You Are Here: Home » بابەتەكانمان » درەختی سەوزو ئاگری ژیان

درەختی سەوزو ئاگری ژیان

خوای پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا ئامۆژگاری بەندەكانی دەكات بە بیركردنەوە و ووردبوونەوە لە ئاسمانەكان و زەوی, لە دروست كراوەكانی بەهەموو شێوە و جۆرەكانییەوە ئەوەش بۆ پتەوكردنی ئیمان و قوڵكردنەوەی لە ناخی مرۆڤەكاندا تاوەكو سووربن لەسەر زیاتر باوەڕبوون بە گەورەیی دەسەڵاتی پەروەردگار و پاشان پتەو بوونی باوەڕیان بە قورئان وەكو بەرنامەی خودا بۆ مرۆڤەكان تاوەكو بیكەنە دەستووری ژیانیان.
بڵاوكراوەی زۆر نوسراون لە بارەی ئیعجازی دروست كراوەكانەوە چ لە گیانلەبەر و بێ‌گیانەكاندا, لەگەڵ زیاد بوونی زانیاری نوێ‌دا ئیعجازی زیاتر رۆشن دەبنەوە بە جۆرێك كە ووردبینی لە دروست كراوەكاندا بە تەواوەتی ئاشكرا دەبێت كە لەسەرووی هەموو بۆچوون و روانگەیەكەوەیە, قورئانی پیرۆزیش پڕە لەو ئاماژانەی كە واتای زانستیی رۆشنیان تێدایە كە بەوە پێش هەموو رۆشنبیری مرۆڤایەتی كەوتووە و واتای ئەو ئاماژانە دوای پێش كەوتنی زانستە تاقیكراوەكانەوە (العلوم التجریبیة) لەم سەردەمەماندا دەركەوتوون.
لەم باسەدا دەچینە خزمەت ئایەتێكی قورئانی پیرۆز وەكو نموونەیەك لە ئیعجاز كە دەفەرموێت: [الَّذِي جَعَلَ لَكُم مِّنَ الشَّجَرِ الْأَخْضَرِ نَارًا فَإِذَا أَنتُم مِّنْهُ تُوقِدُونَ]يس/80.
مانای ئەم ئایەتە بۆ هەموو مرۆڤێك بەتایبەتی لەزەمانی دابەزینی قورئانی پیرۆزدا زۆر رۆشن بووە چونكە تاكە سەرچاوەی سووتەمەنی لەو كاتەدا لەهەموو لایەكی جیهاندا بریتی بووە لە رووەك ودرەختی سەوز و لێ‌وەرگیراوەكانیان, كە كاتێك ووشك دەبێتەوە (دەبێتە تەختە) و خەڵكیش ئەم تەختانەیان دەسووتاند بۆ گەرم كردنەوە و خواردن دروست كردن.
باشە بۆ لێرەدا خوای گەورە باسی رووەك و درەختی سەوز دەكات بۆ سووتاندن لە كاتێكدا دەزانین كە دەیتوانی باسی تەختە و درەختی ووشكەوە بوومان بۆ بكات هاوشێوە لەگەڵا هێماكردن بۆ هەمان بابەت؟
لێرەدا با سەرەتا بچینە خزمەتی زانایانی تەفسیر و ووتەكانیان سەبارەت بەم ئایەتە بخەینە روو: زانا (إبن كثیر) لە تەفسیرەكەیدا (تفسیر القرا‌ن العظیم) بەرگی3 ل172دا دەڵێت: واتە ئەو خوایەی كە سەرەتا ئەم رووەكەی دروست كردووە لە ئاوەوە تاوەكو سەوزو گەش دەبێت, بەردەگرێت و پێ‌دەگات پاشان ووشك دەبێتەوە و ئاگری پێ‌ دەكرێتەوە, هەر بەو جۆرە پەروەردگار ویستی هەرشتێكی هەبێت بە توانا و دەسەڵاتە, هیچ شتێك رێگر نابێت بۆی. زانا (قتادە) دەڵێت: ئەو خوایەی كە ئاگر لەم درەختە دەردێنێ‌ بە توانایە كە جارێكی تر زیندووی بكاتەوە, وە ووتراوە مەبەست لە (الشجر) رووەكی (المَرْخ و العفار)ە كە لە خاكی حیجازدا دەڕوێت, هەر كەسێك بیەوێت ئاگر بكاتەوە و ئاگر كەرەوەی پێ‌نەبێَت دوو چڵا چیلكەی سەوز لەم دارە وەردەگرێت و لەیەكیان دەخشێنێ‌ تاوەكو ئاگریان لێوە پەیدا دەبێت.
