You Are Here: Home » بابەتەكانمان » زانستە شاراوەكانی ئیسلام/1

زانستە شاراوەكانی ئیسلام/1

زانستە شاراوەكانی ئیسلام/1

Hendrik Hey- welt der wunder

 

پێشەكی:

ئەم بابەتە بریتیە لە بەرنامەیەكی دۆكۆمێنتاری بە ناوی (جیهانی موعجیزەكان welt der wunder)، كە پێشكەشكاری بەناوبانگی ئەڵمانی (هێندریك های Hendrik Hey) لە كەناڵی (RTL 2) پێشكەشی كرد، (های) سێ‌ ئەڵقەی ئەو بەرنامەیەی تایبەت كرد بە مێژوی زانستی موسڵمانان و ناوینا (زانستە شاراوەكانی ئیسلام)، وە لەبەر گرنگی بابەتەكە دوای وەرگێڕانی بۆ زمانی كوردی و ژێرنوسكردنی، پێمان باش بو بۆ سودی زیاتر وەك بابەتێك لە گۆڤاری (هەیڤ)دا بڵاویبكەینەوە، بۆ بینیی ڤیدیۆ ژێرنوسەكەش دەتوانرێت سەردانی ئەم لینكە بكرێت (https://www.facebook.com/photo.php?v=688848371135404&set=vb.159383787415201&type=3&theater

 

لەم بەرنامەیەدا ئەو ڕاستیە ڕون دەبێتەوە كە موسڵمانان لە سەدەكانی ناوەڕاستدا لە هەمو بوارەكانی زانستدا لە پێشەوە بون و زانست و پێشكەوتنیان بە دەستەوە بو، وە ئەو زانستەی ئەمڕۆی جیهانی مەسیحی سەرچاوەكەی بەرهەمی زانستەكانی ئیسلامە..

(های) لە پێشەكی ئەڵقەی یەكەمی بەرنامەكەیدا دەڵێت: “ئەو كات ئەوروپا بە سەردەمی تاریكیدا تێدەپەڕی و سەرانی كەنیسە پێ یان وابو ئەو پێشكەوتنەی موسڵمانان لە شەیتانەوە سەرچاوەی گرتوە، هەروەها ئەو زانستەی ئەمڕۆی ئەوروپا سەرچاوەكەی بەرهەمی زانایانی ئیسلامە، بەڵام ئەوان توانیویانە بیان دزن و بیان شارنەوە و ئاماژە بە سەرچاوەكانیشیان نەكەن”.. هەروەها بەرنامەكەی بە بەڵگەوە ئاستی شارستانی موسڵمانان و دڕندەیی و نەزانی خاچ پەرستەكانی لە سەدەكانی ناوەڕاستدا و، چەندین باسی سەرنج ڕاكێشی لە بارەی مێژوی موسڵمانان لەسەر زاری چەندین زانا و شارەزای ئەڵمانی خستە ڕو، كە هەوڵدەدەین هەر سێ‌ ئەڵقەی بەرنامەكەی لە سێ‌ بابەتدا بۆ خوێنەری كورد كورت بكەینەوە.. واتە ئێمە لەم بابەتەدا ناوەڕۆكی بەرنامەكە وەك خۆی وەردەگێڕین و هیچ سەرنجێكی خۆمانی لەسەر نانوسین.

هەزار ساڵ لەمەوبەر زانست لە دەستی مسوڵماناندا بو:

