پەستانی زەپۆشی زەوی
پەستانی زەپۆشی زەوی
ن: د. عبدالله المصلح
و: جەمال موحەمەد ئەمین
خوای گەورە دەفەرموێت: {فَمَنْ يُرِدِ اللهُ أَنْ يَهدِيَهُ يَشْرَحْ صَدْرَهُ لِلإِسْلاَمِ وَمَنْ يُرِدْ أَنْ يُضِلَّهُ يَجْعَلْ صَدْرَهُ ضَيِّقًا حَرَجًا كَأَنَّمَا يَصَّعَّدُ فِي السَّمَاءِ كَذَلِكَ يَجْعَلُ اللهُ الرِّجْسَ عَلَى الَّذِينَ لاَ يُؤْمِنُونَ} اڵاَنْعَامِ: 125. واتە: “جا ئەو كەسەی (خێری تێدا بێت) و خوا بیەوێت هیدایەتی بدات، ئەوە سینەی ساف و پاك و ئامادە دەكات بۆ ئاینی ئیسلام، ئەو كەسەش خوا بیەوێت گومڕای بكات، ئەوە دڵی دەگوشێت و سنگی توند دەكات و هەناسەی سوار دەبێت، هەر وەك ئەوەی بەرەو ئاسمان بەرز بێتەوە (چۆن تووشی تەنگە نەفەسی و دڵە تەپێ و خوێن بەر بوون دەبێت)، ئا بەو شێوەیە خوا گومڕایی و پیسی هاوەڵگەری لەسەر دڵی ئەوانە دادەنێت كە باوەڕ ناهێنن..”
بەڵگەی دەقی: ئەو ئایەتە پیرۆزە ئاماژە بە سنگی مرۆڤ دەدات لە كاتێكدا سەردەكەوێت بەرەو چینەكانی سەرەوەی هەوای دەوری زەوی، هەرچەندە ئەو كەسە بەرەو سەرەوە بڕوات، ئەوا ئەو كەسە لە لایەكەوە هەست بە تەسكبوونەوەی سینگی دەكات واتە هەناسەی توند دەبێت و تەنگەتاوی هەناسەدان زۆری بۆ دێنێت، لە لایەكی دیكەشەوە هەست بە خنكاندن دەكات بەهۆی كەمبوونەوەی گازی ئۆكسیجین كە مرۆڤ لە هەناسەداندا بەكاریدێنێ.
ڕاستی زانستیی: هەرچەندە مرۆڤ لە سەر ڕووی زەوی بەرزبێتەوە ئەوا پەستانی هەوا كەمدەكات و بڕی گازی ئۆكسیجین كەمدەبێت، بۆیە ئەو مرۆڤە لە لایەكەوە هەست بە تەنگەنەفەسی و توندی هەناسەدان دەكات و، لە لایەكی دیكەوە هەست بە كەمبوونی گازی ئۆكسیجین دەكات و تووشی ئەوە دەبێت كە بە “برسیی بوون بۆ ئۆكسیجین” oxygen starvation دەناسرێت، خۆ ئەگەر هەوای پێویست بە دەست نەهات بۆ ئەو مرۆڤە ئەوا داوای خانەكانی لەش لەسەر گازی ئۆكسیجین زیاد دەكات بۆ ئەنجامدانی كارەكانی و، كۆئەندامی هەناسەی ئەو مرۆڤەش ناتوانێت وەك پێویست كاری خۆی بكات و لە كاردەكەوێت و مردنی بە دوادا دێت.
زانیاری دەربارەی پەستانی هەوا نەزانراو بوو تا ئەو كاتەی زانا (باسكاڵ) لە ساڵی 1648 دا سەلماندی پەستانی هەوا كەمدەكات بە بەرزبوونەوەمان لە ڕێكی ڕووی دەریا و، دواتریش دەركەوت كە چڕی هەوا لە چینەكانی سەرەوە زۆر كەمترە لە چڕی هەوای نزیك ڕووی زەوی، لە 50% ی بارستایی هەوا دەكەوێتە نێوان ڕووی زەوی و بەرزی 20 هەزار پێ لە ڕێكی ڕووی دەریاوە، واتە زیاتـــــــر لــــە (6600 م)، بۆیە چڕی هەوا كەمدەكات بە بەرزبوونەوەی زیاتر لە ڕێكی ڕووی دەریا، تا ئەو كاتەی چڕی هەوا دەگاتە ئەوپەڕی كەمی پێش ئەوەی بە تەواوی نەمێنێت لە فەزادا و، بوونی مرۆڤیش لە خوار بەرزی 10 هەزار پێوە زیاتر لە (3300م) گرفتێكی وا بۆ كۆئەندامی هەناسەدانی درووست ناكات، چونكە مرۆڤ دەتوانێت خۆی ڕابێنێت لە نێوان بەرزی 10 هەزار تا 25 هەزار پێ لە ڕێكی ڕووی دەریاوە و، لەوە زیاتر ئەو كەسە تووشی بارێكی شلۆق دەبێت كە خۆی لە تەنگەنەفەسی و سینگ توندبوون و برسیبوون بۆ گازی ئۆكسیجین دەبینێتەوە، بێگومان لە سەردەمی دابەزینی قورئانی پیرۆزدا ئەو زانیاریانە هیچی زانراو نەبوون و زیاتر لەوانەش وشەی (یصعد) لە ئایەتەكەدا گوزارشی توندبوون لە حاڵەتەكە دەدات بە سەركەوتنی زیاتری ئەو كەسە بەرەو سەرەوەی ڕووی زەوی، پاكی و بێگەردی و گەورەیی بۆ ئەو خوایەی ئەو ئایەتانەی بۆ سەر بەندەی خۆی دابەزاندوە.
سەرچاوە: كتێبی (هذا محمد رسول الله وبراهین رسالته/ د. عبدالله المصلح).