لە (تیسیر الكریم الرحمن) بەرگی6 دا هاتووە: ئەو پەروەردگارە ئاگری ووشك لە درەختی سەوز دروست دەكات هەرچەند تەڕیش بێت كە دوو شتی دژ بەیەك و پێچەوانەن, زیندوو كردنەوەی مردووەكانیش لە گۆڕەكانیانەوە بە هەمان شێوەیە. زانا (قرطبی) لە كتێبەكەیدا (الجامع ڵاحكام القرا‌ن) بەرگی5 ل55 دا دەڵێت: پەروەردگار ئاگاداری داوە بە مرۆڤەكان لەسەر تاكوتەنهایی خۆی, وە لەسەر ئەوپەڕی توانا و دەسەڵاتی لە زیندوو كردنەوەی مردووەكان, وە نموونەی بەوە هێناوەتەوە كە مرۆڤەكان دەبینن ئاگرێكی سووتێنەر لە چڵە رووەكێكی تەڕەوە پەیدا دەبێت, چونكە بێ‌باوەڕان دەیان ووت (النطفە) گەرم و تەڕە لە سروشتی ژیاندا كە ژیانی لێوە پەیدا دەبێت, بەڵام ئێسك سارد و ووشكە لە سروشتی مردندا چۆن جارێكی تر ژیانی لێوە پەیدا دەبێتەوە؟ لەبەر ئەمە خوای گەورە ئەم ئایەتەی دابەزاند [الَّذِي جَعَلَ لَكُم مِّنَ الشَّجَرِ الْأَخْضَرِ نَارًا فَإِذَا أَنتُم مِّنْهُ تُوقِدُونَ]يس/80.
واتە: رووەكی سەوز لە ئاوە, ئاویش سارد و تەڕە, دژی ئاگرە و هەرگیز ئەم دووانە كۆنابنەوە, بەڵام خوای گەورە لەو رووەكە سەوزە ئاگری دروست كردووە, ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە خوای گەورە خاوەنی ئەوپەڕی توانایە كە دژەكان لە دژەكان دروست بكات و هیچ شتێك لە دەسەڵاتی دەرناچێت, وە مەبەستیش لەو درەختەی ئایەتەكە رووەكی (المرخ و العفار)ە كە ئاگر كەرەوەی عەرەب بووە.

لە (زاد المسیر 6/285)دا زانا (ابن قتیبە) دەڵێت: مەبەست لەو چیلكانەیە كە عەرەب ئاگریان پێ‌دەكردەوە لە درەختی (المرخ و العفار). لە (فتح القدیر)دا هاتووە: خوای گەورە بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر توانا و دەسەڵاتی خۆی لە زیندوو كردنەوەی مردووەكاندا بە شتێك كە بە چاوی خۆیان دەیبینن چۆن لە چیلكەیەكی تەڕ و سەوز ئاگرێكی سووتێنەر پەیدا دەكات, ئەویش كە رووەكی ناسراو بە (المرخ و العفار)ە, ئەگەر دوو چڵیان لێ‌ببڕدرێت وە یەكێكیان لەوی تر بخشێنرێت ئەوا ئاگریان لێ‌دەبێتەوە هەرچەندە سەوزیش بن.
ئەم تەفسیرانەی كە باسمان كرد چەند روون كردنەوەیەكی رێك و پێكن كە بە تایبەتی بۆ شوێن و كاتی خۆی گونجاو بووە, شتیان لێ‌وەردەگیرێت و شتیشیان لەسەر دەگیرێت, من خۆم (واتە نووسەری ئەم بابەتە) تاقیم كردەوە لە درەختی (المرخ) دوو چڵًم وەرگرت و بە لێك خشاندنیان بۆ ماوەیەك هیچ ئاگریان لێ‌نەكەوتەوە وەك ئەوەی باس كران.
