سەبارەت بە قورئان وتوویانە (ئەڵقەی دووهەم)
(ڕێژی بلاشێر) -Régis Blachère-
لە نزیكی پاریس لەدایك بووە. قۆناغی دواناوەندیی لە “دارولبەیزا”ی مەغریب خوێندووە. ساڵی (1922ز) بە زمانی عەرەبی كۆلێژی ئادابی لە “جەزائیر” تەواو كردووە. كراوە بە مامۆستا لە پەیمانگای “مەولای یووسف” لە شاری “ڕیبات”. پاشان دەست نیشان كراوە بە بەڕێوەبەری پەیمانگای لێكۆڵینەوە باڵاكانی مەغریب لە شاری “ڕیبات” (1924-1935ز). خوێندنگەی زمانەكانی خۆرهەڵات لە پاریس بانگهێشتی كردووە بۆ مامۆستای كورسیی ئەدەبی عەرەبی (1935-1951ز). ساڵی (1936ز) بڕوانامەی دكتۆرای هێناوە. بووە بە مامۆستای وانەبێژ لە “سۆربۆن” (1938ز) و، سەرپەرشتیاری گۆڤاری (المعرفە) بووە كە بە هەردوو زمانی (عەرەبی و فەڕەنسی) لە پاریس بڵاوبووەتەوە. ئەمەش ناوی هەندێكە لە بەرهەمەكانی: “مێژووی ئەدەبی عەرەبی” پاریس 1952ز، وەرگێڕانێكی نوێ بۆ قورئانی پیرۆز لە سێ بەرگدا (پاریس 1947-1952ز).
هەندێ لە وتەكانی:
1- “بێ گومان ئەگەر شتێك هەبێت “وەرگێڕان” دەستەوسان بێت لە دەربڕینیدا بریتییە لە: ئیعجازی ڕەوانكاری و، وشەیی و، زایەڵەی ڕەزمی ئەو ئایەتانەی كە لەو كاتەدا نازڵا بوون. بێ گومان دوژمنانی محەمەد (صلى الله عليه وسلم) هەڵەیان كرد لەوەدا كە نەیانویست جگە لە چەند گۆرانییەكی سیحراوی و، نوشتە و جادوو، شتێكی دیكە لەمەدا ببینن. خۆ هەرچەندە ئێمە لە ڕێی لێكۆڵینەوە و بەدواداگەڕاندا زانیاریمان لە بارەی هەواڵدانی كاهینەكانەوە هەیە، ئەوا دەتوانین لەگەڵا ئەوەدا لەو بڕوایەدا بین كە ئەوە ڕایەكی بێ سەرە و بەرە و پڕوپووچە، چونكە ئەو ئایەتانەی كە پێغەمبەر لە سەرەتای ئەم سوورەتانەدا دووپاتی دەكردنەوە، هەڵمەت و، درەخشانی و، شكۆمەندییەكی ئەوتۆیان تێدایە كە قسەی زمانپاراوەكانی مرۆڤ زۆر لە دوای خۆیان بەجێ دەهێڵن كە دەتوانین لە ڕێی ئەو دەقانەوە گەیشتوونەتە دەستمان بیانهێنین (و بەراوردیان بكەین)(1 ).
2- “قورئان نەك هەر تەنها بە ناوەرۆك و ڕێنماییەكانی موعجیزەیە، بەڵكو بە هەمان جۆر، دەكرێ بوترێ پێش هەموو شتێك شاكارێكی ئەدەبیی ڕەنگینە و، لە سەرووی هەموو ئەو شاكارانەوەیە كە مرۆڤایەتی دانی پێدا ناوە و ڕێزی بۆ داناوە.. خەلیفە عومەری كوڕی خەتتاب – خوای لـێ ڕازی بێت – لە سەرەتاوە نەیارێكی سەرخستی ئایینە نوێكە بوو. بەڵام دوای بیستنی بڕگەیەكی قورئان بوو بە توندوتۆڵترینی یارمەتیدەرانی ئایینەكە. دواتر قسە دەكەین لەسەر ڕادەی شەیدابوونی بە دەقی قورئان دوای خوێندنەوەی لە لایەن ئیماندارانەوە”(2 ).