لە سەرەتای بەرنامەكەدا، (هێندریك های) دەڵێت: “جێی سەرسوڕمانە لە قوتابخانەكانماندا بە دەگمەن باسی چاكەی كلتوری عەرەبی (مەبەستی كلتوری ئیسلامیە) بەسەر ئەوروپا وە دەكرێت..” هەزار ساڵ لەمەوبەر لە سەرەتای جەنگە توندەكانی نێوان مەسیحیەكان و موسڵمانان لەسەر قودس سیستمێكی نوێی جیهانی دەركەوت، كە لەو سەردەمەدا زانیاری تەقەنی و كارامەیی لە دەستی مسوڵماناندا بو، بە شێوەیەكی زۆر پێشكەوتو تر لە ئەوروپیەكان.. بە نمونە لەو سەردەمەدا بەكارهێنانی شتێك كە لە دوربین دەچو هەروەها كاژێری چاك لە لای موسڵمانان شتێكی ئاسایی بو.. لە كاتێكدا مەسیحیەكان بە شێوەیەكی بەرفراوان پەنایان دەبرد بۆ سیخوڕی كردن و، كەنیسە پێی وابو ئەو پێشكەوتنەی موسڵمانان تەنها ئیشی شەیتانە و، تەنانەت ڕق و كینەیان لە شارەزایی پزیشكیی ئیسلامیش دەبوەوە.. سەرانی كەنیسە بۆ سەدان ساڵ بەڵكو هەتا ئەمڕۆش ئەو زانستانەیان شاردەوە..


مێژونوس تۆماس شویتس (Thomas Schuetz) دەڵێت: “شاردنەوەی زانستەكانی ئیسلام لەوانەیە هۆكەی ئەوەبێت كە مێژو سەركەوتو دەینوسێتەوە، لە سەدەی ناوەڕاستدا ئەو قەشانە مێژویان دەنوسیەوە كە دەمارگیربون بۆ ئاینی مەسیحی و بە لاتینی قسەیان دەكرد، ئیسلامیان وەك دوژمن سەیردەكرد و پێیان وابو ئیسلام شەیتانە.”

بەرنامەكە باس لەو سەردەمە دەكات كە لە ساڵی 1187ز گیروگرفتی نێوان موسڵمانان و مەسیحیەكان گەیشتە لوتكە، یەكەم جار بو سوپایەكی ئیسلامی ژمارە گەورە كۆببێتەوە و، ئامادەبێت بۆ جەنگێكی توند و یەكلاكەرەوە دژی خاچپەرستەكان.. سەركردەی موسڵمانان سوڵتان سەڵاحەدین بو كە سەركردەیەكی پێشكەوتو بو، پێی وابو ئیمان بە تەنها سەركەوتن دروست ناكات، بەڵكو دەبێت نەخشە و پێشكەوتنی زانستیشی لەگەڵدابێت، كە ئەوەش ئەوكاتە تێڕوانینێكی ئاسایی هەمو فەرمانڕەوا موسڵمانەكان بو.

ئیسلام مەنهەجی عەمەلی و داهێنان بو:

ڕۆژهەڵاتناس پڕۆفیسۆر (فوات زێتسگین – Fuat Sezgin) دەڵێت: “ئەو دینە تازەیە –ئیسلام- هانی بۆ زانست دەدا، پاڵپشتیی خەڵكیی بۆ داهێنان دەكرد، لە ئەنجامی ئەوەشدا خەڵكێكی داهێنەری دروستكرد، توانی دارتاش و شوانی وشتریش بكاتە زانا.”

لەكاتێكدا موسڵمانان بە نەخشە و سیستم جەنگیان دەكرد و، دڵنیابون لە سەركەوتن، متمانەیەكی تەواویان بە تواناكانیان هەبو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێزی گەورەی خاچپەرستان، ئەو كاتە ئەوروپیەكان متمانەیان بە فیكرەیەك هەبو كە پێیان دەوت چینی فریشتە و، پشتیان بە دەمارگیریە دینیەكەیان دەبەست.. سەركردە خاچپەرستەكان بۆ دروستكردنی ویستی سەركەوتن لەناو سەربازەكانیاندا پشتیان بە مەشق كردن لەسەر جەنگكردنی بێ‌بەزەیانە دەبەست.. هەر بەو توندوتیژیەش توانیان نزیكەی سەد ساڵ دەست بەسەر شاری پیرۆز (قودس)دا بگرن.
لە سەرەتای (یولیو)ی ساڵی 1187ز دوو سوپا زۆر گەورەكە بەیەكگەیشتن، لە كاتێكدا كە ئەوروپیەكان (فەرنجەكان) لە (سەفوریە) خێوەتگایان هەڵدابو، موسڵمانانیش لە نزیك (تەبەریا) ڕێگەی (ناسیرە)یان گرت، لەلای (حوتین) لە نێوان هەردو خێوەتگاكەدا جەنگە یەكلایكەرەوەكە ڕویدا.
لەم كاتە ترسناكانەدا زانا موسڵمانەكان دەستیان لە ئیش هەڵ نەدەگرت و بەردەوام بون لە پێشكەوتنە تەقەنیەكەیاندا بەسەر فەرەنجیەكاندا، بە نمونە موسڵمانان جۆرە قفڵێكی تازەیان بۆ داخستنی سندوقەكانیان بەكار دەهێنا كە بە كلیل نەدەكرایەوە، كە زانای ئیسلامی (الجزری) لە سەدەی 12ی زاینیدا یەكەم قفڵی خەزێنەی لە جیهاندا داهێنا.