ئەوەی كە زانستی ئەمڕۆ دەری خستووە لەسەر كارەكانی رووەك و درەختی سەوز -تەئكید لەسەوز دەكەینەوە- كە پێ‌ی هەڵدەستن زۆر وورد و ئاڵۆزە و لەوپەڕی داهێناندایە, بە جۆرێك كە هەموو كارگە مرۆڤ كردەكان تا ئەمڕۆش ناتوانن هاوشێوەی لاسایی بكەنەوە و بەرهەم بهێنن, ئەمەش دەرگای كردووەتەوە لەبەردەم چەند تەفسیرێكی تردا بۆ ئەم ئایەتە كە بەڵگەن لەسەر ئیعجازێكی زانستی زۆر قەشەنگ لە درەختی سەوزدا.
یەكێك لەو كارانەی رووەكی سەوز بریتییە لە كرداری رۆشنە پێكهاتن كە لەگەڵای سەوزدا روودەدات بەهۆی سەوزە ماددەوە (الیخضور: كلۆرۆفیل Chlorophyll) كە كردارێكی زۆر گرنگە بۆ رووەك (هەروەها بۆ مرۆڤ و گیاندارانیش), لەم كردارەدا رووەك ماددەی گلوكۆز یان شەكری تاكی دروست دەكات, پاشان یەكە گلوكۆزییەكان یەكدەگرن تاوەكو زنجیرەیەك لە شەكرەكان پەیدا دەبێت كە پێ‌ی دەڵێن شەكری ئاڵۆز یان (نیشاستە Starch) كە كۆ دەبێتەوە لە رووەكدا, پاشان مرۆڤ و ئاژەڵیش بەكاری دێنن وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ ووزە.
{لێرەدا خوێنەرانی بەڕێز سەرنجتان رادەكێشم بۆ ئایەتێكی تری قورئان كە دەفەرموێت:[ؤهُؤ الَّذِيَ أَنزَلَ مِنَ السَّمَا‌و مَا‌و فَأَخْرَجْنَا بِهِ نَبَاتَ كُلِّ شَيْ‌وٍ فَأَخْرَجْنَا مِنْهُ خَضِرًا نُّخْرِجُ مِنْهُ حَبًّا مُّتَرَاكِبًا]الَانعام99, ووشەی خَضرًا     لە ئایەتەكەدا موفەسیرەكانی قورئان دەڵێن:بریتییە لەشتێكی(ماددەیەكی) سەوز پێ‌ی دەووترێت (أخچر), ئەمە ووتەی (ابن الجوزی, الزمخشری, الخازن, البیضاوی, القرطبی و چەندین موفەسیری تری قورئانن), ابن الجوزی لەمانای [فَأَخْرَجْنَا مِنْهُ خَضرًا نُّخْڕجُ مِنْهُ حَبًّا مُّتَرَاكِبًا]دا دەڵێت: خوای گەورە دەفەرموێت: ئێمە لەو رووەكەوە ماددەیەكی سەوز دروست دەكەین, [نُّخْڕجُ مِنْهُ حَبًّا مُّتَرَاكِبًا] ئەو (هـ)ـائە لە (مِنْهُ)دا دەگەڕێتەوە بۆ ماددە سەوزەكە, واتە ئێمە لەم ماددە سەوزەوە دەنكی كۆوەبوو (دانەوێڵە) دروست دەكەین و دەردەكەین, بەهەمان شێوە موفەسیرەكانی تریش وەك (الزمخشری, الخازن, النسفی, أبوالسعود), جا خوێنەری بەڕێز تێبڕوانە لە ووتەی ئەم موفەسیرە بەڕێزانەی قورئان كە پێش سەدان ساڵ لەمەو پێش ژیاون, كەهیچ كەسێك لەو كاتەدا نەیدەزانی كە ماددەی سەوز یان (كلۆرۆفیل Chlorophyll)چییە ونەدۆزرابووەوە, بەڵام بە پشت بەستن بەئایەتەكانی قورئان ئەم قسەیەیان كردووە و ووتوویانە كە ئەو ماددە سەوزەیەیە كە دانەوێڵە و بەرووبوومەكانی تری لێوە پەیدا دەبێت, باشە كێ‌ محمد(صلى الله عليه وسلم)ی نەخوێندەواری فێری ئەم ڕاستییە زانستییانە كرد مەگەر خوای گەورە و بەدەسەڵات نەبێت}.
