كۆنگرەی (بەرگری لە قورئان)
كۆنگرەی (بەرگری لە قورئان)
ئامادەكردنی راپۆرت: د. دیاری ئهحمهد ئیسماعیل diaryismaeil@yahoo.com
سەرەتا: ڕۆژانی پێنج شەممەو هەینی (26- 27/ محرم/ 1433ك) بەرامبەر (22- 23/ 12/ 2011ز) هۆڵی بۆنەكانی ئۆتێل (مەم و زین) لە شاری سلێمانی ڕوداوێكی گرنگی بە خۆوە بینی، ئەویش بەستنی كۆنگرەی (بەرگری لە قورئان) لە لایەن (سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكری) بە هاوكاری (پەیمانگای جیهانی فیكری ئیسلامی).. كە نزیكەی (200) كەسایەتی ئیسلامی لە زانایان و ڕۆشنبیران و توێژەران و سیاسەتمەداران و كەسایەتی ڕاگەیاندن، لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان تیایدا بەشدار بوون.
دەستپێكی كۆبوونەوەكان بە ئاهەنگی كردنەوەی كۆنگرە دەستی پێكرد، سەرەتا چەند ئایەتێكی قورئانی پیرۆز لە لایەن بەڕێز (م.میهرەبان حەمە سەعید) خوێندرایەوە، پاشان لە لایەن بەڕێز (هاوژین عومەر) ئەندامی سەنتەرو بەڕێوەبەری ئاهەنگەكە بەخێر هاتنی ئامادەبووان كرا.. پاشان لە لایەن بەڕێز (د. صباح محمد بەرزنجی) سەرۆكی سەنتەر وتەی (سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكری) پێشكەش كرا، تیایدا وێڕای سوپاس كردنی ئامادەبووان و بەخێرهێنانیان بە كورتی تیشكی خستە سەر مێژوو و كاری سەنتەرو هۆكاری بەستنی ئەم كۆنگرەیە.. بە دوایدا بەڕێز (د. رائد جمیل عكاشە) كە لە ئوردنەوە بە نوێنەرایەتی (پەیمانگای جیهانی فیكری ئیسلامی) هاتبوو وتەیەكی بەپێزی پێشكەش كرد، تیایدا سڵاوو دەستخۆشی بەڕێز (پ. د. عبدالحمید أبوسلیمان) سەرۆكی پەیمانگای بە ئامادەبووان گەیاندو باسی گرنگی كاری بە كۆمەڵ و بوونی ئازادی گفتوگۆكردنی لە كۆنگرەكاندا كرد، و داڕشتنی پڕۆگرامێكی زانستی سەردەمانە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ قورئان و داڕشتنی بیردۆزەكان لە هەموو بوارەكاندا كە بنەما فەلسەفی و مەعریفیەكانی لە قورئانەوە هەڵێنجێت..
پاشان بەڕێز (م. كامل حاجی علی) وەزیری ئەوقافی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد، تێیدا وێڕای سوپاس و دەستخۆشی لە ئامادەكارانی كۆنگرە باسی گرنگی بوونی كەسانی زانا و تێگەیشتووی كرد بۆ پەرچدانەوەی ئەوانەی بە نیازی خراپی خۆیان دەیانەوێت هێرش بكەنە سەر قورئان و بنەماكانی ئیسلام..
پاشان بەڕێز (د. بشیر خلیل حداد) سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی پەرلەمانی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد، تێیدا پیرۆزبایی و دەستخۆشی لیژنەی ئەوقافی ئاڕاستەی كۆنگرە كردو باسی گرنگی بەستنی ئەم جۆرە كۆنگرانەی بۆ ڕەوانەوەی هەر تەمومژێك دەربارەی تێگەیشتنی هەڵە بەرامبەر دەقە قورئانییەكان كرد، و هیوادار بوو كۆنگرە بگاتە ئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ و گونجاو.
بە دوایدا گرتە ڤیدیۆییەك پێشكەش كرا كە بەڕێز (پ.د. مصطفی ابراهیم زەڵمی) زانای ناوداری كورد بە تایبەتی بۆ كۆنگرەی ناردبوو، وێڕای پۆزش هێنانەوە بۆ ئامادەنەبوونی بە هۆی نەخۆشییەوە، چەند خاڵێكی گرنگی دەربارەی چۆنێتی سوود وەرگرتن لە (كلیات)ی قورئان و چۆنێتی وەڵام دانەوەی نەیارانی قورئان باسكرد..