كارمەندی پسپۆڕ (لوتس كۆتهۆف – Lutz kotthof) باسی قفڵەكە دەكات و دەڵێت: “قفڵكەی (جەزەری) كە لە دەستوخەتێكی سەدەی دوانزەی زاینیدا نوسراوە وەرگیراوە و، پێك هاتوە لە 4 كلیلی ئاڵۆز لەگەڵ 12 پیتدا، مرۆڤ بۆ قفڵكردنی ئەم سندوقە پێویستی بە كلیل نیە، تەنها شێوازی تەركیبەكەی لەبەر دەكات، ئەگەر كەسێك تەركیبە ڕاستەكەی دۆزیەوە كە تەواو گونجا لەگەڵا تەركیبەكەی ژێرەوەی، ئەوا ئەڵقەڕێزە داخراوەكە دەكرێتەوە.”

خواپەرستی هاندەر بو بۆ پێشكەوتنی زانستی

مێژونوس تۆماس شویتس (Thomas Schuetz) دەڵێت: “ئەوەی وای كرد زانستەكان پێش بكەوێت و زانایانی موسڵمان داهێنانی سەرنجڕاكێش بكەن، ئەوە بو كە موسڵمانان پێشكەوتنە زانستیەكانیان ئەوەی ئێستا ئەوروپا بە زانستەكان ناوی دەبات بەكار دەهێنا بۆ سەرخستن و بڵندكردنەوەی ئیسلام و، تا خواپەرستیەكانی ئیسلام بە باشترین شێوە پەیڕەوی بكرێت.”
شەیدابونی زانست وای لە كارامە موسڵمانەكان كرد، پەرە بە ئامێری زۆر ورد بۆ پێوانی كاتەكان بدەن، بۆ نمونە ئەو كاژێرەی كە (الجزری) دروستیكرد، كاژێری كاس لە سەدەی (12)ز، ئەو كارەی پەرەپێدان بو بە كاژێری لمی ناسراو بەڵام لەبری لم، ئاوی بەكارهێناوە، ئەم كاژێرە دیزاینێكی فەخمی هەبو، مێژونوس تۆماس شویتس (Thomas Schuetz) دەڵێت: “ئەمەش تەنها لەپێناو پێوانی كات بەوردی نەبو بەڵكو لە وڵاتی موسڵماناندا پەرە بە كاژێرەكان دەدرا لە پێناو پارێزگاریكردن لە كاتەكانی نوێژ، كە ئەوەش بە یەكێك لە نیشانەكانی تەقوا و لە خواترسانی فەرمانڕەوا دادەنرا، لەلایەكی تریشەوە بێگومان بۆ دەرخستنی خۆشگوزەرانی بو، ئەو كاژێرانە تا ئێستا نەماونەتەوە، بەڵام لە ڕاپۆرتە نوسراوەكانەوە دەزانین كە زۆر جوان و نەخشانیی بون.”
نەك تەنها لە بواری میكانیكا بەڵكو توێژەرەوە موسڵمانەكان توانیان لە بوارەكانی تریشدا پێشكەوتنە پێشەنگەكانیان بسەلمێنن.. زانای بەناوبانگ (ابن الاپیر) دەڵێت: “لە مامۆستا كەمەوە فێربوم كە شوشەی سافكراو بینینی چاو بەهێز تر دەكات و یۆنانیەكان پێش سەدان ساڵ لەمەوبەر لێكۆڵینەوەیان لەسەر چۆنیەتی ئیشی چاوكردوە.”