3- “ئیعجاز، ئەو موعجیزە پشت ڕاستكەرەوەیەی بانگەوازی محەمەدە كە لە قسە دنیاییەكانیدا بەرەو ئاستی شكۆی قورئان بەرز نەبووەتەوە”(3 ).
4- “لە هەموو ئەو بوارانەوە كە لێیانەوە ڕوانیومانە، لە زانستەكانی زمان و فەرهەنگ و ڕەوانكاری، قورئان ورووژاندنێكی هێنایە كایەوە و چەندین چالاكیی ئەوتۆی ژیاندەوە كە پتر لە بارودۆخی شارستانی دەچێت هەتا ئەوەی داخوازییەكانی هێنانەكایەی شەریعەتی ئیسلام بێت. گەلـێ بواری تر هەن كە قورئان وەك هۆكارێكی بنەڕەتی تیایاندا ئامادەیە. كاریگەریی قورئانیش لەمانەدا تەنها كاریگەریی توخمێكی بێداركەرەوە نییە، بەڵكو كاریگەریی توخمێكی داهێنەرە كە بە چۆنێتییە خۆییەكەی پتر هێزەكەی تۆكمە و دامەزراو دەبێت”( 4).
بوازار
“مارسیل بوازار” Marcel Boisard بیریار و مافناسێكی فەڕەنسیی هاوچەرخە. بایەخێكی گەورەی بە مەسەلەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و مافی مرۆڤ داوە. گەلـێ توێژینەوەی نووسیوە بۆ ئەو كۆنگرە و گۆڤارە دەورییانەی كە بایەخ بەم دوو مەسەلەیە دەدەن. كتێبەكەی بە ناوی “مرۆڤایەتی لە ئیسلامدا“
كە لە هەمان بایەخدانەوە سەری هەڵداوە، نیشانەیەكی ڕووناكی بەخشە لە بواری لێكۆڵینەوەكانی خۆرئاوادا بۆ ئیسلام، ئەوەش لەبەر تایبەتمەندییەكانی كە بریتین لە: بابەتی بوون و، قووڵی و، پشت بەستنی توندوتۆڵی بەو سەرچاوانەی كە لایەنگیری و هەوا و ئارەزوو دیلیان ناكەن. جگە لە نووسینەكانی تری لە بارەی ئیسلامەوە.
هەندێ لە وتەكانی:
1- “لە دەمی پێناسەی دەقی پیرۆز لە ئیسلامدا، پێویستە باسی دوو توخم بكرێت. یەكەمیان ئەوەیە كە كتێبێكی نازڵكراوی ئەزەلییە و نامەخلووقە. دووهەم كە “قورئان”ە، واتە گوفتارێكی زیندووە لە دڵی كۆمەڵدا! هەروەها ئەو ناوەندەی نێوان خوا و مرۆڤە كە هەموو كارێكی “ڕێكخستنێكی قەشەیی” بێ بایەخ دەكات! چونكە وەك مەرجەعێكی بنەڕەتی جێی ڕازی بوونە و، سەرچاوەیەكی بنەڕەتیی ئیلهام بەخشینە. هەتا ئەم ڕۆژگارانەی خۆیشمان نموونەیەكی بەرزی ئەدەبی عەرەبییە كە مەحاڵە لاسایی بكرێتەوە. نەك هەر تەنها ئەوەی كە نموونەیەكی پێشەنگی كاری ئەدەبییە بۆ ئەوەی چاوی لێ بكرێت، بەڵكو سەرچاوەی ئەو ئەدەبی عەرەبی و ئەدەبی ئیسلامییەشە كە قورئان دایهێنا، چونكە ئەو ئایینەی كە ئەم قورئانەی بە “وەحی” نارد، بناغەی گەلـێ ڕێبازی فیكرییە كە دواتر ئەم كتێبە ناوبانگی پێ دەركرد”(5 ).
