You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » فیزیا و گه‌ردوونی » وتووێژی نێوان مامۆستا عبدالمجيد زیندانی و پرۆفیسۆر ئارمسترۆنگ

وتووێژی نێوان مامۆستا عبدالمجيد زیندانی و پرۆفیسۆر ئارمسترۆنگ


راستییەكانی فەلەكناسی

وتووێژی نێوان مامۆستا زیندانی و پرۆفیسۆر ئارمسترۆنگ

وەرگێڕأنی: خالد بەرزنجی

سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان و دروود و سەلام لەسەر گەورەمان محمد (صلی الله علیە وسلم) و یارو شوێنكەوتووانی بەگشتی.
پەروەردگار لەبارەی قورئانی پیرۆزەوە دەفەرموێت:

(إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ لِّلْعَالَمِينَ(٨٧) وَلَتَعْلَمُنَّ نَبَأَهُ بَعْدَ حِينٍ (٨٨) )ص. واتە: قورئان تەنها پەندو ئامۆژگارییە بۆ هەموو جیهانیان، بە راستی پاش ماوەیەك لە هەواڵی قورئان دەزانن.

قورئان یادخەرەوەی مرۆڤەكانە تا رۆژی دوایی، هەواڵەكانیشی لەگەڵ تێپەڕ بوونی كاتدا تازە دەبنەوە، چونكە قورئانی پیرۆز بەزانستی خودا دابەزیوە:

(لَّـٰكِنِ اللَّـهُ يَشْهَدُ بِمَا أَنزَلَ إِلَيْكَ ۖ أَنزَلَهُ بِعِلْمِهِ ۖ وَالْمَلَائِكَةُ يَشْهَدُونَ ۚ وَكَفَىٰ بِاللَّـهِ شَهِيدًا (١٦٦)النسا‌ء واتە: بەڵام خوا شایەتی دەدات، بە راستییەتی ئەو قورئانەی ناردویەتیە خوارەوە بۆت، بە زانینی خۆی ناردویەتیە خوارەوە، و فریشتەكانیش شایەتی دەدەن، و خوا بەسە شایەت بێت.

هەموو ئایەتێك زانستی خودایی لەخۆ گرتووە، هەر كاتێكیش مرۆڤ بۆ ئاستی زانستی پێشدەكەون دەتوانن واتای ئایەتەكان تێ بگەن … ئەو كات دەزانن قورئان لەلایەن خواوە نێردراوە، ئیتر هەر چەند پێش بكەون بەئایەتی تر دەگەن بەردەوام مرۆڤ بەڵگەی دیكەی نوێی دەست دەكەوێت بەوەی قورئانی پیرۆز لەلایەن خوای پەروەردگارەوەیە

ئەمە پرۆفیسۆر (ئارمسترۆنگ)ە یەكێكە لە زانا ناودارەكانی ئەمریكا لە بواری فەلەكیدا، لە وەكالەتی ناسا كار دەكات، مامۆستای زانستی فەلەكییە لە ویلایەتی كانساس, بەم زانایە گەیشتین و پرسیاری چەند ئایەتێكی گەردوونیمان لێ كرد كە تایبەت بوو بە بوارە پسپۆڕییەكەی.

پرسیارمان لێ كرد چۆن گەردوون درووست بووە؟
وتی من باسی هەموو توخمەكانی سەرزەویتان بۆ دەكەم چۆن درووست بوون، تەنانەت خۆم چەندین تاقیكردنەوەم بۆ سەلماندنی وتەكانم ئەنجامداوە.
توخمە جیاوازەكان تەنۆلكەی جیاوازی وەك ئەلكترۆن و پرۆتۆن و جگە لەوانەیشی تیا كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو تەنۆلكانە لەگەردیلەی هەر توخمێكدا یەكبگرن پێویستییان بە وزە هەیە، وە كاتێك وزەی پێویستی پێكهاتنی گەردیلەیەكی ئاسنمان پێوا، بینیمان پێویستی بە چوارئەوەندەی وزەی كۆمەڵەی خۆر دەبێت، بەتەنیا وزەی زەوی بەشی پێك هاتنی گەردیلەی ئاسن ناكات, وزەی خۆر یا وزەی مانگ یا عەتارد یان زوحەل یان موشتەری بەس نین, بەڵكو پێویستی بە چوار ئەوەندەی وزەی هەموویان هەیە.

