردگار فەرموویەتی: يَكَادُ الْبَرْقُ يَخْطَفُ أَبْصَارَهُمْ كُلَّمَا أَضَاء لَهُم مَّشَوْاْ فِيهِ]البقرة/20، واتە: خەریكە تیشكی بروسكەكە بینایی چاویان بەرێت، هەركاتێك بەرپێیان ڕۆشن دەكاتەوە، دەڕۆن…

ئاگر ڕووناكی دەدات، گڵۆپ و خۆر و هەورە بروسكە ڕووناكی دەدەن. خەڵك بەر لە سەدەی بیستەم جیاوازی نێوان ڕووناكی و نووریان نەدەزانی، بەڵام قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه و سلم) گوزارشتە زانستییە دروستەكەیان هێناوە، كە ئەمەش بە ئیعجازێكی زانستی ئاشكرا دادەنرێت.

تازەبەتازە زانست ئاشكرای كرد كە ڕووناكی وزەیەكە لە تەنی (ڕووناكیدەر)ەوە دەردەچێت بەشێوەیەكە وێكچووی (تەنۆلكەكان)، بەڵام تەنۆلكەی ناماددیی، هەر (تەنۆلكەیەك)ی ناماددیی لە وزەی ڕووناكیدا پێیدەوترێت (Quanta) یان فۆتۆن (Photon). لێرەدا تێدەگەین كە بۆنموونە گڵۆپی كارەبایی ژمارەیەكی ئێگجار زۆر لە فۆتۆن دەردەكات، بەهەموو ئاڕاستەیەكدا دەردەچن، ئێگجار ئێگجار بچوكن، ژمارەیان زۆر زۆرە، خێراییان هێندە زۆرە لەسەروو خەیاڵەوەیە، لەبەرئەوەیە ڕووناكی بە بەردەوامیی و یەكبینەیی بۆ چاوەكانمان دەردەكەوێت.

زانایان لە سەردەمی ئێستادا ئاشكرایان كرد كە ڕووناكی شەپۆلگەلێكی هەیە… ئاخۆ هەقیقەتی ڕووناكی چییە؟ ئایا شەپۆلگەلە  یان تەنۆلكەگەلێكە لە وزە؟

زاناكان لەم بابەتەدا جیاوازبوون. “ئیسحاق نیوتن” لەنزیك كۆتایی سەدەی حەڤدەدا وتویەتی: “ڕووناكی لە ژمارەیەكی بێشومار لە تەنۆلكەی ئێگجار بچوك پێكدێت، لە سەرچاوەیەكی ڕووناكییەوە (كە خۆی ڕووناكی دەدات) دەردەچێت”. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بیردۆزێكی نوێ دەربارەی ڕووناكی دەركەوت، لەلایەن زانای هۆڵەندی “هۆیگنز Huygens” كە تیایدا وتی: “ڕووناكی لە لەرینەوەگەلێك پێكدێت كە لە سەرچاوەیەكی ڕووناكیەوە بەرهەم دێت، لە ناوەندێكی چڕی كەمتر لەچڕی هەوا، ئەو ناوەندەی ناونا “ئەسیر”. دەكرێت بڵێین: بیردۆزەكەی “نیوتن” بیردۆزی تەنۆلكەیی بوو و بیردۆزەكەی “هۆیگنز”ی بیردۆزی شەپۆلیی بوو بۆ ڕووناكی.

بەدرێژایی دوو سەدە، مشتومڕێكی توند هەبوو لەنێوان زانایانی فیزیادا، ئەوانەی لایەنگیری یان نەیاری یەكێك لەوانە بوون، بەڵام بیردۆزی شەپۆلیی لەپێشتر و پەسەندتر بوو. لەدوای ساڵی (1980) لێكۆڵینەوە فیزیاییەكان -لەدوای چەندین هەوڵ و تەقەللا- ڕوونیان كردەوە كە ڕووناكی لەیەككاتدا هەر دوو سروشتەكەی هەیە: شەپۆلی و تەنۆلكەیی، واتە هەر (تەنۆلكەیەك) لە وزە، شەپۆلێك هاوڕێیەتی كە دەست بەسەر جوڵەیدا دەگرێت.

