مانگ سەرەتا داگیرساو بووە!
مانگ سەرەتا داگیرساو بووە!
ئا/ بەرزان ئەبوبەكر ڕەشید
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: ( وَجَعَلْنَا اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ آيَتَيْنِ فَمَحَوْنَا آيَةَ اللَّيْلِ وَجَعَلْنَا آيَةَ النَّهَارِ مُبْصِرَةً لِتَبْتَغُواْ فَضْلاً مِّن رَّبِّكُمْ وَلِتَعْلَمُواْ عَدَدَ السِّنِينَ وَالْحِسَابَ وَكُلَّ شَيْءٍ فَصَّلْنَاهُ تَفْصِيلاً (12) الإسراء.
واتە: ((ئێمە دیاردەی شەوو ڕۆژمان بە دوو بەڵگەو نیشانە لەسەر تاكوتەنیایی دەسەڵاتی خۆمان نیشاندان، پاشان دیاردەی تاریكیمان بەسەر شەودا هێنا، واتە ڕووناكی ڕۆژمان پێ لابردو تاریكی سەری دەرهێنا، هەتا ئێوە تێیدا بحەوێنەوە، دیاردەو نیشانەی ڕۆژیشمان بە ئاشكراو بینراو سازاند، تا لە نازو نیعمەتی پەروەردگارتان بەهرەوەر بن، تا بتوانن بە ئاسانی ژمارەی ساڵەكانو حیسابی شەوو ڕۆژ چاك بزانن (كە زۆر پێویستە بۆ ڕێكخستنی كاروباری ژیان)، بەڕاستی هەر شتێك، كە ئێوە نیازتان پێی هەبێت لە دنیاو قیامەتدا ئێمە بە وردیو فراوانیو بەربڵاوی شیمان كردووەتەوە بۆتان.
ڕاڤەكارانی قورئانی پیرۆز سەبارەت بە ڕاڤەی ئەم ئایەتە پیرۆزە جیاوازییان هەیە، هەندێك لەوان پێیان وایە مەبەستی ئەم ئایەتە خودی شەوو ڕۆژە وەكو ئەوەی كە هەن، ئەمەش لێكدانەوەیەكی حەرفییەو بۆچوونی زۆرێك لە ڕاڤەكارانە،
لەگەڵ هەموو ئەم بیروبۆچوونانەدا بۆچوونێكی دیكە سەبارەت بە لێكدانەوەی ئەم ئایەتە هەیە، بەشێكی دیكەی زانایان بەم شێوەیە ئایەتەكە ڕاڤە دەكەن، مەبەست لە بەڵگەو نیشانەی شەو (مانگ)ە، مەبەستیش لە بەڵگەو نیشانەی ڕۆژ (خۆر)ە، واتە مانگ بەڵگەو نیشانەیەكە تایبەتە بە شەوەوە، هەروەها خۆریش بەڵگەو نیشانەیەكە تایبەتە بە ڕۆژوە.
هەروەكو لە قەتادەو موجاهیدەوە گێڕدراوەتەوە دەڵێن عبدالله ی كوڕی عەباس ڕەزای خودایان لێبێت: فەرموویەتی: لە سەرەتادا مانگ خاوەنی ڕووناكی بووە، هەروەكو ڕووناكیی خۆر.
ئەم قسەیە لە نووسراوەكانی ئەهلی كیتابدا باسكراوە: (نووسر دەڵێت: سەرم سوڕما كاتێك هەندێك لە كتێبە نهێنییەكانی یەهودییەكانم خوێندەوە بە ناوی (Apocalypse of Baruch) (ب 3) لەو كتێبەدا هاتووە، كە خودی مانگ لە سەرەتادا ڕووناك بووە، هەر لەم كتێبەدا قسەیەكی ئەفسانەیی باسدەكاتو دەڵێت: گوایە بە دەركردنی باوە ئادەمو دایە حەوا لە بەهەشت تەواوی ئاسمانەكانو زەوی نیگەران بوون، تەنها مانگ نەبێت بە ڕووداوەكە پێكەنیووە، خوای گەورە سزای داوەو ڕووناكییەكەی كوژاندەووتەوە).
