نموونه‌یه‌كى ئیعجازى زانستى جیۆلۆجى
نموونه‌یه‌كى ئیعجازى زانستى جیۆلۆجى
ئاماده كردنى:خالد حسن على
نموونه‌یه‌كى ئیعجازى زانستى جیۆلۆجى
یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى كه خواى گه‌وره هه‌ڵوێستى پێغهمبهرهكانى خۆى پى به‌هێز كردووه بریتىیه له (موعجیزه) وشه‌ى موعجیزه (معجزة) به‌واتاى ده‌سته‌وسان كردن دێت, به‌جۆرێك هه‌رچى توانا‌و هێزى مرۆڤه ده‌سته‌وسان بێت له‌هێنانى وێنهيدا, بۆنموونه:
1- ئاگر سیفه‌تى سووتێنه‌ره نه‌ك فێنك كه‌ره‌وه, ئاشكراشه مرۆڤ ناتوانێت ئه‌و سیفه‌ته‌ى ئاگر بگۆرِێت به‌ڵام ده‌بینین خواى گه‌وره گۆرِانى ئه‌م سیفه‌ته ده‌كاته موعجیزه‌ى (إبراهيم) پێغه‌مبه‌ر-سه‌لامى خواى له‌سه‌ر- و ده‌فه‌رموێت: وقلنا يانار كوني بردا وسلاما على أبراهيم .
2- زیندوو كردنه‌وه‌ى مردوو له‌تواناى هیچ مرۆڤێكدا نيیه,به‌ڵام پێشه‌وامان (عيسى) -سه‌لامى خواى له‌سه‌ر- ده‌چێته سه‌ر گۆرِى مردوویه‌ك و به‌خاوه‌نه‌كه‌ى ده‌ڵێت هه‌سته به‌ئیزنى خوا, له‌گه‌ڵ خۆیاندا مردووه‌كه ده‌به‌نه‌وه بۆ ماڵه‌وه.
3- به‌هه‌مان شێوه‌ش پێشه‌وامان (محمد) -دروودوسڵاوى خواى له‌سه‌ر- ئه‌م جۆره موعجیزانه‌ى پێدراوه, ئێمه ده‌زانین ماوه‌ى نێوان ئێمه و مانگ هه‌زاره‌ها كیلۆمه‌تره و گه‌وره‌یى مانگ سيَيهكى زه‌ويیه, كىَ ده‌توانێت ته‌نها به ئاماژه‌ى په‌نجه دووله‌تى بكات و هه‌ر لایه‌كیش به‌ئاراسته‌یه‌كدا ببات, ته‌نها مه‌گه‌ر خواى گه‌وره وه‌ك موعجیزه‌یه‌ك بیداته پێشه‌وامان (محمد) – دروودوسڵاوى خواى له‌سه‌ر-.
4- سیفه‌تى ئاو وه‌هایه له‌كانى و كارێز و هه‌وره‌كانه‌وه په‌یداببێت, به‌ڵام ئه‌و سوننه‌ته گهردوونىیه له‌سه‌ر ده‌ستى پیرۆزى پێشه‌واى گه‌وره‌مان (محمد) -سڵاوى خواى له‌سه‌ر-دهگۆرِێت و وه‌ك موعجیزه‌یه‌ك نیشانى خه‌ڵكى ده‌دات كه وه‌كو كارێز ئاو له‌نێوان پهنجهكانىیهوه هه‌ڵده‌قوڵێت.
بهتێرِوانینێكى گشتى له موعجیزه‌كانى خواى گه‌وره بۆ پێغه‌مبه‌رانى ده‌بینین موعجیزه‌كانیان (كاتى) بوون, واته له‌گه‌ڵ وهفاتكردنیاندا موعجیزهكانیشیان وه‌فاتیان كردووه, ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكى ئاسایى هه‌موو پێغه‌مبه‌رانه جگه‌له پێشه‌وامان (محمد) -سڵاوى خواى له‌سه‌ر- هۆكارى ئه‌مه‌ش دهگهرِێتهوه بۆئه‌وه‌ى كه پێغه‌مبه‌رانى پێشوو له‌پاش وه‌فاتكردنى هه‌ریه‌كێكیان خواى گه‌وره پێغه‌مبه‌رێكى تر‌ى ده‌نارد هه‌تا موعجیزه‌كه‌ى كۆن نه‌بێت و كاریگه‌رى له‌سه‌ر خه‌ڵك بمێنێت.