ڕێڕەوی ڕووناكی:

بەر لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم زانایان بڕوایان بە بیردۆزی (ئەسیر) هەبوو، تاكو “ئەلبێرت ئەنیشتاین” لە ناوەڕاستی دووەمی سەدەی بیستەمدا وتی: “ئەسیر بوونی نییە” [7]… دەریشكەوت كە ئەو لەسەر هەقە. ڕووناكی لە هەوا و ئاو و بۆشایدا (Space) بەهەموو ئاڕاستەیەكدا هەر بە خێرایی (300000 كیلۆمەتر\چركە) لە هێڵگەلی ڕاستدا دەڕوات.

ڕووناكی یەك ڕەنگی نییە، وەك بە زەینی هەندێك كەسدا دێت، بەڵكو لەڕاستیدا لە حەوت ڕەنگ پێكهاتووە: سوور، پرتەقاڵی، زەرد، سەوز، شین، نیللی و وەنەوشەیی. خۆئەگەر گەرمیپێوێك بخەینە لای ڕاستی ناوچەی بینراو لە شەبەنگی بینراوی ڕووناكیدا بەهیچ شێوەیەك ڕەنگی تێدا دەرناكەوێت، كەچی تێبینی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییەكەی دەكەین. ئەم ناوچەیە پێیدەوترێت ناوچەی تیشكی ژێر سوور، كە ئەمیش وێنەیەكە لە وێنەكانی وزەی ڕووناكی. هەروەها تیشكی  سەرووەنەوشەیی، كە لە تەنیشتەكەی تری شەبەنگەكەدا هەیە.

ڕووناكی بەهۆی ئاوێزەوە (منشور زجاجي) پەرش دەبێتەوە، تێبینی دەكەین كە ڕەنگی سوور لەهەموو ڕەنگەكانی تر كەمتر لایداوە و ڕەنگی وەنەوشەیش لەهەموویان زیاتر لایداوە یان شكاوەتەوە.

 

چۆن ڕەنگەكان دەبینین:

درێژییە شەپۆلی ڕووناكی دراوەیە دەبێتەهۆی هەستكردن بە ڕەنگ. بۆنموونە پرتەقاڵێك، خەسڵەتی مژینی هەموو ڕەنگەكانی شەبەنگی ڕووناكی هەیە، تەنها ڕەنگی پرتەقاڵی نەبێت، بۆیە بە ڕەنگی پرتەقاڵی دەردەكەوێت، بەڵام ئەو شتەی بە ڕەش دەردەكەوێت لەبەرئەوەیە كە هەموو ڕەنگەكانی شەبەنگەكە دەمژێت و هیچ تیشكێكی بینراومان بۆ ناداتەوە. شتێكیش كە ڕەنگی سپییە، بە سپی دەردەكەوێت چونكە هەموو درێژییە شەپۆلە جیاوازەكانی ڕووناكی دەداتەوە. شووشە ڕێ‌ بەهەموو ڕەنگەكان دەدات پیایدا تێپەڕببن، لەبەرئەوەیە كە دیودیار (شەفاف) و بێڕەنگ دەردەكەوێت. ئەوەی كە لە جێگایەكی تاریكدا شتەكان نابینین ئەوەیە كە ڕووناكی بەر شتەكان نەكەوتووە و لێیان بدرێتەوە و تیشكە دراوەكان بگەنە چاوانمان، تا ڕووناكیش لە تەنەكانەوە نەدرێتەوە نەگەنە چاوە كراوە و ساغەكانمان، ئێمە شتەكان نابینین.

ڕەنگە هەندێك كەس بپرسن: باشە ئەگەر فەرموودەكەی پێغەمبەر (صلى الله عليه و سلم) ڕاستییەكانی زانستی ڕووناكی باسكردووە، بۆچی هەموو ئەو وردەكاریانەی نەهێناوە كە زانایان لەسەردەمی ئێستادا پێیگەیشتون؟ دەڵێین: “فەرموودەی پێغەمبەر (صلى الله عليه و سلم) وەحییەكە لەلایەن خوای پەروەردگارەوە بۆ پێغەمبەرەكەی (صلى الله عليه و سلم) تیایدا بۆمان دەدوێت دەربارەی گشتیەكانی زانستە گەردوونی و سروشتییەكان و ڕاستییە گشتیەكان لەهەموو شتێكی ئەم گەردوونەدا، ئیدی گەڕان بەدووی درێژەی وردەكارییەكانی بۆ ئیجتیهادی زاناكان بەجێهێشتووە، بەهۆی ئەو بەخششانەی خوای گەورە بەسەریاندا دەڕژێت”.