2- “قورئان بە ڕەتكردنەوەی جیاكاری لە نێوان شتی ڕۆحی و شتی زەمەنیدا، سەلماندی كە لە هەمان كاتدا ئایینە و سیستەمی كۆمەڵایەتیشە. بەڵگەنەویستە كە قورئان و ئەو ڕێگایەش كە پێی وابوو دەتوانرێت تیایدا بەكار بهێنرێت، بە قووڵی مۆركی خۆیان لەسەر كۆمەڵگا بەجێ هێشت”(6 ).
3- “قورئان تەنها چاكسازیی ڕەوشتەكانی عەرەبی جاهیلییەتی تێدا حساب نەكراوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە، ئەو شەریعەتە نەمر و كامڵەی لە خۆدا هەڵگرتووە كە پڕاوپڕی ڕاستییە مرۆییەكان و پێداویستییە كۆمەڵایەتییەكانی هەموو كات و سەردەمێكن”(7 )!
4- “قورئان كەش و هەوای ژیانێك دروست دەكات كە لە ئەنجامدا هاوئاوازییەك لە نێوان گوزارشتە زیهنییەكاندا و، یەكسانییەك لە نێوان شتە ماقووڵەكان و سیستەمە كۆمەڵایەتییەكاندا پێكدەهێنێت، زۆر زیاتر لەوەی كە لە كارە سیاسییەكان و نیشانە ئایدۆلۆجییەكان چاوەڕوان دەكرێت كە دەدرێنە پاڵا دەوڵەتەكان. سەبارەت بە پلەی كاریگەریی هەرە گەورەی قورئان هەر ئەوە بەس نییە كە لەبارەی كاریگەریی لەسەر زەینی ئیسلامیی هاوچەرخ باس دەكرێت، چونكە قورئان هێشتا هەر سەرچاوەی سەرەكیی ئیلهامی تاك و كۆمەڵە، هەروەها دوا پەنا و داڵدەی موسڵمانانە”(8 ).
5- “بێ گومان ئەو ئامڕازانەی كە قورئان دابینیان دەكات، دەتوانن كۆمەڵگایەكی نوێ بنیات بنێن”( 9).
پۆتەر
“دێبرا پۆتەر” Deborah Potter ساڵی (1954ز) لە شاری تراڤێرزی ویلایەتی میشیگنی ئەمریكا لە دایك بووە. لە بەشی ڕۆژنامەوانیی زانكۆی میشیگن دەرچووە. ساڵی (1980ز) و دوای شووكردنی بە یەكێك لە بانگخوازانی ئیسلام لە ئەمریكا و لە ئەنجامی قەناعەتێكی قووڵا بەوەی كە جگە لە ئیسلام هیچ ئایینێك ناتوانێت خواستەكانی مرۆڤ (نێرینە بێت یان مێیینە) بهێنێتەدی، موسڵمان بووە.
هەندێ لە وتەكانی:
1- “كاتێ خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزم تەواو كرد، نوقمی هەستێك بووم بەوەی كە تەنها قورئان ئەو “حەق”ەیە وەڵامە شیفابەخشەكانی لە خۆ گرتووە لەبارەی باسەكانی “بەدیهاتن” و جگە لەوانەش. هەروەها بە ڕێگایەكی مەنتیقی ڕووداوەكانمان پێشكەش دەكات كە دەبینین پێچەوانەی هەندێكە لەوانەی كە لە كتێبە ئایینییەكانی تردا هاتووە! بەڵام قورئان لەسەر ڕەوتێكی ڕەنگین و شێوازێكی گومان بڕدا لێیان دەدوێت كە هیچ گومانێك لەوەدا ناهێڵێتەوە كە بە دڵنیاییەوە ئەم گوفتارە لە لایەن خوای گەورەوەیە”(10 ).