پێش چواردە سەدە لە مەوبەر هاوەڵانی ئازیزی پێغەمبەر (صلی الله علیەوسلم) ئەوەیان لەم ئایەتە پیرۆزە وەرگرتووە، كە هەسارەی مانگ سەرەتا ڕووناكبووە، پاشان خوای گەورە ڕووناكییەكەی لابردووە، ئەمەش بە بەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزەی كە لە سورەتی ئیسرادا هاتووە (وجعلنا أیة اللیل والنهار ایتین فمحونا ایة اللیل وجعلنا ایة النهار مبصرة) اڵاسراء 12.
ئیبن كەسیر لە تەفسیرەكەیدا، كە لە پێشەوا عبداللەی كوڕی عەباسەوە گێڕاویەتییەوە دەڵێت: لە سەرەتادا مانگ ڕووناكبووە هەروەكو چۆن خۆر ڕووناكە. بریتیبووە لە نیشانەو بەڵگەی شەو، بەڵام لە دواییدا مانگ ڕووناكییەكەی كوژاوەتەوەو نەماوە. ئەو تاریكاییەی ئێستا لە نێو مانگدایە شوێنەواری ئەو سڕینەوەیەیە) (روح المعانی الالوسی).
چەند ڕاستییەكی زانستی:
گەردوونناسان دوای سەركەوتنیان بۆ سەر مانگ بە هۆی ئەو وێنانەی لە لایەن كەشتییە ئاسمانییەكانەوە وێنەی گیراوە ئەوەیان دەرخستووە، كە هەسارەی مانگ لە سەرەتادا درەوشەدار بووە، بەڵام ڕووناكییەكەی كوژاوەتەوەو ئێستا هەسارەیەكی تاریكە.
ڕاڤەی زانستی:
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: (وَجَعَلْنَا اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ آيَتَيْنِ فَمَحَوْنَا آيَةَ اللَّيْلِ وَجَعَلْنَا آيَةَ النَّهَارِ مُبْصِرَةً ) اڵاسراء 12. ئەم ئایەتە پیرۆزە ئاماژە بە ڕاستییەكی زانستی دەكات، كە تا سەدەی بیستی زایینی ئەم ڕاستییە نەدۆزراوەتەوە، ڕاستییەكەش ئەمەیە (لە سەرەتادا مانگ درەوشەدار بووە، پاشان خوای گەورە ڕووناكییەكەی كوژاندووەتەوە)، بەڵگەی قورئانیش لەسەر ئەم دیاردەیە ڕوونو ئاشكرایە، هەروەكو عبداللەی كوڕی عەباس ڕەزای خودایان لێبێت: كە لەسەرەتادا ئاماژەمان بۆ كرد، ڕاڤەی ئەم ئایەتە بەم شێوەیە دەكاتو دەڵێت: (لە سەرەتادا مانگ ڕووناكبووە، هەروەكو چۆن خۆر ڕووناكە)!
ئەمە وتەی هاوەڵێكی ئازیزی پێغەمبەرە ((صلی الله علیەوسلم)) پێش (1431 ساڵ)و لە قورئانی پیرۆز وەریگرتووە، ئەی گەردوونناسان لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟ لەم ساڵانەی دواییدا گەردوونناسان ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە مانگ لە سەرەتادا ڕوووناكو درەوشەدار بووەو پاشان ڕووناكییەكەی نەماوەو كوژاوەتەوە!
