You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » ئه‌ندازه‌ » مانگە دەستكردەكان شایەتی پێغەمبەرایەتی موحەمەد(صلى الله عليه وسلم) دەدەن!

مانگە دەستكردەكان شایەتی پێغەمبەرایەتی موحەمەد(صلى الله عليه وسلم) دەدەن!

مانگەدەستكردەكان شایەتی پێغەمبەرایەتی موحەمەد(صلى الله عليه وسلم) دەدەن! 

شێخ عه‌بدولمه‌جید زيندانی  وەرگێڕانی: دانا فاضل

خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی به‌ موسڵمانان كردووه‌ له‌ نوێژه‌كانیانا ڕوو له‌یه‌ك ڕووگه بكه‌ن، كه ئه‌ویش كه‌عبه‌ی پیرۆزه‌‌ له‌ شاری مه‌ككه‌ی به‌ڕێز، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: ( فول وجهك شطر المسجد الحرام وحيث ما كنتم فولوا وجوهكم شطره)  واته‌: ـ ئه‌ى پێغه‌مبه‌رـ ڕووت وه‌رگێڕه‌ بۆ لای مزگه‌وتی حه‌ڕام، ـ هاوه‌ڵانیش ـ له ‌هه‌ر شوێنێك بوون ڕووتان له‌وێ بكه‌ن(1).

موفه‌سیره‌كان ده‌فه‌رموون: ( فول وجهك شطر المسجد الحرام) واته‌: روو له‌ مزگه‌وتی حه‌ڕام بكه‌ن(2). واته ئه‌و كه‌سه‌ی نوێژ ده‌كاو كه‌عبه‌ ده‌بینێت، ئه‌وه‌ له‌سه‌ریه‌تی رووی لاشه‌‌ی له‌ كه‌عبه‌ی پیرۆز‌ بكات.

له‌ ئیبن و عه‌باسه‌وه‌ خوا لێی ڕازی بێت ده‌فه‌رموێت: كاتێك پێغه‌مبه‌ر( صلی الله‌ علیه‌و سلم) هاته‌ ماڵی خواوه‌ له‌ هه‌موو ته‌نیشت و لاكانیدا نزاو پاڕانه وه ى ‌كردو نوێژی نه‌كرد هه‌تا چووه‌ ده‌ره‌وه‌، كاتێكیش چووه‌ ده‌ره‌وه‌ دوو ڕكاتی ڕووه‌و كه‌عبه‌ كردو فه‌رمووی ئه‌مه‌ كه‌عبه‌یه‌(3).

قورتوبی ده‌فه‌رموێت: زانایان كۆن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌عبه‌ ده‌بینێ فه‌رزه‌ له‌سه‌رى روو له‌ خودی كه‌عبه‌ی پیرۆز بكات(4).

چونكە ته‌ماشاكردنی كه‌عبه‌ چاكه‌یه‌و موسڵمان پاداشتی له‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، وه‌ك ئیبن و مه‌سعود خوا لێی ڕازی بێت ده‌فه‌رموێت(5): ئه‌و كه‌سه‌ى ڕووه‌و خودی كه‌عبه‌ نوێژ ده‌كات ڕووكردنه‌ قیبله‌ی ته‌واوتره‌ له‌ كه‌سێكی تر.

بۆیه‌ كاتێك خه‌ڵكی یه‌مه‌ن به‌ كۆمه‌ڵ هاتنه‌ دینی خوا‌وه‌(6)، پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌و سلم) مامۆستای بۆ ڕه‌وانه‌كردن تا دینیان فێربكات، له‌و مامۆستایانه‌؛ عه‌لی كوڕی ئه‌بی تاڵیب، مه‌عازی كوڕی جه‌به‌ل، ئه‌بو موسای ئه‌شعه‌ری، وه‌به‌ری كوڕی یوحنه‌س… هتد، خوای گه‌وره‌ له‌ هه‌موویان ڕازی بێت.

‌ پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) كاتێك وه‌به‌رى كوڕی یوحنه‌سی به‌ره‌و سه‌نعا نارد فه‌رمانی پێکرد مزگه‌وتێكیان بۆ درووست بكات، كه‌ دواتر به‌ مزگه‌وتی سه‌نعا ناسرا، پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌و سلم ) چۆنیه‌تی درووستكردنی مزگه‌وته‌كه‌ی بۆ دیاری كردن؛ جێگه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ له‌ سه‌نعا، هه‌روه‌ها قیبله‌ی مزگه‌وته‌كه‌ ئه‌ویش به‌دیاریكردنی نیشانه‌یه‌كی دیار كه‌ بریتییه‌ له‌ شاخی(ضین) كه‌ نزیكه‌ی(30) كم له‌ سه‌نعاوه‌ دووره‌، هه‌تا ڕووه‌و ئه‌و شاخه‌ مزگه‌وته‌كه‌ درووست بكه‌ن و شاخه‌كه‌شی ڕووه‌و قیبله‌ی مزگه‌وتی حه‌ڕام دیاری كردووه‌، واته‌ پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه‌و سلم) گۆشه‌ی لاری نێوان مزگه‌وتی سه‌نعاو قیبله‌ی بۆ دیاری كردن.