2- “هەر تەنها ناوەرۆكە ئیلاهییەكەی قورئانی پیرۆز بەرپرسە لە ڕاپەڕاندنی مرۆڤ و، ڕێنمایی كردنی بۆ زانین و ناسینی “بەدیهاتن” كە زانینێكە هەموو سەردەمێك داخوازیەتی”(11 ).
3- “محەممەد (صلى الله عليه وسلم) ئەو پیاوە نەخوێندەوارەی كە لە ژینگەیەكی جاهیلیدا پێگەیشتووە، چۆن توانیی ئەو موعجیزاتانەی گەردوون بزانێت كە قورئان وەسفی كردوون و، زانستی نوێ هەتا ئەمڕۆش هەوڵی ئەوە دەدات كە پەردەیان لەسەر لابدات؟ كەواتە دەبێ ئەم گوفتارە گوفتاری خوای گەورە بێت”(12 )!
بۆكای
“د. مۆریس بۆكای” Maurice Bucaille پزیشك و زانا ناسراوەكەی فەڕەنسایە. كتێبەكەی بە ناوی “قورئانی پیرۆز و تەورات و ئینجیل و زانست“
لە هەموو ئەو دانراوانەی لەم چەشنە بابەتە دواون، ڕەسەنتر و گشتی تر و قووڵترە. دیارە كاری بۆكای لەم كتێبەدا چەندین قەناعەتی ڕەهای بە ڕاستیی كتێبەكەی خوا پێ بەخشیوە و، ئنجا بە ڕاستیی ئەو ئایینەش كە ئەو كتێبە هێناویەتی. چەند جارێك بانگهێشت كراوە بۆ دیداری هزری ئیسلامی كە هاوینی هەموو ساڵێك لە جەزائیر ساز دەكرێت. لەوێ پتر بۆی ڕەخسا كە لە ئایینی ئیسلام وەك فیكر و ژیان شارەزا ببێت.
هەندێ لە وتەكانی:
1- “یەكەم شت لێكۆڵینەوەم لە قورئانی پیرۆزدا كرد، بێ ئەوەی فكرێكی پێشینەم لە بارەیەوە هەبێت و، بە ڕێگایەكی بابەتییانەی تەواو لە دووی ئەوە دەگەڕام كە بزانم دەقی قورئان هەتا چەندە لەگەڵا دەرهاویشتەكانی زانستی نوێدا یەك دەگرنەوە. من پێش ئەم لێكۆڵینەوەیە و لە ڕێی وەرگێڕانەكانەوە دەمزانی كە قورئان چەند جۆرێكی زۆری دیاردە سروشتییەكان باس دەكات. بەڵام زانیارییەكانم لەم ڕووەوە كەم و كورت بوون. بەڵام بە فەزڵی لێكۆڵینەوەیەكی وریایانە بۆ دەقە عەرەبییەكە، توانیم لیستێك لەم ڕووەوە دەربهێنم و، دوای لێبوونەوەم لەو كارەم، تێگەیشتم كە قورئان هیچ قسەیەكی تێدا نییە كە لە ڕووی زانستی نوێوە ڕەخنە هەڵبگرێت!
هەر بە هەمان لێكۆڵینەوەی بابەتییانە، هەمان پشكنینم بۆ پەیمانی كۆن و ئینجیلەكان كرد. سەبارەت بە پەیمانی كۆن (تەورات) لە یەكەم كتێبی بەولاوە (سیفری تەكوین) پێویستی بە ڕۆشتنی زیاتر نەكرد، چونكە چەندین قسەی ئەوتۆم تێدا بینی كە ناتوانرێت لەگەڵا زۆربەی دەرەنجامە جێگیرەكانی زانستی سەردەمدا یەك بخرێن.
