قورئان بەڵگەی پێغەمبەرایەتی موحەممەدە
قورئان بەڵگەی پێغەمبەرایەتی موحەممەدە درودی خوای لەسەر بێت (ئیعجازی قورئان):
خوای گەورە لە قورئاندا ڕایگەیاندووە كە قورئان بەڵگەی پێغەمبەرایەتی محمد پێغەمبەرە ، ئەویش ئەوكاتەی كە بێباوەڕەكان داوایان دەكرد خوا نیشانەیەك بۆ پێغەمبەر محمد بنێرێتە خوارەوە بەڵگە بێت لەسەر پێغەمبەرایەتییەكەی(وَقَالُوا لَوْلَا أُنزِلَ عَلَيْهِ آيَاتٌ مِّن رَّبِّهِ ۖقُلْ إِنَّمَا الْآيَاتُ عِندَ اللَّـهِ وَإِنَّمَا أَنَا نَذِيرٌ مُّبِينٌ ﴿٥٠﴾)العنكبوت: ٥٠
واتە : دەبوایە نیشانەگەلێكی لە پەروەردگاریەوە بۆ بهاتایە بەڵگە بێت لەسەر پێغەمبەرایەتییەكەی ، دیارە لێرەدا داوای نیشانەی بەرجەستەكراویان دەكرد لە جۆری ئەوەی بەسەر پێغەمبەرانی تردا دابەزیوە ، خوا لێرەدا بە پێغەمبەر دەفەرموێت پێیان بڵێ نیشانەكان لای خوایە و من تەنها ئاگاداركەرەوەیەكم و هیچم بەدەست نییە. دواتر خوا لە وەڵامی ئەو كەسانەی كە داوای بەڵگەی بەرجەستكراویان كردووە دەفەرموێت:
( أَوَلَمْ يَكْفِهِمْ أَنَّا أَنزَلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ يُتْلَىٰ عَلَيْهِمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَرَحْمَةً وَذِكْرَىٰ لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ)العنكبوت: ٥١
واتە : ئایا ئەوە بەس نییە بۆ ئەوان وەكو بەڵگە لە سەر پێغەمبەرایەتییەكەت كە ئەم كتێبەمانە بۆ ناردۆتە خوارەوە بەسەریاندا دەخوێنرێتەوە( واتە قورئان)؟
پێغەمبەریش درودی خوای لەسەر بێت لە فەرمودەیەكیدا كە بوخاری و موسلیم لە ئەبو هورەیرەوە ریوایەتیان كردووە دەفەرموێت: « مَا مِنَ الأَنْبِيَاءِ مِنْ نَبِىٍّ إِلاَّ قَدْ أُعْطِىَ مِنَ الآيَاتِ مَا مِثْلُهُ آمَنَ عَلَيْهِ الْبَشَرُ وَإِنَّمَا كَانَ الَّذِى أُوتِيتُ وَحْيًا أَوْحَى اللَّهُ إِلَىَّ فَأَرْجُو أَنْ أَكُونَ أَكْثَرَهُمْ تَابِعًا يَوْمَ الْقِيَامَةِ. (اللؤلؤ والمرجان فيما اتفق عليه الشيخان.ج1ص30 احديث رقم 93/ خرجه البخاري تحت باب فضائل القرآن/ باب نزول الوحي، ومسلم في باب وجوب الايمان برسالة نبينا محمد)
واتە لێرەدا خوا و پێغەمبەریش قورئانیان بەبەڵگەی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر داناوە ، بەڵام چۆن بەڵگەیە لەسەر پێغەمبەرایەتی محمد و لە چ ڕوویەكەوە ؟
لەوەڵامی پرسیاری یەكەمدا دەڵێین:
قورئان بەڵگەیە لەسەر پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر بەوەی كە كەس ناتوانێ كتێبێكی وەكو ئەم قورئانە دابنێت ، تەنانەت ئەگەر ئینس و جن كۆ ببنەوەو یارمەتی یەكتر بدەن ناتوانن ئاوها كتێبێك دابنێن:
( قُل لَّئِنِ اجْتَمَعَتِ الْإِنسُ وَالْجِنُّ عَلَىٰ أَن يَأْتُوا بِمِثْلِ هَـٰذَا الْقُرْآنِ لَا يَأْتُونَ بِمِثْلِهِ وَلَوْ كَانَ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ ظَهِيرًا) الإسراء: ٨٨
نەك ناتوانن كتێبێك وەكو هەموو قورئان دابنێن بەڵكو تەنانەت ناتوانن وەكو سورەتێكیشی دابنێن ، ئەوەتا خوا دەفەرموێت:
(وَإِن كُنتُمْ فِي رَيْبٍ مِّمَّا نَزَّلْنَا عَلَىٰ عَبْدِنَا فَأْتُوا بِسُورَةٍ مِّن مِّثْلِهِ وَادْعُوا شُهَدَاءَكُم مِّن دُونِ اللَّـهِ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ ﴿٢٣﴾ فَإِن لَّمْ تَفْعَلُوا وَلَن تَفْعَلُوا فَاتَّقُوا النَّارَ الَّتِي وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ ۖ أُعِدَّتْ لِلْكَافِرِينَ﴿٢٤﴾)البقرە: ٢٣ – ٢٤
واتە: ئەگەر گومانتان هەیە لەوەی ئەم قورئانە لەلایەن ئێمەوە دابەزیوە بەسەر بەندەكەماندا ( مەبەستی محمد پێغەمبەرە) ئەوا ئێوە وەكو سورەتێك لەسورەتەكانی ئەم قورئانە دابنێن هەرچی كەسیش هەیە بیهێنن جگە لە خوا گەر ئێوە ڕاست دەكەن ، ئەگەر ئەو كارەتان پێنەكرا ، كە پێشتان ناكرێت ، ئەوا خۆتان لە سزای ئاگر بپارێزن.
