You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » پزیشکی و زیندەوەرزانی » دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی سه‌رسپیبوون

دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی سه‌رسپیبوون

 

دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی سه‌رسپیبوون

 

ئاماده‌كردنی: سایه‌ فارس

پاك‌وبێگه‌ردیی بۆ ئه‌و خوایه‌ی، كه‌ له‌ كۆتا په‌رتوكه‌كه‌یدا، چه‌ندین به‌ڵگه‌‌و موعجیزه‌ی ئاشكرای باسكردووه‌, كه‌سانی ژیر‌و هۆشیار دركی پێده‌كه‌ن. به‌نووره‌كه‌ی مرۆڤه‌كان سه‌رسامده‌كات‌و جه‌خت له‌ ده‌سه‌ڵات‌و تاك‌و ته‌نهایی په‌روه‌ردگار‌و پێغه‌مبه‌رێتیی موحه‌ممه‌د(صلی الله علیه‌ وسلم)ده‌كاته‌وه…كاتێك سه‌رانی قوڕه‌یش گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری خوادا (صلی الله علیه‌ وسلم) ده‌كرد له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌فامی‌و ترس له‌ وته‌كانی خوای گه‌وره‌ بوو، كه‌ بۆ هه‌موو گرۆی مرۆڤایه‌تین‌و به‌ڵینه‌كانی خوای گه‌وره‌ ڕاست و هه‌قن.خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت 

[سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنفُسِهِمْ حَتَّىٰ يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ يَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ شَهِيد] (سورة فصلت، آية 53).

