زانایانی ئیسلام، شەریفی ئیدریسی
زانایانی ئیسلام
شەریفی ئیدریسی
م.جەمال موحەممەد ئەمین
شەریفی ئیدریسی ناوی ئەبووعەبدوڵڵە كوڕی محەمەد كوڕی عەبدوڵڵە كوڕی ئیدریسە ، لەساڵی (1100 ز ) لەشاری سبتەی مەغریبیدا لەدایك بووە ، وهەر لەوێ خوێندویەتی وە زۆرحەزی لەگەشت و گوزار بووە ، و كەنارەكانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی و كەنارەكانی بەریتانیا و فەرەنسا گەڕاوە , ئینجا گەڕاوەتەوە بۆ باكوری ئەفەریقا و تەمەنی لە شانزە ساڵ تێ نەپەریوە . شەریفی ئیدریسی یەكێكە لە زانا هەرە گەورەكانی جوگرافیا ، و هەر شوێنی گەڕابێت بەچاوی زانایەكی بیر فراوانەوە تیا ماوەتەوە و ئینجا لەسەری نووسیوە , وئەو شوێنانەی كە نەیدیبێ ئەوا پرسیاری زۆری لەبارەوە كردووە و زانیاری لەسەری كۆكردۆتەوە , كاتێك كە ناوی ئیدریسی لە ئاسمانی زانستی جوگرافیادا درەوشایەوە ,پاشای صقلیە ( رۆجەری دووەم ) دەنگ و باسی دەبیستێ و دەنێرێ بە شوێنیدا , ئیدریسیش بەدەم داواكەیەوە دەچێت و لە ساڵی (1138 ز ) وەتا (1154 ز ) كە تیایدا كۆچی دوایی كرد , لەو ماوەیەدا هەمووی لای پاشای صقلیە دەمێنێتەوە و ڕێزێكی زۆری لێ دەگرێت و یارمەتیشی دەدات , وە ڕۆجەر یەكێك بوو لەوانەی كە یارمەتی ئیدریسی دا لەدانانی نەخشەی گۆی زەویدا , و ئیدریسیش وەكو چاكە دانەوەیەكی پاشای صقلیە , نزیكەی 15 ساڵ خەریكی دانانی كتێبێك دەبێ بەناوی ( نزهة المشتاق فی اختراق الافاق )كە بەچەند هەفتەیەك پێش مردنی پێشكەشی پاشای صقلیەی كردووە . ئەم كتێبەی ئیدریس تائێستاش بەگەورەترین سەرچاوەی زانستی جوگرافیا دادەنرێت , دائیرەی مەعاریفی فەرەنسی دەڵێ 🙁 كتێبەكەی ئیدریس لە جوگرافیا بە گەورە ترین بڕوا نامەی زانستی جوگرافیا لە سەدەكانی ناوەڕاستدا دادەنرێت ) . ئیدریس لە كتێبەكەیدا زانیاری تەواو لە بارەی ڕووبارەكان و چاوگەكانیان و پلەی گەرمی ناوچەكان بەدرێژایی چوار وەرزەی ساڵ دەدات , هەروەها هەر لەو كتێبەیەیدا گۆی زەوی دابەش كردووە بۆ حەوت هەرێَم , كە لە هێڵی یەكسانی ئێستاوە دەست پێ دەكات , و ئاماژەی بۆ ناوچەی جەسەری ساردی گۆی زەوی كردووە و دەری خستووە كە ئەو ناوچانە چۆڵن و ئاوە دانیان تیا نییە , شایانی باسە كە ئەو كتێبە بۆ زۆربەی زمانە بیانیە سەرەكیەكان وەر گێڕ راوە ،و جگە لەو كتێبەش كتێبی ( روضة الانس و نزهة النفس )و چەند كتێبێكی دیكەیشی هەیە . جگە لەوانەش زانا ئیدریس زۆر بە سەلیقەیی و زاناییەوە نەخشەیەكی گۆی زەوی كێشاوە لەسەر پارچەیەك زیو كە تائێستاش جێگای سەر سوڕمان و سەرنجی زانا ئەوروپیەكانە , چونكە ئیدریس لەو نەخشەیەیدا سەلماندویەتی كە زەوی خڕە , و بۆ یەكەم جار توانوویەتی هێڵەكانی پانی لە سەر دانێت و ماوەكانی نێوان پارچەكانی زۆر بە وردی دیاری بكات , و لە كۆتاییدا ئەمەندە بەسە كە مێژونووس (جوتیە ) دەڵێت : ( ئیدریسی جوگرافیزان مامۆستای جوگرافی ئەوروپا بووە بۆ ماوەی سێ سەدە ئەوروپا ئەو زانایەی وەك مامۆستای خۆی دانابوو چونكە تا ئەو كاتە هیچ وێنەیەك و نەخشەیەكی جیهانی نەبوو تەنها ئەوەی ئیدریس نەبێت ) .
سەرچاوەكان :
1/ كتێبی ( المسلمون والعلم الحدیث )
2 / ڕۆژنامەی ( طب وعلوم ) ژ 77 .
3 / كتێبی ( اعلام التربیة )
4 / گۆڤاری ( الرسالة الاسلامیة ) ژ.133 / 1980
5 / گۆڤاری العلوم ژ / 63 /1992
ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژ (26) دا بڵاوكراوەتەوە