قەدەخانەكانو هەڵوێستی زانایانی فقهی ئیسلامیی
قەدەخانەكانو هەڵوێستی زانایانی فقهی ئیسلامیی
قەدەخانەكان (الخلایا الجزعیە)چین؟
قەدەخانەكان كۆمەڵێك خانەی سەرەتایین، كە كۆرپەلەیان لێدروست دەبێت، بەو واتایەی گشت خانەو شانەكانی جەستەی كۆرپەلەی لێوەپەیدا دەبێت. بۆیە زانینی كاری ئەم خانانەو چۆنییەتی كاركردنو تایبەتمەندییو گۆڕانی هەر یەكێكیان بەفەرمانی پەروەردگاری بۆ خانەكانی دڵو پێستو مێشك، یان خانەكانی خوێنو گورچیلەو… هتد، بۆ زانینی چۆنیەتیی پێكهاتنی كۆرپەلەی مرۆڤو زانینی چەندین نهێنی ئەم پێكهاتنە، زۆر گرنگە.
هەر لێرەشەوە دەتوانین، لە شێوازی گۆڕانوگەشەی ئەم دروستكراوە تێبگەین، هەروەها بۆ مەبەستی چارەسەركردنی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی هەندێك جۆرەكانی ناتەواویی لەشولارو دەرچوون لە شێوەی ئاسایی كۆرپەلە(شذوذ الخلقیە)، بەهەمانشێوە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییە سامناكەكانی وەك نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرسو دڵو جۆرەكانی شێرپەنجەو چەندین جۆر لە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی مێشك و دەمار، كەتائێستا چارەسەری سەركەوتوویان بۆ نەدۆزراوەتەوە، وەك نەخۆشییەكانی ئیفلیجیو باركنسۆن…هتد.
بۆیە شتێكی سروشتییە، كە چەندین جۆر بەكارهێانی پزیشكیی داهاتویی قەدەخانەكان هەیەو دەستكراوە بە تاقیكردنەوە لە چەند بوارێكدا دەستی پێكردووەو هەندێكی سەركەوتنی بەدەستهێناوە.
قەدەخانەكان لە كۆرپەلەی تازەدا پێكدێت، كە تەمەنی 4-6 ڕۆژە، پاش كرداری پیتاندن، لە قۆناغی دروستبوونی بلاستولادا، كە بلاستولا دوو جۆر خانەی هەیە:
1- كۆمەڵێك خانەی دەرەكیی: كە بە فەرمانی خوای گەورە وێلاشو ئەو پەردانەی منداڵ بە منداڵدانەوە دەبەستنەوە، پێكدەهێنن.
2- كۆمەڵێك خانەی ناوەكیی: ئەم كۆمەڵە خانانەن، كە خوای گەورە هەموو خانەكانی لەشی كۆرپەلەی لێ دروستدەكاتو بە قەدەخانەكان ناسراون.
لەگەڵ تایبەتمەندیی هەریەك لەم خانانەی لە كۆمەڵەی ناوەكیدانو بەرەوپێشچوونی تەمەنی كۆرپەلە، قەدەخانەكان دەست بەكەمبوونەوە دەكەن. بەڵام بە تەواویی لەناوناچنو لە كۆپەلەو منداڵ دوای لەدایكبوونو هەرزەكارییو لە مرۆڤی پێگەشتوودا هەنو بەپێی بەرەوپێشچوونی تەمەنی كۆرپەلەو منداڵو مرۆڤی پَگەشتوو، وردە وردە كەمدەبنەوە. بۆ نموونە لە مرۆڤی پێگەشتوودا، لەهەر سەدەهەزار خانەیەكی خوێندا، قەدەخانەیەك هەیە، هەروەها لە مۆخی ئیسقاندا لەكۆی هەر دەهەزار خانەیەك، قەدەخانەیەك هەیە.
لە ساڵی 2003دا، كۆڕی زانایانی فیقهی ئیسلامیی سەر بە پەیوەندیی جیهانیی ئیسلامیی، لە بیستوحەوتەمین خولی كارەكانی خۆی لە شاری مەككەی پیرۆز، بڕیارێكیان سەبارەت بە قەدەخانەكان خستەڕوو، تیایدا هاتووە:
دەوانرێت، قەدەخانە لە چەندین سەرچاوەوە بەدەستبهێنرێت، لەوانە:
1- كۆرپەلەی تازە، كە لەقۆناغی بلاستولادایە، ئەو پیتاندنە زۆرانەی پرۆژەی منداڵی بۆری(اطفال الانابیب) بە سەرچاوەی سەرەكیی دادەنرێن. هەروەها دەشێت پیتاندن بۆ هێلكەی ئافرەتێكی خۆبەخشو تۆووی پیاوێكی خۆبەخش بكرێتو پەروەردەبكرێت تادەگەتە قۆناغی بلاستولا. پاشان قەدەخانەكانی لێ دەربهێنرێت.