جا له‌به‌رئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) پارێزراوه‌‌ له‌ هه‌ڵه‌، هه‌ر ئه‌ویش چۆنیه‌تی درووستكردنی مزگه‌وته‌كه‌ی دیاریكردووه‌ ـ وردی جێگاكه‌ی، گۆشه‌ی لاری و ئاڕاسته‌ی مزگه‌وته‌كه‌ ڕووه‌و كه‌عبه‌ ـ بۆیه‌ خه‌ڵكی یه‌مه‌ن بێگومانن له‌وه‌ی مزگه‌وته‌كه وردترین‌ ڕووگه‌ی هه‌یه‌و هه‌تا ئێستا ئه‌و مزگه‌وته‌ به‌ چاكترین مزگه‌وته‌كانی یه‌مه‌ن دائه‌نێن، چونكه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و ڕێنشیانده‌ری پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)درووست كراوه‌(7).

هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی گرنگترین سیفه‌تی مزگه‌وتی سه‌نعا‌ له‌ ڕێكخستنی ڕووگه‌كه‌یدایه‌ ڕووه‌و كه‌عبه‌، بۆیه‌ له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا ئه‌بینین چۆن پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)‌چۆنیه‌تی و نیشانه‌كانی بۆ ئه‌م مزگه‌وته‌ دیاریكردووه‌، چۆن میحرابی مزگه‌وته‌كه‌ی دیاریكردووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)جێگه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ی بینیبێ، كه‌ ئه‌وه‌ش بێگومان له‌ گرنگترین نیشانه‌كانی ته‌واوكاری درووستكردنی مزگه‌وته‌.

به‌م وه‌سفه‌ ورده‌ش پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)هێڵێكی ڕاستی له‌ نێوان مزگه‌وتی سه‌نعاو كه‌عبه‌ی پیرۆز له‌ مزگه‌وتی حه‌ڕام له‌ شاری مه‌ككه‌ى به‌ڕێز كێشاوه‌.

ئه‌و مه‌رجانه‌ی پێویستن بۆ كێشانی هێڵێك له‌ نێوان دوو شاری دوور له‌یه‌كتر بریتین له‌:

ماوه‌ی دووری نێوان هه‌ردوو شاری سه‌نعاو مه‌ككه‌ نزیكه‌ی (815 كم) ئه‌بێت، جا ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ هێڵێكی ڕاست له‌ نێوانیاندا بكێشین ئه‌وا ده‌بێت ئه‌م پێویستیانه‌مان هه‌بێت:‌

1ـ بوونی نه‌خشه‌یه‌كی پشت به‌ستراو به‌ وێنه‌ی راست بۆ ڕووی زه‌وی، به‌ فڕۆكه‌كان یان مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان گیرابێتن، هه‌تا بتوانین جێگه‌ی مزگه‌وته‌كه‌و جێی مه‌ككه‌ به‌ وردی دیاری بكه‌ین.

2 ـ ده‌بێت هێڵه‌كانی درێژی و بازنەكانی پانی سه‌ر رووی زه‌وی بزانرێت، هه‌تا گۆشه‌ی لاری نێوان دوو جێگه‌كه‌ به‌نیسبه‌ت باكووری موگناتیسییه‌وه‌ بزانین.

3 ـ ئه‌بێت بڕی به‌رزی مه‌ككه‌و سه‌نعا له‌ ئاستی ڕووی ده‌ریاوه‌ بزانرێ، هه‌تا پله‌ی چه‌مانه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی گۆیی ڕووی زه‌وییه‌وه‌ درووست ئه‌بێت بزانین.

نه‌خشه‌ی ته‌خت بۆ ڕووی زه‌وی شێوه‌یه‌كی ڕاست نابه‌خشێ، چونكه‌ زه‌وی گۆییه‌و ته‌خت نییه‌، بۆیه‌ نه‌خشه‌ی ته‌خت هه‌رچه‌ند به‌ وردیش دانرابێ، هه‌ر ئه‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ نێوان هه‌ردوو جێگه‌ دووره‌كه‌ی سه‌ر ڕووی زه‌ویدا دووری یان ئاڕاسته‌مان لێ ون بكات.

جا ئایا كه‌ی مرۆڤ توانی ئه‌م مه‌رجانه‌ به‌ته‌واوی‌ به ده‌ست بهێنێت؟

1ـ مرۆڤ ته‌نها له‌ سه‌ده‌ی(20 ز) توانی نه‌خشه‌ی ورد بۆ زه‌وی دابنێ، ئه‌ویش دوای درووستكردنی فڕۆكه‌كان و مووشه‌كه‌ دوور هاوێژه‌كان ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان و ئامێری فۆتۆگرافی وردو … هتدن.