 

پەروەردگار فەرموویەتی: [وَلاَ يُحِيطُونَ بِشَيْءٍ مِّنْ عِلْمِهِ إِلاَّ بِمَا شَاء]البقرة/255، واتە: هیچ كام لە دروستكراوانی زانست و زانیاری تەواویان نییە دەربارەی زانیاری و زانستەكانی ئەو، مەگەر بەوەی كە خۆی بیەوێت فێریان بكات.

هەموو ئەوەی زانایان پێیدەگەن هەرگیز لەچوارچێوەی ئەو ڕاستییە گشتیانە دەرناچن كە لە قورئان و فەرموودەی پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه و سلم) باسیان كراوە. خوای گەورە قورئان و سووننەتی نەكردووەتە سەرچاوەیەكی زانستی بۆ زانستە تاقیكارییەكانمان، چونكە زۆر لەوە مەزنترن و بەبێ‌ سنوور. قورئان و سوننەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه و سلم) پەیامی ڕێنمایین بۆ هەموو مرۆڤەكان لە دونیا و دواڕۆژیاندا، ئەوەی كە لە قورئان و سووننەتدا ڕاستیە زانستییەكان باسكراوە بۆئەوەیە ڕێنیشاندەری مرۆڤ بن لەسەر بوونی خوای پەروەردگار و تاك و تەنهاییەكەی، لەگەڵ توانستی بەدیهێنان و سۆز و میهرەبانیی بە بەندەكانی.

 

ڕووناكی (ضوء) و نوور (نور)

زاناكان لە كۆندا جیاوازی نێوان ڕووناكی و نووریان نەدەزانی. عەرەب لە سەردەمی دابەزینی قورئاندا جیاوازیان نەدەكرد لەنێوان ئەستێرە و هەسارەدا، و لەنێوان ڕووناكی و نووردا. هەردووكیان ڕووناكی دەدەن و تاریكی دەڕەوێننەوە. تەنانەت زمانە بیانییەكانیش جیاوازی لەنێوان ڕووناكی و نووردا ناكەن، لەبەرئەوە كاتێك تەورات وەرگێڕرایە سەر زمانی ئینگلیزی، وەرگێڕەكان ڕووناكی و نووریان جیا نەكردەوە و بە هەڵە وەریانگێڕا، چونكە زمانی ئینگلیزی ڕووناكی و نوور بە یەك شت دادەنێت بە ناوی (Light). وەرگێڕراوەكانی تەورات دەڵێن: “خۆر و مانگ نووربەخشن” ئەوەش هەڵەیەكی زانستییە. ڕاستییەكە ئەوەیە كە خۆر ڕووناكی دەدات و مانگیش نووربەخشە. لە وەرگێڕانی قورئانیشدا بۆ ئینگلیزی وەرگێڕەكان كەوتونەتە هەمان هەڵەی زانتسییەوە و خستویاننەتە پاڵ قورئان، بەهۆی نەزانییانەوە بە هەق.

زانایان لە سەردەمی زانستی ئێستادا، زۆرێك لە هەقیقەتی زانستیان لەم بابەتەدا ئاشكراكردووە، كە لە پێشتردا نەزانرابوون. بینیان ئەو ڕاستییە زانستیانەی ئاشكرایان كردووە، لە قورئان و فەرموودەی پێغەمبەردا (صلى الله عليه و سلم) باسكراون. وشەی (نور) و داڕێژراوەكانی لە قورئاندا لە (49) جێگادا هاتووە. هەروەها (ضوء) و داڕێژراوەكانی لە (7) ئایەتدا. باسی هەریەكە لە (ضوء) و (نور) لە قورئان و فەرموودەی پێغەمبەردا (صلى الله عليه و سلم) لەجێگا دروستەكانیاندا هاتوون لە ڕووی زانستییەوە، كە پێشتر هەرگیز بەوشێوەیە نەزانرابوون.

