You Are Here: Home » بابەتەكانمان » رۆژوو ( گرنگی و حیكمەتەكانی )

رۆژوو ( گرنگی و حیكمەتەكانی )

رۆژوو ( گرنگی و حیكمەتەكانی )

 

شـوان رابـەر

بێگومان ئیسلام زۆر گرنگی و بایەخی بەرۆژووبوون داوە ، بۆیە خوای گەورە بەیەكێك لەپایە و بنەماكانی ئیسلامی داناوە و ، رۆژووی لەسەر بەندەكانی خۆی فەڕز كردوە ، وە ك خوای گەورە دەفەرموێ‌ : ( یاأیها الذین ا‌منوا كتب علیكم الصیام … ) البقرة 183 .واتە: ئەی ئیماندارینە رۆژوتان لەسەر فەرزو واجب كراوە هەروەك لەسەرخەلكی پێش ئێوەش فەرزكراوە ، یا دەفەرموێ‌ : (( وإن تصوموا خیر لكم إن كنتم تعلمون )) بقرة 184 . واتە ئەگەر ئێوە بەڕۆژو بن ، ئەوە بۆ ئێوە باشترە و خێری زیاترە ئەگەر بزانن .
پێغەمبەر ( صلی الله علیە وسلم ) دەفەرموێ‌ : (( من صام رمضان ایمانا واحتسایا غفر له ما تقدم من ذنبه )) بخاری . واتە هەر كەسێ‌ بەبیروباوەڕ و نیازێكی پاك‌وبێگەردەوە رەمەزان بەرۆژوو بێ‌ ، خوا لە گوناهەكانی رابردووی خۆش دەبێ‌ . پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ‌ : خوای گەورە دەفەرموێ‌ : هەموو كردەوەكانی مرۆڤ بۆ خۆیەتی ، تەنها رۆژوو بۆ منە ،  هەر منیش پاداشتی بەڕۆژووبوونەكەی دەدەمەوە .
وە دەفەرموێ‌ (( الصیام جنة )) بخاری . واتە : رۆژوو پارێزكار و قەلغانە بۆ مرۆڤ لەگوناهو تاوانی دەپارێزێت .وێرای چەندان فەرموودەی تر كە باسی ئەرزش و گرنگی و گەورەیی و پلەوپایە و سودەكانی رۆژوو دەكەن بۆ دونیا و دواڕۆژی ئادەمیزاد ، بۆیە رۆژوو سەدان سود و حیكمەتی هەمەجۆری بێ‌ وێنە و بێ‌ پایانی گیانی و لاشەیی تێدایە ( بزانین یان نا ) ، بۆیە ئیسلام وا بە گرنگی باسیكردوە ، بەڵام ئێمە لێرەدا زۆر بە كورتی و گوشراوی تەنها وەك بەركوڵ و خەروارێك سەبارەت بە سود و حیكمەتەكانی رۆژوو چەند نمونەیەكی هەمەجۆرتان بۆ دەخەینە روو ، كە زانست و نوژداری نوێش ئەم راستیانە دەسەلمێنن كە حیكمەتی ماددی‌و مانەوین :
1/ رۆژوو ئەركێكی بەندایەتیە رۆژووگر بەرانبەر بە پەروەردگارەكەی ئەنجامی دەدات ، بۆ بەدەست هێنانی رەزامەندی ئەو .
2/ برسێتی و نەبونی هەژار و نەدارەكان دەخاتەوە یاد دەوڵەمەندەكان ، بۆ ئەوەی لە پێناوی خوا خێریان پێ‌ بكەن .
3/ فێری حەپس و سەبر و ئارامی و خۆڕاگری مان دەكات ، بۆ كاتی تەنگانە و لێقەومان تا دان بەخۆدا بگرین .
4/ بە یەكسانی شمولی هەموو بەندە هەمەجۆرەكانی بەرەی ئادەمیزاد دەكا ، وەك هەژار و گەدا و سەرباز و سەركردە و زانا و نەخوێندەوار و … هتد . ) لە رەگەزی نێر و مێ‌ لە هەمو چین و توێژەكانی نێو كۆمەڵگا ، لەهەموو جێ‌ یەكی دونیا ، كەس لێی بوراو و بەدەر نیە .
5/ وەرزش و پەروەردەیەكی رۆحی‌وگیانی گرنگە ، پیاو لەروی رۆحیەوە باش پێی پەروەردە و بەهێز و دامەزراو دەبێ‌ لە بەرانبەر گوناهو تاوان و سەرجەم كێشە و گرفتەكانی ژیاندا .