2 ـ مرۆڤ ته‌نها له‌ سه‌ده‌ی(20 ز) توانی هێڵه‌كانی درێژی و هێڵه‌كانی به‌رینی به‌ وردی بۆ زه‌وی دابنێ، ئه‌ویش دوای كێشانی نه‌خشه‌ی ورد بۆ هه‌موو ڕووی زه‌وی ـ به‌ ده‌ریاكان و دوورگه‌كان و كیشوه‌ره‌كانه‌وه‌ ـ به‌رزایی و نزمییه‌كانی سه‌ر ڕووی زه‌وی-هێڵه‌كانی درێژی و بازنەكانی پانی سه‌ر ڕووی زه‌وی

3 ـ مرۆڤ ته‌نها له‌ سه‌ده‌ی(20 ز) توانی به‌رزی و نزمی ڕووی زه‌وی بزانێ، ئه‌ویش دوای درووستكردنی ئامێره‌ ورده‌كان كه‌ ئه‌توانن به‌رزی هه‌موو شاخێك و نزمی هه‌موو شیوێكی رووی زه‌وی دیاری بكه‌ن.

 ئایا له‌ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ئه‌و پێویستییانه‌ له‌به‌ر ده‌ستدا بوون؟

وه‌ڵام نه‌خێر… بێگومان هه‌موو هۆشمه‌ندێك ئه‌م وه‌ڵامه‌‌ ئه‌زانێت چ جای لێكۆڵه‌ره‌وه‌‌كان، سه‌یری یه‌كه‌م نه‌خشه‌ی زه‌وی كه‌ (ئیدریسی) له‌ ساڵی (1154 ز) ی دایناوه‌، واته‌ نزیكه‌ی(5 سه‌ده‌و نیو) دوای هیجره‌تی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) له‌ نه‌خشه‌كه‌یدا ئه‌بینی (یه‌مه‌ن) ی له‌ خوارووی خۆرهه‌ڵات و(عومان) یشی له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی دوورگه‌ی عه‌ره‌بی داناوه‌. هه‌روه‌ها سه‌یری نه‌خشه‌كه‌ی( جیوفانی لردو) كه‌ به ‌(3 سه‌ده‌) دوای ئیدریسی دایناوه‌، سه‌یری نه‌خشه‌ی دوورگه‌ی عه‌ره‌بیش كه‌ له‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان وه‌رگیراوه‌، هه‌تا جیاوازی نێوان جێی مه‌ككه‌و جێگه‌ی سه‌نعا له‌ یه‌مه‌ن بزانیت.

(‌ئیدریسی و جیوفانی لردو) ش له‌ دوای سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) به‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك هاتوون، بۆ زانیاریش هه‌ردووكیان به‌ بێشڕه‌وه‌ گه‌ڕیده‌كانی مرۆڤ دائه‌نرێن له‌ كێشانی نه‌خشه‌ی زه‌ویدا.

دوورگه‌ی عه‌ره‌بی له‌ نه‌خشه‌كه‌ی ئیدریسیدا-زه‌وی له‌ نه‌خشه‌كه‌ی ئیدریسیدا ساڵی1154ز

به‌ڵێ بێگومان وه‌ڵام نه‌خێره‌… چونكه‌ مرۆڤ توانای دیاریكردنی ئه‌حداسیاتی بۆ هه‌ر جێگه‌یه‌كی ڕووی زه‌وی به‌ وردی نه‌بوو، هه‌تا بتوانێ هێڵێكی راست له‌ نێوان دوو شاری دوور له‌یه‌كتر بكێشێ ته‌نها دوای: درووستكردنی فڕۆكه‌كان و ئامێره‌ فۆتۆگرافیه‌ ورده‌كان، هه‌روه‌ها دانانی هێڵه‌كانی درێژی و هێڵه‌كانی به‌رینی و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئامێرانه‌ی ئه‌توانن بڕی به‌رزی شاره‌كان له‌ ئاستی ڕووی ده‌ریاوه‌ دیاری بكه‌ن، درووستكردنی مووشه‌كه‌ دوور هاوێژه‌كانیش كه‌ ئه‌توانن مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان له‌گه‌ڵ خۆیان به‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌رگه‌ هه‌وای زه‌وی.

هه‌موو ئه‌م مه‌رجانه‌ش ته‌نها له‌ دوای 14 سه‌ده‌ له‌ ناردنی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) له‌ به‌رده‌ستی مرۆڤه‌كاندا ‌بوون

دوورگه‌ی عه‌ره‌بی له‌ نه‌خشه‌كه‌ی جیوفانی لردو-نه‌خشه‌ی جیوفانی لردو 1452 ز

تێبینی:

رووسیا یه‌كه‌م مانگی ده‌ستكردی له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به‌ناوی سڵوتنیك له‌ ساڵی(1957ز) دانا.

