You Are Here: Home » زانستە مرۆییەكان » کۆمەڵناسی » كه‌فی ده‌ریا

كه‌فی ده‌ریا

كه‌فی ده‌ریا

نووسینی : عبدالدائم  الكحیل

وه‌رگێڕانی: كاوه‌ محمد

بۆ كه‌سێك، كه‌ یه‌كه‌مجار ده‌یبینێت ئه‌م دیارده‌یه‌ جوان و له‌هه‌مان كاتدا نامۆیه‌، كه‌فی ده‌ریا به‌ درێژیی ده‌یان كیلۆمه‌تر له‌سه‌ر ده‌ریاكه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌، با سه‌رنجی ئه‌م وێنه‌یه‌ بده‌ین..

 

ئه‌مه‌ وێنه‌ی كه‌فی ده‌ریایه‌، دیارده‌یه‌كی ئاڵۆزه،‌ كه‌ له‌ گشت ده‌ریاكاندا ڕووده‌دات به‌هۆی تێكه‌ڵبوونی زۆری ئه‌وه‌ی، كه‌ ئاو هه‌ڵیگرتووه‌ له‌ پاشماوه‌و ته‌نه‌ ئه‌ندامییه‌كان وخوێ‌ وڕووه‌كی مردوو وماسی شیبووه‌وه‌ … ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی درووستكردنی كه‌فێكی زۆر سووك، به‌ڵام زۆر جار بۆ مه‌ودای په‌نجا كیلۆمه‌تر درێژ ده‌بێته‌وه‌.

زانایان ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌وه‌ ده‌چوێنن: ئه‌گه‌ر كه‌مێك شیر بكه‌یته‌ ناو ئامێرێكی تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ (الخلاط) و به‌خێراییه‌كی زۆر تێكيبده‌یت، ئه‌وا كه‌فێك درووست ده‌بێت، كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی پێ‌ ناچێت به‌ هه‌وادا بڵاوده‌بێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ئامێره‌ به‌ خێراییه‌كی زۆرتر بخولێته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌ندازه‌ی ئه‌و كه‌فه‌ی دروست ده‌بێت زۆرتر و سووكتر ده‌بێت.

ڕاستییه‌ زانستییه‌كان له‌باره‌ی كه‌فی ده‌ریاوه‌ به‌م جۆره‌ن:

1- ئه‌و كه‌فه‌ درووست نابێت، ته‌نها له‌و كاتانه‌دا نه‌بێت، كه‌ به‌ هۆی گه‌رده‌لول یان لافاوی به‌هێزه‌وه‌ جوڵه‌یه‌كی خێرای ده‌ریا دروستده‌بێت، ئه‌م كه‌فه‌ش به‌رده‌وام له‌سه‌ر ڕووی ئاوه‌كه‌ درووست ده‌بێت.

2- كێشی ئه‌م كه‌فه‌ زۆر سووكه‌ و به‌ئاسانيی وه‌ك هه‌ڵم به‌ هه‌وادا بڵاوده‌بێته‌وه‌.

3- ئه‌ندازه‌یه‌كی كه‌م له‌ ئاو به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر كه‌ف دروست بكات، واته‌ كه‌ف هیچ كێشێك یان سودێكی نییه‌!

قورئانی پیرۆز, ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ ئایه‌تێكدا باسده‌كات و ده‌فه‌رموێت: (أَنْزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَسَالَتْ أَوْدِيَةٌ بِقَدَرِهَا فَاحْتَمَلَ السَّيْلُ زَبَدًا رَابِيًا وَمِمَّا يُوقِدُونَ عَلَيْهِ فِي النَّارِ ابْتِغَاءَ حِلْيَةٍ أَوْ مَتَاعٍ زَبَدٌ مِثْلُهُ كَذَلِكَ يَضْرِبُ اللَّهُ الْحَقَّ وَالْبَاطِلَ فَأَمَّا الزَّبَدُ فَيَذْهَبُ جُفَاءً وَأَمَّا مَا يَنْفَعُ النَّاسَ فَيَمْكُثُ فِي الْأَرْضِ كَذَلِكَ يَضْرِبُ اللَّهُ الْأَمْثَالَ) [الرعد: 17]

ئه‌گه‌ر به‌ وورديی سه‌رنجبده‌ین، ده‌بینین ڕاستییه‌ زانستییه‌كان ته‌واو وه‌ك ئه‌وه‌ن، كه‌ له‌ ئایه‌ته‌كه‌دا باسكراوه‌، ئه‌ویش به‌مجۆره‌:

یه‌كه‌م: كه‌ف، به‌هۆی جوڵه‌ی خێرا و توندی  لافاوی ناو دۆڵه‌كانه‌وه‌ دروستده‌بێت، هه‌رواش ئایه‌ته‌كه‌ باسی شێوه‌ی درووستبونی كه‌ف ده‌كات به‌هۆی جوڵه‌ی خێرای ئاوه‌وه‌، (فَسَالَتْ أَوْدِيَةٌ بِقَدَرِهَا فَاحْتَمَلَ السَّيْلُ زَبَدًا رَابِيًا له‌گه‌ڵمدا سه‌رنجی  وشه‌ی (رَابِيًا) بده‌ن كه‌ له‌ كرداری (ربی یربو) ه‌وه‌  هاتووه،‌ واته‌ گه‌وره‌ بوو.له‌ ڕاستیدا زانایان ده‌ڵێن ئه‌و كه‌فه‌ پڕه‌ له‌ هه‌وا و ئه‌ندازه‌یه‌كی كه‌م له‌ ئاو به‌سه‌ بۆدروستكردنی ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌ف.

