You Are Here: Home » بابەتەكانمان » سیستمی دابڕینی تەندروستی و ئيعجازێكى سوننەت

سیستمی دابڕینی تەندروستی و ئيعجازێكى سوننەت

سیستمی دابڕینی تەندروستی و ئيعجازێكى سوننەت

ناسك عزيز

پێغەمبەری خۆشەویستمان (صلی الله علیە وسلم) لە فەرموودەیەكدا پێمان ڕادەگەیەنێت:” ئەگەر بیستتان لە شوێنێكدا تاعون كەوتۆتەوە، مەچن بۆ ئەو شوێنە، ئەگەر لەو شوێنەش كەوتەوە كە خۆتانی لێن، لێی دەرمەچن لە پێناو ڕزگاربون لێی.” صحيح مسند أحمد

بەمەبەستی بەجێهێنای ئەم فەرمودەیەش، پێغەمبەری ئازیمان (صلی الله علیە وسلم) شورایەكی بەهێزی بەدەوری شوێنی پەتاكدا كردووە، بەڵێنی بە ئەوانەش داوە كە لە ناو ئەو شورایەدان و دانیان بەخۆیاندا گرتووە، هێندەی پاداشتی شەهیدێكیان بۆ دەنوسرێت، هەر كەسێكیش ئەو شورایە ببەزێنێت، هەڕەشەی سزای پەروەردگاری لێ كردوون، لە فەرموودەیەكی تردا پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) ئەو سزایە دووپات دەكاتەوە و دەفەرموێت:” ئەوەی لە دەست تاعون ڕابكات وەك هەڵهاتوو وایە لە شەڕی غەزادا، ئەو كەسەش كە دانی بەخۆیدا گرتووە و دەمێنێتەوە لە شوێنی خۆی، پاداشتی شەهیدێكی بۆ دەنوسرێت.” ئیمام ئەحمەد گێڕاویەتیەوە.

ئەگەر دوو سەد ساڵ لەمەو بەر، ئەم ئامۆژگاریە بەپیاوێكی لەش ساغ بگوترابا، لەو كاتەی كە بەچاوی خۆی بەدەوری خۆیدا، قوربانیانی نەخۆشی تاعونی یەك لەدوای یەك، بەمردوویی دەبینی، ئەوا ئەو ئامۆژگاریەی بە گوفتارێكی شێتانە و دەست درێژیكردن دادەنا بۆ سەر مافی مانەوەی لە ژیاندا، هەر لەبەر ئەوە خۆی قوتار دەكرد لەو شوێنە و بەرە و شوێنێكی تر دەڕۆیشت كە پەتای تاعونی تێدا نیە. لەو سەردەمانەی پێشومان دا، تەنها كەسانێك كە شوێنی پەتای تاعونیان جێنەدەهێشت، موسڵمانان بوون، كە فرمانی پێغەمبەریان جێبەجێدەكرد، بەبێ‌ ئەوەی بزانن حیكمەتەكەی لە كوێدایە.

ئەوا ئیمڕۆ زانست پێشكەوت و پەردەی نهێنیەكان هەڵدرانەوە لەسەر ئەو زیندەوەرە وردبینانە، و شێوازی زۆربوون و بڵاو بونەوەیان ئاشكرابوو، بەجۆرێك ئێستا دەزانرێت كە چۆن نەخۆشی و پەتا بڵاو دەكەنەوە، هەرچی ئەو كەسانەش كە نیشانەی نەخۆشیەكەیان پێوە دیار نیە لە شوێنی كەوتنەوەی پەتاكە، ئەوا هەڵگری میكرۆبی نەخۆشیەكەن و، گەورەترین سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ گواستنەوەی پەتاكە لە شوێنی نیشتەجێبونیانەوە بۆ ئەو شوێنەی بۆی دەچن.

لە دەرەنجامی دۆزینەوەی ئەم ڕاستیەدا، سیستمی دابڕینی تەندروستی “Quarantine” داهات ، كە لەجیهاندا ناوبانگی هەیە، و هەر ناوچەیەك پەتایەكی لێ‌ بكەوێتەوە، ئەوا هەموو دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، لە چوونە دەرەوە قەدەغە دەكرێن، لە هەمان كاتیش دا، هاتنە ناوەوەی خەڵكی دەرەوەی ئەم ناوچەیەش قەدەغە دەكرێت.

ئاخۆ كێ‌ ئەم زانستەی بەپێغەمبەرمان (صلی الله علیە وسلم) ڕاگەیاندبێت لەو كاتەدا؟! ئایا دەكرێت ڕاستیەكی وردی زانستی لەم جۆرە پێش چواردە سەدە بزانرێت، لەلایەن كەسێكی ئاساییەوە؟! ئەگەر خودایەكی زانا و ئاگادار لە هەموو شتێك ئەم ڕاستیەی بە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) نەگەیاندبێت، بۆ ئەوەی دواتر باوەڕمان بەوە هەبیت، كە ئەم فەرموودانە لەلایەن پەیامبەری خوداوە ئاڕاستەمان كراوە، و ئێمەش سوپاسگوزاری هەموو ڕێسا و فەرمایشتەكانی ببین.

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top