وێنه‌ی یه‌كه‌م مانگی ده‌ستكرد كه‌ له‌لایه‌ن ڕووسه‌كانه‌وه‌ دانرا ئه‌مریكاش یه‌كه‌م مانگی ده‌ستكردی خۆی به‌ناوی(دۆزه‌ره‌وه)‌ له‌ ساڵی(1958 ز) دانا.

پێغه‌مبه‌رى خوا(صلى الله عليه وسلم)ئه‌حداسیه‌كان و قیبله‌ی مزگه‌وتی سه‌نعای دیاری كرد:

واته‌ پێش 14 سه‌ده‌ له‌ زه‌مان پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ئه‌حداسیاتی مزگه‌وتی سه‌نعای دیاریكردووه‌، ئه‌ویش كاتێك پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) شوێن و جێگه‌و گۆشه‌ی لاری مزگه‌وته‌كه‌ی به‌ نیسبه‌ت‌ مه‌ككه‌وه‌ هه‌روه‌ها قیبله‌ى به‌ وردی ڕووه‌و كه‌عبه‌ دیاری كردووه‌.

نه‌خشه‌ی دوورگه‌ی عه‌ره‌بی له‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌

 فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) به‌ درووستكردنی مزگه‌وتی سه‌نعا:

یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ی له‌ كتێبه‌كانی فه‌رمووده‌دا هاتووه‌:

ته‌به‌رانی له‌( المعجم الاوسط) دا(8) ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌فه‌رموێت: ( قال وبر بن يحنس الخزاعي قال لي رسول الله : إذا بنيت مسجد صنعاء فاجعله عن يمين جبل يقال له ضين ).
واته‌: وه‌به‌رى كوڕی یوحنه‌س وتی پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) پێی وتم: ئه‌گه‌ر مزگه‌وتی سه‌نعات درووست كرد ئه‌وه‌ به‌ لای ڕاستی شاخێكه‌وه‌ درووستی بكه‌ پێی ئه‌وترێ شاخی ـ ضين ـ .

هه‌یسه‌می ده‌فه‌رموێت(9): ته‌به‌رانی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ى به‌ سه‌نه‌دێكی حه‌سه‌ن له‌( الاوسط ) دا گێڕاوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها( ابن السكن) و(ابن مندة ) گێڕاویانه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئیمام حافیزیش له‌( الاصابة ) دا هێناویه‌تی(10).

جا كاتێك پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێت: ( فاجعله عن يمين جبل يقال له ضين ) به‌وه‌ لاری مزگه‌وته‌كه‌ی ڕووه‌و كه‌عبه‌ به‌ وردی دیاری كردووه‌.

دووه‌م: ئه‌وه‌ی له‌ كتێبه‌كانی مێژوودا هاتووه‌:

حافیزی ڕازی(11) له‌ كتێبه‌كه‌یدا( تاریخ الصنعا‌ء ) ده‌فه‌رموێت: ( ادعهم إلى الإيمان فإن اطاعوا لك به فاشرع الصلاة فإذا أطاعوا لك بها فمر ببناء المسجد لهم في بستان باذان من الصخرة التي في أصل غمدان واستقبل به الجبل الذي يقال له ضين ) واته‌: پێغه‌مبه‌رى خوا كاتێك وه‌به‌ری كوڕی یوحنه‌سی ئه‌نساری نارد هه‌تا ببێته‌ والی له‌ یه‌مه‌ن فه‌رمانی پێکردو فه‌رمووی: بانگیان بكه‌ بۆ ئیمان ئه‌گه‌ر له‌وه‌دا گوێڕایه‌ڵییان كردی، نوێژیان له‌سه‌ر دابنێ ئه‌گه‌ر له‌وه‌شدا گوێڕایه‌ڵییان كردی، ئه‌وه‌ فه‌رمان به‌ درووستكردنی مزگه‌وتێك بكه‌ له‌ بێستانی بازاندا بۆیان، له‌و به‌رده‌ش درووستی بكه‌ كه‌ له‌ كۆشكی غه‌مه‌داندایه‌، مزگه‌وته‌كه‌ش ڕووبكه‌ره‌ ئه‌و شاخه‌ی پێی ئه‌ڵێن( ضین ).

كاتێكیش وه‌به‌ر ئه‌م سیفه‌تانه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ی له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه(صلى الله عليه وسلم)بۆ باسكردن: ( في المسجد قدِم أبان بن سعيد فأسس المسجد على هذه الصفة في بستان باذان في أصل الصخرة واستقبل به ضيناً) واته‌: پاشان ئابانی كوڕی سه‌عید هاتوو له‌ بێستانی بازاندا له‌ به‌رده‌كه‌ی كۆشكی غه‌مه‌دان بناغه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ی داناو ڕووگه‌كه‌شی كرده‌ شاخی( ضین ).