(أَمْ يَقُولُونَ افْتَرَاهُ ۖ قُلْ فَأْتُوا بِعَشْرِ سُوَرٍ مِّثْلِهِ مُفْتَرَيَاتٍ وَادْعُوا مَنِ اسْتَطَعْتُم مِّن دُونِ اللَّـهِ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ ﴿١٣﴾ فَإِلَّمْ يَسْتَجِيبُوا لَكُمْ فَاعْلَمُوا أَنَّمَا أُنزِلَ بِعِلْمِ اللَّـهِ وَأَن لَّا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ ۖ فَهَلْ أَنتُم مُّسْلِمُونَ ﴿١٤﴾) هود: ١٣ – ١٤
(وَمَا كَانَ هَـٰذَا الْقُرْآنُ أَن يُفْتَرَىٰ مِن دُونِ اللَّـهِ وَلَـٰكِن تَصْدِيقَ الَّذِي بَيْنَ يَدَيْهِ وَتَفْصِيلَ الْكِتَابِ لَا رَيْبَ فِيهِ مِن رَّبِّ الْعَالَمِينَ ﴿٣٧﴾ أَمْ يَقُولُونَ افْتَرَاهُ ۖ قُلْ فَأْتُوا بِسُورَةٍ مِّثْلِهِ وَادْعُوا مَنِ اسْتَطَعْتُم مِّن دُونِ اللَّـهِ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ ﴿٣٨﴾) یونس: ٣٧ – ٣٨
ئایەتی یەكەم داوای دە سورەتیان لێدەكات و ئایەتی دووەم داوای سورەتێكیان لێدەكات و پێشیان دەڵێ پشت بەهەركەسێك دەبەستن جگە لە خوا بیبەستن .
لە وەڵامی پرسیاری دووەمیشدا كە دەڵێت قورئان لە چ ڕوویەكەوە بەڵگەیە لەسەر پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر، یاچ لایەنێكێتی وای كردووە كەس نەتوانێت كتێبێكی لەو شێوەیە دابنێت ، یان چ لایەنێكی قورئانە كە تەحەددای ئینس و جننی پێكراوە ، بە واتایەكی تر ئیعجازی قورئان لە كوێیدایە ؟ دەڵێین :
لێرەدا جیاوازی هەیە لە بۆچوونی زانایاندا.
زۆربەی زانایانی كۆن دەڵێن ئیعجازی قورئان لە ڕووی ڕەوانبێژییەوەیەتی و كەس ناتوانێت كتێبێكی لەو جورە بەو ڕەوانبێژییە دابنێت ، هەندێكی كەمیش وەكو (الشریف المرتضی )ـی شیعی و النظام ی موعتەزیلی و ئەبو ئیسحاقی ئەسفرایینی سوننی دەڵێن نەتوانینی خەڵك لەبەر ئەوە نییە كە كەس ناتوانێت كتێبێكی وەكو قورئان دابنێت لە ڕووی ڕەوانبێژییەوە ، بەڵكو لەو ڕووەوەیە كە خوا ڕێگری لێكردوون یا ئەو نیازەی لەدڵ دەرهێناون كە بەرەنگاری قورئان بكەن ئەگینا گەر خوا لێبگەڕایە خەڵكی ئەو كارە بكەن دەكراو ئەو شتە لەتوانای مرۆڤدا هەیە ،ئەمەش بە عەرەبی پێی دەوترێت ( صورفە یا صەرفە ) !.
ئەم بۆچوونەش لەگەڵا ئەوەی كە هەڵەیەكی زۆر زەق و ڕوونە و واقیع بەدرۆی دەخاتەوە چونكە بەدرێژایی مێژووی قورئان خەڵكانێك هەوڵیان داوە ئەو كارە بكەن دوایی بۆیان دەركەوتووە كە لەتوانایاندا نییە ، چەندین دەلالەتی هەیە:
1. بێرێزییەكی گەورەیە بەرامبەر بە قورئان و نكۆڵی كردنە لە گەورەیی و تایبەتمەندییەكانی قورئان و جیا نەكردنەوەیەتی لە قسەی مرۆڤــ.