دوای ئەوانیش وتەیەكی بەنرخ لە لایەن زانای پایەبەرزی كورد (پ.د.محسن عبدالحمید) پێشكەش كرا، تیایدا چەند یادگارییەكی خۆی كاتێك لە چلەكانی سەدەی پێشوودا لە سلێمانی ژیاوە باسكرد، و باسی گرنگی قورئانی لە ژیانی خۆیدا كرد بۆ بەرگری لێی و بانگەوازكردن پێی.
هەروەها لە لایەن بەڕێز (د. محمود الصمیدعی) وتەی دیوانی وەقفی سوننی پێشكەش كرا، تیایدا وێڕای دەستخۆشی لە سەنتەری زەهاوی، ئاماژەی بەوەشدا كە تاكە ڕێگە بۆ ڕزگاربوونی گەلانی عێراق لە ژێردەستی و پەرتەوازەیی دەستگرتنە بە قورئانەوە.
دانیشتنی زانستی یەكەم: كاتژمێر (11:30)ی بەیانی دەستی پێكرد، كە ماوەی (2) كاتژمێری خایاندو لە لایەن بەڕێز (د. هادی علی) كەسایەتی ناسراوی ئیسلامی سەرۆكایەتی كرا، تیایدا (3) توێژینەوە پێشكەش كرا:
– (القرأن شريعة كونية وكنز للعلوم يهدي الي أبحاث جديدة): لە لایەن بەڕێز (د. محمد جمیل الحبال)، توێژەری ناسراو و ئەندامی (ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەت)، كە لە شاری دەممامی عەرەبستانی سعودییەوە هاتبوو.
– (ئیعجازی زانستی لەنێوان وەرگرتنو رەتكردنەوەیدا): لە لایەن بەڕێز (د. كاوە فرج سعدون)، توێژەر لە ئیعجازی زانستیدا.
– (الوحي، طبيعته، أنواعه، والرد علي الشبهات المثارة حوله): لە لایەن بەڕێز (د. جمیل علی سورچی)، مامۆستا لە زانكۆی صلاح الدین.
دانیشتنی زانستی دووەم: كاتژمێر (3:00)ی پاش نیوەڕۆ دەستی پێكرد، ماوەی (2) كاتژمێر و (10) خولەكی خایاندو لە لایەن بەڕێز (د. محمد نوری بازیانی) سەرۆكی ناوەندی (هدی) بۆ لێكۆڵینەوەی فیكری سەرۆكایەتی كرا.. تیایدا (3) توێژینەوە پێشكەش كرا:
سەرەتا گرتە ڤیدیۆییەك كە لە لایەن كەسایەتی ناسراوی جیهانی ئیسلامی بەڕێز (پ.د. طه جابر عهلواني)ەوە كە بە تایبەت لە شاری قاهیرەی مصرەوە بۆ كۆنگرەی ناردبوو نیشان درا.. تێیدا باسی نەیارانی قورئان و نیگای كردو ئاماژەی بەوانە كرد كە باس لە مێژوویەتی دەق دەكەن بۆ لێدانی قورئان، لە میانەی وتەكانیشیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی زانایانی كورد لە دروستكردنی ژیاری ئیسلامیدا كرد، پاشان توێژینەوەكان پێشكەش كران:
– (ڕاستێتی بانگەشەی شێواندنی قورئان): لە لایەن بەڕێز (د. دیاری أحمد إسماعیل)، ئەندامی (ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا).
– (زانستەكانی قورئانی پیرۆزو مێژووییەتی دەق): لە لایەن بەڕێز (م. محمد حەمەمیرزا)، نوسەری ئیسلامی.
– (المستشرقون وافتراءاتهم علی الإسلام): لە لایەن بەڕێز (د. محمد زەكی بەرواری)، مامۆستا لە زانكۆی دهۆك.
دانیشتنی زانستی سێیەم: ڕۆژی دووەم كاتژمێر (9:00)ی بەیانی دەستی پێكرد، ماوەی (2) كاتژمێرو نیوی خایاندو لە لایەن بەڕێز (د. نوری عبدالرحمن ابراهیم)، سەرۆكی بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانكۆی زاخۆ سەرۆكایەتی كرا، تیایدا (5) توێژینەوە پێشكەش كرا:
– (بنچینەی شیعری جاهیلیو گومانی ڕەنگدانەوەی لە قورئاندا): لە لایەن بەڕێز (د.اسماعیل بەرزنجی)، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی.