ڕازی ده‌فه‌رموێت: (إلى وبر يبني حائط باذان مسجداً ويجعله من الصخرة إلى موضع جدره ويستقبل بقبلته ضيناً ) واته‌: پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم)بۆ وه‌به‌رى نووسی له‌ بێستانی بازاندا مزگه‌وت درووست بكات، له‌و به‌رده‌ لێواری پشته‌وه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ هه‌ڵچنێ و ڕووگه‌كه‌شی ڕووه‌و شاخی(ضين) درووست بكات.

كه‌واته‌ كاتێك پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێت: (فمر ببناء المسجد لهم في بستان باذان من الصخرة التي في أصل غمدان ) واته‌: فه‌رمان به‌ درووستكردنی مزگه‌وتێك بكه‌ له‌ بێستانی بازاندا بۆیان، له‌و به‌رده‌ش درووستی بكه‌ كه‌ له‌ كۆشكی غه‌مه‌داندایه‌، هه‌روه‌ها كاتێك پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)له‌ نووسراوه‌كه‌یدا بۆ وه‌به‌ر ده‌فه‌رموێت: ( يبني حائط باذان مسجداً ويجعله من الصخرة إلى موضع جدره ) واته:‌ له‌ بێستانی بازاندا مزگه‌وت درووست بكات، له‌و به‌رده‌ لێواری پشته‌وه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ هه‌ڵچنێ. ئه‌مه‌ دائه‌نرێ به‌ دیاریكردنی شوێن و جێگه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ورد.

هه‌روه‌ها كه‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێت: ( واستقبل به الجبل الذي يقال له ضين ) واته‌: مزگه‌وته‌كه‌ش ڕووبكه‌ره‌ ئه‌و شاخه‌ی پێی ئه‌ڵێن( ضین ) یان كه‌ ئه‌فه‌رموێ:( واستقبل به ضيناً) واته‌: ڕووگه‌كه‌شی ڕووه‌و‌ شاخی( ضین ) بێت، ئه‌مه‌ش دائه‌نرێ به‌ دیاریكردنی ئاڕاسته‌ی قیبله‌ به‌شێوه‌یه‌كی ورد.

مزگه‌وتی سه‌نعاو شوێنی ئه‌مڕۆی:

یه‌كه‌م: خه‌ڵكی یه‌مه‌ن له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌تا ئێستا جێگه‌ی مزگه‌وته‌كه‌یان پاراستووه، ئه‌و شوێنه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) فه‌رمانی كرد مزگه‌وته‌كه‌یانی تیادا درووست بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ پاراستنی ئه‌و هێماو نیشانانه‌ی سنووری مزگه‌وته‌كه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) له‌ درووستكردنیدا بۆی دیاری كردبوون، وه‌كو ئه‌و به‌رده‌‌ی بۆته‌ یه‌كێك له‌ لێواره‌كانی مزگه‌وته‌كه‌ هه‌روه‌ك بێشتر باسكراو شوێنه‌كه‌شی له‌م ڕۆژه‌دا ئه‌كه‌وێته‌ نێوان دوو كۆڵه‌كه‌ له‌ كۆڵه‌كه‌كانی مزگه‌وت به‌ یه‌كێكیان ئه‌وترێ(مه‌سموره‌) به‌ویتریش ئه‌وترێ(مه‌نقوره‌)، ته‌نانه‌ت ئه‌هلی یه‌مه‌ن له‌ به‌گه‌وره‌گرتنی مزگه‌وتی سه‌نعادا زیاد ڕه‌وی ئه‌كه‌ن، ئه‌وكاته‌ی تێكچوونی توند له‌ نێوانیاندا ڕووئه‌دات سوێند له‌ نه‌یاری یه‌كتر وه‌رناگرن ته‌نها له‌ پاڵ مه‌سموره‌و مه‌نقوره‌دا نه‌بێ، واته‌ له‌و مزگه‌وته‌دا كه پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم)سیفات و سنووره‌كانی دیاری كردووه‌.

دووه‌م:‌ هه‌ر فراوان بوونێك ڕووی له‌ مزگه‌وته‌كه‌ كردبێ، كاری له‌ مزگه‌وته‌ كۆنه‌كه‌ نه‌كردووه‌، چونكه‌ فراوان كردنی مزگه‌وته‌كه‌ ته‌نها له‌لاى ڕاست و له‌لاى چه‌ب و پێشه‌وه‌یدا بووه‌ له‌ ناوه‌ندیشیاندا گۆڕه‌بانێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌یه‌كیان جیا ئه‌كاته‌وه‌ ئه‌مه‌ش ڕازی له‌ كتێبه‌كه‌یدا (تاریخ صنعاء ) هێناویه‌تی.

