چاوپێكەوتنی گۆڤاری ههیڤ لەگەڵ خاتوو كــــــێرستین شترۆتـــمان
چاوپێكەوتنی گۆڤاری ههیڤ لەگەڵ خاتوو كــــــێرستین شترۆتـــمان (Kerstin Strotman)
شارەزا و ســــــــــەرۆكی بەشی ئیسلامناســـــــی و ڕۆژهەڵاتناسی لە زانكۆی توبینگن لە ئەڵمانیا
ئەنجامدانی چاوپێكەوتن: د. سەرتیپ عزت قادر/ ڕاوێژكاری نەخۆشییەكانی دڵ لە نهخۆشخانهی (St. Vincenz) لە شاری ئێسن/ ئەڵمانیا.
هەیڤ: بەڕێز خاتوو كێرستین شترۆتمان (Kerstin Strotman) ئێمە لە ڕێگای ئەنتەرنێتەوە زانیومانە كە بەڕێزتان لە كتێبخانەكەتاندا (كتێبخانەی زانكۆی توبینگن لە ئەڵمانیا) دەستنووسێكی قورئانتان لەلایە و، سەرەتا ئێمە وەك گۆڤاری هەیڤ دەستخۆشیتان لێدەكەین بۆ ڕەخساندنی ئەم كات و چاوپێكەوتنە لەگەڵ بەڕێزتاندا.
كێرستین شترۆتمان (.K.S): منیش سەرەتا بەخێرهاتنتان دەكەم و سوپاسی هاوكارانتان دەكەم لە كوردستانی عێراق بۆ گرنگیدانتان بە ئیشوكاری ئێمە كە بواری ئیسلام ناسی و ڕۆژهەڵاتناسییە.
هەیڤ: بەڕێز (.K.S) ئێمە ئەم چاوپێكەوتنەمان لەم چەند پرسیارەدا كۆكردۆتەوە، ئایا بەڕێزتان لە كوێوە ئەم دەستنووسەی قورئانتان دەسكەوتووە و، چۆن گەیشتۆتە لای ئێوە؟
(.K.S): ئەم دەستنووسەی قورئان لە ساڵی 1864ز كەوتۆتە دەست زانكۆكەمان، زانكۆی Tubingen كاتێك كە كتێبخانەكەی قونسوڵی پێشووی وڵاتی (پرۆسیا) (یۆهان گۆدفرید ڤێتسشتاین) Johan Gotfried Wetzstein كەوتۆتە هەڕاجكردنی ئاشكراوە، وڵاتی (پرۆسیا)ش یەكێك بوو لە ئیمبراتۆڕیەكانی ئەڵمانیا و پایتەختەكەی (بەرلین) بووە.. ئەم دەستنووسەی قورئان لە كتێبی (ڕێبەری دەستنووسە عەرەبییەكان) Verzeichnis des arabishen Handshriften كە لە ساڵی 1930دا لەلایەن (ماكس ڤایسڤایلەر)ە وە Max weisweiler نووسراوە ئاماژەی بۆ كراوە و باسكراوە، بەڵام بەداخەوە نازانرێت پێش قونسوڵی (پرۆسیا) ئەم دەستنووسە لای كێ بووە.
هەیڤ: ئایا ئەم دەستنووسەی قورئان تەمەنی چەندە و كەی نووسراوەتەوە و، چۆن توانراوە تەمەنەكەی دیاریبكەن؟
(.K.S): بە پێی زانستی ئەم سەردەمەی ئێستامان لە 95,4 % ئەگەری ئەوەی هەیە ئەم دەستنووسە دوای 20 – 40 ساڵ دوای وەفاتی موحەممەد پێغەمبەر نووسرابێتەوە، لێكۆڵینەوە و دیاریكردنی تەمەنی ئەم دەستنووسە لەلایەن (پەیمانگای ئایۆنی تیشكی) (ETH) لە شاری (زیوریخ) بە ڕێگەی ڕادیۆكاربۆن (Radiocarbon) دیاریكراوە كە لە زانستی شوێنەوارزانیدا بەكاردەهێنرێت.
لێكۆڵەرەوانی پڕۆژەی (كۆرانیكا)(Coranica) لە (بەرلین) و (پۆتسدام) زوو تر هەستیان بە گرنگی ئەم دەستنووسە كردبوو كاتێك خەریكی لێكۆڵینەوە بوون لەسەر كۆمەڵە كتێبەكانی (ڤێتسشتاین) كە لە كتێبخانەكانی شارەكانی (بەرلین) و (لایپزیگ) و (توبینگن) دابەشكراون.