واته‌: [ئێمه‌ له‌ ئاینده‌دا به‌ڵگه‌‌و نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ریان نیشانده‌ده‌ین له‌ ئاسۆكانی بوونه‌وه‌ردا‌و له‌ خودی خۆشیاندا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی تا چاك بۆیان ڕوونبێت‌و دڵنیا بن، كه‌ ئه‌و زاته‌ هه‌ق‌و ڕاست‌و ڕه‌وایه‌، ئایا شایه‌تی په‌روه‌ردگارت به‌س نییه‌، كه‌ بێگومان ئاگا‌و زانایه‌ به‌هه‌موو شتێك؟!).
ئه‌م ئایه‌ته‌ گه‌ورانه‌ موعجیزه‌ن‌و هه‌ر به‌و جۆره‌ش بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو ده‌مێننه‌وه‌، به‌ ڕه‌وانی‌و جوانی له‌ زمانه‌وانی‌و له‌ چیرۆكه‌ پڕ حیكمه‌ته‌كانیدا، رۆژێك دێت، مرۆڤ بێ توانا بێت ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌مێكدا، كه‌ له‌وپه‌ڕی پێشكه‌وتنی ئه‌لیكترۆنی‌و كۆمپیوته‌ریی وادایه‌، كه‌ ئه‌م پێشكه‌وتنانه‌ وا له‌ مرۆڤ ده‌كه‌ن، نه‌فامانه‌ گومان به‌رێت به‌وه‌ی زاڵده‌بێت‌و دنیا له‌ژێر ركێڤی ئه‌ودا ده‌بێت، بیری ده‌چێته‌وه‌، كه‌ گه‌ردوون به‌دیهێنه‌رو به‌ڕێوه‌به‌ه‌رێكی گه‌وره‌‌و به‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌، رێگه‌ی راستی فێركردووه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زه‌وی، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی چه‌ندین په‌یامی ئاسمانی، كه‌ به‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌روه‌رمان موحه‌ممه‌د (صلی الله علیه‌ وسلم) كۆتای ئه‌و په‌یامانه‌یه‌.
یه‌كێك له‌ دۆزینه‌وه‌ زانستییه‌ نوێكان، باس له‌ هۆكاره‌كانی سه‌رسپیبوون ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئایا قورئانی پیرۆز باسی له‌م ڕاستییه‌ زانستییه‌ كردووه‌؟
له‌ به‌رواری ( 23/2/2009) ده‌زگا پسپۆڕیی و گشتییه‌كان، هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌یه‌كی چه‌ند تیمێكی زانا ئه‌ڵمانی‌و به‌ریتانیانییه‌كانی بواری فیزیایی زینده‌ییان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و زانایانه‌ گه‌شتنه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی زۆربوونی به‌رهه‌مهێنانی شله‌ی بیروكسیدی هایدرۆجین، یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ دیاره‌كانی سه‌رسپیبوون، له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی ته‌مه‌ندا. هۆكاره‌كانی دیكه‌ش په‌یوه‌ستن به‌ هۆكاری ده‌روونیی و بۆماوه‌ییه‌وه‌، ئه‌وه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ قورئانی پیرۆز له‌ سێ ئایه‌تتدا باسی له‌ بابه‌تی سه‌رسپیبوون كردووه‌، یه‌كه‌میان ئاماژه‌ بۆ ڕوودانی كارلێكی كیمیایی ده‌كات، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی سه‌رسپیبوون، دووه‌م باس له‌ هۆكاری ده‌روونیی ده‌كات، وه‌ك ترسێكی زۆر، سێهه‌میش باس له‌ هۆكاری بۆماوه‌یی و به‌ره‌و پێشچوونی ته‌مه‌ن ده‌كات. ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌، كه‌ زانایان له‌ نوێترین دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی سه‌رسپیبووندا پێی گه‌شتوون.
مادده‌ی پروكسیدی هایدرۆجین (H2O2)، كه‌ شله‌یه‌كی ڕوونه‌ له‌ ئاو قورستره‌و كارده‌كاته‌ سه‌رپێست و ده‌یسوتێنێت، ئه‌م شله‌یه‌ ئه‌گه‌ر گه‌رمیی(له‌ سنووری سه‌د پله‌ی سه‌دیی) به‌ركه‌وت ئه‌وا به‌تاو ده‌سووتێت. ئه‌م شله‌یه‌ قابیلی گڕگرتن و ته‌قینه‌وه‌یه‌و به‌ به‌ره‌وپێشچوونی ته‌مه‌ن زیادده‌كات‌و به‌وشێوه‌یه‌ش كارلێكی كیمیایی ڕووده‌دات، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ده‌ركه‌وتنی سه‌رسپیبوون، چونكه‌ له‌ش ناتوانێت ئه‌و بڕه‌ زۆر‌و گه‌ورانه‌ بۆ پێكهاتووه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا پیرۆكسیدی هایدرۆجینه‌كه‌ هه‌ڵده‌سێت به‌ ئۆكساندنی به‌شێك له‌ ماده‌ی تیروسیناز ئه‌ویش هه‌ڵناسێت به‌ به‌رهه‌مهێنانی بۆیه‌ی میلانینی مووه‌كان،جێی ئاماژه‌یه‌ مادده‌ی میلانین سه‌رچاوه‌ی پێكهێنانی ڕه‌نگی قژ و چاوو پێسته‌.
به‌م جۆره‌ زیادبوونی مادده‌ی پرۆكسیدی هایدرۆجین له‌گه‌ڵ به‌ره‌و پێشچوونی ته‌مه‌ندا ده‌بێته‌ هۆی سه‌رسپیبوون، واته‌ ئه‌م ئۆكساندنه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری راسته‌وخۆ بۆ سپیبوونی موو، وه‌ك زانراوه‌ ئۆكساندن‌و سوتان یان گڕگرتن هه‌مان ناوه‌ بۆ ئه‌و كرداره‌.
پاك‌وبێگه‌ردی بۆ ئه‌و خوایه‌ی ئه‌م ڕاستییه‌ زانستییه‌ی پێش 1400 ساڵا بۆ باسكردوین، خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر زمانی زه‌كه‌ریا له‌ سوره‌تی (مریم) دا، ده‌فه‌رموێت:

[كهيعص(1) ذِكْرُ رَحْمَتِ رَبِّكَ عَبْدَهُ زَكَرِيَّا(2) إِذْ نَادَىٰ رَبَّهُ نِدَاءً خَفِيًّا(3) قَالَ رَبِّ إِنِّي وَهَنَ الْعَظْمُ مِنِّي وَاشْتَعَلَ الرَّأْسُ شَيْبًا وَلَمْ أَكُن بِدُعَائِكَ رَبِّ شَقِيًّا(4)] (سورة مريم، الايات 1-4). 