كاتێك ئاسمانپێوە(مرصد) پێشكەوتووەكانو مانگەدەسكردەكان وێنەیەكی تەواوی مانگیان دەرخست، لە ڕێگەی ئەو وێنانەوە دەركەوت ڕووكاری سەرمانگ پاشماوەی گڕكانو بەرزاییو نشێوییە، سەرەتا ئاسان نەبوو بۆ زانایان بە تەواوی شارەزای سروشتی مانگ بن، كەشتیوانی ئاسمانیی ئەمریكی بە ناوی (نیل ئارمسترونغ) لە ساڵی 1969 زاینی دا پێی نایە سەر ڕووی مانگ، بە هۆی چەندەها هۆكاری بینینی وردەكارو پێشكەوتووی گەردوونیو چەندین لێكۆڵینەوەی جیۆلۆجی لەسەر ڕووكاری مانگ، پاش شیكردنەوەی تەواوی خاكەكەی، پاشان زانایانی كەشناسی توانیان ئەم لێدوانە بدەن هەروەكو لە كەشناسی ناسای ئەمریكادا هاتووە:
دروستبوونی مانگ دەگەڕێتەوە بۆ (4,6) ملیۆن ساڵ، لە كاتی دروستبوونیدا دووچاری چەندین پێكدادانی گەورەو سامناك بووەتەوە لەگەڵا نەیزەكو بڵێسەدارەكانو بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ ڕێژەیەكی زۆر چینەكانی ڕووی مانگی تواندووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئەستێڵو نشێوی كە بە (ماریا) ناودەبرێن، لوتكەو دەمە گڕكانیەكانیش بە (كرایترز) ناودەبرێن.
لەو ماوەیەدا بوركان گەلێكی زۆر گەورە لەسەر ڕووی مانگ ڕوویاندا، كە بوونە هۆی پڕكردنەوەی ئەستێڵو نشێوییەكانی سەر ڕووی مانگ. پاشان مانگ ساردبووەوە، گڕكانەكان كۆتاییان پێهاتو گەرمی مانگ كوژایەوە، ئەمەش بووە هۆی كوژانەوەی ڕووناكی مانگو سڕینەوەی بڵێسەو درەوشانەوەكەی.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئایەتە قورئانییەكە تێبینی بەكارهێنانی وشەی (فمحونا) دەكەین، كە لە ئایەتەكەدا هاتووە، وشەی (محو) لە زمانەوانیدا بە مانای سڕینەوەو لابردن دێت، واتە خوای گەورە ڕووناكی مانگی لابردووەو سڕیویەتییەوە. لێرەدا مەبەست لە وشەی (محو) بریتی نییە لە لابردنو نەهێشتنی هەسارەی مانگ، شتێكی بەڵگە نەویستە هەسارەی مانگ بەردەوامەو ئێستا هەمووان بە چاوی خۆمان دەیبینین، بەڵكو تیشكو ڕووناكییەكەی نەماوە، ئەمەش بە ڕوونی لە دەربڕینی ئایەتە پیرۆزەكەی قورئاندا دیارە، كە دەفەرمووێت: (ایة اللیل) كە بریتییە لە مانگ، (ایة الشمس) مەبەست خۆرە، ئەو سڕینەوەیە مەبەست لە ڕووناكییەكەیەتی، لەبەرئەوەیە خوای گەورە دەفەرمووێت: (وجعلنا ایة النهار مبصرة)، وشەی( مبصرة) هاتووە كە بۆ بەرواوردكردنە، واتە بەراوردەكە لە نێوان ڕووناكییەكەو نیشانەو بەڵگەی شەودایە، هەروەها ڕووناكی نیشانەو بەڵگەی خۆر، یەكەمیان ڕووناكی مانگە، نەماوەو كوژاوەتەوە، دووەمیان ڕووناكییەكی بەردەوامەو هەمووان بە چاوی خۆمان دەیبینین.
كەواتە ئەی ئادەمیزاد لە خۆت بپرسە كێ ئەم ڕاستیو زانیارییانەی گەیاندووە بە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم)؟ لە كاتێكدا مرۆڤ بۆ دەستخستنی وەها زانیارییەك پێویستی بە چەندین ئامێرو تەكنەلۆژیای كەشناسیو كەشتی ئاسمانیو شیكردنەوەی جیۆلۆجی هەیە؟! لە كاتێكدا زانست تەنها چەند ساڵێكی كەمە توانیویەتی درك بەو ڕاستییانە بكات؟
پاكو بێگەردی بۆ ئەو خودایەی، كە پێش چواردە سەدە لەمەوبەر بەڵگەو نیشانەكانی بۆ پێغەمبەرو (صلی الله علیە وسلم) ئوممەتەكەی ڕوونكردووەتەوە، بەڕاستی خوای گەورە داناو زانایە!
ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە (20) و ژمارە (25) ژمارە نایاب دا بڵاوكراوەتەوە.