هەروەها ئەم دەستنووسە لە نووسینەكانی ڕۆژهەڵاتناس (Francois Deroche)دا باسكراوە.
هەیڤ: بەڵام لەسەردەمی كۆندا زمانی عەرەبی سەروبۆری نەبووە، ئایا كەی سەروبۆر و خاڵ بۆ ئەم دەستنووسە زیادكراوە؟
(.K.S): بە دڵنیاییەوە ئەم سەروبۆرانە چەندەها ساڵ دوای نووسینەوەی قورئانەكە بۆی زیادكراوە، لەبەرئەوەی ئەم دەستنووسە زۆر دەستاودەستی كردووە نازانرێت كەی و لە چ كاتێكدا سەروبۆری بۆ زیادكراوە.
هەیڤ: ئایا ئەم دەستنووسە چەند گەورەیە و چەند قوورسە؟
(.K.S): ئەم دەستنووسە گەورەییەكەی (19,5 15,3X) سەنتیمەترە و، تا ئێستاش نەمكێشاوە تا بزانم چەند قورسە!!
هەیڤ: ئایا ئەم دەستنووسە هەموو سوورەتەكانی قورئانی تێدایە؟
(.K.S): ئەم دەستنووسە لە 77 لاپەڕە پێكهاتووە و، هەموو سورەتەكانی قورئانی تیا نییە و، هەندێ پەڕەی دیار نەماوە!!
هەیڤ: ئایا بۆچی ئەم دەستنووسەی قورئان بە بەراورد لەگەڵ دەسنووسەكانی تری قورئاندا قەبارەی بچووكە؟
(.K.S): بەڕاستی ئەم پرسیارە گرنگە و جێی خۆیەتی، بەڵام نازانرێت بۆچی!!؟ پێویستە لێكۆڵەرەوانی پڕۆژەی (كۆرانیكا) لە داهاتوودا وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە!!
هەیڤ: ئایا ئەم دەستنووسە لەسەر چ ماددەیەك نووسراوەتەوە؟
(.K.S): بەپێی ڕای لێكۆڵەرەوانی پڕۆژەی (كۆرانیكا) ئەم دەستنووسە لەسەر پێستی مەڕ (Pergament) نووسراوەتەوە.
هەیڤ: لە كۆتاییدا ئێمە زۆر سوپاسی بەڕێزتان دەكەین بۆ ڕەخساندنی ئەم هەلە هەر سەركەوتوو بن.
(.K.S): منیش سوپاستان دەكەم.
شایەنی باسە دوای وردبوونەوە لەو 77 لاپەڕەیەی كە لە وێب سایتی زانكۆی ناوبراودا دانراوە دەركەوت كە ئەو دەستنووسە %100 وەك ئەو قورئانە پیرۆزەیە كە لەبەر دەستماندایە، هیچ زیاد و كەمییەكی تێدا نییە لە هیچ ئایەت یان وشە یان پیتێكیدا!!
وێب سایتی زانكۆی (تویبنگن):
http://idb.ub.uni-tuebingen.de/diglit/MaVI165
جا ئایا مانەوەی كتێبێك 1400 ساڵ وەكو خۆی دەبێت چی بەمە بووترێت؟ ئایا ئەمە ئەو ڕاستییە ناگەیەنێت كە قورئان بە شێوەیەكی زۆر سەیر پارێزراوە و، ئەو ئایەتە ناخاتە ڕوو كە خوای گەورە دەفەرموێت:
إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ ﴿٩﴾ الحجر، واتە: بەڕاستی هەر ئێمە قورئانمان دابەزاندووە و بێگومان هەر ئێمەش پارێزگاری دەكەین و (نایەڵین دەستی خیانەتكار هیچ جۆرە دەستێكی تێ بخات و هەموو هەوڵێك بۆ دەستكاری كردنی نەزۆكە)… ئەگەر ئەم ئایەتەش وتەی خوای گەورە نەبێت و هی مرۆڤ بێت!! كێ هەیە بتوانێت كتێبێك بنووسێت و پێشبینی ئەوەش بكات كە سەدان ساڵ پارێزراو دەبێت؟ بە ڕاستی ئەگەر قورئان كەلامی پێغەمبەری ئەكرەم بووایە ئەوا ئێستا ون بووبوو، وەك چۆن زۆرێك لە نووسراوی مرۆڤایەتی ون بوون.. هەروەها گۆڕانكاری و لادانیان كرد لە كتێبە ئاسمانییەكانی وەك تەورات و ئینجیلیشدا.