سه‌رنجبده‌ چۆن خوای گه‌وره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ سه‌ر به‌ سوتاندن سپیده‌بێت:
(وَاشْتَعَلَ الرَّأْسُ شَيْبًا)، نافه‌رموێت به‌ سوتاندنی مووه‌كان سپی ده‌بن! ئێمه‌ی مرۆڤ به‌ ڕووكه‌ش وا ده‌بینین، كه‌ گۆڕانی ڕه‌نگه‌كه‌ له‌ قژه‌كاندایه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا سوتان یان ئۆكساندنه‌كه‌ له‌ناو له‌شدایه‌، ئه‌وه‌ش بوو، كه‌ ده‌یان زانا به‌ نوێترین ئامێر‌و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌.
هه‌موو كه‌سێكی خاوه‌ن ژیری‌و ویژدانی زیندوو جگه‌ له‌ به‌ راست زانین‌و دانپیانان به‌ گه‌وره‌یی‌و ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی شتێكی دیكه‌ ناڵێت.
یه‌كێكی تر له‌ موعجیزه‌كانی ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ لاواز بوونی ئێسكه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ره‌و پێشچوونی ته‌مه‌نه‌وه‌ هه‌یه‌، لێكۆڵینه‌وه‌كان جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئێسكه‌كان زۆر كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵا زیادبوونی ته‌مه‌ن، لێكۆڵه‌رانی ئه‌و بواره‌ ده‌ڵێن، له‌گه‌ڵ پیربووندا چڕیی ئێسكه‌كان به‌ره‌و كه‌میی ده‌چێت، پاش ئه‌وه‌ مرۆڤی به‌ ته‌مه‌ن تووشی نه‌خۆشیی پووچبوونی ئێسكه‌كان(Osteoporosis) ده‌بێت، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی لاوازبوونیان، قورئانی پیرۆز به‌ (وَهَنَ الْعَظْمُ) ئاماژه‌ی پێكردووه‌، ئه‌وه‌ ده‌ربڕینێكی زۆر ورده‌‌و پڕاوپڕی مانا زانستییه‌كه‌یه‌، چونكه‌ ئێسكه‌كان زۆر لاواز ده‌بن به‌ جۆرێك له‌ژێر هه‌ر په‌ستانێكدا دووچاری شكاندن ده‌بنه‌وه‌.
لێكۆڵه‌ره‌وان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر كه‌سێك پارێزگاری له‌ وه‌رزش به‌ به‌رده‌وامی بكات، ئه‌گه‌ری تووشبوونی به‌م حاڵه‌ته‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی پاراستنی نوێژه‌كانمان پێده‌كات، چونكه‌ نوێژ وه‌رزشێكی دووباره‌یه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی له‌ش به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی چالاكی ماسولكه‌كان‌و پارێزگاری له‌ پته‌ویی ئێسكه‌كان له‌گه‌ڵا زیادبوونی ته‌مه‌نیشدا.
هۆكارێكی تری پووچبوونی ئێسكه‌كان دابه‌زینی هۆرمۆنه‌كانی ڕه‌گه‌زه‌ له‌گه‌ڵ پیربووندا… په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌یر له‌ نێوان لاوازبوونی ئێسك‌و سپیبوونی قژدا هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌و لاوازییه‌ی تووشی ئێسكه‌كان ده‌بێت به‌ به‌ره‌و پێشچوونی ته‌مه‌ن كارده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و خانانه‌ی، كه‌ به‌رپرسن له‌ ره‌نگكردنی قژ. قورئانی پیرۆزیش له‌ ئایه‌تێكدا هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ی پێكه‌وه‌ به‌ستووه‌ (وَهَنَ الْعَظْمُ مِنِّي وَاشْتَعَلَ الرَّأْسُ شَيْبًا)، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ل لێكۆڵینه‌وه‌ زانستییه‌كان، كه‌ سپیبوونی قژ‌و لاوازبوونی ئێسكه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ده‌گونجێت.
له‌ ئاماژه‌یه‌كی تری قورئاندا باس له‌ حاڵه‌تی ده‌روونیی‌و سپیبوونی مووی سه‌ر ده‌كات: خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:

[فَكَيْفَ تَتَّقُونَ إِنْ كَفَرْتُمْ يَوْمًا يَجْعَلُ الْوِلْدَانَ شِيبًا] (المزمل: 17)

واته‌: (چۆن خۆتان ده‌پارێزن له‌ رۆژێك كه‌ منداڵ پیر ده‌كات‌و سه‌ری سپی ده‌بێت؟) هه‌موو ده‌زانین، كه‌ ئه‌و رۆژه‌ چه‌نده‌ سامناكه‌‌و نازانین ئایا چاره‌نووسمان بۆ كوێمان ده‌بات؟ ئه‌مه‌ش بێگومان حاڵه‌تی ده‌روونیمان ئاڵۆز ده‌كات، لێكۆڵینه‌وه‌ زانستییه‌كان كه‌ پسپۆڕان پێی هه‌ستاون پێمان راده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ هۆكاری ده‌روونیی (ترس‌و تێكچوونی باری ده‌روونی ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی سیسته‌می ئه‌نزیم‌و رژێنه‌كان‌و سیسته‌می كاری خانه‌كان) كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر خێرا ده‌ركه‌وتنی سپی بوونی قژ.

له‌ كۆتاییدا ئاماژه‌ به‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ی قورئان ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌ویش موعجیزه‌و ڕاستییه‌كی دیكه‌ی زانستییه‌ ده‌رباره‌ی هۆكارێكی دیكه‌ی سه‌رسپیبوون، كه‌ گۆڕانی ڕه‌نگی قژ به‌به‌ره‌وپێشچوونی ته‌مه‌ن ده‌به‌ستیته‌وه‌ به‌ لاوازبوونی خانه‌كانی له‌شه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌هێزو چالاكبوون، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت

 
(اللَّهُ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ ضَعْفٍ ثُمَّ جَعَلَ مِنْ بَعْدِ ضَعْفٍ قُوَّةً ثُمَّ جَعَلَ مِنْ بَعْدِ قُوَّةٍ ضَعْفًا وَشَيْبَةً يَخْلُقُ مَا يَشَاءُ وَهُوَ الْعَلِيمُ الْقَدِيرُ) [الروم: 54].

ڕاستییه‌ زانستییه‌كه‌ش ده‌ڵێت، به‌ره‌وپێشچوونی ته‌مه‌ن ده‌بێته‌ هۆی لاوازبوونی كرده‌ زینده‌ییه‌كانی ناو خانه‌كان، به‌وجۆره‌ش ده‌ركردنی مادده‌ی بۆیه‌ كه‌مده‌بێته‌وه‌، قژ ورده‌ ورده‌ ڕه‌نگی به‌ره‌و سپی ده‌چێت، چونكه‌ ئیتر خانه‌كان توانای به‌رهه‌مهینانی بۆیه‌ی پێویست بۆ ڕه‌نگكردنی قژیان نه‌ماوه‌، ئه‌م ئایه‌ته‌ش موعجیزه‌یه‌كی تره‌ له‌ موعجیزه‌كانی خوای گه‌وره‌، كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ سوڕی ژیان و ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ توانای جه‌سته‌ی مرۆڤ جێگیر نییه‌و له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی ته‌مه‌ندا ده‌گۆڕێت ، ئه‌م ڕاستییه‌ش زانایان تازه‌كی دۆزیویانه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كان:
1- www.alkaheel7.com
2- http://www.fasebj.org/cgi/content/abstract/fj.08-125435v1
3- http://www.dailymail.co.uk/sciencetech/article-1157608/The-secret-hair-goes-grey–shampoo-reverse-effects.html
4- http://www.qabasat.net/vb/showthread.php?t=658

 

 

 

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top