دوورترین ماوه‌ى نێوان هاتنى دوو پێغه‌مبه‌ریش نێوانى پێشه‌وامان (عيسى) و پێشه‌وامان (محمد) بوو كه زياتر بوو له (500) ساڵ , هه‌روه‌ك ئاشكراشه كه له‌دواى محمد(سڵاوى خواى له‌سه‌ر) پێغه‌مبه‌رى تر نایه‌ت, كه‌واته موعجیزه‌یه‌ك بۆ ئه‌م پێغه‌مبه‌ره پێویسته كه‌له‌دواى وه‌فاتى خۆیشى هه‌ربمێنێته‌وه, دیاره ئه‌ویش موعجیزه‌ى قورئان و فه‌رمووده‌ى پیرۆزه كه‌چه‌نده‌ها هه‌واڵى داهاتوویان تێدایه, به‌تایبه‌تیش هه‌واڵ و دۆزینه‌وه زانستىیه‌كان كه بوونه‌ته پێوه‌رێكى به‌هێز له‌سه‌ر راستێتى په‌یامه‌كه‌ى پێشه‌وامان (محمد) -سه‌لامى خواى له‌سه‌ربێت-.
دكتۆرى به‌ناوبانگى فه‌ره‌نسى (موریس بوكاى) ده‌ڵێت: من پێوه‌رێكى به‌رجه‌سته‌م پىیهو ده‌توانم بیسه‌لمێنم كه‌قورئان ووته‌ى خوایه یان هى (محمد) خۆى, ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كاتى سه‌یرى زانیارييهكانى قورئان ده‌كه‌م و به‌راوردیان ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیاريیانهى له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌بوون, جائه‌گه‌ر زانیارييهكانیان هاوشێوه‌بوون ئه‌وا (محمد) زانیاريیهكانى له‌ده‌وروبه‌ره‌وه وه‌رگرتووه, كاتێكیش سه‌یرى كه‌سایه‌تى (محمد)م كرد زانیم نه‌خوێنده‌وار بووه, سه‌یرى قورِهیشم كرد له‌و سه‌رده‌مه‌دا (17)كه‌سى تێدابوو نووسین بزانێت!! سه‌یرى پێشكه‌وتووترین شارستانيیهتى ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌كه‌م كهیۆنانيیهكان و میسرييهكان بوون, یۆنانييه كۆنه‌كان رووداوه گهردوونيیهكانیان به‌هۆكارى بوونى خواى جیاجیا لێك ده‌دایه‌وه به‌جۆرێك ده‌یانووت هه‌ور خواى تایبه‌تى خۆى هه‌یه, ئه‌ستێره, خۆر, با …….هتد ئه‌مانه خواى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه.
میسرىیهكانیش كاتێك لافاوى نیل ده‌ستى پيَدهكرد ده‌یانووت رووبار‌ى نیل پادشایه‌كى تێدایه ولێمان توورِه بووه وداواى بووكێكمان ليَدهكات, له‌به‌رئه‌وه جوانترین كیژیان دهرِازاندهوه و جلى بووكێنىیان له‌به‌ر ده‌كرد و فرِيَیان ده‌دایه رووباره‌كه‌وه هه‌تا لافاوه‌كه بنیشێته‌وه, (موریس بوكاى) ده‌ڵێت: كاتێك سه‌یرى زانسته‌كانى قورئانیشم كرد ده‌بینم هه‌موو زانسته‌كانى هاوشێوه‌ى زانسته سه‌لمێنراوه‌كانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه, شیاوى باسه له‌پاش زیاتر له (10) سال لێكۆڵینه‌وه دكتۆر (موریس) موسوڵمان بوونى خۆى رِاگهیاند.
گرنگى موعجیزه‌كانى قورئان وفه‌رمووده له‌وه‌دایه كه جۆراوجۆریى بابه‌ته‌كانى ئیعجازى زانستى له‌هه‌موو بواره زانستييه‌كاندا موعجیزه‌كانى قورئان و فه‌رمووده‌ى گه‌وره‌تر كردووه, چونكه كاتێك یه‌كێك ووتووێژ و گفتوگۆ له‌سه‌ر یه‌ك بابه‌ت ده‌كات ویه‌ك كه‌سیش بهرامبهرێتى ئاسانتر سه‌رده‌كه‌وێت به‌سه‌ريدا له‌وه‌ى له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك ووتووێژ بكات وبهرامبهرهكانیشى چه‌ند كه‌سانێك بن له‌بوارى پسپۆرِى جیاجیادا, وه‌ك ده‌شزانین پێشه‌وامان (محمد)-سه‌لامى خواى له‌سه‌ربێت- ووتووێژى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته زانستيیانه نه‌بووه, ئه‌بو له‌هه‌ب و ئه‌بو جه‌هل چ پێویستىیهكیان بهووردهكارى و نهێنيیهكانى زانستى فه‌له‌ك و كۆرپه‌له‌زانى و جیۆلۆجیاو….. هتد هه‌بووه, وتووێژى پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له‌گه‌ڵیاندا ئه‌وه‌بووه كه واز له‌په‌رستنى بته‌كان بهێنن و خواى تاك وته‌نیا بپه‌رستن. دیاره هێنانه كایه‌ى هه‌موو ئه‌و بابه‌ته زانستيیانهش كه تێگه‌یشتنى له‌و كاته‌دا قورس بووه, ووتووێژهكهى ئاڵۆزتر و قورس‌تر كردووه.
لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ووتووێژى پێشه‌وامان محمد -سه‌لامى خواى له‌سه‌ربێت- به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ بتپه‌رستانى سه‌ده‌ى حه‌وته‌مى زایینىدا نه‌بووه, به‌ڵكو له‌گه‌ڵ زانایان و فه‌یله‌سوفان و رِووناكبیرانى سه‌ده‌ى بیست و یه‌ك و سه‌ده‌كانى دواتریش دا بووه, كه‌دواتر سه‌رى به‌زۆرێك له‌زانا به ویژدانهكانى جیهان دانه‌واندووه له‌ئاست راستێتى په‌یامى ئه‌و پێغه‌مبه‌ره.
یه‌كێك له‌و هه‌زاران بابه‌ته‌ى كه‌بووه‌ته جێگاى سهرسورِمانى زانایان ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ى پێغه‌مبه‌ره كه‌پاش چه‌نده‌ها هه‌وڵى یه‌ك له‌دواى یه‌كى ئه‌م سه‌رده‌مه و به‌كارهێنانى چه‌ندین ئامێر وده‌زگاى زانستى پێشكه‌وتوو توانرا راستيیهكهى ئاشكرا بكرێت, ئه‌ویش فه‌رمووده‌ى پیرۆزى پێغه‌مبه‌ره (صلى الله عليه وسلم):
لن تقوم الساعة حتى تعود أرض العرب مروجــا وأنهارا رواه مسلم فی الزكاه: باب (18) حدیپ رقم (60), واته: قیامه‌ت ههڵناسىَ تازهوى عه‌ره‌ب نهگهرِێتهوه و نه‌بێته‌وه به‌باخ و باخات و رووبار.
سه‌ره‌تا ئه‌م فه‌رمووده‌یه ئاماژه‌یه‌كى زۆر سهرسورِهێنهرى تێدایه كه ده‌فه‌رموێت جارێكى تر بیابانى عه‌ره‌ب ده‌بێته‌وه!! به‌باخ و بيستان و رووبار واته ده‌بێت پێشتر لهمێژوویهكى كۆندا بيستان و رووبار بووبێت, هه‌روه‌ها ئه‌م فه‌رمووده‌یه په‌یوه‌ندى بهداهاتوویهكى گرنگه‌وه هه‌یه كهچاوهرِيَى ده‌كه‌ین.
ئێستا ئه‌گه‌ر بچیته زه‌وى عه‌ره‌ب كه نیمچه دورگه‌ى عهرهبيیه به‌تایبه‌تى بیابانى لماوى (ربع الخالي) یان بچیته مه‌ككه و چوارده‌ورى یان حیجاز و ده‌وروبه‌رى یان (تهامة) و ده‌وروبه‌رى جگه لهبیابانێكى ووشكى لماوى چیتر نا‌بینیت, هه‌رچه‌نده ئاوى بده‌یت هیچ رووه‌كێكى لىَ نارِوێت, ئایا كه‌س تێورى ئه‌وه ده‌كات ئه‌و بیابانه پێشتر باخ و باخات و رووبار بووبێت؟!رووبار وباخ لهكويَیه؟
سه‌ده له‌دواى سه‌ده رۆیشت هه‌تا (14) سه‌ده به‌سه‌ر فهرموودهكهى پێغه‌مبه‌ردا رِۆیشت, زانست پێشكه‌وت و توێژینه‌وه‌كان زیادیان كرد, زاناكان سه‌لماندیان فهرموودهكهى پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) راستيیهكى زانستيیه, سه‌لماندیان كه ووشكه بیابانى عه‌ره‌ب له‌پێشدا باخ و بيَستان و رووبار بووه, و زیاد له‌وه‌ش له‌داهاتووشدا ده‌بێته‌وه به بيَستان و رووبار, كه‌واته توێژینه‌وه‌كه كهفهرموودهكه باسى لێده‌كات دوو به‌شه , یه‌كه‌م له زه‌مه‌نى رابوردوودا, دووه‌م له‌داهاتوودا.