پاشان بەبێ ئەوەی ئێمە هیچ بڵێین, وتی : بەڵێ، لەبەرئەوە زاناكان بڕوایان وایە ئاسن توخمێكی نامۆیەو نێردراوە بۆسەرزەوی و لە ناو خۆیدا دروست نەبووە، ئێمەش ئەم وتەیەی خوای گەورەمان خوێندەوە:

(وَأَنزَلْنَا الْحَدِيدَ فِيهِ بَأْسٌ شَدِيدٌ وَمَنَافِعُ لِلنَّاسِ﴿٢٥)الحدید. واتە: ئاسنمان دابەزاند كە هێزو سەختی هەیە وسوودی بۆ خەڵكی تێدایە.
پاشان لێمان پرسی ئایا لەم ئاسمانەدا درزو كەلێن هەیە؟ وتی: نەخێر، ئێوە باس لە لقێك لە لقەكانی زانستی فەزا دەكەن كە ناوی گەردوونی تەواوە(الكون التام)، ئەم گەردوونە تەواوەش لەم دواییەدا نەبێت زاناكان نەیان دەزانی، ئەگەر خاڵێك لە فەزادا وەربگیرێت و بەدوورییەكی دیاریكراو بەئاڕاستەیەك دا بڕۆیت و بەهەمان دووری بەئاڕاستەیەكی تردا بڕۆیت دەبینیت كێشی بارستەكە لە هەموو ئاڕاستەكاندا یەكسانە، چونكە ئەو خاڵە هاوسەنگە بۆیە لەهەموو لاكانەوە پەستان لەسەری یەكسان دەبێت. بارستەش پێویستە هەر بەو جۆرە بێت، خۆ ئەگەر ئەو هاوسەنگییە نەبووایە ئەوا گەردوون دەجوڵاو كەلێن و شەق دروست دەبوو.
مامۆستا زیندانی دەڵێت لێرەدا منیش ئەم ئایەتە قورئانیەم بۆ باس كرد:

(أَفَلَمْ يَنظُرُوا إِلَى السَّمَاءِ فَوْقَهُمْ كَيْفَ بَنَيْنَاهَا وَزَيَّنَّاهَا وَمَا لَهَا مِن فُرُوجٍ (٦)ق. واتە: ئایا سەرنجی ئەو ئاسمانەیان نەداوە كەلەسەریانەوەیە ،چۆن درووستمان كردووەو رازاندوومانەتەوەو هیچ درزو كەلێنێكی تێدانییە.
هەروەها باسی هەوڵی زانایانمان كرد بۆ گەیشتنیان بە لێواری گەردوون، ئایا توانیویانە بگەنە لێواری گەردوون؟ وتی: تا ئێستا ئێمە لە جەنگێكداین بۆ گەیشتن بە لێوارو كەناری گەردوون. ئێمە بەردەوام دەزگاكانمان گەورەتر دەكەین و لێیانەوە دەڕوانین و ئەستێرەی نوێ دەدۆزینەوە, تا ئێستاش نەمان توانیوە بگەینە كەناری گەردوون.
پەروەردگار دەفەرموێت:

(وَلَقَدْ زَيَّنَّا السَّمَاءَ الدُّنْيَا بِمَصَابِيحَ وَجَعَلْنَاهَا رُجُومًا لِّلشَّيَاطِينِ ۖوَأَعْتَدْنَا لَهُمْ عَذَابَ السَّعِيرِ (٥٩)الملك واتە : بێگومان ئاسمان و دنیامان رازاندۆتەوە بەچرای زۆری ئەستێرەو گێڕاومانن بە رەجمی شەیتانەكان.
هەموو ئەو ئەستێرانەی ئێستا دەیانبینین جوانی ئاسمانی دونیان.
ئەم پرۆفیسۆرە پێمان دەڵێت هێشتا نەگەیشتووینەتە لێوار… نەگەیشتووینەتە كۆتایی …
لەبەرئەوە بیر لەدانانی تەلەسكۆب لە ناو فەزا دەكەینەوە, هەتا ئەو تەپوتۆزو شتانەی لە دیاردەكانی سەر زەویدا هەن, نەبنە بەربەستی بینینمان.
ئەو تەلەسكۆبانەی تیشك بەكاردێنن یان چاوی تیا بەكاردێت نەیانتوانیوە بگەنە دوورییە زۆرەكان, بۆیە لە جیاتی ئەو تەلەسكۆبانە تەلەسكۆبی لاسلكی (بێ تەل) بەكاردەهێنرێت. بەوەش گەشتوینەتە ماوەی دوورتر، بەڵام هێشتا هەر لە ناو سنووركەداین.
لێرەدا ئەم ئایەتەم هێنایەوە:

(الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ طِبَاقًا ۖ مَّا تَرَىٰ فِي خَلْقِ الرَّحْمَـٰنِ مِن تَفَاوُتٍ ۖ فَارْجِعِ الْبَصَرَ هَلْ تَرَىٰ مِن فُطُورٍ (٣) ثُمَّ ارْجِعِ الْبَصَرَ كَرَّتَيْنِ يَنقَلِبْ إِلَيْكَ الْبَصَرُ خَاسِئًا وَهُوَ حَسِيرٌ (٤ )الملك واتە: چاو بگێڕەو بزانە هیچ ناتەواویەك دەبینیت، دووبارە چاو بگێڕە یەك لە دوای یەك بە نائومێدی چاوت بۆلای خۆت دەگەڕێتەوە، و چاوت ماندووەو تاقەتی چووە.
لەگەڵ باس كردنی هەر راستییەكی زانستی ئایەتێكمان باسدەكرد, كە هاوشان و یەكدەنگ بوو لەگەڵیدا، ئەویش پشتگیری خۆی بۆ دەردەبڕی، پاشان پێمان گوت: تۆ بەچاوی خۆت پاش ئەوەی مرۆڤ ئامێرو موشەك و كەشتی ئاسمانی بەكارهێناو زانیارییەكانیان دەرخست، راستییە زانستییە نوێیەكانت بینی، پاشان بە چاوی خۆت دەقە قورئانیەكانی پێش (1400) لەمەوبەرت بینی كە چۆن هاوشانی زانستەكەیە, ئایا رای تۆ سەبارەت بەمە چییە؟