سێیه‌م: ئه‌مه‌ش هه‌ندێك وێنه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ن:

گۆڕه‌بانی مزگه‌وته‌كه‌ —مه‌سموره‌ ـ لای چه‌ب به‌رده‌كه‌ی له‌ فه‌رمووده‌كه‌دا باسكراوه‌—مزگه‌وتی سه‌نعا

میحرابی مزگه‌وته‌كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ ـ ناوه‌ندی مزگه‌وته‌كه‌ -مه‌نقوره‌ ـ لاى ڕاست

میحرابی مزگه‌وته‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ـ ڕووه‌و ضين—شاخی ضین

 

وێنه‌ی مزگه‌وتی حه‌رام له‌ پڕۆگرامی گوگل ئێرسدا-وێنه‌ی زه‌وی له پڕۆگرامی گوگل ئێرسدا پڕۆگرامی گوگل ئێرس(Google Earth)

به‌رنامه‌ی گوگل ئێرس كه‌ له‌ تۆڕی ئه‌نته‌رنێتدا هه‌یه‌، خزمه‌تێك به‌ هه‌موو به‌شداربووانی ئه‌و تۆڕه‌ بێشكه‌ش ده‌كات به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌توانن به‌هۆیه‌وه‌ بگه‌نه‌ زۆرێك له‌ جێگه‌كانی زه‌وی ـ وڵات یان شار یان لادێ ـ له‌گه‌ڵ دیاری كردنی جێگه‌و نزیك كردنه‌وه‌و ڕوونكردنه‌وه‌یاندا، ئه‌ویش له‌ ڕێی ئه‌و وێنانه‌وه‌ كه‌ له‌ سێ لاى دوورییه‌وه‌ له‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان و فڕۆكه‌كانه‌وه‌ گیراون، ئه‌وانه‌ش وێنه‌ی ڕاستی جێگه‌كانی سه‌ر ڕووی زه‌وین، به‌ پێی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ر بێگه‌ی به‌رنامه‌كه‌دا له‌ تۆڕی ئه‌نته‌رنێتدا هاتووه‌(12).

ڕێكخستنی فه‌رمووده‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)له‌سه‌ر پڕۆگرامی گوگل ئێرس(Google Earth).

یه‌كه‌م: پێشتر باسكرا كه‌ له‌ ڕێی به‌رنامه‌ی گوگل ئێرسه‌وه‌ ئه‌توانین زۆر لاو به‌شی فراوانی زه‌وی ببینین له‌گه‌ڵ دیاری كردنی هه‌ر به‌شێك و نزیك كردنه‌وه‌ی، پێغه‌مبه‌ری خواش(صلى الله عليه وسلم)له‌ فه‌رمووده‌كه‌یدا باس له‌ دوو جێگه‌ ئه‌كات و دیارییان ئه‌كات( مزگه‌وتی سه‌نعاو شاخی ضنین )، ئه‌م دوو جێگه‌یه‌ش له‌و شوێنانه‌ن كه‌ له‌ به‌رنامه‌ی گوگل ئێرسدا هه‌ن و مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان دیارییان كردوون، ئه‌مه‌ش وێنه‌ی هه‌ردوو جێگه‌كه‌ن له‌ به‌رنامه‌ی گوگل ئێرسدا:

وێنه‌ی شاخی ضین له‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه

 وێنه‌ی مزگه‌وتی سه‌نعا له‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌

دووه‌م: ئه‌گه‌ر هێڵێكی ڕاست له‌ ناوه‌ندی مزگه‌وته‌كه‌وه‌ بكێشین ـ ئه‌و جێگه‌یه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) بۆ درووستكردنی مزگه‌وته‌كه‌ دیاری كردووه‌ ـ هه‌ر وه‌ك له‌م وێنه‌یدا ده‌رئه‌كه‌وێ:

پاشان ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ ڕێكی هێڵه‌كه‌مان درێژ كرده‌وه‌و به‌ لوتكه‌ی شاخی( ضین ) دا بردمان، هه‌روه‌ك له‌م وێنه‌یه‌دا ده‌رئه‌كه‌وێ:

پاشان ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام هێڵه‌كه‌مان له‌ شێوه‌ی یه‌ك هێڵدا درێژكرده‌وه‌ له‌ قیبله‌ی مزگه‌وتی سه‌نعاوه‌، ئه‌و قیبله‌یه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) وه‌سفی كردووه‌و ئێستا له‌ مزگه‌وته‌كه‌دا سنووردراوه‌ به‌هه‌ر دوو كۆڵه‌كه‌ی مه‌سموره‌و مه‌نقوره‌، پاشان هێڵه‌كه‌ به‌ لوتكه‌ی شاخی( ضین ) دا به‌رین و زیاتر درێژی بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌بینین هێڵه‌كه‌ ئه‌گات به‌ شاری مه‌ككه‌و پاشان له‌ دیواری كه‌عبه‌دا جێگیر ئه‌بێ له‌ نێوان به‌رده‌ ڕه‌شه‌كه‌و ڕوكندا(گۆشه‌ی كه‌عبه‌) سه‌یری ئه‌م وێنه‌یه‌ بكه‌:

له‌كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ هێڵه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌بینین

سه‌رئه‌نجام هێڵێكی ڕاسته‌وخۆ ده‌رئه‌چێ له‌ قیبله‌ی مزگه‌وته‌كه‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) فه‌رمانی به‌ درووستكردنی كرد به‌ لوتكه‌ی شاخی( ضین ) دا تێبه‌ڕ ئه‌بێت و به‌ ناوه‌ڕاستی كه‌عبه‌ی پیرۆز ئه‌گات.