– (الظاهرة القرأنية.. إعجاز ورسالة): لە لایەن بەڕێز (م. نشأة غەفور)، سەرۆكی (ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا).
– (ئاماژەكانی قورئان بۆ رەمسیسی دووەم وەك فیرعەونەكەی موسا): لە لایەن بەڕێز (م. فاضل قەرەداغی)، توێژەرو نوسەری ئیسلامی.
– (الإسرائيليات في التفسير. حكمها، أَثارها، موقف المفسرين منها) لە لایەن بەڕێز (د. محمد شاكر چاربوتی)، مامۆستا لە زانكۆی صلاح الدین.
– (نوسینەوەو كۆكردنەوەی قورئانی پیرۆزو گومانی ڕۆژهەڵاتناسان) لە لایەن بەڕێز (د.ئاراس محمد صالح)، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی.
دانیشتنی زانستی چوارەم: كاتژمێر (2:00)ی پاش نیوەڕۆ دەستی پێكرد، كە ماوەی (2 كاتژمێر و 10 خولەكی) خایاندو لە لایەن بەڕێز (م. فاروق رسول یحیی) جێگری سەرۆكی (ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا) سەرۆكایەتی كرا، تیایدا (4) توێژینەوە پێشكەش كرا:
– (أصول الفكر السیاسی فی الوحی لرد المتربصین بالإسلام من المستشرقین) لە لایەن بەڕێز (د.مصطفي جابر عهلواني)، مامۆستای زانكۆ لە شاری (صنعاء)، كە لە یەمەنەوە هاتبوو.
– (هەندێك لە نهێنییەكانی قورئان و ڕەخنەی ناحەزانی ئیسلام) لە لایەن بەڕێز (د. كریم أحمد داودی)، توێژەر و نوسەری ئیسلامی.
– (پوختەیەك دەربارەی دەستنوسە قورئانییەكان) لە لایەن بەڕێز (م. محمد علی قەرەداغی)، توێژەر و نوسەری ئیسلامی.
– (القرأن.. كيف نتلوه؟ وكيف نتدبره؟) لە لایەن بەڕێز
(م. محمد رشدی عبید)، نوسەری ئیسلامی.
شایانی باسە بۆ هەر توێژینەوەیەك سەرنجدەرێك (معقب)ێك ئامادەبوو، كە پێشتر توێژینەوەكەی دیراسە كردبوو، پاش پێشكەشكردنی توێژینەوەكان، سەرنجدەرەكان سەرنجەكانی خۆیانیان پێشكەش دەكرد، پاشانیش دەرگای وتووێژو پرسیار دەكرایەوە بۆ ئامادەبووان بۆ ڕەخنەگرتن و پرسیاركردن و دەربڕینی ڕای خۆیان.. ئەوەی تێبینی دەكرا ئامادەبووان تەفاعولیان لەگەڵ بابەتەكاندا كردبوو.. پاشانیش دەرفەت دەدرا بە توێژەرەكان وەڵامی ڕەخنە و پرسیارەكان بدەنەوە.
ئاهەنگی كۆتایی كۆنگرەكە: لە لایەن بەڕێز (د. دیاری أحمد) ئەندامی سەنتەری زەهاوی بەڕێوەچوو، تیایدا هەریەك لە بەڕێزان (د. صباح بەرزنجی) و (د. رائد عوكاشە) وتەی كۆتاییان تیا خوێندەوە.. هەروەها كۆپلە شیعرێكی بەپێز لە لایەن میوانی شاری موصل بەڕێز (شیخ ابراهیم المشهدانی) مامۆستای (القراءات العشر) خوێنرایەوە مایەی خۆشحاڵی هەمووان بوو.. دواتر بەیانی كۆتایی لە لایەن بەڕێز (م. حسین حمە صالح) ئەندامی سەنتەری زەهاوی خوێنرایەوە.. پاشانیش دیاری بەسەر توێژەرەكان و سەرۆك دانیشتنەكان و كەسایەتیە كاراكانی كۆنگرەو ئەو لایەنە فەرمیانەی كە ماددی و مەعنەوی هاوكاری كۆنگرەكەیان كردبوو پێشكەش كرا.
وێنەكانی كۆنگرەی بەرگری لە قورئان:
تێبینی ئەم بابەتە بە بێ وێنەكان لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە 24 دا بڵاوكراوەتەوە.