پڕۆفیسۆر ئارمسترۆنگ بەمجۆرە وەڵامی دایەوە:
ئەمە پرسیارێكی قورسە، لەو كاتەوەی ئێمە لێرە وتووێژ دەكەین, من بیر لەمە دەكەمەوە، بەڕاستی من زۆر كاریگەرم بەو نووسراوە كۆنانە چۆن لەگەڵ زانستی نوێی فەلەكیدا، بەشێوازێكی سەرنج راكێش یەكدەنگ و هاوشانن، من زانای مێژووی مرۆڤایەتی نیم كە پشتم پێ ببەسترێت لە مێژوودا، واتا بتوانم خۆم بخەمە ئەو سەردەمە كۆنەی پێش (1400) ساڵ لەمەوبەر. بەڵام نامەوێت لەوە زیاتر بڵێم كە بە دڵنییاییەوە ئەوانەی كە من بینیم زۆر جێگای سەرنج و تێبینین. لەگەڵ ئەوەی بوارێك ناهێڵێتەوە بۆ لێكدانەوەی زانستی. لەوانەیە شتێك لەپشت تێگەیشتنمانەوە هەبێت وەك شارەزاییەكی سادە بۆ راڤەكردنی ئەو نووسراوانەی بینیمان، بەڵام من لە نیەتمدا نییە وەڵامی ئەم خاڵە بدەمەوە. پێم وایە وشەی زۆرم گوت بەبێ ئەوەی باس لەوە بكەم كە تۆ دەتەوێت. چونكە من وەك زانایەك لەسەرمە بێلایەن بم لە هەندێ بابەتی تایبەت، لەو بڕوایەشدام بۆ ئێوە لە باشترین خاڵدا وەستام كە كەمێك كەمترە لەوەی ئەو وەڵامەت بدەمەوە كە تۆ دەتویست؟
مامۆستا زیندانی:
بەڵێ كارێكی قورسە پێشبینی بكات ئەو زانستەی كە (1400) ساڵە لە پەڕتوكی پەروەردگاردا هاتووە، لەسەرچاوەیەكی مرۆییەوە بۆ محمد (صلی االله علیە وسلم) هاتبێت، بێگومان دەبێت سەرچاوەیەكی دیكە لەپشت بیركردنەوەی ئەو زانایانەوە هەبێت:

( قُلْ أَنزَلَهُ الَّذِي يَعْلَمُ السِّرَّ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۚ إِنَّهُ كَانَ غَفُورًا رَّحِيمًا ﴿٦) الفرقان.
واتە : بڵێ قورئان ئەو زاتە دایبەزاندووە كە ئاگاداری نهێنیەكانی ئاسمان و زەوییە.
هەروەك بینیمان لە چاوپێكەوتنە جیاوازەكانی ئەو زانایانەوە ئێمە لەبەردەم سەردەمێكی نوێداین، سەردەمی دەست لەملانكردنی ئاین و زانست،
زانستی سەلمێنراوو ئایینی راستەقینە، هەرگیز ناگونجێت دژایەتی و پێكدادان لە نێوانیاندا هەبێت، هەروەك زانا موسڵمانەكان بە درێژایی سەدەكان دانیان بەمەدا ناوە، و هەرگیز ناگونجێت راستییەكی زانستی یەكلاكەرەوە لەگەڵ راستییەكی شەرعی بنبڕ لە واتاو لە گەیاندنی پێچەوانە دژ بن، گەر ئەوان دەڵێن ئێستا ئێمە لەسەردەمی فەزاو لەسەردەمی گەردیلەداین، ئەوا ئێمەش دەڵێین: ئەو قسەیە راستە، بەڵام سەردەمێكی لەوە گرنگ تر هەیە كەوا خەریكە بەسەرماندا دێت ئەویش سەردەمی رێككەوتنی نێوان زانست و ئایینە، و بێگومان ئەو رێككەوتنە تەنیا لەنێوان زانستی راست و ئایینی ئیسلامدا نەبێت كە پارێزراوە لە هەموو گۆڕانكارییەك و دەستكارییەك لەگەڵ هیچ ئاینێكی دیكەدا نابینرێت.
بۆ بینینی ڤیدیۆیی ئەم وتووێژە سەیری ئەم لینكە بكە:

http://www.youtube.com/watch?v=iQB0qM55KFs

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ ٢٦ ی گۆڤاری هه‌يڤدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top