وەك باسمان كرد گەڵای سەوز هەڵدەستێت بەم كرداری دروست كردنی شەكرە لەرێی زنجیرەیەك كارلێكێكی كیمیایی درێژەوە.
زانایانی پسپۆڕ لەم بوارەدا دەیان ساڵا لە هەوڵدابوون بۆ دەرخستن و روونكردنەوەی ئەم كردارە كە دەتوانین كورتی بكەینەوە لەم هاوكێشە كیمیایییەیخوارەوەدا:
6CO2+6H2O→C6H12O6+6O2
ئەو ماددانەی كە بەشدارن لەم هاوكێشەیەدا ئەوپەڕی ئاسان دەستكەوتوو و زۆرن: ئاو نزیكەی 3/4ی گۆی زەوی داگیر كردووە, دووەم ئۆكسیدی كاربۆنیش  هەمیشە لە زیندەوەرەكانەوە بە گیاندار و رووەكەوە لەرێ‌ی هەناسەدانەوە دەردەچێت كە ماددەیەكی زیان بەخشە و پێویستە خۆیانی لێ‌ڕزگار بكەن, لێرەدا تێبینی موعجیزەیەی گەورە دەكەین لەم كردارەدا, چونكە رۆژانە چەندین هەزار تۆن لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە زیندە چالاكی بوونەوەرە زیندووەكانەوە دروست دەبێت, ئەگەر بەردەوام كۆببێتەوە ئەوا رێژەكەی بە شێوەیەكی مەترسیدار بەرزدەبێتەوە و ئەم كەڵەكە بوونە ئەگەر سنوورێك ببڕێت لەوانەیە ببێتە هۆی لەناوچوونی ژیان لەسەر زەویدا, بەڵام گەڵای سەوز بە فەرمانی خوای گەورە رزگارمان دەكات لەم گازە زیانبەخشە و دەیگۆڕێت بۆ ماددەیەك كە سەرچاوەی سەرەكی ووزەیە بۆ هەموو زیندەوەرەكان كە ئەویش گلوكۆزە وەك لە هاوكێشەكەی سەرەوە دەردەچێت, لەمەش گرنگتر ئەو ئۆكسجینەیە كە لە هەمان هاوكێشەوە دروست دەبێت.
بابەتی سەرەكی ئەم باسەمان بریتییە لە كرداری دروست بوونی ئۆكسجین لە كرداری رۆشنەپێكهاتن كە لەگەڵا دروست بوونی هەر گەردێگ گلوكۆز شەش گەرد لە ئۆكسجین پەیدا دەبێت.
گرنگی ئۆكسجینیش بۆ سووتان و دروست بوونی ئاگر لە هیچ كەسێك شاراوە نییە (تەنانەت قوتابیانی سەرەتاییش ئەم راستییە دەزانن), هیچ ئاگرێك داناگیرسێت و ناسووتێت بەبێ‌ بوونی ئۆكسجین, هەموو ئەو ئاگرانەی لێرە و لەوێ‌ دەسووتێن لە سەر زەویدا, لە كارگە و ماڵەكاندا, هەموو ئەو ئاگرانە بەبێ‌ بوونی ئۆكسجین ناتوانن لە سووتان بەردەوام بن, ئایا چی هەیە و كێ‌ هەیە جێگەی ئەو هەموو ئۆكسجینە بگرێتەوە كە رۆژانە كاردەكرێت؟ ئەگەر كاركردنی ئۆكسجین بەو شێوەیە بەردەوام بێت بەبێ‌ جێگرتنەوە ئەوا رۆژێك دێت كە نەتوانرێت بە هیچ شێوەیك ئاگر بكرێتەوە!
بەڵێ‌ ئەوە رووەكی سەوزە كە بەو كارە گرنگە هەڵدەستێت و قەرەبووی ئەو ئۆكسجینە بەكارهاتووە دەكاتەوە كە لەلایەن زیندەوەرانەوە بەكار دەهێنرێت, بە ڕای ئێمە یەكێك لە تەفسیرە گرنگەكانی ئایەتی سەرەوە ئەم كردارەیە, كە لە رووەكی سەوزەوە ئۆكسجین پەیدا دەبێت و بە بێ‌ ئەم گازە سووتان روونادات و ئاگر پەیدا نابێت, كەواتە لە رووەكی سەوزەوە ئاگر پەیدا دەبێت, كە ئەم ئاماژەیە موعجیزەیەكی زانستیی گەورەی قورئانە.
