پەیوەندی نێوان تەسبیحات كردن و ڕەزامەندی
پەیوەندی نێوان تەسبیحات كردن و ڕەزامەندی
(د. ابراهیم ئەلسكران) دەڵێت: “یەكێك لەو شتانەی كە زۆر سەرنجی ڕادەكێشام ئەوە بوو كەسە بە یادەكان، ئەوانەی كە هەمیشە دەمیان پاراوە بە یادی خوا زۆر ئارام و ڕازین، بە ڕاشكاوی ئەم دیاردەی (تەسبیحات و ئارامی و ڕەزامەندییە) لە مێشكمدا بۆ من گرێ نەدەدران پێكەوە، بەڵام كاتێك گەیشتم بە ئایەتێك لە قورئان ئەم نهێنییەی بۆ ئاشكرا كردم كە تەسبیحات كردن هۆكاری ئەو ئارامییەی دەروونە.
خوا ئەفەرمووێ: (فَاصْبِرْ عَلَىٰ مَا يَقُولُونَ وَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ قَبْلَ طُلُوعِ الشَّمْسِ وَقَبْلَ غُرُوبِهَا ۖ وَمِنْ آنَاءِ اللَّيْلِ فَسَبِّحْ وَأَطْرَافَ النَّهَارِ لَعَلَّكَ تَرْضَىٰ ﴿١٣٠﴾) ( سورە طه)
(وَلَقَدْ نَعْلَمُ أَنَّكَ يَضِيقُ صَدْرُكَ بِمَا يَقُولُونَ ﴿٩٧﴾ فَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ وَكُن مِّنَ السَّاجِدِينَ ﴿٩٨﴾) (سورە الحجر)
ئایەتی یەكەم واتە: “لەسەر ئەوەی بە تۆی دەڵێن ئارام بگرە و بە سوپاسگوزاری تەسبیحاتی پەروەردگارت بكە پێش هەڵهاتنی خۆر و دوای ئاوا بوونی لەناو شەو و لێوارەكانی ڕۆژیشدا بەڵكو ڕازی ببی.”
ئایەتی دووەم: “بێگومان ئێمە دەزانین تۆ دڵگران دەبیت بەوەی ئەوان بە تۆی دەڵێن، دەسا تۆش بە سوپاسگوزاری پەروەردگارت تەسبیحات بكە و لە كڕنوش بەرانبە.”
كەواتە پاك و بێگەردی بۆ ئەو خوایەی دەروون ئارام و ئاسودە دەكات بە كانیاوی تەسبیحات.
نەك هەر ئەوەندە بەڵكو لە ئایەتێكی تردا ئارامی دڵانی بەستۆتەوە بە یادی خواوە و دەفەرموێت: (الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُم بِذِكْرِ اللَّـهِ ۗ أَلَا بِذِكْرِ اللَّـهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ ﴿٢٨﴾)( سورە الرعد)
واتە: “ئەوانەی باوەڕیان هێناوە دڵیان بە یادی خوا ئارام ئەبێت، ئاگاداربە بە یادی خوا دڵەكان ئارام دەبن.”
لە دونیادا خەڵكی هەرچی دەكات و هەوڵ بۆ هەرچییەك دەدات بۆ ئەوەیە دەرونی ڕازی كات و دڵی شاد بكات، لێرەدا خوای گەورە بە دوو ئایەت ئەوەی بۆ ئیمانداران كردووە و تا ئێستەش هیچ چارەیەكی دونیایی نەیتوانیوە ئەوە بكات ئارامی و شادییەكان بەردەوام بێت، بەڵام قورئانی موعجیزە ئەوەی بە كەمترین دەستەواژە كردووە و نمونەكانیشی بەسەر زەویدا دەسوڕێنەوە.
یادی خوا لەگەڵ (سبحان الله) كردندا شێوەی تری زۆر زۆرە، بەرزترینیان قورئان خۆیەتی كە یەكێك لە ناوەكانی (ذكر)ە، نوێژكردنیش هەر یادە وەك دەفەرمووێ: (إِنَّنِي أَنَا اللَّـهُ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدْنِي وَأَقِمِ الصَّلَاةَ لِذِكْرِي ﴿١٤﴾). (طه)