You Are Here: Home » بابەتەكانمان » وه‌ڵامی هه‌ندێك ڕه‌خنه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئیعجازی زانستی

وه‌ڵامی هه‌ندێك ڕه‌خنه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئیعجازی زانستی

وه‌ڵامی هه‌ندێك ڕه‌خنه‌
سه‌باره‌ت به‌ ئیعجازی زانستی


ئیعجازی زانستی جێبەجێكردنی فەرمانی پەروەردگارە:
هەندێك جار نەیارانی ئیسلام یان هەندێك لە موسڵمانانیش ڕەخنە لە بابەتی ئیعجازی زانستی قورئان و سوننەت دەگرن، زۆرینەی ڕەخنەی نەیاران هەوڵدانە بۆ كەمكردنەوەی ئەو كاریگەریە گەورەیەی كە ئیعجازی زانستی لەمڕۆدا لەسەر بەهێزكردنی ئیمان و پوچ كردنەوەی گومانەكانیان دروستی كردوە، هەرچی ڕەخنەی هەندێك لە موسڵمانانیشە بەگشتی دوو جۆرە:

1-ترسانە لە بەستنەوەی دەقێكی قورئانیی یان فەرمودە بە تیۆرێكی زانستیەوە و پاشان دەركەوتنی ناتەواوی و ناڕاستی تیۆرەكە و دواتر گومان كردن لە زانستەكەی قورئان.
2- شارەزایی نەبوونی تەواو لە ئیعجازی زانستی و نەزانینی هەندێك جیاوازی لەوانە:

أ-جیاوازی نێوان ئیعجازی زانستی و تەفسیری زانستی:
زۆر لە ڕەخنەگرانی ئیعجازی زانستی زانیاری جیاوازی ئیعجازی زانستی و تەفسیری زانستیان نیە، كە زانینی ئەو جیاوازیە گەلێك پێویستە و زۆر لە گومان و پرسیارەكانیان وەڵام دەداتەوە، جیاوازیەكەش بەم جۆرەیە:

ئیعجازی زانستی:

لێكدانەوەی قورئان و فەرمودەیە بە ڕوویەكی زانستی كە زانست بابەتەكەی دەرخستوە و بووە بە هەقیقەتی زانستی بینراو و چەسپاو، واتای دەقەكەش ڕوونە لە باس كردنی بابەتەكەدا و پێویستی بە خواركردنەوەی دەقەكە نیە بۆ ئەوەی لەگەڵ زانستەدا بگونجێنرێت، بۆ نمونە: ئەمڕۆ زانایان سەلماندویانە چیاكان وەك مێخ چوون بە زەویدا و هاوسەنگی زەوی دەپارێزن، وه‌ك له‌م ئایه‌ته‌دا ئاماژه‌ی پێ كراوه‌:

وَالْجِبَالَ أَوْتَادًا ﴿٧النبإ

یان بۆ نمونە: پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت:

مرۆڤ 360 جومگەی هەیە، ئەم فەرمودەیە واتاكەی ڕونە و زانستی پزیشكیش وەك هەقیقەتێكی زانستی باسی دەكات.

تەفسیری زانستی: لێكدانەوەی قورئان و فەرمودەیە بە ڕویەكی زانستی كە هێشتا زانست بابەتەكەی دەرنەخستوە و یەكلایی نەكردۆتەوە.
لەبەرئەوە زانایان كۆكن لەسەر ئیعجازی زانستی كە دروست و ڕێپێدراوە، بەڵام تەفسیری زانستی هەندێك لە زانایان ڕێیان پێنەداوە، ئەویش لەبەرئەوەی كە ئیعجازی زانستی نەگۆڕە و پەشیمان بونەوەی تێدا نیە، بە پێچەوانەی تەفسیری زانستی كە ئەگەری ڕاست و هەڵەی هەیە، چونكە هێشتا زانست ئەو دیاردەیەی دەرنەخستوە یان هێشتا لە بواری تیۆریدایە.

ب- جیاوازی نێوان تیۆری زانستی و هەقیقەتی زانستی چەسپاو:
زۆر لە ڕەخنەگرانی ئیعجازی زانستی، پێیان وایە هەموو زانستەكانی ئەمڕۆ لەبواری تیۆریدان و دەكرێت لە كۆتاییدا ناڕاست بن و بگۆڕێن، واتە باوەڕیان بە هەقیقەتی زانستی نیە، كە لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە هەڵەیە، چونكە زۆرێك لە دیاردە زانستیەكان چونەتە بواری بینین یان تاقیكردنەوە، هەركاتێك دیاردەكە بینرا، ئیتر لە گۆڕینی ناترسین، بۆ نمونە: ئەمڕۆ بەیەكگەیشتنی دەریا جیاوازەكان وێنە گیراوە، زانست هەرچەندە پێشبكەوێت ناترسین لە داهاتودا دەری بخات ئەو دەریا جیاوازانە بەیەك نەگەیشتون، یان دەریا نین، یان: ئەمڕۆ بە ڕێگای چەندین تاقیكردنەوەی جیۆلۆجی و وێنەگرتنی مانگە دەستكردەكان شوێنەواری ئەو ڕووبارە گەورانە دەگیرێن كە لە ناوچە بیابانەكانی دورگەی عەرەبی لە چاخی بەفریندا هەبون و لە فەرمودەدا باسكراوە، لەوانەیە زانست لە داهاتودا زانیاری زیاتر لەسەر چۆنێتی ڕوبارەكان بدات، بەڵام ناترسین پەشیمان ببێتەوە لە نەبونی ئەو ڕوبارانە، چونكە ئێستا دەبینرێن، یان ئەمڕۆ بە ڕێگای میكرۆسكۆبی ئەلەكترۆنی وێنەی سات بە ساتی كۆرپەلە دەگیرێت و هەموو ئەو قۆناغانەی كە قورئان باسی كردوە دەبینرێن، زانست ڕۆژ بە ڕۆژ زانیاری زیاتر لەسەر قۆناغەكان دەدات، بەڵام لەبەرئەوەی قۆناغەكان دەبینرێن، گۆڕین و پاش و پێش بەسەر قۆناغەكاندا نایەت، بۆ نمونە ئێسك لە پێش ماسولكەوە دروست دەبێت، بە پێشكەوتنی زانستی كۆرپەلە لەوە ناترسین سبەینێ بڵێت بە پێچەوانەوەیە، هەربۆیە خوای گەورە ئیعجازی زانستی بە بینینەوە بەستۆتەوە وەك دەفەرموێت:

سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنفُسِهِمْ حَتَّىٰ يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ ۗ أَوَلَمْ يَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ ﴿٥٣فصلت.
لەبەرئەوە ئیعجازی زانستی ئەركێكی دروست و داواكراوە و پێویستە موسڵمانان لە بانگەوازكردندا بەكاری بێنن، نەك وەك هەندێك كە ئیعجازی زانستی بە ستەم كردن دەزانن بەرامبەر پەڕتوكی ئاسمانی، بەڵكو جێبەجێ كردنی فەرمانی خوای گەورەیە، كە لە قورئانەكەیدا لە سەدان ئایەتدا سەرنجمان بۆ ئەو دیاردە زانستیانە ڕادەكێشێت و دەیكاتە بەڵگەی دەسەڵاتی خۆی و ڕاستگۆیی قورئانەكەی، بۆ نمونە لەم ئایەتەدا دەفەرموێت:

وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ ۖ أَفَلَا يُؤْمِنُونَ ﴿٣٠الأنبياء.

واتە: ئاومان كردوە بە هۆكاری زیندویەتی هەموو زیندەوەران، ئایا ئیتر باوەڕ ناهێنن، لەو ئایەتەدا هەقیقەتێكی زانستی باسكراوە. كە زیندوویی هەر زیندەوەرێك بە هەبونی ئاوەوە بەستراوەتەوە، ئەمڕۆ زاناكان ئەو ڕاستیەیان سەلماندوە كە كیمیای زیندەگی هەر خانەیەك بە ئاوەوە بەندە، هەر كاتێك ئاو لە خانەكەدا نەما، واتە مردوە، پاشان ئایەتەكە دەفەرموێت: ئایا ئیتر ئیمان ناهێنن، وەك پێمان بڵێت ئەو هەقیقەتە زانستیە بەسە بۆ ئیمان هێنان، لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت:

فَلْيَنظُرِ الْإِنسَانُ مِمَّ خُلِقَ ﴿٥الطارق.

واتە: با مرۆڤ سەرنج بدات و بكۆڵێتەوە لەچی دروست كراوە، پاشان باسی وردەكاری دروستكردنەكەی دەكات، ئێمە پێمان خۆش بێت یان نا قورئانی پیرۆز لە زیاتر لە 1000ئایەتدا باسی دیاردە گەردونی و پزیشكیەكانی كردوە و كردویەتی بە بەڵگەی راستێتی قورئانەكەی.
زانیاریەكانی قورئان گەورەترین بەڵگە و شایەتی ڕاستگۆیەكەیەتی كە نیگای خودایە، وەك دەفەرموێت:

 لَّـٰكِنِ اللَّـهُ يَشْهَدُ بِمَا أَنزَلَ إِلَيْكَ ۖ أَنزَلَهُ بِعِلْمِهِ ۖ وَالْمَلَائِكَةُ يَشْهَدُونَ ۚ وَكَفَىٰ بِاللَّـهِ شَهِيدًا ﴿١٦٦النساء.
یەكێ تر لە گومانەكان پێی وایە ئیعجازی زانستی، موسڵمانان لە دەرخستنە زانستیەكان دووردەخاتەوە و توشی تەمەڵیان دەكات.
لە وەڵامدا دەڵێین:لە ڕاستیدا ئیعجازی زانستی گەورەترین هاندەری دۆزینەوە زانستیەكان و گەڕانە بە دوای دیارەدەكاندا، بۆ نمونە كاتێك قورئان دەفەرموێت:

قُلْ سِيرُوا فِي الْأَرْضِ فَانظُرُوا كَيْفَ بَدَأَ الْخَلْقَ ۚ….﴿٢٠﴾ العنكبوت

ئەم ئایەتە فەرمانی هاندانی بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی تێدایە و ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵێت كە بۆ زانینی سەرەتای دروست بونی زەوی و گەردونیش پێویستمان بە گەڕانی سەر زەویە. قورئان باسی زۆر دیاردەی زانستی كردوە ئایا دەكرێت باسی نەكەین؟ ئایا واز لەو ئایەتانە بێنین؟ لای ئەوان بەستنەوەی قورئان بەو دیاردە زانستیانەوە ستەمێكە لە پەڕتوكی ئاسمانی، لە ڕاستیدا ئەمە وتەیەكی سەیرە، ئایا ئەو بەستنەوەیە لە دەستی ئێمەدایە؟! قورئانی پیرۆز خۆی ئایەتەكانی بە دیاردە زانستیەكانەوە بەستۆتەوە، باس لە نهێنیەكانی گەردون، چیاكان، دەریاكان، پزیشكی، ڕووەكی، فیزیایی،…تاد دەكات، ئایا ئەكرێت دژی خواستی قورئان بوەستینەوە؟

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top