لێرەدا با باسی ئاگرێكی تر بكەین كە زۆر گرنگترە لەو ئاگرەی كە ئێمە دەیناسین و دەیبینین, ئاگرێكی شاراوە و هێواشە كە لە هەموو كات و ساتێكدا لەناو لەشی هەموو زیندەوەرەكاندا –كەمێكیان نەبێت- داگیرساوە, لە هەموو خانەیەك لەخانەكانی لەشی زیندەوەرەكاندا.   
هەڵگیرسێنەری ئەم ئاگری ژیانە گازی ئۆكسجینە, رێگرتن لە چوونی ئۆكسجین بۆ خانەكان دەبێتە هۆی كوژاندنەوەی ئەم ئاگری ژیانە لەناو خانەكاندا, زانا و نەزان و بچووك و گەورە دەزانن كە ئەگەر بتەوێت گیانلەبەرێك یان مرۆڤێك بكوژیت ئەوا دەتوانیت ئەوكارە بەئەنجام بگەیەنیت بە خنكاندنی ئەو گیانلەبەرە, ئەی خنكاندن واتای چییە؟
زۆر بەئاسانی دەتوانی ئەوە بكەیت بە قەدەغە كردنی گەیشتنی هەوا بۆ سووڕی خوێنی ئەو زیندەوەرە, ماددەی سەرەكی پێویست لەهەوادا بریتییە لە ئۆكسجین كەماددەی زیندوێتییە, ئێستا بابزانین ئەو ئۆكسجینە بۆ كوێ‌ دەڕوات وچی دەكات؟!
-لە هەموو خانەیەك لە خانەكانی زیندەوەراندا ئاشێك هەیە كاردەكات شەوورۆژ بەبێ‌ هیلاك بوون و بێ‌تاقەت بوون, دەكرێت ناوی بنێین (ئاشی نواندنی خۆراكی) كە تیایدا گلوكۆز و ترشە چەورییەكان و پرۆتینەكان بە یارمەتی ئۆكسجین دەسووتێنرێن و دەشكێنرێن و نەختە نەختە وورد دەبن و ووزەیان لێوە وەردەگیرێت, ئەم ئاشە یان دەتوانین بڵێین ئەم كارگەیە بریتییە لە مایتۆكۆندریا (Mitochondria).
(شێوەی ژمارە 1)


لەناو ئەم كارگەیەدا و لە ئەنجامی ئەو تێك شكاندنانە چەند ماددەیەكی گرنگ دروست دەبن كە سووتەمەنی سەرەكییە بۆ هەموو كردار و چالاكی خانەكان, جا ئەو خانەیە ماسولكەیی بێت یان خانەیەك بێت لە كۆئەندامی هەرس یان هەر خانەیەكی تر, هەموو خانەیەك هەڵدەستێت بە دروست كردنی ماددەیەكی دیاری كراو لە كارگە تایبەتەكەیدا كە ووزەی پێدەدات بۆ چالاكییەكانی, ئەم ماددانە زۆر گرنگانە ناسراون بە ماددە دەوڵًەمەندەكان بە ووزە (Energy Rich Compounds), لە بەناوبانگترینیان و زۆرترینیان لە بەكارهێناندا ئەو ماددە گرنگەیە كە پێ‌ی دەووترێت (ئەدینۆسینی سێ‌ فۆسفاتی Adenosine TriPhosphate) كە كورتكراوەكەی (ATP)یە.
تێكشكاندنی ئەو ماددانەی كە باسمان كرد لەناو مایتۆكۆندریادا (بەهۆی چەند ئەنزیمێك) لەسووڕێكدا روودەدات كە پێ‌ی دەوترێت سووڕی كریپس (Creps Cycle) (شێوەی 2) وە دەبێتە هۆی جیابوونەوەی هایدرۆجین, ئەم سووڕە بەناوی ئەو زانایەوە ناونراوە كە كارلێكەكانی ئەم سووڕەی دۆزییەوە كە ئەویش بەرهەمی چەندین لێكۆڵینەوەی گرنگ بوو لەماوەی دە ساڵدا كە بەردەوام ئەو توێژەرەوەیە سەرقاڵی توێژینەوەی دوور ودرێژ بووە.