2. بەڵگەی خوانەناسینە لەلایەن ئەو كەسانەوە و جیاوازی نەخستنە لە نێوان قسەی خواو قسەی بەندەكانی یا توانای خواو توانای بەندەكانی، ئەگینا ئەگەر خواناسی ڕاستەقینە بوونایە و باوەڕیان بەوە هەبوایە كە ئەو قورئانە لەدابەزاندنی خوایەكی زانای دانای بەدەسەڵاتی خاوەن ئەو هەموو سیفەتە بەرزانەیە ئاوها قسەیەك بەدەمیاندا نەدەهات بەڵكو وەكو ئەوانە دەبوون كە خوا دەربارەیان دەفەرموێت :
(هُوَ الَّذِي أَنزَلَ عَلَيْكَ الْكِتَابَ مِنْهُ آيَاتٌ مُّحْكَمَاتٌ هُنَّ أُمُّ الْكِتَابِ وَأُخَرُ مُتَشَابِهَاتٌ ۖ فَأَمَّا الَّذِينَ فِي قُلُوبِهِمْ زَيْغٌ فَيَتَّبِعُونَ مَا تَشَابَهَ مِنْهُ ابْتِغَاءَ الْفِتْنَةِ وَابْتِغَاءَ تَأْوِيلِهِ ۗ وَمَا يَعْلَمُ تَأْوِيلَهُ إِلَّا اللَّـهُ ۗوَالرَّاسِخُونَ فِي الْعِلْمِ يَقُولُونَ آمَنَّا بِهِ كُلٌّ مِّنْ عِندِ رَبِّنَا ۗ وَمَا يَذَّكَّرُ إِلَّا أُولُو الْأَلْبَابِ ﴿٧﴾) أل عمران: ٧
3. بە درۆ خستنەوەی خوایە و نیسبەتدانی ستەم و ناڕەوایی و (عبث) ـە بۆ لای خوا چونكە خوا داوا دەكات و تەحەددا دەكات ، ئەم تەحەددا كردنەش مانای نامێنێت ئەگەر خوا ئەو توانایەی لە بەندەكانی سەندبێتەوە و تەحەددا كراوەكان ئازاد نەبن، و وەكو ئەوە وایە تۆ كەسێك بێنی بۆ زۆرانبازی و تەحەددای پاڵەوانانی دونیای پێبكەیت و لەولاشەوە ڕێگەی كەس نەدەیت بێتە مەیدان بۆی ، لەو كاتەدا شتەكە لە چەند ئەگەرێك بەدەر نییە : یا درۆ دەكەی ئەو كەسە پاڵەوان نییە بۆیە ڕێگری لە خەڵك دەكەیت بێنە مەیدان بۆی وەیا ئەوەیە تۆ كەسێكی ستەمكار و ناعادلی و نرخ بۆ قسەی خۆت دانانێی و گاڵتە بە خەڵكی دەكەیت !
4. ناشارەزایی و ڕۆنەچوونە لە قورئان و درك نەكردنە بەلایەنە گەورەكان و نهێنییەكانی قورئان لە ئەنجامی زۆر نەژیان لە گەڵیدا .
5. خاڵی چوارەمیش كە پەیوەندییەكی زۆری هەیە بەخاڵی سێیەمەوە یا ڕاستتر بڵێین خاڵی چوارەم پەیوەندی پێوەی هەیە ئەوەیە كە پێدەچێت ئەو جۆرە كەسانە لە ناخیاندا باوەڕیان وابێت قورئان لە لایەن خواوە نییە یا دەسكاری كراوە ، ئەمەش زیاتر بەسەر شیعەدا دەسەپێ.
6. دوا خاڵیش ئەوەیە كە وەكو باقلانی دەڵێت : ئەگەر شتەكە بەو شێوەیە بوایە كە ئەمان دەیڵێن ئەوكاتە پێویستی نەدەكرد خوا بایەخێكی زۆر بە ڕەوانبێژی قورئان بدات بەڵكو دەبوایە جیاوازی نەبوایە لە گەڵا قسەی خەڵكدا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خوا دەركەوتایە لەو ڕێگریكردنە لە هێنانەوەی كتێبێكی وەكو قورئان.
كەسێكی وەكو د. عبد الكریم سروش كاتێك ڕەخنە لەلایەنی ڕەوانبێژی قورئان دەگرێت یا لافی ئەوە لێدەدات كە قورئان بە لەفز دانەبەزیوەتە سەر پێغەمبەر بەڵكو بەمانا دابەزیوەو پێغەمبەر خۆی دایڕشتووە بەشێكی ئەو عەقیدەیە لە شیعەییەكەیەوە سەرچاوەی گرتووە كە قورئان دەسكاری كراوە ، یا كاتێك كەسێكی وەكو احمد القبانچی دێت و بەراورد لە نێوان قورئان و نهج البلاغەدا دەكات ئەگەر لەهەمان ئەو بیروباوەڕەوە سەرچاوەی نەگرتبێت لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە ؟ ئەو بیرو باوەڕەی والە مرۆڤ دەكات زۆربایەخ بەخوێندن و لێكۆڵینەوەی قورئان نەدات و قسەی كەسانی تری وەكو عەلی بەلاوە لە قورئان پێ ڕەوانتر بێت .