You Are Here: Home » زانستە مرۆییەكان » غەیبی و مێژوویی » عه‌باس كورِى فیرناس

عه‌باس كورِى فیرناس

ئه‌م زانایه‌ بناسه‌

عه‌باس كورِى فیرناس…..

ئامادەكردنی: مامۆستا جمال محمد أمین

دانای ئه‌نده‌لوس عه‌باس كوڕی فیرناس زانایه‌كی موسڵمانی فره‌ پسپۆريی بووه‌ له‌ ئه‌نده‌لوسی ئه‌وكاته‌، مه‌وسوعه‌یه‌كی زانستی بووه‌، زانابووه‌ له‌ گه‌ردوون و كیمیاو فیزیكداو له‌و بوارانه‌دا داهێنانی زۆری هه‌بووه‌ ،هه‌روه‌ها عه‌باس هۆنه‌رو فه‌یله‌سوفیش بووه‌و ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ قه‌ڵه‌می مه‌ره‌كه‌بی داهێناوه‌و یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ شووشه‌ی له‌ لم دروستكردووه‌و یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ گومه‌زی ئاسمانی دروستكردوه‌و وێنه‌ی هه‌ساره‌و خۆرو مانگ و ئه‌ستێره‌كانی له‌سه‌ر كێشاوه‌، گرنگی پێدان و سه‌ركه‌وتنی كوڕی فيرناس له‌و بواره‌ جیاوازانه‌ی زانست و ئه‌ده‌بدا وای لێكرد كه‌ ئه‌و ببێته‌ نمونه‌یه‌كی ناوازه‌ی ده‌گمه‌ن له‌ نێو زاناكانی سه‌رده‌می خۆیدا ، ئه‌وه‌ وای له‌ خه‌ڵك كردبوو كه‌ نازناوی حه‌كیمی ئه‌نده‌لوسی لێ‌ بنێن به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پێشوودا هه‌موویان ئه‌وه‌ی كه‌ زیاتر عه‌باس پێی ناسرابێت ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌و بوو بۆ فڕین كه‌ بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی خۆی وه‌ ئه‌و به‌ یه‌كه‌م كه‌س داده‌نرێت كه‌ فڕیبێت! بێگومان كوڕی فيرناس هه‌رواو به‌ خۆرایی بیری بۆ ئه‌و فڕینه‌ نه‌كردووه‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌و تۆژینه‌وه‌وه‌ بووه‌ له‌ بواره‌كانی زانستدا به‌ تایبه‌تی له‌ بواری گه‌ردوونی و فیزیاداو به‌رده‌وام بۆچوونه‌كانی خۆی ڕاڤه‌ ده‌كرد بۆ هاوه‌ڵه‌كانی له‌ یانه‌كانی ئه‌وكاته‌ی قورتوبه‌ تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌ مه‌ترسیداره‌ له‌ سه‌ر خۆی تاقیبكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ بۆ خۆی به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر چاوقایمی و ئازایه‌تی ئه‌و زانایه‌ هاوڕێ‌ له‌گه‌ڵ زیره‌كی و بلیمه‌تیه‌كه‌ی، هه‌رچۆنێك بێت لاشه‌ی خۆی وه‌ك شێوه‌ی باڵنده‌ لێكردو باڵی بۆ خۆی داناو دایپۆشی به‌ په‌ڕو ئاوریشم، بۆ ماوه‌كیش فڕی به‌ڵام له‌ كۆتاییدا خۆی كرده‌ قوربانی ئه‌و بیره‌ی كه‌ بووه‌ هۆی داهێنانی فڕۆكه‌و بیركردنه‌وه‌ له‌ گه‌شتی ئاسمانی و فه‌زایی، ئه‌و خزمه‌ته‌ گه‌وره‌ی پێشكه‌ش به‌ مرۆڤایه‌تی كرد.

 خوینه ری به‌ڕێز:

له‌ شارستانی پڕشنگداری ئیسلامیدا كه‌سانی وه‌ك كوڕی فرناس زۆر بوون كه‌ خۆیان كرده‌ قوربانی بۆ به‌دیهێنانی بیرۆكه‌یه‌كی زانستی كه‌ له‌ دوواییدا به‌ خێرو خۆشی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌تا پاش عه‌باسی كوڕی فيرناس زانای دیكه‌ی موسڵمان هه‌مان تاقیكردنه‌وه‌ی عه‌باسیان دووباره‌ كرده‌وه‌ بێ‌ سڵه‌مینه‌وه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ زانای زمانه‌وانی و خاوه‌نی فه‌رهه‌نگی( تاج اللغه‌ و صحاح العربیه‌ ) ئه‌بو عه‌باس الجوهری كه‌ له‌ (ساڵی 392) كۆچیدا بووه‌ شه‌هیدی زانست له‌ میانه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كه‌یدا له‌ نه‌یساپوره‌وه‌ له‌ سه‌ربانی مزگه‌وتی شاره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ دووباڵی ته‌خته‌وه‌ خۆی فڕێ‌ دایه‌ خواره‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی فڕین. مێژوونوسی ئه‌مه‌ریكی ( لین هوایت ) ده‌رباره‌ی هه‌وڵی فڕینه‌كه‌ی عه‌باس ده‌ڵێت ( ئه‌و هه‌وڵه‌ی عه‌باس بووه‌ هه‌وێنی بنه‌ڕه‌تی بۆ هه‌موو گه‌شته‌ ئاسمانیيه‌كان و بیركردنه‌وه ‌له‌ فڕین له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا . )

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top