زانای عەرەبی (ابن الهیپم) لەسەدەی (11 ز)دا پەرەی بە لێكۆڵینەوە یۆنانیەكان داوە و
ئەوەی بەرهەمهێنا كە شوشەی سافكراو بۆ گەورەكردن و باشكردنی هێزی بینینی چاو
بەكاردێت.
(ابن الاپیر) دەڵێت: “لە مامۆستاكەم كە ناوی (بها‌و الدین) بوە، پرسی: “خەریكە بڕوا بە پێشكەوتنی گەورەی زانستیمان بەسەر توێژەرەوەكانی تردا نەكرێت، بەڵام هێشتا جەنگاوەرەكانمان لە جەنگەكەیاندا لە دژی فەرەنجیەكان كەڵكیان لێ‌وەرنەگرتوە، بۆچی هەتا ئێستا بەسەر فەرەنجیەكاندا لە جەنگێكی یەكلاكەرەوەدا سەرنەكەوتوین؟
مامۆستاشم لە وەڵامدا وتی: “یەكنەبونی گەلانی ئیسلامی لەناو خۆیاندا و ململانێكانیان هەر ماوە نا ماوەیەك نەیدەهێشت سوپایەكی بەهێزی لێدەر كۆبكرێتەوە، بەڵام لە سەردەمی سوڵتان سەڵاحەدیندا بارودۆخەكە گۆڕاوە، ئەو لە یەكخستنی مسوڵماناندا سەركەوتو بوە”.

سەرەتای سەردەمێكی نوێ‌: دزینی زانستەكانی ئیسلام لەلایەن خاچپەرستانەوە

لە (4)ی یولیوی ساڵی (1187)ز جەنگی (حوتین) ڕویدا و موسڵمانان لە جەنگدا تەكنیكێكی سەركەوتویان بەكارهێنا و گەمارۆی لەشكری فەرەنجیان دا كە فەرەنجیەكان خۆیان بۆ نەخشەی وا ئامادە نەكردبو، بۆیە بە خێرایی تەسلیم بون و جەنگەكەیان دۆڕاند.. بە شكانیان لە (حوتین)دا خاچپەرستان قودسیان دۆڕاند و بەشی هەرە گەورەی سوپاكەشیان تێكشكا، بەوەش بەرگریكردن لە قودس مەحاڵ بو، بەم شێوەیە لەدوای (100) ساڵ، سوڵتان سەڵاحەدین كۆتایی بە دەسەڵاتی مەسیحیەكان بەسەر شاری پیرۆزدا هێنا، وە ڕێی بە دانیشتوانە مەسیحیەكان و پاشماوەی جەنگاوەرەكان دا بە سەلامەتی قودس بەجێ بهێڵن..

وێنەی سەربازگەی (سوڵتان سەڵاحەدین) دوای جەنگی (حوتین)- Wikipedia

لە كۆتایی ئەم ئەڵقەیەدا بەرنامەكە پێی وایە كە ڕاستە خاچپەرستەكان جەنگەكەیان دۆڕاند و شاری (قودس)یان لە دەستدا بەڵام ئەوەی (سوڵتان سەڵاحەدین ) ئاگاداری نەبو، ئەوە بو كە سەركەوتنەكەی بوە هۆی سەرەتای دەركردنی زانستە عەرەبیەكان بۆ خاكی ڕۆژئاوا (مەبەست زانستی زانا موسڵمانەكانە)… واتە سەرەتای سەردەمێكی نوێ‌ دەستی پێ‌كرد كە ئەویش دزینی زانستەكانی زانا موسڵمانەكان بو لەلایەن خاچپەرستەكانەوە كە دواتر بوە بەردی بناغەی ئەو پێشكەوتنە زانستیەی لە ئەوروپادا بەرپابو، كە تا ئێستاش مەسیحیەكانی ئەوروپا ڕاستی سەرچاوەی زانستە تازەكانیان لە نەوەكانیان دەشارنەوە.

سەرچاوە:

https://www.youtube.com/watch?v=79R9azF1mig

 

 

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top