You Are Here: Home » بابەتەكانمان » كڕنووشبردن له‌ قورئان و سوننه‌تدا

كڕنووشبردن له‌ قورئان و سوننه‌تدا

كڕنووشبردن له‌ قورئان و سوننه‌تدا

ئاماده‌كردنی: ڕێبوار عبد الكریم

شه‌وڕه‌ويی به‌ پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان بریتی بوو له‌ یه‌كێك له‌ موعجیزه‌ گه‌وره‌كانی خوای گه‌وره‌ (سبحانه وتعالی) كه‌ پشتیوانی پێغه‌مبه‌ری(صلى الله عليه وسلم) پێكرد، هه‌ر له‌م شه‌وه‌دا بوو كه‌ په‌روه‌ردگار نوێژی له‌سه‌ر موسوڵمانان فه‌رزكرد، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا گرنگیی نوێژ ده‌رده‌خات كه‌ ته‌نها ئه‌ركێك‌و په‌رستشێكی موسوڵمانه‌ له‌ ئاسماندا فه‌رزكراوه‌‌و عباده‌ته‌كانی تر له‌سه‌ر زه‌وی فه‌رزكراون

یه‌كێك له‌ به‌شه‌ گرنگه‌كان (ڕوكنه‌كانی) نوێژ (سجده‌)یه‌ واته‌ كڕنووشبردنه‌.  له‌ قورئانی پیرۆزدا نزیكه‌ی (92)جار له‌میانه‌ی (32)سووره‌تدا باس له‌ كڕنووشبردن كراوه‌‌و نزیكه‌ی(15)شوێنیش هه‌یه‌ له‌ قورئاندا كڕنووشبردن تیایاندا فه‌رزه‌ كه‌ پێیان ده‌وترێت: (سجدات التلاوه‌)، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:

 (وَاسْجُدْ وَاقْتَرِبْ) العَلَق19

 وَاسْجُد: واته‌ كڕنووشببه‌، فه‌رمانه‌‌و فه‌رمانیش بۆ واجبه‌، كه‌واته‌ كڕنووشبردن واجبه‌، بۆچی كڕنووش ببه‌ین؟ تاكو (وَاقْتَرِبْ): له‌خوای گه‌وره‌ نزیكببینه‌وه‌، هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌ری ئازیزیشمان (صلى الله عليه وسلم) ده‌فه‌رموێت: (أَقْرَبُ مايكونُ العَبْدُ من رَبِّةِ وَ هُوَ ساجد) رواه مسلم، واته‌: نزیكترین كاتی به‌نده‌كان له‌خوداوه‌ له‌ كاتی كڕنووشبردندایه‌.

یه‌كێك له‌و كارتێكه‌رانه‌ی مرۆڤ ڕۆژانه‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌ بریتییه‌ له‌ بارگه‌ی كارۆموگناتیسی له‌ چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی جیاوازه‌وه‌ له‌و ژینگه‌یه‌ی تیایدا ده‌ژی، ئه‌و بارگانه‌ش كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر كۆئه‌ندامی ده‌ماری ناوه‌ندی (Central Nervous System ) ی مرۆڤ به‌ تایبه‌تی ناوچه‌ی پێشه‌وه‌ی مێشك، یان ناوچه‌وان، پێویسته‌ له‌شی مرۆڤ له‌و بارگانه‌ خاڵی ببێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌بنه‌ هۆی چه‌ندین ناڕه‌حه‌تی‌و ئێش‌و ئازار، وه‌ك: گرژبوونی شان و مل و ماسولكه‌كانی لاشه‌ به‌گشتی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكی په‌ناده‌بن بۆ ماده‌ هێور كه‌ره‌وه‌كان (المخدرات)‌و ده‌رمان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌ستان له‌سه‌ر مێشكیان، هه‌ندێك جاریش پێویستییان به‌ پزیشكی ده‌روونناسی‌و ده‌مارناسی ده‌بێت.

ئاسانترین ڕێگه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجامدراوه‌ بۆ ڕزگار بوون له‌و بارگانه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رمان به‌تایبه‌ت به‌شی پێشه‌وه‌ی بخه‌ینه‌ سه‌ر زه‌وه‌ی بۆ خاڵیبوونه‌وه‌ی ئه‌و بارگانه‌، هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ پێش(1432)ساڵ زیاتر فه‌رمانی پێ‌ كردوین كه‌ كڕنووشبه‌رین، هه‌روه‌ك ده‌فه‌رموێت:

 [خَرُّوا سُجَّدًا] السجدة‌15، واته‌: بكه‌ونه‌ سه‌ر زه‌وی بۆ كڕنووشبردن، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ پێشه‌وه‌ی سه‌رتان‌و لووتتان بخه‌نه‌ سه‌ر زه‌وی له‌ كاتی كڕنووشبردندا.

 ئێستا زانستی ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ كڕنووشبردن به‌خششێكی چه‌ند به‌نرخه‌ بۆ مرۆڤ، كه‌ ده‌یپارێزێت له‌و هه‌مووئه‌و نه‌خۆشی‌و ئێش‌و ئازارانه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ دووچاری ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ مایه‌ی ئارامیی دڵ‌و ده‌روونمان، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ كڕنووشبردن له‌سه‌ر حه‌وت ئه‌ندامه‌كه‌ (وه‌ك له‌ حاڵه‌تی سوجده‌دا) كاریگه‌ری گه‌وره‌ی باشی هه‌یه‌ له‌سه‌ر جومگه‌كانی بڕبڕه‌ی پشت‌و كرداری جووڵانی خوێن‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی خوێن بۆ دڵ له‌سه‌رجه‌م لاشه‌ی مرۆڤه‌وه‌، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ پاش زانینی ئه‌م هه‌موو سوود‌و بایه‌خ و گرنگییه‌ی له‌كڕنووشبردندا هه‌ن، له‌هه‌مان كاتدا سه‌لماندنی ڕاستیی‌و دروستی‌و گه‌وره‌یی هه‌موو فه‌رمووده‌كان‌و فه‌رمانه‌كانی خوا‌و پێغه‌مبه‌رمان بیرده‌خه‌نه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌و فه‌رموده‌یه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ری پایه‌ به‌رزمان فه‌رموویه‌تی:
[فَأَعِنِّي على نَفْسِكَ بِكَثْرَةِ السُّجُود] أخرجه مسلم، واته‌: پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)به‌و كه‌سه‌ی فه‌رموو كه‌ داوای كرد هاوه‌ڵی بێت له‌ رۆژی دواییدا: یارمه‌تی من بده‌ كه‌ ئه‌و داواكارییه‌ت بۆ جێ‌به‌جێ‌ بكه‌م به‌وه‌ی كه‌ له‌شت گوێڕایه‌ڵی خۆت بكه‌ ئه‌ویش به‌وه‌ی كڕنووش زۆر ببه‌ی بۆ په‌روه‌ردگار.

سه‌رچاوه‌كان:

ته‌فسیری (القرآن العظيم)ی ئیمام (إبن كثیر).

2-أیسر التفاسیر لكلام العلی الكبیر/ أبی بكر جابر الجزائری.

3-(منافع السجود) بابه‌تێكه‌ له‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ وه‌رگیراوه‌

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top