2- كۆرپەلەی لەبارچوو، لەیەكێك لە قۆناغەكانی سكپڕیدا.
3- وێڵاش، یان ناوكەپەتك.
4- منداڵو مرۆڤی پێگەشتوو.
5- كۆپیكردن بەمەبەستی چارەسەر: خانەیەكی جەستەی مرۆڤێكی پێگەشتوو وەردەگیرێتو ناوكەخانەكەی لێدەردەهێنرێت، پاشان لەگەڵ هێلكەیەكی ناوك لێدەرهێنراو تیًكەڵدەكرێت، بەمەبەستی گەشتن بە قۆناغی بلاستولا، پاشان دەستكەوتنی قەدەخانە لێوەی.
هەروەها پاش گوێگرتن لەو لێكۆڵینەوانەی لەبارەی ئەم بابەتەوە پێشكەشكرانو بۆچوونی ئەندامانو كەسانی پسپۆر لەو بوارەداو ناسینی ئەم جۆرە خانەیەو سەرچاوەو ڕێگاكانی سوودلێوەرگرتنی، ئەنجوومەنی فیقهی ئیسلامیی ئەم بڕیارانەی خوارەوەیاندا:
یەكەم: دەگونجێت قەدەخانەكان بەدەستبهێنرێنو بەكاربهێنرێن بۆ مەبەستی بەكارهێنانی لە چارەسەركردنو ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی ڕێگەپێدراو(مباح)، ئەگەر سەرچاوەی قەدەخانەكە ڕێگەپێدراو بوو، بۆ نموونە لەم سەرچاوانەی خوارەوەوە بوو:
1- كەسی پێگەشتوو ، ئەگەر خۆی ڕێگەیداو هیچ زیانێكی بۆی نەبوو.
2- منداڵ، كاتێك سەرپەرشتیاری ڕێگە بەوەبدەنو بۆ بەرژەوەندییەكی شەرعی بێتو هیچ زیانێكی تووشنەبێت
3- وێڵاش، یان ناوك، ئەمەش دوای ڕێگەپێدان لەلایەن دایكوباوكەكەوە.
4- ئەو كۆرپەلانەی لەخۆوە لەباردەچن، ئەمەش دوای ڕێگەپێدانی دایكوباوك.
5- پیتاندنە زیادەكانی پرۆژەی منداڵی بۆری، ئەگەر هەبوو، ئەمەش كاتێك دایكوباوكەكە دەیبەخشن، لەگەڵ دڵنیابوون لەوەی، كە لە سكپڕیی ناشەرعیدا (چاندنی لە ئافرەتێكی تردا بەمەبەستی دووگیان بوون) بەكارنەهێنرێت.
دووهەم: ڕێگە بە بەدەستهێنانو بەكارهێانی لە قەدەخانەكان نادرێت، ئەگەر سەرچاوەكەی قەدەغەكراو (حرام)بوو، بۆنموونە وەك یەكێك لەم سەرچاوانە:
1- ئەو كۆرپەلانەی بەدەست ئەنقەستو بێ بوونی هۆكارێكی پزیشكی لەباردەبرێنوشەرع ڕەوای دەدات.
2– پیتاندنی بە دەست ئەنقەست لە نێوان هێلكەو تۆوودا لەكەسانی خۆبەخشەوە.
3- كۆپیكردن بەمەبستی چارەسەر.
ئەم بڕیارە مێژووییە هەنگاوێكی زۆر گرنگە لە بواری لێكۆڵینەوە قەدەخانەكاندا، كە تەنانەت وڵاتە گەورەكانی وەك ئەمریكاش نەگەشتوونەتە ئەوها بڕیارێك. ئەم بڕیارە دەرگا بۆ زانایانی جیهانی ئیسلامیی دەخاتەسەرپشت، بۆ ڕۆشتن بەرەو لێكۆڵینەوەی زیاتر لە قەدەخانەكان. هەروەها كۆڕو دەستە فقهییەكان لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ هاندانی زانایانو توێژەوان لە بواری لێكۆڵینەوە نوێیەكانی بواری ئەندازەیی بۆماوەییو كۆپیكردنی قەدەخانەكانو ڕوونكردنەوەی ئەوەی گونجاوەو ئەوەی نەگونجاوە.
بەهەمان شێوە حكومەتە ئیسلامییەكان بانگهێشت دەكرێن بۆ مەبەستی هاندانی ئەم جۆرە لێكۆڵینەوە زانستییانە لەبەرڕۆشنایی ئەم جۆرە فەتواو بڕیارە پێشەنگانەدا.
و/ م. غەفور ئەحمەد عەبدولڕەحمان
سەرچاوە: گۆڤاری (إشراقە)