يهكهم ماڵ یەكەم پارچە وشكانی
يهكهم ماڵ یەكەم پارچە وشكانی
(إِنَّ أَوَّلَ بَيْتٍ وُضِعَ لِلنَّاسِ لَلَّذِي بِبَكَّةَ مُبَارَكًا وَهُدًى لِّلْعَالَمِينَ﴿٩٦﴾ فِيهِ آيَاتٌ بَيِّنَاتٌ مَّقَامُ إِبْرَاهِيمَ ۖ وَمَن دَخَلَهُ كَانَ آمِنًا ۗ وَلِلَّـهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا ۚ وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ اللَّـهَ غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ ﴿٩٧﴾ )( سورە ال عمران الایە (96ـ 97))
واتە: “یەكەمین ماڵ كە بۆ مەردوم سازكراوە ئەوەیە وا لە مەككە، زۆر بە پیت و پیرۆزە، نیشانگەی خوا ناسینە بۆ هەموو خەڵكی دونیایە، بەڵگەی دیاریدەر لەوێدا هەیە شوێنەواری ئیبراهیم و هەر كەسێ پەنای پێ بەرێ، ناشێ لە هیچ شت بترسێ، خوا حەجی بڕیارداوە، بۆ هەركەسێ كە بۆی بلوێ، هەركەسیش كە حاشا بكا خوا لە هەموو خەڵكی دونیا بێ نیازە.”
ئەوانەی دوور لە ئاینی ئیسلامن و بەتایبەتی تریش ئەوانەی ناحەزن پێی، هەوڵی زۆر دەدەن بۆ دروستكردنی گومان لەسەر پیرۆزی حەج و گەورەیی هەڵبژاردنی ئەو شوێنە وەك ڕوگاو شوێنی حەج كردن، بەڵام خوای گەورە بە درێژایی مێژوو ناو بە ناو دانایی خۆی لە دیاریكردنی ئەو شوێنە بۆ قیبلە و حەج بە دیار دەخات، لەوانە شێوازی تەواف كردن بەو شێوەیەی خوا فێری ئیبراهیم پێغەمبەر و پێغەمبەری كردوە كە پێچەوانەی سوڕانەوەی میلی كاتژمێرە و ئەو سوڕانەوەیە هاو ئاهەنگە لەگەڵ سوڕانەوەی خولگە و مەجەڕەكانی تر لە بوونەوەردا، شەیدا بوونی ئەوانەی زیارەتی دەكەن وابەستە بونیان بەو شوێنەوە، ئارام بوونەوەی دڵان لەوێ و سوك بوونی باری سەرشانیان، ئاوی زەمزەم و بوونی وەك سەرچاوە موعجیزەیە، بەردە ڕەشەكە كە بەردێكی ئاسمانی تایبەتە، یەكەم پارچە زەوی و یەكەم ماڵێكە بۆ مرۆڤ ساز كرابێت، هەموو ئەمانە و لەمانەش زیاتر مەككە و حەج نیشانەی تێدایە و خوا لە ڕێگەی پێشكەوتنی زانستەوە هەر جارەی بەشێك لە گونجاوی ئەو شوێنەی دەرخستووە بۆ حەج كردن.
لێرەدا بۆ نموونە باسی ئەوە دەكەین كە خوا فەرمویەتی یەكەم ماڵێك بۆ خەڵكی دروستكراوە ئەوەی مەككەیە.