به‌یارمه‌تى خواى گه‌وره له هه‌ردوو كاته‌كه ده‌كۆڵینه‌وه:
یه‌كه‌م: له رابوردوودا
سه‌ره‌تاى لێكۆڵینه‌وه‌كان به گهرِانى جیۆلۆجى ده‌ستى پێكرد, گه‌وره‌ترین گهرِانى جیۆلۆجیش گهرِانهكهى (بیتر و وایبر) بوو هه‌روه‌ك له گۆڤارى ((Nature به‌روارى 27/4/1989دا هاتووه ده‌ڵێت: (گه‌وره‌ترین گهرِان و لێكۆڵینه‌وه‌ى جیۆلۆجى به پێشه‌وایه‌تى (بیتر و وایبر) ئه‌نجامدرا, كه روویان كرده ده‌وڵه‌تى ئیمارات له‌ساڵى (1989)دا, له‌و گهرِانهدا چه‌نده‌ها پاشماوه‌ى ئاژهڵىیان دۆزيیه‌وه كه دهگهرِێنهوه بۆ كۆتاییه‌كانى چاخى (میوسین), له‌پاشماوه‌ى ئه‌و ئاژهلاَنهش كه دۆزيیانهوه: (شیرده‌ره‌كان و ئه‌سپى ده‌ریا و ووردهگۆشت خۆره‌كان و كه‌ركه‌ده‌ن و كیسه‌ڵ و تیمساح و ماسى و باڵنده و مه‌یموون) بوون, ئاشكراشه كه ئه‌مانه له ژینگه‌ى بيَستان و دارستاندا نه‌بێت ناژین.
له گۆڤارى (الثقافة العالمية) ژماره‌ى (59) كه ئه‌ویش له گۆڤارى (Aramco World / August 1992) وه‌ریگرتووه ده‌ڵێت: (چه‌رخى كۆنى (بلیستوستینى) پێش ملیۆنێك ساڵَ ده‌ستى پێكردووه وپێش (10هه‌زار) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆتایى هاتووه كه‌له‌و چه‌رخه‌دا به‌سته‌ڵه‌ك به‌شه‌كانى باكوورى ئه‌وروپا و ئه‌مریكاى داپۆشیبوو, به‌و چاخه‌ش ده‌وترێت چاخى به‌فرین (Glacials), له ماوه‌ى نێوان هه‌موو چاخه بهفرینهكانیشدا كه پيَى ده‌وترێت (Inter Glacials) كه‌ش و ئاووهه‌وا زۆر خۆش ده‌بێته‌وه).
له كتێبى (الجغرافيا التأريخية والطبيعية) ى (د.أبراهيم أحمد رزقانة) لاپهرِه (146) دا هاتووه كه ده‌ڵێت:
بڵاوبوونه‌وه‌ى بارسته بهستهڵهكيیهكانى باكوورى زه‌وى له‌ماوه‌ى چاخه به‌فرینه‌كاندا كاریگه‌رى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر كه‌ش و ئاووهه‌واى زه‌وى كردبوو كه‌بووه هۆى جوڵانى پشتێنه‌ى باران بارین به‌ره‌و باشوورى زه‌وى, به‌وه‌ش نیمچه دورگه‌ى عه‌ره‌بى و بیابانى گه‌وره‌ى ووشكى عه‌ره‌بى خستۆته ژێر كاریگه‌ریى پشتێنه‌ى باى باراناوى خۆرئاوا كه‌ئێستا ئه‌و پشتێنه‌یه كاریگه‌ریى له‌سه‌ر خۆرئاواى ئه‌وروپایه, به‌وه‌ش ئه‌و ناوچه ووشكه بیابانانه سه‌وزبوونه‌ته‌وه و پرِبوون له‌چه‌نده‌ها رووبار و باخ و زه‌وى به‌پیت.
رێگایه‌كى تر كه‌زاناكان توانیان راستێتى بيستان و رووبار‌ى بیابانى عه‌ره‌بى پى بسه‌لمێنن بریتى بوو لهرێگاى (الاستشعار عن بعد) واته: هه‌ست كردن له دووره‌وه, له‌كتێبى (مورفولوجية الأراضي العربية) ى (د.محمد صفي الدين) لاپهرِه (50و51) دا له‌باره‌ى ئه‌م رێگایه‌وه ده‌ڵێت:
یه‌كه‌مجار ئه‌م شێوازه‌یان له‌بیابانى میسريدا به‌كارهێنا له‌ساڵى (1981ز)دا له تاقیگه‌ى رووپێوى شوێنه‌وارناسى ئه‌مریكا لهوویلایهتى ئه‌ریزۆنا, ئه‌و زانیاريیانهى به‌هۆى رادارى سه‌ر مه‌كۆى بۆشایى – مكوك الفچاء– (كۆلۆمبیا)وه كۆیان كرده‌وه ده‌ریخست له‌ژێر ئه‌و ناوچه بیابانانهى باشوورى میسر و باكوورى خۆرئاواى سووداندا كه ئێستا هیچ بارانى لىَ نابارێت بهتێكرِاى 50 سال جارێك نه‌بێت, زاناكان بینىیان كه چه‌نده‌ها رێرِهوى رووبار‌ى كۆنى گه‌وره‌ى تێدایه كه هه‌ندێكیان فراوانتر بوون لهرێرِهوى ئێستاى رووبار‌ى نیل, هه‌روه‌ها ده‌ریان خست كه نیشتهنيیه رووباريیهكان له‌و ناوچانه‌دا چه‌نده‌ها پاشماوه‌ى ئه‌و گیاندارانه‌ى تێدایه كه له ئاوى شیریندا ده‌ژین, وه‌ك: تیمساح و ئه‌سپى رووبار و فیل ……تاد.