دووه‌م: ئایه‌ته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌ یاسایه‌كی فیزیایی ده‌دات، كه‌ لای زانایان ناسراوه‌، ئه‌ویش یاسای چڕ بوونه‌وه‌یه‌، به‌جۆرێك ته‌نه‌ قورسه‌كان به‌هۆی هێزی كێشكردنی زه‌ویيه‌وه‌، ده‌نیشن و ده‌چنه‌ ژێره‌وه‌، به‌ڵام ته‌نه‌ سووكه‌كان سه‌رده‌كه‌ون، ده‌توانرێت ئه‌م كرداره‌ خێرا بكرێت به‌ به‌كارهێنانی گه‌رمی. هه‌ربۆیه‌ كارگه‌كانی تواندنه‌وه‌، ئاسنی خاو ده‌توێننه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی پاككردنه‌وه‌ی له‌ هه‌موو خڵته‌ و پیسییه‌ك، ئه‌مه‌ش دوای به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی بۆ ئاستێكی دیاریكراو، خڵته‌و پیسییه‌كه‌ به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و كه‌ف درووست ده‌كات و له‌ ده‌رچه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌رده‌چێت، به‌ڵام ئاسنه‌ پاكه‌كه‌ له‌ ژێره‌وه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ و ده‌نیشێت، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیيه‌ به‌سه‌ر هه‌موو مادده‌كانی سروشتدا  جێبه‌جێ ده‌بێت.

قورئانی پیرۆز باس له‌م كرداره‌ ده‌كات، وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَمِمَّا يُوقِدُونَ عَلَيْهِ فِي النَّارِ ابْتِغَاءَ حِلْيَةٍ أَوْ مَتَاعٍ زَبَدٌ مِثْلُهُ)، ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكه‌ین له‌ نێوان ئه‌و كه‌فه‌ی كه‌ به‌هۆی ڕوبار و لافاوه‌وه‌ درووست ده‌بێت و ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ كارگه‌كانی ئاسنی خاودا درووست ده‌بێت. سه‌رنج ده‌ده‌ین كه‌ هه‌مان كردار له‌ هه‌ردوو باره‌كه‌دا ڕووده‌دات! كه‌ ئه‌مه‌ش پێناسه‌یه‌كی زۆر ورده،‌ كه‌ قورئان كردویه‌تی و هه‌رگیز ناگونجێت له‌لایه‌ن كه‌سێكی نه‌خوێنده‌واره‌وه‌ بكرێت، كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕوبارو لافاو نه‌كردبێت و زانیاری له‌باره‌ی ڕێگاكانی پیشه‌سازی ئاسن یان ئالتونه‌وه‌ نه‌بێت.

سێهه‌م: له‌ باره‌ی  (فَأَمَّا الزَّبَدُ فَيَذْهَبُ جُفَاءً ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ڕۆیشتنی كه‌ف بده‌ین، ده‌بینین، كه‌ زانایان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ته‌نها به‌ هه‌ڵكردنی شنه‌ بایه‌ك به‌سه‌ریدا، ئه‌وا كه‌فه‌كه‌ ده‌ڕوات و بڵاو و وشك ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بریتییه‌ له‌ كه‌فێكی سوك و بڵقی هه‌وا! واته‌ ده‌ربڕینه‌ قورئانییه‌كه‌ له‌ ڕووی زانستیيه‌وه‌ ده‌ربڕینێكی زۆر ورده‌.

 

كه‌فی ده‌ریا و تاوان:

پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌مان (صلی الله علیه‌ و سلم) چواندنێكی زانستی وردی به‌كارهێناوه‌ كاتێك تاوانی زۆری به‌ كه‌ف چواندووه‌، وه‌ك فه‌رمویه‌تی (من قال “سبحان الله وبحمده” مئة مرة حُطّت عنه خطاياه ولو كانت مثل زبد البحر)! (هه‌ركه‌س سه‌د جار بڵێت “سبحان الله وبحمده‌” له‌ گوناهه‌كانی پاكده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وه‌ك كه‌فی ده‌ریاش بێت)! هه‌روه‌ها فه‌رمووده‌ی زۆر هه‌یه،‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌ وسلم) ئه‌و چواندنه‌ی به‌كارهێناوه‌ بۆ ده‌ربڕینی تاوانی زۆر وپاكبوونه‌وه‌ لێیان. پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه‌ وسلم) ئه‌وه‌ی به‌كارهێناوه‌ تا په‌یامێكمان بداتێ‌، كه‌ هه‌رچه‌ند تاوان و گوناهه‌كان زۆر وگه‌وره‌بن، ئه‌وا یادی خوا و كاره‌چاكه‌كان به‌ئاسانی ئه‌و تاوانانه‌ پاكده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ك چۆن كه‌فی ده‌ریا به‌ ئاسانیی له‌ناوده‌چێت!

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top