بەڵام خوای گەورە پەیمانی پاراستنی ئەم قورئانە پیرۆزەی بۆ داوین و، ئەوەتا ئەم دەستنووسەش دەبێتەوە بەڵگەیەكی تری مادی بەرجەستە لەسەر ڕاستی پەیامی ئیسلام!
ئەمەش نموونەی یەك لاپەڕەی ئەو دەستنووسەیە كە دوای وەفاتی پێغەمبەر بە 20 تا 40 ساڵ نووسراوەتەوە و هەروەك ئەم قورئانەی ئێستایە، ئەم لاپەڕەیە سورەتی (الكهف)ی تێدا نووسراوەتەوە كە بە تەواوی هەر وەك ئێستایە و هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەو قورئانەدا نییە كە ئێستا لەبەر دەستماندایە:
آتُونِي زُبَرَ الْحَدِيدِ ۖ حَتَّىٰ إِذَا سَاوَىٰ بَيْنَ الصَّدَفَيْنِ قَالَ انفُخُوا ۖ حَتَّىٰ إِذَا جَعَلَهُ نَارًا قَالَ آتُونِي أُفْرِغْ عَلَيْهِ قِطْرًا ﴿٩٦﴾ فَمَا اسْطَاعُوا أَن يَظْهَرُوهُ وَمَا اسْتَطَاعُوا لَهُ نَقْبًا ﴿٩٧﴾ قَالَ هَـٰذَا رَحْمَةٌ مِّن رَّبِّي ۖ فَإِذَا جَاءَ وَعْدُ رَبِّي جَعَلَهُ دَكَّاءَ ۖ وَكَانَ وَعْدُ رَبِّي حَقًّا ﴿٩٨﴾ وَتَرَكْنَا بَعْضَهُمْ يَوْمَئِذٍ يَمُوجُ فِي بَعْضٍ ۖ وَنُفِخَ فِي الصُّورِ فَجَمَعْنَاهُمْ جَمْعًا ﴿٩٩﴾ وَعَرَضْنَا جَهَنَّمَ يَوْمَئِذٍ لِّلْكَافِرِينَ عَرْضًا ﴿١٠٠﴾ الَّذِينَ كَانَتْ أَعْيُنُهُمْ فِي غِطَاءٍ عَن ذِكْرِي وَكَانُوا لَا يَسْتَطِيعُونَ سَمْعًا ﴿١٠١﴾ أَفَحَسِبَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَن يَتَّخِذُوا عِبَادِي مِن دُونِي أَوْلِيَاءَ ۚ إِنَّا أَعْتَدْنَا جَهَنَّمَ لِلْكَافِرِينَ نُزُلًا ﴿١٠٢﴾قُلْ هَلْ نُنَبِّئُكُم بِالْأَخْسَرِينَ أَعْمَالًا ﴿١٠٣﴾ الَّذِينَ ضَلَّ سَعْيُهُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَهُمْ يَحْسَبُونَ أَنَّهُمْ يُحْسِنُونَ صُنْعًا ﴿١٠٤﴾أُولَـٰئِكَ الَّذِينَ كَفَرُوا بِآيَاتِ رَبِّهِمْ وَلِقَائِهِ فَحَبِطَتْ أَعْمَالُهُمْ فَلَا نُقِيمُ لَهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَزْنًا ﴿١٠٥﴾ ذَٰلِكَ جَزَاؤُهُمْ جَهَنَّمُ بِمَا كَفَرُوا وَاتَّخَذُوا آيَاتِي وَرُسُلِي هُزُوًا ﴿١٠٦﴾الكهف.
ئەم بەراوردكردنەش لە سایتی ئەندازیار (عبدالدائم الكحیل)دا ئاماژەی بۆ كراوە:
http://www.kaheel7.com/ar/index.php/2012-12-04-18-20-16/1736-2014-12-20-03-43-40
Related posts
Leave a Comment
You must be logged in to post a comment.