گۆڤارى (آفاق علمية) ژماره (17) لاپهرِه (32) ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ى زیاتر جێگاى سه‌رنج راكێشانه به‌هۆى تیشكى ئه‌و رادارانهوه كهلمى بیابانه ووشكهكانى پىَ دهبرِدرێت و له‌سه‌ر رووى به‌رده كلسيیهكانى كه‌نارى رووباره ووشكه‌وه بووه‌كاندا پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه هه‌زاره‌ها ئامێرى ده‌ستكردى مرۆڤ (وه‌ك: ته‌ور و پاچ و .….. تاد) چاخى به‌فرین دۆزرایه‌وه و مێژووى ئه‌و كاته‌شیان به 200هه‌زار سال پێش ئێستا دیارى كرد, به‌وه‌ش زاناكان بۆیان ده‌ركه‌وت كهبیابانهكان له‌و سه‌رده‌مانه‌دا تهرِو پاراو و شوێنى ئاوه‌دانى بوون .
له‌هه‌مان گۆڤارى پێشوودا ژماره (34) ده‌ڵێت: له‌سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى پێشوودا لێكۆڵینه‌وه‌ى چرِوپرِ ده‌ستى پيَكرد, له‌ساڵى (1984) دا داوا له دوو زاناى وه‌كاله‌تى فه‌زایى ئه‌مریكى (ناسا) كرا رووپێويیهكى ناوچه‌ى نیمچه‌دوورگه‌ى عه‌ره‌بى بكه‌ن به‌هۆى رادارى سه‌ر مه‌كۆى بۆشایى (چالینجهر), پاش سه‌یركردنى وێنه‌ى مهكۆكه و به‌راوردكردنى لهگهلَ وێنه‌ى دوو مانگى ده‌ستكردى (سپۆت) و (لاندسات), نه‌خشه‌یه‌كى جوانى ناوچه‌ى (ربع الخالي) پێشكه‌شكرا كه تیایدا رێگاى قافڵه كۆنه‌كان و مۆڵگه‌كانى ئاوى ژێر زه‌وى و رێرِهوى رووباره كۆنه‌كانى تیاده‌ركه‌وت كه‌هه‌موو ئه‌و ناوچانه له‌توانادا نيیه به‌چاوى ئاسایى ببینرێن, له‌به‌رئه‌وه برِیاردرا شوێنێك له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ڵبكه‌ندرێت به‌وه‌ش قه‌ڵایه‌كى پته‌وى هه‌شت لا دۆزرایه‌وه كه چه‌نده‌ها بورج و دیوارى به‌رزى هه‌بوو كهبهرزيیهكهى ده‌گه‌یشته 10مه‌تر و چه‌نده‌ها ژوورى گه‌نجینه و شوێنى نیشتهجيَى تێدابوو, ناوى ئه‌و شاره‌ش نرا (ئوبار).
تا ئێستا له‌سه‌ر به‌شى یه‌كه‌مى فه‌رمووده‌كه دواین كه له رابوردوودا زه‌وى عه‌ره‌ب باخ و باخات و رووبار بووه, پاشان دێینه سه‌ر به‌شى دووه‌مى فه‌رمووده‌كه كه له داهاتوودا جارێكى تر ده‌بێته‌وه به باخ و رووبار.
دووه‌م: له داهاتوودا
زاناكان له‌سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مدا بۆ یه‌كه‌مجار له‌رێگه‌ى بیردۆزێكى گهردوونزانىیهوه ده‌ركیان به‌وه‌كرد كه‌زه‌وى بیابانى عه‌ره‌ب له‌داهاتوودا ده‌بێته‌وه بهباخات و رووبار.