6/ وەرزش و راهێنانێكی لاشەیی‌وئەندامی‌وئۆرگانی بەهێزە ، بەجۆرێ‌  لاشەی پیاوی پێ‌ قاڵ و ساغ دەبێتەوە ، لەبەر ئەو سود و بەرهەمانەی كە بەهۆی رۆژوو بەپیاو دەگەن ، وە بەرگە لە چەندەها پەتا و نەخۆشی جەستەیی و رۆحی دەگرێ‌ و چەندەها نەخۆشی پێ‌ چارەسەر دەبن ، كە لە ئامارنایەن .چونكە بێگومان گەر هەر ئامێرێك بەردەوام كار بكا زووتر لەكار دەكەوێـت ، لەبری ئەوەی كە ماوەماوە پشو بدا ، بەهەمان شێوەش گەدە و سەرجەم بەش و ئەندامەكانی تری مرۆڤ بەهۆی بەڕۆژووبوون پشوو دەدەن و دەحەسێنەوە ، هەروەك چەندان زانای نوژداری ئیسلامی و لادینی باس لە رێكخستنی خواردن و سودەكانی بەڕۆژووبوون دەكەن ، بۆ وێنە وەك ( د . عزیز اسماعیل ) و ( د . ئەلكسیس كاریل ) و … تاد . ئەو راستیە دوپات دەكەنەوە ، بۆ وێنە هەندێ‌ لەو نەخۆشیانەی كە رۆژوو چارەسەریان دەكات ئەمانەن :
أ= شڵەژانی كەفناری ریخۆڵەكان و ترشانی ماددە زولالی و نەشەوی یەكان چارەسەر دەكا ، بەهۆی ئەوەی كە ئەو رۆژە لەنێوان ژەمەكانی خواردندا ئاو ناخورێتەوە .
ب= قەڵەوبونی ناسروشتی كە بە پەتا دادەنرێ‌ ، بەهۆی نەجوڵان و زۆرخواردن دروست دەبێ‌ ، بەڵام بەهۆی بەڕۆژووبوون چارەسەر دەبێ‌ ، بەمەرجێ‌ كاتی بەربانگ قەرەبۆی خواردن نەكاتەوە .
ج= زۆربوونی پاڵەپەستۆی خوێن : بەهۆی رۆژوو گرتن كەم دەبێتەوە و چارەسەر دەبێت ، بەتایبەت بۆ كەسێ‌ كە كێشەكەی لەرادەی خۆی زیاترە .
د= نەخۆشی شەكرە : بەبەڕۆژووبوون چارەسەر دەكرێ‌ ، چونكە هەركاتێ‌ ماوەی دوو ژەم خواردن ( 5 – 10 ) كاتژمێر بوو ، ئەوا رێژەی شەكرە لە خوێن دادەبەزێ‌ بۆ ئاستی خۆی ، بەبێ‌ ئەوەی دەرمانی ( ئەنسۆلین ) بخورێت وبەكاربێت.
ه/ هەروەها چارەسەرە بۆ دەیان نەخۆشی تری وەك گەدە و هەناو و پێست و قوڕگ و خوێن و …هتد.
7/ رۆژو هۆكارە بۆ زیادبوونی تەقوا و عیبادەت : بەهۆی ئەوەوە دڵناسك و چاو بە فرمێسك دەبێ‌ و زیاتر لەخوا دەپاڕێتەوە و قەبر و قیامەت و بەهەشت و دۆزەخ و ژیانی رابردوو و دواڕۆژی وەبیر دێتەوە .
8/ پیاو زیاتر لایەنی رۆحی و دەروونی زاڵ دەبێ‌ بەسەر لایەنی جەستەیی و دیاردەكانی وەك هەوا و ئارەزوو و خوكانی شەیتان تا نەبێتەئەسیر و كۆیلەی ئەوان .
9/ فێری ئیلتزاماتمان دەكات بە مەوعید و وەختەكان ، لەش سوكمان دەكا بۆ هەستانەوە و نەخەوتن ، شەهوەت دەشكێنێ‌ و لە گوناهەكانمان دەپارێزێت .
10/ دەیان لایەنی تری چاك و پۆزەتیفی هەن ، بۆ نمونە خۆشەویستی نێوان خانەوادە دروست دەكات ، ئاكارەكان جوان دەكات ، سوننەتەكان زیاتر دەكرێن و هاموشۆی مزگەوت و بۆنەكان زیاتر دەكرێت ، هەروەها سود و حیكمەتی زۆری تری هەیە ..
بۆیە زۆر زەرورە  هەمیشە رەمەزان و كاتەكانی تریش بەرۆژوو بین ، لەخۆوە بەگوێی ئەو كەسانە نەكەین كە رۆژوو بە زیانبەخش دەزانن ، بەڵكو لەبەر سودەكانی ،لەبەر حەسانەوە‌و لەبەر ئاسودەبوونی لاشە زۆركەسی بێ‌ باوەڕیش بەرۆژوو دەبێ‌ لە رەمەزاندا .

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top