هەنگی سەرخۆش
هەنگی سەرخۆش
نوسینی : دكتۆر دلۆڤان
یەكێك لەو هۆیانەی ڕۆژ دوای ڕۆژ ئیمانمان بە كتێبی نێردراوی پەروەردگار بەهێزتر دەكات و ئەم دینە پیرۆزەمان لاخۆشەویستر دەكات, ئەو ڕاستیە زانستیانەن كە لە قورئانی پیرۆزدا هەن و زانایان بەردەوام ئاشكرایان دەكەن, ئەمەش وامان لێدەكات شانازی بە ئیسلام بوونمانەوە بكەین و بە ئینتیمامان بۆ كۆتا پەیامی مرۆڤایەتی خۆشحاڵبین.
خۆشەویستان لە شتە سەرسووڕهێنەرەكانی جیهانی هەنگ دیاردەی “سەرخۆش بوون“ە لە هەنگدا, هەندێك هەنگ لە كاتی كۆكردنەوەی هەڵاڵە و شیلەدا هەندێك ماددەی هۆشبەری وەك ئیسانۆڵ (ethanol) دەخۆن, كە لە ئەنجامی ترشانی هەندێك بەری گەیشتوو درووست دەبێت و, دوای خواردنی ئەو ماددەیە, هەروەك مرۆڤی مەست, هەنگەكەش سەرخۆش دەبێت و كاریگەریەكەشی ڕەنگە تا 48 كاژێر بەردەوام بێت.
وە ئەو نیشانانەش كە هەنگەكە دوای خواردنی ئەو ماددانە تووشیان دێت هەمان ئەو نیشانانەن كە لە مرۆڤدا دوای خواردنەوەی ماددە سەرخۆشكەرەكان دەردەكەوێت, زاناكان دەڵێن ئەو هەنگە سەرخۆشانە شەڕانگێز و زەرەردەر دەبن چونكە بەو ماددە هۆشبەرانە هەنگوینەكە خراپ و ژاراوی دەكەن, بەڵام وەك دەزانرێت پەروەردگار وەسفی هەنگوین بە شیفا بەخش دەكات (يَخْرُجُ مِنْ بُطُونِهَا شَرَابٌ مُخْتَلِفٌ أَلْوَانُهُ فِيهِ شِفَاءٌ لِلنَّاسِ) [النحل: 69]. كەواتە پەروەردگار چۆن ئەو هەنگوینە بە ساخی و دوور لە ژاراوی بوون دەهێڵێتەوە
بێگومان شتێكی ئاساییە كە پەروەردگار هۆكارگەلێك بە هەنگ ببەخشێت تا پارێزگاریان لە هەنگوینەكە پی بكات و بە ساخی بمێنێتەوە, ئەوەش لە بەزەیی پەروەردگارەوەیە بۆ ئێمە و هێشتنەوەی هەنگوینە وەك چاكەرەوە. هەر ئەمەش وای لە زانایان كرد بە چاودێریكردنی هەڵسوكەوتی هەنگ بۆ ماوەی 30 ساڵ, لەو دیاردەیە بكۆڵنەوە, وە دوای ماوەیەكی زۆر ئەوەیان تێبینی كرد كە لە هەر خانەیەكی هەنگدا چەند هەنگێك هەن كە پەروەردگار ئامێرێكی وەك “ئامێری ئاگاداركەرەوەی” پێبەخشیون, كە دەتوانن هەست بە بۆنی هەنگە سەرخۆشەكان بكەن و لەگەڵیان بەشەڕ بین و لە خانەكە دووریان بخەنەوە و هەنگوینەكە بە ساخی و پاكی بهێڵنەوە. سەرنج بدەن تەنانەت هەنگی سەرخۆشیش بێزراو و دەركراو و لێدراوە لەلایەن دەستەی پارێزگاری خانەكەوە ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستە كردنە. لێرەدا با هەڵوێستەیەك بكەین و لەو داناییەی جیهانی هەنگ ڕامێنین
پەروەردگاری باڵادەست چەند ئامێرێكی بە هەنگ بەخشیوە كە بەهۆیانەوە ئەو هەنگانە دەناسێتەوە كە ماددە سەرخۆشكەرەكانیان خواردووە, بۆیە هەتا هەنگوینەكە خراپ و ژاراوی نەكەن زوو جیایان دەكاتەوەو لە خانەكە دووریان دەخاتەوە, لەبەر ئەوە هەنگ یاسای زۆر تووندی بەرانبەر ئەو هەنگە سەرخۆشانە هەیە, بە گوێرەی ئەو یاسایانە هەنگە سەرخۆشەكان سزای توند دەدرێن, یاساكانیش بە دەركردن و دوورخستنەوەی سەرخۆشەكان لە خانەكە دەست پێدەكات تا دەگاتە شكاندنی قاچەكانیان.
ئەو هەنگانەی كە ئەو ماددە سەرخۆشكەرانە دەخۆن, ناویان دەزڕێت, بەڵام دوای هاتنەوە هۆش خۆیان ڕێگەی چوونە ژوورەوەیان بۆ خانەكە پێدەدرێت, ئەمەش دوای دڵنیا بوونی هەنگە پارێزەرەكان لە نەمانی كاریگەری ژەهرەكە لە سەریان.
بۆیە چەند هەنگێك, بۆ پاراستنی خانەكە لەو هەنگە سەرخۆشانە, تایبەت دەكرێن, ئەو هەنگانەش بە “bee bouncers” ناو دەبرێن, كە ئەمانەش پاسەوان و پارێزگاری خانەكەن, بۆیە زۆر باش و بەووردیی چاودێری ئەو هەنگانە دەكەن كە ماددە سەرخۆشكەرەكان دەخۆن و هەوڵی دەركردنیان دەدەن, خۆ ئەگەر خواردنی ئەو ماددانە دووبارە بكەنەوە ئەوا پارێزەرەكان قاچیان دەشكێنن تا ئالوودەی ئەو جۆەر خووە ناپەسەندە نەبن.
بەڕێزان دوای ئاشكرا بوونی ئەم راستیانە, مرۆڤ سەری دەسووڕمێت, هەر ئەمەش بۆخۆی وەڵامێكە بۆ ئەو كەسانەی كە تانە لە یاساكانی ئیسلام دەدەن كە ماددە سەرخۆشكەرەكانی قەدەغە كردووە و یاسای لێدانی بۆ مەی نۆش داناوە, كەواتە گەر هەنگ ئەم سیستمە ناوازەیە بۆ پارێزگاری خانەكەی پێڕەو بكات ئەی ئێمەی مرۆڤ لە پێشتر نین بۆ چەسپاندنی؟
ئەم بابەتە لە ژمارە 16 ی گۆڤاری هەیڤ بڵاوكراوەتەوە