مەككە بە هەموو واتاكانی یەكەم بوون هەر ڕاست دەردەچێ!! وەك ئەوەیە كە خوا ویستوویەتی یەكەم ماڵێك بۆ عیبادەت و خواپەرستی لەسەر زەویدا لە ڕووی مێژووییەوە كەعبە بووە و تەنانەت ئیبراهیم پێغەمبەریش كە دروستی كردووە لەسەر بناغە كۆنەكەی دروستی كردۆتەوە، خوا ئەفەرموێ: (وَإِذْ يَرْفَعُ إِبْرَاهِيمُ الْقَوَاعِدَ مِنَ الْبَيْتِ وَإِسْمَاعِيلُ رَبَّنَا تَقَبَّلْ مِنَّا ۖإِنَّكَ أَنتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ ﴿١٢٧﴾ ) .( سورە البقرە الایە 127)
واتە: “كاتێك ئیبراهیم و ئیسماعیل لەسەر بناغەكە ماڵەكەیان هەڵچنییەوە ئەپاڕانەوە ئەی پەروەردگاری ئێمە ئەم كارەمان لێ وەربگرە تۆ خۆت زۆر بیسەری زانای.”
كەواتە ماڵی خوا هەر هەبووە و ئیبراهیم پێغەمبەر و ئیسماعیلی كوڕی سەلامی خوایان لێ بێت لەسەر هەمان بناغە هەڵیان چنیوەتەوە.
دووەم لەسەر زەویشدا هەر یەكەم ماڵ بووە چونكە وەك زانست دەریخستووە ئەم زەوییە پاش دروست بوونی ڕووبەرێكی ئاوی بووە، هیچ وشكانی تێدا نەبووە، پاشان لە ناخی ئاوەوە بوڕكانەكان دەرچوون و پارچەی وشكانی دروست كردووە لە شێوەی دروست بوونی دورگە تازە دروست بووەكان، پاشانیش لە دەوری ئەو پارچەیە هەموو وشكانی دروست بووە، وشكانی گەورە دروست بووە و ئەو وشكانیە گەورەیە پارچە پارچە بووە و قاڕەكانی لێ دروست بووە.
زانایانی زەوی ناسی دەڵێن ئێستە مەككە سەنتەری هەموو وشكانی زەوییە، زانایان ئەوەش دەڵێن بەشێوازی كەرتبوون و دوور كەوتنەوەی پارچەكانی وشكانی لەیەكتر دووبارە نزیك دەكەونەوە و بەدەوری مەككەدا دەبنەوە بەیەك. دیارە پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) لە تێگەیشتنی بۆ ئایەتەكان لە فەرموودەیەكدا فەرموویەتی: روی ابن سابگ عن النبی صلی الله علیه وسلم قال : “دحيت الَارض من مكة” واتە: زەوی لە مەككەوە سازكراوە.
خوا ڕاستی فەرمووە مەككە یەكەم پارچە وشكانی و یەكەم ماڵێكە بۆ پەرستنی مرۆڤ دروست كرابێت وەك دەشفەرموێ: (وَهَـٰذَا كِتَابٌ أَنزَلْنَاهُ مُبَارَكٌ مُّصَدِّقُ الَّذِي بَيْنَ يَدَيْهِ وَلِتُنذِرَ أُمَّ الْقُرَىٰ وَمَنْ حَوْلَهَا ۚ وَالَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ يُؤْمِنُونَ بِهِ ۖ وَهُمْ عَلَىٰ صَلَاتِهِمْ يُحَافِظُونَ ﴿٩٢﴾) .( سورە الانعام الایە 92)
واتە: “ئەمە پەڕاوێكی پیرۆزە ناردوومانەتە خوارەوە پەڕاوەكانی پێش خۆی بەڕاست دەگێڕێ تا دایكی شارەكان و ئەوەشی لە چوار دەورێتی بەم قورئانە ئاگاداربكەیتەوە، ئەوانەش كە باوەڕ بە قیامەت دەكەن ئەوانەن باوەڕ بەم قورئانەش دەكەن هەرئەوانەشن كە بۆ نوێژەكانیشیان پارێزەرن.”
كەواتە كاتێك خوا بڕیاری شوێنێك یان كەسێك یان پەڕاوێك دەدات ناكرێ و نالوێ لەوە باشتر هەبێت، ئەوەشی لە پەڕاوەكەیدا فەرموویەتی هەر ئەوە تەواو ڕاستی ڕەوایە.