لە سەرەتادا دەڵێین بڕوابوون بەوەی كە ڕووناكی لە ئاسماندا بە هێڵێكی ڕاست دەڕوات لە كاتێكی نزیكەوەیە، بەڵام تازە دەركەوتووە كە لەبۆشایی گەردوونیدا ڕووناكی لەسەر هێڵی چەماوە دەڕوات. هەرگیز هیچ شتێك لە بووندا نییە لە ڕێك و ڕاستیدا (إستقامە) ڕێ بكات… ڕەنگە چەمانەوەی ڕووناكی و سەرجەم بەدیهێنراوەكانیش سوژدەبردن بێت بۆ پەروەردگار: [وَلِلّهِ يَسْجُدُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الأَرْضِ]النحل/49، واتە: هەرچی لە ئاسمانەكان و هەرچی لە زەویدا هەیە سوژدە بۆ خوای بەدیهێنەریان دەبەن.

 

 وەسفی (إستقامە) لە قورئان و فەرموودەی پێغەمبەردا (صلى الله عليه و سلم) تەنها لە وەسفی پرۆگرامی ئیسلامدا هاتووە، وەك پەروەردگار فەرموویەتی: [إِنَّ الَّذِينَ قَالُوا رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا فَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ]الأحقاف/13، واتە: بەڕاستی ئەوانەی كە دەڵێن: پەروەردگارمان [الله]یە و پاشان پابەندی ئەو باوەڕە دەبن و ڕاست و ڕەوان پەیڕەوی دەكەن و لەسەری بەردەوامن، ئەوانە هیچ جۆرە ترس و بیمێكیان لەسەر نییە و دڵتەنگ نابن.

زانست دەڵێت: تەنی (ڕووناكیدەر) ئەو تەنەیە كە ڕووناكی تیشك دەدات، خۆی ڕووناكی دروستدەكات، وەك خۆر و گڵۆپ و ئاگر و هەورەبروسكە، بەڵام تەنی (نووربەخش) ئەوەیە كە تیشكی ڕووناكی دەكەوێتە سەر و نووری لێوە دەدرێتەوە، وەك مانگ كە تیشكی خۆری دەكەوێتە سەر و ڕووناكی لێوە دەدرێتەوە. قورئان ئەم ڕاستییە زانستییەی لە سورەتی (یونس)دا باسكردووە: [هُوَ الَّذِي جَعَلَ الشَّمْسَ ضِيَاء وَالْقَمَرَ نُورًا]يونس/5، واتە: خوا ئەو زاتەیە كە خۆری كردووە بە سەرچاوەی تیشك و ڕووناكییەكی پرشنگدار، مانگیشی كردووە بە سەرچاوەی نوور (واتە مانگ ئەو ڕووناكییەی خۆر دەداتەوە كە دەكەوێتە سەری).

یان دەفەرموێت: [تَبَارَكَ الَّذِي جَعَلَ فِي السَّمَاء بُرُوجًا وَجَعَلَ فِيهَا سِرَاجًا وَقَمَرًا مُّنِيرًا]الفرقان/61 واتە: زۆر گەورە و مەزنە ئەو زاتەی لە ئاسماندا چەندەها خولگەی گەورەی (بۆ ئەستێرە و هەسارەكان) بەدیهێناوە، هەروەها چرایەكی پرشنگدار، كە خۆرە و مانگێكی ڕووناكیشی بۆ زەوی دابینكردووە.

باسی (شمس) بە سیفەتی (السراج – پرشنگدار)ی تاك و (قمر)یش هەر بە تاك هاتووە. هەریەكەشیان ناوی ڕەگەزە (إسم جنس)، واتە هەریەكە لە خۆر و مانگەكانی ئاسمان دەگرێتەوە، كە لە ڕەگەزی (مانگ) و ڕەگەزی (خۆر)ن، وەك لە ئایەتی (15-16)ی سورەتی (نوح)دا پەروەردگار دەفەرموێت: [أَلَمْ تَرَوْا كَيْفَ خَلَقَ اللَّهُ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ طِبَاقًاأَلَمْ تَرَوْا كَيْفَ خَلَقَ اللَّهُ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ طِبَاقًا، وَجَعَلَ الْقَمَرَ فِيهِنَّ نُورًا وَجَعَلَ الشَّمْسَ سِرَاجًا]نوح/15-16، واتە: ئایا سەرنجتان نەداوە چۆن خوا حەوت چین ئاسمانی دروستكردووە؟! مانگی كردووەتە هۆی ڕووناكی تیایاندا و خۆریشی داگیرساندووە.