سەبارەت بە ئینجیلەكانیش، دەبینین دەقی ئینجیلی مەتتا بە ئاشكرا پێچەوانەی ئینجیلی لۆقایە، ئەمەش بە ڕاشكاوی شتێكمان پێشكەش دەكات كە لەگەڵا ئەو زانیارییە تایبەتییە نۆێیانەدا یەك ناگرنەوە كە تایبەتن بە كۆنیی مرۆڤ لە زەویدا”(13 ).
2- “لە سەرەتادا لایەنە زانستییە تایبەتەكانی قورئان دووچاری حەپەسانێكی قووڵیان كردم. چونكە باوەڕم وا نەبوو كە بەم ژمارە زۆرە و هەتا ئەم ڕادەیە باسی تایبەت بەو بابەتانە لە قورئاندا بدۆزمەوە كە زۆر جۆراوجۆرن و، بە تەواوی پڕاوپڕی زانیارییە زانستییە تازەكانن. ئەوەش لە دەقێكدا كە پتر لە سیازدە سەدە پێش ئێستا نووسراوە! لە سەرەتادا هیچ باوەڕێكم بە ئیسلام نەبوو، ڕێی ئەم لێكۆڵینەوەیەشم بە گیانێكی ئازاد لە هەموو بڕیارێكی پێش وەخت و، بە جۆرێكی بابەتییانەی تەواو گرتەبەر”(14 ).
3- “دەستم دایە قورئان و، بە شێوەیەكی تایبەتی لەو وەسفكردنەی قورئان بێدار بوومەوە كە لە بارەی ژمارەیەكی گەورەی دیاردە سروشتییەكانەوە پێشكەشی دەكات. وردیی هەندێ لەو درێژە پێدانە تایبەتەی بە هەندێ لەم دیاردانە، سەرسامی كردم! ئەم درێژەپێدانانەش لە دەقە ئەسڵییەكەدا نەبێت نازانرێن. سەرسامییەكەم لە یەكاویەك بوونی ئەم زانیارییانەدا بوو بۆ ئەو چەمكانەی كە ئەمڕۆ سەبارەت بەم دیاردانە هەمانە و، هەرگیز بۆ مرۆڤێكی سەردەمی محەممەد (صلى الله عليه وسلم) نەڕەخساوە كە بچووكترین بیرۆكەی لە بارەیانەوە هەبێت”(15 ).
4- “چۆن دەگونجێ مرۆڤێك – كە هەر لە سەرەتاوە نەخوێندەوار بووە – بە ڕاشكاوی لە چەندین ڕاستیی ئەوتۆ بدوێت كە مۆركی زانستییان پێوەیە و، لە توانای هیچ مرۆڤێكی ئەو سەردەمەدا نەبووە ئەو زانیارییانە بۆخۆی پێك بهێنێت، بێ ئەوەی كە ئەو لێدوانە ڕاشكاوانەی ئەو، بچووكترین هەڵەی لە ڕووی زانستەوە تێدا دەربكەوێت؟”(16 )!
1 – مێژووی ئەدەبی عەرەبی، 2/31.
2 – قورئانی پیرۆز ص102 – 103
3 – هەمان سەرچاوە، 104
4- هەمان سەرچاوە، 104-105
5- مرۆڤایەتیی لە ئیسلامدا: ل: 52-53.
6- هەمان سەرچاوە، ل: 206-207
7- هەمان سەرچاوە، ل: 109
8- هەمان سەرچاوە، ل: 343.
9- هەمان سەرچاوە، ل: 345.
10- رجال ونساء أسلموا، 8/100.
11- هەمان سەرچاوە: 8/113.
12- هەمان سەرچاوە: 8/109
13 – قورئانی پیرۆز و تەورات و ئینجیل و زانست، ل: 13
14- هەمان سەرچاوە، ل: 144
15- هەمان سەرچاوە، ل: 145
16- هەمان سەرچاوە، ل: 150.
Related posts
Leave a Comment
You must be logged in to post a comment.