You Are Here: Home » بابەتەكانمان » “هەیڤ” یەكەمین گۆڤاری ئیعجازی زانستی

“هەیڤ” یەكەمین گۆڤاری ئیعجازی زانستی

“هەیڤ” یەكەمین گۆڤاری ئیعجازی زانستی

د.دارا گوڵ حامد

ئەوە لای هەمووان ئاشكرایە لە سەروەختی پلان دانان بۆ بڵاوكردنەوەی گۆڤاری هەیڤ،جگە چەند هەوڵێكی تاكە كەسی و چەند بابەت و نامیلكەیەكی پەڕاگەندە لێرەو لەوێ، هیچی دیكە لە بواری ئیعجازی زانستیدا لە كتێبخانەی كوردیدا بەدی نەدەكرا، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەلێنە و بەرتەسككردنەوەی ئەو كەلەبەرە، دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی، بە ئەركی ئیمانی خۆی لە مێژوویەكی گونجاودا هەستاو دەركردنی گۆڤارێكی زانستی وای لە كاتێكی وادا بە ئەولەویەت زانی، بۆیە لە  بەهاری ساڵی (2002) دا یەكەم ژمارەی گۆڤاری هەیڤیان لەگەڵ دەركەوتنی نێرگزدا وەك مژدەیەكی بەهاری  بڵاوكردەوە و، دەرهێنانی هەیڤیان وەك سەرەتای هەیڤێكی نوێی بواری ئیعجازی زانستی لە ئاسمانی ڕابوونی ئیسلامیدا ڕاگەیاند و، وەك گرێدانێكی ئاسمانی و زەوینی، گۆڤاری هەیڤیان وەك بەهاری زەوین ڕەنگاو رەنگ و وەك مانگی یەك شەوەی ئاسمان ساوا بۆ نێو كتێبخانەی كوردی و بەرۆكی ڕابوونی ئیسلامی كردە دیاری، بۆیە لەوساوە بۆنی بەهاریی ئەو گۆڤارە تا بێت زیاتر دەبێت و ئێستاش كە (11) ساڵە گۆڤارەكە تەمەنی هەڵدەكشێت، بە یارمەتی خوای میهرەبان، بەرامەی ئەو دەسپێكە بەهاریە خۆشتر دەبێت و ئەویش بەرەو لوتكە هەڵدەكشێت و نوسەرانی خەمخۆر و خامەبەدەستانی دڵسۆز، ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر بە بابەتە بە پیزەكانیان ڕوپەڕ و ناوەرۆكی گۆڤارەكە دەڕازێننەوە و، ژمارە دوای ژمارە ڕەنگی پەلكەزێڕینەیی بەهاریی گۆڤارەكە جوانتر دەكەن و لاوتری ڕادەگرن، چۆن نا كە ئەوان شوێنكەوتووی قورئانێكن ئایەتەكانی پڕن لە زانست و زانین و رۆژ دوای ڕۆژ لەگەڵ پێشكەوتنی زانستدا، ئیعجازیان زیاتر دەردەكەوێت و لەگەڵ دۆزینەوە گەورەگانی مرۆڤدا زیاتر پەی بە گەوهەرە نادیارەكانی بواری ئیعجازی ئایەتەكانی دەبرێت و،  مرۆ تا لە هەر بوارێكی زانستیدا پێشڤە بچێت و ببێتە زانا زیاتر لەو ئایەتە مەزنە دەگات كە دەفەرموێت: ( إِنَّمَا يَخْشَى اللَّهَ مِنْ عِبَادِهِ الْعُلَمَاءُ) فاطر/28 بۆیە وان قوتابیان بەردەوام خەرمانی ئیعجازی زانستی نێو كتێبخانەی كوردی زۆرتر دەكەن و خوای دلۆڤانیش پڕ بەرەكەتی كردووە، بۆیە ئەوان دەزانن ئەمڕۆ ڕۆژی زانستە و لە هەر شتێك بدوێیت و باس لە هەرچی بكەیت پێت دەڵێن كوا بەڵگەی زانستیت، كامە دۆزینەوە ئەو بۆچوونەی ئێوە پشت دەگرێَت، كام لێكۆڵینەوەی كامە زانكۆی ناسراو ئەوە دەسەلمێنێت؟ بۆیە ئەوان پشت ئەستوور بە پاكی و ڕاستی قورئان و فەرموودە بەرزەكانی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم)، لەمەیداندا سەربەرزانە هەنگاویان ناوەو دەنێن و، بە دەرخستنی ڕووەكانی ئیعجازی زانستی گەورەیی و ڕاستی قورئان و سوننەت بۆ هەمووان دەردەخەن و، ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەو ڕێیەی كە مرۆ لە دنیادا سەركەوتوو و لە ڕۆژی هەستانەوەشدا سەرفراز دەكات انشا‌ء الله.

 هەر لەبەرئەمەشە بە پشتیوانی خوای گەورە، هەیڤ ژمارە دوای ژمارە لە شێوە و ناوەرۆكدا بەرەو پێشتر چووە و، ئەزموونی دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤارەكە هەردەم و لە هەر وەرزێكدا گۆڤارەكەی ڕازاوەتر و بە هێز و پێزتر پێشكەش بە خوێنەران كردووە، هەر بۆیەش ئەم ژمارەیەی دوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ و دەرچوونی 24 ژمارە كردە ژمارەی نایاب و، 25 مەقالی داواكراو و بەپێزی ژمارەكانی پێشووی بە دیزاینێكی نوێ و چاپێكی ناوازەوە لە دووبەرگی ڕازاوەی ژمارە 25دا كردە دیاری، جا خوا لێیان قەبووڵ بفەرمووێت و بیریان فرەوانتر و قەڵەمیان، بۆ دەرخستنی ڕووەكانی ئیعجازی زانستی نێو قورئان و سوننەت، ڕەنگینتر بكات. امین.

ئێستا گۆڤاری هەیڤ ژمارە 25 لە پەڕتووكخانەكانی هەرێمی كوردستان دەست دەكەوێت.

سەروتاری ژمارە (25) ی گۆڤاری هەیڤ بە پێنووسی سەرنووسەر

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top