له كتێبى وهرگێرِدراوى (ظاهرة الصوبة) ى (د.أحمد مستجير) لاپهرِه (62- 63)دا هاتووه كه ده‌ڵێت: (بیردۆزى گهردوونزانى بۆ چاخى به‌فرین سه‌ره‌تا دهگهرِێتهوه بۆ سه‌ده‌ى 19 و كاره‌كانى زاناى گه‌ردوونى ئوسكوتله‌ندى (جیمس كرول) كه له (1821ز) دا له‌دایكبووه و له هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مدا بیردۆزه‌كه‌ى بڵاوكرده‌وه, له‌و كاته‌شدا له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌م زانیاريیه له‌سه‌روو ئاستى تێگه‌یشتنى خهڵكيیهوه بووه بیردۆزهكهیان قبولَ نه‌كرد, هه‌تا زاناى گه‌ردوونى یۆگۆسلاڤى (میلانكۆفیتش) هات و جارێكى دیكه بیردۆزه‌كه‌ى بڵاوكرده‌وه, كه ناوهرِۆكهكهى ئه‌مه‌بوو: (هۆكارى گۆرِانكارى كه‌ش و ئاووهه‌وا له‌سه‌ر رووى زه‌وى دهگهرِێتهوه بۆ دووخال:
1- شێوه گۆرِانى خولگه‌ى زه‌وى به‌ده‌ورى خۆردا, چونكه زه‌وى به‌ده‌ورى خۆردا له خولگه‌یه‌كى نیمچه بازنهیىدا دهسوورِێتهوه به‌ڵام هه‌میشه به‌و جۆره جێگیرنيیه, جارێك دوور ده‌كه‌وێته‌وه و جارێك نزیك ده‌بێته‌وه هه‌تا شێوازى سوورِانهوهكهى ده‌بێته ئیهلیجى (هێلكه‌یى), پاشان ده‌چێته سه‌ر شێوه نیمچه بازنهیيیهكهى ئه‌وه‌ش له سوورِێكدا كه ماوه‌ى 100هه‌زار ساڵ ده‌خایه‌نێت, له‌و كاته‌شدا كه خولگه‌كه نیمچه بازنه‌یى بێت زه‌وى هه‌موو رۆژه‌كانى سالَ به چوونیه‌كى برِهگهرمى له‌خۆره‌وه وه‌رده‌گرێت, به‌ڵام كه خولگه‌كه هێلكه‌یى بێت له ههنديَ رۆژانى ساڵدا زه‌وى له‌خۆر نزیك ده‌بێته‌وه, به‌وه‌ش گه‌رمى زیاتر وه‌رده‌گرێت, ئه‌وه‌نده هه‌یه برِى ئه‌و گهرميیهى كه زه‌وى له‌خۆره‌وه وه‌رده‌گرێت له‌ساڵێك بۆ ساڵێكى تر به‌به‌رده‌وامى جێگیره.
2- گۆرِرانى ته‌وه‌ره‌ى سوورِانهوهى گۆى زه‌وى به‌ده‌ورى خۆي‌دا كه‌له‌سه‌ر ئاستى سوورِانهوهى به‌ده‌ورى خۆردا لاره, ئه‌و لارييهش هه‌موو 41 هه‌زار ساڵێك له 21,8 پله‌وه دهگۆرِدرێت بۆ 24,5پله كه‌ئێستا ئه‌و لاره گۆشه‌یه 23,4پله‌یه و له‌كه‌م بوونهوهشدایه.
له‌هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوودا ده‌ڵێت: له سه‌رده‌مى (میلانكۆفیتش)دا ئه‌سته‌م بووه كه بیردۆزى گه‌ردوونى بۆچاخى به‌فرین تاقيبكرێته‌وه, هه‌روه‌ها ئه‌سته‌م بوو مێژووى هه‌زاره‌ها ساڵى رابوردووى دروستبوون و توانه‌وه‌ى به‌سته‌ڵه‌كه‌كان به‌ووردى بزانرێت, له‌به‌رئه‌وه به‌شێوه‌یه‌كى نه‌چه‌سپاو مایه‌وه و چه‌ند كه‌سێكى كه‌م نه‌بێت گرنگیان پيَنهدا هه‌تا كاتى گه‌شه‌كردنى ته‌قه‌مه‌نى نوىَ كه‌توانى پله‌ى گه‌رماى زه‌وى هه‌زاره‌ها ساڵى رابوردوو دیارى بكات, ئه‌وه‌ش به‌لێكۆڵینه‌وه‌ى پاشماوه‌ى سه‌ده‌ف و قهواقیع و زینده‌وه‌ره به‌راییه‌كانى ناو قووڵایى ده‌ریاكان به‌وه‌ى ئه‌و نیشتهنیانهیان له‌قووڵایى ده‌ریاكاندا له‌شێوازى لووله‌ى درێژدا ده‌رهێنا و پله‌ى گه‌رمى نیشتهنيیهكهیان به‌ووردى دیارى كرد و له‌وه‌شه‌وه توانیان پله‌ى گه‌رماى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى نیشتهنيیهكهى تێدا دروست بووه دیارى بكه‌ن .