لەڕاستیدا گوزارشتی زانستی دروست دەربارەی (ضوء) و (نور) لە فەرموودە پیرۆزەكەشدا دەبینین: [إنما مثلي و مثل الناس كمثل رجل أستوقد نارا فلما أضاءت ماحوله] چونكە ئاگر ڕووناكیبەخشە نەك نووربەخش.

ئەو كاتەی كە وەحیی خوایی لە قورئان و فەرموودەی پێغەمبەر (صلى الله عليه و سلم) دابەزی و لەخۆگری گوزارشتی زانستی ڕاست و دروست بوو دەربارەی ڕووناكی و نوور (كە تا سەدەی بیستەم ڕاستییەكە نەزانرابوو)، عەرەب لە نەزانییەكی تەواودا بوون لەبارەی جیاوازیكردن لەنێوان (ضوء) و (نور)ەوە.

كە چاو بە كتێب و شیعرەكانی سەردەمانی ڕابردوودا دەخشێنیت، شتانێك دەخوێنینەوە بەڵگەن لەسەر نەزانیی و بێئاگایی زانا و شاعیرەكان بە جیاوازی نێوان تەنی (ڕووناكیدەر) و تەنی (نووربەخش).

وەك یەكێك لە شاعیرە كۆنەكان دەڵێت:

الشمس تشبهه و البدر يحكيه

                        والدر يضحك و المرجان في فيه

ومن سرى و ظلام الليل معتكر

                      فوجهه من ضياء البدر يغنيه

سەرنجی وتەی (ضيا‌ء البدر) دەدەین، لەڕووی زانستییەوە دەربڕینێكی هەڵەیە، چونكە مانگ ڕووناكی دەداتەوە، واتە نووربەخشە نەك (ڕووناكی) دەربكات.

شاعیرێكی تر وتویەتی:

  تدلت عليها الشمس حتى كأنها

                                  من الحر ترمي بالسكينة نورها

ئەمەش دەربڕێنێكی هەڵەیە، چونكە خۆر ڕووناكییەكەی دەردەكات نەك نوورەكەی (ترمي بضوئها و ليس بنورها)  ڕووناكیدەرە و خۆی ڕووناكی دروستدەكات و بەسەرجەم ئاڕاستەكاندا بڵاوی دەكاتەوە و هەموو كۆمەڵەی خۆر دەگرێتەوە.

كە وەحیی خوایی لە قورئان و فەرموودەی پێغەمبەردا (صلى الله عليه و سلم) دابەزی، هاوڕای خەڵك نەبوو لە هەڵە زانستییەكانیاندا كە لەو سەردەمانەدا باو و بڵاو بوون، بەڵكو ڕاستییە زانستییە دروستەكانیان باسكردووە تا كاتێك كە سەردەمەكانی زانست هاتەپێشەوە، زانایان بینیان ئەوەی ئاشكرایان كردووە لە قورئان و فەرموودەی پێغەمبەردا (صلى الله عليه و سلم) باسكراوە. ئەمە بەڵگەیەكی ڕوونە بۆ هەموو ئاوەزدارێك تێبگات كە هەرگیز ناكرێت و نابێت قورئان لە دانانی مرۆڤ بێت، بەڵكو وەحیی بەدیهێنەری گەردوون و بەدیهێنەری هەموو شتێكە (كە خوای پەروەردگارە) بۆ پەیامبەرەكەی (صلى الله عليه و سلم).

خۆ ئەگەر قورئان لەلایەن مرۆڤێكەوە بووایە، دەبوو ئەوەی باسبكردایە كە لەسەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله عليه و سلم) لەنێو خەڵكدا بڵاوبووە، لەو هەڵە زانستیانە وەك نەزانیان بە جیاوازی نێوان ڕووناكی و نوور. بەڕاستی زانایان لە سەردەمی ئێستای زانستدا تاكە هەڵەیەكی زانستیشیان لە قورئان و فەرموودەی پێغەمبەردا (صلى الله عليه و سلم) نەبینیوە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە وەحیی بەدیهێنەری ڕووناكی و نوور و بەدیهێنەری هەموو شتێكە.