ڕووی ئیعجاز له‌ فه‌رمووده‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ردا(صلى الله عليه وسلم)

مرۆڤ ناتوانێ له‌سه‌ر گۆی زه‌وی هێڵێكی ڕاسته‌وخۆ له‌ نێوان دوو شاری دوور له‌یه‌كتر بكێشێت، ته‌نها مه‌گه‌ر نه‌خشه‌ی وردی له‌به‌ر ده‌ستدابێت، نه‌خشه‌یه‌ك كه‌ به‌ فڕۆكه‌كان و مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان و ئامێره‌ فۆتۆگرافییه‌ ورده‌كان گیرابێتن، هه‌روه‌ها بێویست به‌ زانیاری هێڵه‌كانی درێژی و بانتایی گۆی زه‌وی ئه‌كات، له‌گه‌ڵ زانینی به‌رزی شاره‌كان له‌ ئاستی ڕووی ده‌ریاوه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ته‌نها له‌ دوای 14 سه‌ده‌ له‌ ناردنی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)كه‌وتنه‌ به‌رده‌ست مرۆڤ، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) 1400 ساڵه به‌بێ نه‌خشه‌ توانیویه‌تی هێڵێكی راست له‌ نێوان مزگه‌وتی سه‌نعاو شاخی( ضین ) و كه‌عبه‌دا بكێشێت ئه‌و كاته‌ی فه‌رمانی به‌ درووستكردنی مزگه‌وتی سه‌نعا له‌ یه‌مه‌ن كردو سیفاته‌كانی هێڵێكی ڕاسته‌وخۆ له‌ مزگه‌وتی سه‌نعاوه‌ به‌ لوتكه‌ی شاخی ضين دا تێبه‌ڕ ئه‌بێت و به‌ ناوه‌ڕاستی كه‌عبه‌ى پیرۆز ئه‌گات مزگه‌وته‌كه‌ی دیاری كرد.

به‌ڵێ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) شوێن و جێگه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ی دیاری كرد كاتێك فه‌رمووی: (فمر ببناء المسجد لهم في بستان باذان من الصخرة التي في أصل غمدان)

واته‌: ئه‌وه‌ فه‌رمان به‌ درووستكردنی مزگه‌وتێك بكه‌ له‌ بێستانی بازاندا بۆیان، له‌و به‌رده‌ش درووستی بكه‌ كه‌ له‌ كۆشكی غه‌مه‌داندایه‌، هه‌روه‌ها بۆ وه‌به‌رى یوحنه‌سی نووسی: (يبني حائط باذان مسجداً ويجعله من الصخرة إلى موضع جدره ) واته‌: له‌ بێستانی بازاندا مزگه‌وت درووست بكات، له‌و به‌رده‌ش‌ لێواری پشته‌وه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ هه‌ڵچنێ.

هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) گۆشه‌ی لاری مزگه‌وتی سه‌نعای له‌ هه‌ردوو شاخی( ضین ) و كه‌عبه‌ی پیرۆزوه‌ دیاری كرد كاتێك فه‌رمووی: ( فأجعله عن يمين جبل يقال له ضين ) واته‌: ئه‌وه‌ به‌ لای ڕاستی شاخێكه‌وه‌ درووستی بكه‌ پێی ئه‌وترێ شاخی ـ ضين ـ .

پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ئاڕاسته‌ی كه‌عبه‌شی بۆ خه‌ڵكی سه‌نعای كۆن به‌ وردی دیاری كرد، كاتێك نیشانه‌یه‌كی دیارو ئاشكرای بۆ به‌كارهێنان ئه‌ویش شاخی( ضین ) بوو.

كاتێكیش سه‌رده‌می فڕۆكه‌كان و مووشه‌كه‌كان و مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان هاتنه‌ پێشه‌وه‌، شاره‌كان و شاخه‌كان و ده‌ریاكانیان وێنه‌گرت، وێنه‌یه‌كی ڕاستیان بۆ هه‌ر سێ جێگه‌كه‌ ـ مزگه‌وتی سه‌نعاو شاخی( ضین ) و كه‌عبه‌ ـ كه‌ پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ڕوونی كردبووه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد، ئه‌بینین هه‌ر سێ جێگه‌كه‌ ئه‌كه‌ونه‌ سه‌ر یه‌ك هێڵی ڕاست ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای دووری ماوه‌و خڕی زه‌وی و نه‌بوونی مه‌رجه‌كان و هۆكاره‌ زانستییه‌كان له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم).