گەردەهایدرۆجینییە جیابووەكان لە ماددە ناوەكییەكانی سووڕی كریپس دەڕوات بە زنجیرەیەكی تر لە كارلێك كە پێ‌ی دەوترێت سووڕی هەوایی یان سووڕی ئۆكسیدی فۆسفۆری  (شێوەی3).


گەردە هایدرۆجینییەكان لە ئاستێكی ووزە بەرزەوە دادەبەزێت بۆ ئاستێكی ووزە نزم, جیاوازی ئەم ووزەیە بەكاردێت لە بەیەكەوە بەستنی چەندین گەردی فۆسفات لەگەڵ ماددەی ئەدینۆسینی دوو فۆسفاتی (ADP) بۆ ئەوەی ماددەی ئەدینۆسینی سێ‌ فۆسفاتی (ATP) لێ‌پەیدا ببێت كە ووزە لە بەندە سیانییەكەیدا (ADP ~ P) هەڵدەگرێت, لەكۆتایی ئەم سووڕەشدا لە بەیەك گەیشتنی گەردەكانی هایدرۆجین و ئۆكسجین گەردی ئاو پەیدا دەبێت دوای ئەوەی كە ووزەیان لێ‌پەیدا دەبێت كە ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی چەند گەردێكی تر لە (ADP) بۆ (ATP).
ئەم ئەدینۆسینی سێ‌ فۆسفاتییە (ATP) دەبنە سووتەمەنی بۆ خانەكان كە بەكاری دەهێنن بۆ چالاكییەكانیان یان هەر كاتێك پێویستییان پێ‌ی بوو, ئەم كردارە بە شكاندنی بەندی فۆسفاتی سێ‌یەم وچركەیەكدا دەست دەكەن بە لەناو چوون خۆ ئەگەر ئەم نەمانی ئۆكسجینە چەند دەقیقەیەك بەردەوام بێت زوربەی خانەكانی مێشك لەناو دەچن, خانەكانی لەش لەچەند ماوەیەكی جیاوازدا لەناو دەچن.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئۆكسجین بنەمای مانەوەی ژیانە, بلیۆنەها بوونەوەری زیندوو بەكاری دەهێنن وە چارەنووسیشی بەرەو نەمانە ئەگەر بێتوو جێگەی نەگیرێتەوە, كێ‌ هەیە ئەم ئۆكسجینە بەكارهاتووەمان بۆ قەرەبوو بكاتەوە ئەگەر رووەكی سەوز نەبێت, هەروەها لەو كارلێكە كیمیایییەی كە باسمان كرد رووەكی سەوز لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆنیش رزگارمان دەكات و دەیگۆڕێت بۆ گلوكۆز كە وەكو سەرچاوەی ووزە بۆ زیندەوەران بەكاردێت, لێرەوە بە تەواوەتی مانای ئایەتە پیرۆزەكەی سەرەوە دەردەكەوێت كە لە رووەكی سەوزەوە بنەمای ئاگری ژیان پەیدا دەبێت كە ئۆكسجینە.
لە كۆتاییدا خوێنەری بەڕێز داوات لێ‌دەكەین كە هاوبەشیمان بكەیت لە بیر كردنەوە لە دروست كراوەكانی خوای گەورە و لە وورد بوونەوە لە ووشەی (الاخضر)ی ئایەتە پیرۆزەكە: [الَّذِي جَعَلَ لَكُم مِّنَ الشَّجَرِ الْأَخْضَرِ نَارًا فَإِذَا أَنتُم مِّنْهُ تُوقِدُونَ]يس/80.
ئایا واتایەكی زۆر قووڵا نابینیت؟! لێرەوە ئیعجازێكی زانستی رۆشن و ئاشكرات بۆ روون دەبێتەوە.
سەرچاوە:
1-بابەتی (الشجر اڵاخضر و نار الحیاة) گۆڤاری (الإعجاز العلمي) ژمارە6 ساڵی 2001, لەبڵاوكراوەكانی: هیئە الإعجاز العلمی فی القرا‌ن والسنة.
2-ئینتەرنێت: بابەتی (الإعجاز العلمی فی القرا‌ن و السنة: الیخضور), سایتی:
www.tasabeeh.com  


ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژ (5) دا بڵاوكراوەتەوە

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top