له‌هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوودا هاتووه ده‌ڵێت: درێژى چاخى به‌فرین نزیكه‌ى 100هه‌زار ساڵ ده‌بێت, له‌ماوه‌ى نێوان هه‌ردوو چاخێكى به‌فریندا قۆناغى نێوانیان دێت كه بۆ ماوه‌ى 10-20 هه‌زار سال به‌رده‌وام ده‌بێت, ئێستاش له‌ماوه‌ى كۆتایى قۆناغى گهرمبوونهكهدا ده‌ژین كه 10هه‌زار ساڵه ده‌ستى پىَ كردووه.
له‌م زانیارىیانهوه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌زه‌وى له‌كاتى نزیك بوونه‌وه‌ى چاخى به‌فرینى نوىَدایه, به‌وه‌ش راستێتى فهرموودهكهى پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ده‌سه‌لمێت.
لێره‌دا خۆشحاڵین ووتووێژى نێوان زانایه‌كى موسوڵمان و پرِۆفیسۆرێكى جیۆلۆجى بخهینهرِوو له‌سه‌ر ئه‌م راستىیه زانستييه, ئه‌ویش زاناى موسوڵمان (عبدالمجيد الزنداني) یه لهگهلَ پرِۆفیسۆر (الفرید كرۆنر)ى ئه‌ڵمانى كه له به‌ناوبانگترین زاناكانى جیهانه لهجیۆلۆجیادا و له‌ناو زاناكاندا به رِهخنهكانى بۆ تیۆره‌كانى گه‌وره زانایانى جیهان به‌ناوبانگه.
مامۆستا زندانى ده‌ڵێت: پرۆفیسۆر كرۆنه‌ر یه‌كێك بوو له‌وانه‌ى هه‌ر هه‌لێكى راكردنى له‌سه‌ر بابه‌ته ئاینيیهكان ببینيیایه ليَى راده‌كرد, بۆ نموونه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كه ووتووێژى له‌گه‌ل كرا و مامۆستا زندانى پرسیارى لىَ كرد: ئایا وو‌ڵاتى عه‌ره‌ب باخ و بيَستان و رووبار بووه؟ وه‌ڵامى دایه‌وه: بهڵىَ, ئینجا پىَى ووت: كه‌ى وابووه؟ ووتى: لهچاخى به‌فریندا كه به‌سه‌ر زه‌ويدا رۆیشتووه كه به‌سته‌ڵه‌كه‌كان لهجهمسهرى به‌ستووى باكوور كه‌ڵه‌كه ده‌بن و پاشان به‌ره‌و باشوور ده‌كشێن, كاتێك له دوورگه‌ى عه‌ره‌بى بهرِێژهیى نزیك ده‌بێته‌وه كه‌ش و ئاووهه‌وا دهگۆرِێت, وو‌ڵاتى عه‌ره‌بیش له‌هه‌موو ووڵاتانى جیهان زیاتر ده‌بێته باخ و باخات و رووبار.
مامۆستا زندانى پىى ووت: ئایا جارێكى تر وو‌ڵاتى عه‌ره‌ب ده‌بێته‌وه باخ و رووبار؟ ووتى: به‌ڵى ئه‌وه راستيیهكى زانستيیه.
مامۆستا زندانى ووتى: بۆچى؟ ووتى: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى چاخى به‌فرین ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه.
ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كانه لهجهمسهرى به‌ستووى باكوورى زهويیهوه جارێكى تر به‌ره‌و باشوور ده‌كشێن, له رێگاكهيدا له ناوچه نزیكه‌كانى وو‌ڵاتى عه‌ره‌ب نزیك ده‌بێته‌وه, پاشان ووتى: به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه ئه‌و با و بۆران و گێژه‌ڵووكه بهفرینانهیه كه هه‌موو زستانێك له شاره باكوورىیهكانى ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ده‌دات, ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌به‌ڵگه‌كان و زاناكان چه‌نده‌ها به‌ڵگه‌ى تریان پيَيه كه‌ئه‌وه راستيیهكى زانستيیه, مامۆستا زندانى ووتى: ئه‌وه‌ى تۆ باسى ده‌كه‌یت زاناكان پاش چه‌نده‌ها هه‌وڵى دوور‌و درێژى ده‌رخستنى زانستى و به‌كارهێنانى چه‌نده‌ها ئامێرى وورد نه‌بێت پيَى نه‌گه‌یشتوون, به‌ڵام ئێمه له‌سه‌ر زمانى پێغه‌مبه‌رێكى نه‌خوێنده‌وار پێش 1400ساڵ پێمان گه‌یشتووه, پاشان پىَى ووت: كىَ بهمحمدى ووتووه كه وو‌ڵاتى عه‌ره‌ب باخ و بيَستان و رووبار بووه؟ خێرا خۆى وه‌ڵامى دایه‌وه و ووتى: رِۆمان (كۆنترین نووسراوى رۆمان پێش 3000 سال نووسراوه به‌ڵام ئه‌م بارودۆخه‌ى بیابانى عه‌ره‌ب پێش 10- 15هه‌زار سال له‌مه‌وبه‌ر بووه!) مامۆستا زندانى ده‌ڵێت: زانیم ده‌یه‌وێت له‌و گێژاوهى تىَى كه‌وتووه خۆى رزگاربكات, له‌به‌ر ئه‌وه پرسیارێكى ترمان رووبهرِووى كرده‌وه و پێمان ووت:
ئه‌ى باشه كىَ هه‌واڵيدا پيَى كه‌جارێكى تریش زه‌وى عه‌ره‌ب ده‌بێته‌وه بهبيستان و رووبار؟پرۆفیسۆر ماوه‌یه‌ك ده‌ستى كرد به‌بیركردنه‌وه و له‌پاشاندا ووتى:بێگومان ئه‌و زانیاريیانه له‌سه‌ره‌وه به‌نیگا (و‌حي) نه‌بێت ناگات به‌مرۆڤ.
جا بهرِێزان كاتێك فه‌رمووده‌یه‌كى وا ده‌بیستین و راستىیه زانستيیهكهمان له‌لا روون ده‌بێته‌وه, ئه‌وه‌مان له‌لا ده‌سه‌لمێت كه ووته و به‌ڵێنى پێغه‌مبه‌ر -سڵاوى خواى له‌سه‌ربێت- سه‌د له‌سه‌د دێنه‌دى, ئه‌وه‌مان دێته‌یاد كه به‌ڵێنه‌كانى پێغه‌مبه‌ر ته‌نها ئه‌م به‌ڵێنانه‌ى دونیا نه‌بوون به‌ڵكو چه‌ندان به‌ڵێن و هه‌واڵى تر‌ى راگه‌یاندووه له‌باسى به‌هه‌شت و دۆزه‌خ و دوارِۆژ و كاتى مه‌حشه‌ر, ئه‌و هه‌موو به‌ڵێنانه‌ى دیكه‌ش كه له قورئانى پیرۆز و فهرموودهكانيیهوه به‌ئێمه گه‌یشتووه, گه‌ر ئێمه دڵنیابووین كهوهعده زانستيیهكان هاتنه‌دى, ئه‌و كاته‌ش دڵنیاده‌بین كه گشت به‌ڵێنه‌كانى تر‌ى دێنه‌دى, كه‌واته خستنه رووى موعجیزه زانستيیهكان زیاتر باوهرِمان بهرِۆژى دوایى و به‌ڵێنه‌كانى زیاد ده‌كات, چونكه هه‌ردوو به‌ڵێنه‌كانى دونیا و دوارِۆژ له‌سه‌ر زمانى راستگۆترین كه‌سه‌وه به‌ئێمه گه‌یشتووه.
لهكۆتایيدا داوا له‌خواى گه‌وره ده‌كه‌ین كه هه‌زاران دروودوسڵاو برِێژێت به‌سه‌ر ئه‌و پێغه‌مبه‌ره خۆشه‌ویست و نازداره‌دا كه دونیاى شهوهزهنگى نه‌فامى و دواكه‌وتوویى و كۆنه‌په‌رستى كرده دونیاى رووناكى و زانست و هه‌ول بۆ زانست.
سه‌رچاوه‌كان
1- صحيح الامام مسلم.
2- گۆڤارى- الإعجاز العلمي-هيئة الأعجاز العلمي في القرآ‌ن والسنة.
3- كتێبى انه الحق – هيئة الأعجاز العلمي في القرآ‌ن والسنة .
4- محاضرهكانى (م. عبدالمجيد الزنداني) له زانكۆى ئیمان.
5-گۆڤارى (Nature).
6- گۆڤارى (الثقافة العالمية).
7-كتێبى (الجغرافيا التأريخية والطبيعية) – د. أحمد رزقانة .
8-كتێبى (مورفولوجية الأراضي المصرية) – د.محمد صفي الدين .
9-گۆڤارى (آفاق علمية) .
10-كتێبى (ظاهرة الصوبة) – د.أحمد مستجير.