هه‌موو ئه‌وه‌ش كه‌ باسكرا پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم)به‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ئاسان و نیشانه‌یه‌كی ئاشكراو دیار ده‌ری بڕیوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی وردو ته‌واو دیاری كردووه‌.

له‌كاتێكدا پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)نه‌ یه‌مه‌ن و نه‌ شاخی( ضین ) و نه‌ بێستانی بازان و نه‌ به‌رده‌كه‌ی نه‌بینیووه‌، هیچ كه‌سێكیش له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا ماوه‌ی دوورى نێوان مه‌ككه‌و سه‌نعای نه‌زانیوه‌.

هه‌موو ئه‌مه‌ی له‌ پێشه‌وه‌ باسكرا به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر فه‌رمووده‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم)، چونكه‌ ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ له‌ توانای هیچ مرۆڤێكی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا نه‌بووه‌ ته‌نانه‌ت له‌دوای سه‌رده‌می خۆشی به‌چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی درێژ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ نیگاو زانستی خواییه‌، په‌روه‌ردگاریشمان ئه‌فه‌رموێ: ( وما ينطق عن الهوى إن هو إلا وحيٌ يوحى ) واته‌: پێغه‌مبه‌ر به‌ حه‌زو ئاره‌زوو قسه‌ ناكات به‌ڵكو قسه‌كردنی ته‌نها نیگایه‌و له‌ خوای گه‌وره‌وه‌ به‌ نیگا بۆی دێت.

ئه‌توانین ئه‌م فیلمه‌ زانستییه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌ دابگری.

فبلميكى تر

سه‌رچاوه‌كان

1. سوره‌ البقره‌ آیه‌ ـ 144.

2. عن علي بن أبي طالب رضي الله عنه (فول وجهك شطر المسجد الحرام )قال شطره قبله وهو قول أبي العالية ومجاهد وعكرمة وسعيد بن جبير وقتادة والربيع بن أنس وغيرهم.. (تفسير ابن كثير).

3 . صحيح البخاري ج 1/ص 155.

4. فتح القدير ج1/ص 153.

5. رواه البيهقي في شعب الإيمان 6/187 رقم (7860) .

6 ـ كاتێك خه‌ڵكی یه‌مه‌ن موعجیزه‌ی ڕاستگۆیی پێغه‌مبه‌ریان(صلی الله علیه و سلم) بۆ ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش كاتێك بازانی والی فارسه‌كان له‌ یه‌مه‌ن دوو بیاوی نارد هه‌تا پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه و سلم) ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ تا بۆ لای كیسرای فارس بچێت، بۆ به‌یانی ئه‌و شه‌وه‌ی نوێنه‌ره‌كان گه‌یشتن پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه و سلم) به‌ هه‌ردوو نێرراوه‌كه‌ی بازانی فه‌رموو: ئه‌مشه‌و خوای گه‌وره‌ كیسرای كوشتووه‌، كاتێكیش ئه‌و هه‌واڵه‌یان برده‌وه‌ بۆ بازان و دواتر ڕاستی هه‌واڵه‌كه‌شیان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ له‌و شه‌وه‌دا كیسرا كوژراوه‌، هه‌موو فارسه‌كانی ژێر ده‌ستی بازان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی یه‌مه‌ن به‌ یه‌كجارو كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ هاتنه‌ ناو ئیسلامه‌وه‌.

7. سه‌یری كتێبی( تاريخ صنعاء) للحافظ الرازي بكه‌.

8. المعجم الأوسط ج1 /253 رقم (831).

9. مجمع الزوائد ج: 2 ص :12.

10. الإصابة ج: 6ـ ص 599.

11. (الحافظ المحدث أحمد بن عبد الله بن محمد الرازي ) هه‌ندێك دانراوی هه‌یه‌ له‌وانه‌(تاریخ صنعاء ) له‌ ساڵی 460 كۆچیدا وه‌فاتی كردووه‌.

12. بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر بڕۆگرامه‌كه‌ ئه‌توانیت بۆ بێگه‌كه‌یان بگه‌ڕێیته‌وه‌.( earth.google.com).

ئه‌م باسه‌ له‌ كۆنگره‌ی ئیعجازی زانستی له‌ قورئان و سوننه‌تدا ئه‌مساڵ له‌ كوه‌یت بێشكه‌شكراوه‌، وێنه‌كانیش له‌ گۆڤاری(الاعجاز) ی تایبه‌ت به‌ ( الهيئة العالمية للاعجاز العلمي في القرآن و السنة ) وه‌رگیراوه‌.

سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕان

http://quran-m.com/container2.php?fun=artview&id=330

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top