 (نور) كە دانەوەی ڕووناكییە لە تەنێكی تاریكەوە، هەمان خێرایی و هەمان یاساكانی ڕووناكی هەیە، هەروەها (نور) دووجۆرە: نووری واتایی و نووری هەستپێكراو، بەهەمان شێوە (ضوء)یش دوو جۆرە: (ضوء)ی واتایی و (ضوء)ی هەستپێكراو.

(ضوء)ی هەستپێكراو، وەك لە فەرموودەی: اسْتَوْقَدَ نَاراً فَلَمَّا أَضَاءتْ مَا حَوْلَهُ]البقرة/17(ضو‌ء)ی واتایی، ڕووناكی بەرنامەی خواییە، وەك لە فەرموودەی پەروەردگاردا: [وَلَقَدْ آتَيْنَا مُوسَى وَهَارُونَ الْفُرْقَانَ وَضِيَاء وَذِكْرًا لِّلْمُتَّقِينَ]الأنبياء/48 واتە: سوێند بە خوا بێگومان ئێمە كتێبی تەوراتمان بە موسا و هارون بەخشی كە جیاكەرەوەی هەق و بەتاڵە، هەروەها ڕووناكی و یادخەرەوەشە بۆ پارێزكاران.

 (نور)ی هەستپێكراویش وەك لە ئایەتی: [هُوَ الَّذِي جَعَلَ الشَّمْسَ ضِيَاء وَالْقَمَرَ نُورًا]يونس/5 هەروەها (نور)ی واتایی و (نور)ی هەستپێكراو لە سورەتی (النور)دا: [اللَّهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ]  و لە فەرموودە پیرۆزەكەدا: [إن الله عزوجل خلق الله خلقه في ظلمة، ثم ألقى عليهم من نوره، فمن أصابه من نوره أهتدى و من أخطأه ضل. فلذلك أقول جف القلم على علم الله] [8].[9]


[1]1 أخرج أحمد في المسند عن سفيان، عن أبي الزناد، عن الاعرج، عن أبي هريرة.

 

[2]  رواه البخاري (بنفس إسناد الحديث السابق)     

 

[3] أخرج الإمام أحمد في المسند عن أنس بن مالك.

 

[4]لەزانستی فیزیادا سەرچاوەكانی ڕووناكی دەكرێن بە دوو جۆرەوە:

أ- سەرچاوە بنەڕەتییەكانی بەرهەمهێنانی ڕووناكی (لەم بابەتەدا وشەی ڕووناكیدەری بۆ بەكارهێناوە) ئەو تەنانەی كە خۆیان لەنێو خۆیاندا ڕووناكی بەرهەم دێنن، وەك خۆر و ئاگر و…

ب- سەرچاوە ناوەندییەكان (لەم بابەتەدا وشەی نووربەخشی بۆ بەكارهێنراوە) ئەو تەنانەت كە خۆیان ڕووناكی بەرهەم ناهێنن، بەڵكو ڕووناكی سەرچاوە بنەڕەتییەكانیان دەكەوێتە سەر و ئەمان دەیدەنەوە و درەوشاوە دەردەكەون، وەك مانگ و ئاوێنە و…

[5] هێرتز یەكەی پێوانەكردنی لەرەلەری شەپۆلە و یەكسانە بە یەك لەرە لە هەر چركەیەكدا.

 

[6] (ضوء) لەو تەنانەوە دەردەچێت كە خۆیان ڕووناكی بەرهەم دێنن (لەم بابەتەدا وشەی ڕووناكی) بۆ دانراوە و (نور)یش ڕووناكی دراوەیە لە ڕووی ئەو تەنانەوە كە خۆیان ڕووناكی بەرهەم ناهێنن (لەم بابەتەدا وشەی (نوور))ی بۆ دانراوە.

 

[7] هەردوو زانا (مایكلسۆن) و (مۆرلی) بە تاقیكردنەوە سەلماندیان

 

[8] أخرج الترمذي في سننه، و أحمد في مسنده عن الاوزاعي، عن ربيعة بن يزيد. عبدالله بن الديلمي.  

    ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە 24 دا بڵاوكراوەتەوە 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top